مام دێوانه‌: دوو سار پێش ئێستا گۆتم وه‌زع خراپ ده‌بی كه‌س به‌گێی نه‌كردم

"ئه‌گه‌ر پڕۆفیسۆر بی، به‌س پاره‌ت نه‌بی، ده‌رێن دیاره‌ خۆڕییه‌ لۆیه‌ پاره‌ی نییه‌"

18/11/2016 - 14:39 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

به‌رده‌وام له‌سه‌ر پایسكیله‌كه‌یه‌تی و هێدفۆنه‌كه‌ی له‌ گوێدایه‌، ده‌م به‌پێكه‌نینه‌ و هه‌ڵده‌په‌ڕێت، جلێكی شڕی له‌به‌ردایه‌، له‌ زۆربه‌ی كوچه‌ و كۆڵانتنی شاری هه‌ولێر ده‌بیندرێ، لای خه‌ڵك خۆشه‌ویسته‌ و گوێ بۆ قسه‌كانی راده‌گرن، كه‌ قسه‌ش ده‌كات، قسه‌كانی له‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی و ده‌ڵێت: "به‌شه‌كی درخۆشی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كلینیكس و پیسی له‌سه‌ر جاده‌كان فڕێ ناده‌م، هه‌تا ته‌نه‌كه‌ی زبری نه‌بینمه‌وه‌، له‌ كنه‌خۆمیان داده‌نێم و به‌شی هه‌ره‌ گه‌وره‌شی ئه‌وه‌یه‌ قه‌ناعه‌تم به‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ هه‌یتم".


قاسم مه‌سعود ئه‌حمه‌د، كه‌ مام دیوانه‌ ناسراوه‌، له‌ ساڵی 1990 هاوسه‌رگیریی كردووه‌، ته‌مه‌نی له‌ ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانه‌، خێزانداره‌ و پێنج منداڵی هه‌یه‌، سه‌ر و ریشێكی ته‌واو سپی هه‌یه‌، زۆربه‌ی جار خه‌ڵك لێی كۆ ده‌بنه‌وه‌ و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.


مام دیوانه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌قرت هه‌بوو، هه‌موو دنیا هی تووه‌، ئه‌قره‌ پاره‌ی دروست ده‌كا، ئه‌قره‌ به‌ڕێوه‌ت ده‌با، ئه‌گه‌ر ئه‌قرت نه‌بی و پاره‌ت هه‌بی، به‌ هیچ ناچی و لێشت ده‌به‌ن".


وه‌ك باس ده‌كات كاری رۆژانه‌ی ته‌نیا گه‌ڕان و سوڕانه‌، هه‌موو كاتێكیش عاشقه‌، به‌ڵام نكۆڵی له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناوی مه‌عشوقه‌كه‌ی ئاشكرا بكات: "خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ری خواكه‌ی بوو، هی خواش پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی بوو، به‌س ئه‌من هی خۆم كه‌شف ناكه‌م، لۆ به‌توو برێم، رۆژانه‌ یه‌كتر ده‌بینین، ئه‌گه‌ر نه‌بینم لۆی شێت بوومه‌".


كه‌ پرسیاری ناوه‌كه‌ی لێ ده‌كه‌یت، بۆچی به‌ (مام دێوانه‌) ده‌ناسرێی؟هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات: "مام دیوانه‌ یه‌عنی شێت، له‌ ساحه‌ی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ر وه‌زعه‌كه‌ی، زه‌مانه‌ی نه‌گونجێی ده‌رێن ئه‌وه‌ شێته‌، یه‌عنی شێت، كابرایه‌ك وه‌زعی، ژیانی، حه‌ره‌كه‌ی كه‌ نه‌گونجێ، ده‌رێن ئه‌وه‌ شێته‌، چونكه‌ جیاوازه‌ وه‌كی وان ناژی".


ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌و قسه‌یه‌ی پێ خۆش نییه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت: "شه‌رتی زه‌مانه‌كه‌یه‌، ئه‌گه‌ر وه‌زعت له‌گه‌ره‌وان نه‌گونجێ، پێت ده‌رێن شێت، ئه‌منیش له‌گه‌ر ئه‌و زه‌مانه‌ی ناگونجێم، كابرایه‌ك له‌و وراته‌ی كرێمستی ده‌خوا، فڕێی ده‌داته‌ ناوجاده‌ی، ئه‌من وه‌نیمه‌ و فڕێی ده‌ده‌مه‌ ناو حاویه‌ی، لۆیه‌ ئه‌من به‌ دیوانه‌ ده‌ناسرێم، به‌وان ده‌رێن ئاقر، ئه‌وجه‌ ئه‌وه‌ی پاره‌ی هه‌بی، پێی ده‌رێن ئاقر، ده‌رێن ئۆی كابرا ماره‌كی باشی هه‌یه‌، چونكه‌ پاره‌ی هه‌یه‌، به‌س ئه‌گه‌ر پڕۆفیسۆر بی، به‌س پاره‌ی نه‌بی، ده‌رێن دیاره‌ خۆڕییه‌ لۆیه‌ پاره‌ی نییه‌، ئه‌من مه‌جبوری كه‌س نیمه‌ ئیحتڕامم بگری یان نا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌من له‌ وه‌زعی خۆم ده‌گه‌م كه‌ ئایا موحته‌ڕه‌مم یان بێ ئیحتڕامم".


مام دێوانه‌ قسه‌كانی خۆی به‌ زانست، مێژوو، فه‌لسه‌فه‌ وه‌سف ده‌كات، به‌ڵام داخه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌: "كه‌س لێم تێنگا، ئه‌گه‌رنا دوو سار پێش ئێستا گۆتم وه‌زع خراپ ده‌بی، ئه‌و میلله‌ته‌ له‌ نه‌زانی خراپی به‌سه‌ر دێ و وه‌زعه‌كه‌ تێك ده‌چی، كه‌س به‌گێی نه‌كردم، ئێستاش ده‌رێم ساری دابێش فت".


مام دێوانه‌ زۆر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ عه‌قڵ پاره‌ په‌یدا ده‌بێت، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ شه‌هاده‌ی له‌ كاتی بزر هێناوه‌: "له‌ وه‌ختی بزر و بێده‌نگ ده‌تانی له‌گه‌ر ئیلاهی خۆت، هه‌موو شه‌هاده‌كی عیلمی بینیه‌وه‌، پاره‌ش په‌یدا بكه‌ی".


له‌باره‌ی ماڵه‌وه‌یان خزمه‌تكردنی، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو: "چ بكه‌م؟ مامۆستا له‌ مارێ نامناسن، ده‌چمه‌وه‌، به‌س نامناسن، تێم ناگه‌ن، ئه‌دی"، له‌باره‌ی دڵخۆشیشه‌وه‌، ده‌ڵێ: "ئه‌من فه‌لسه‌فه‌كم هه‌یه‌، خه‌رك به‌س به‌ قه‌ناعه‌ت دری خۆش ده‌بی، به‌ عینادی دری خۆش نابی، نابی باسی كه‌س به‌ خراپه‌ بكه‌ی، ئه‌قرت به‌كار بینه‌، شتی پیس له‌ هه‌ر جێیه‌ك بی، فرێ نه‌ده‌ی، برۆ دنیایه‌ك حاویه‌ هه‌یه‌ فرێ ده‌ ناو حاویه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر ساڵحه‌كانیش یه‌ك بگرن و ئاقره‌كان ئیش بكه‌ن، ئه‌و وه‌زعه‌ باش ده‌بی"، مام دێوانه‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌ڕانه‌ به‌ نێو كوچه‌ و كۆڵانه‌كان، قسه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سێك ده‌كات و گوێ له‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌گرێت، ئامۆژگار هه‌موو كه‌سێكیش ده‌كات و ده‌ڵێت: "قسه‌م لۆ حكوومه‌تی هه‌یه‌، حكوومه‌ت به‌ حكوومه‌تایه‌تیی خۆی موقیم بی و ئیجتیماعییه‌تی به‌قوه‌ت بی، حیساب لۆ ده‌روبه‌ری خۆی بكات، ئه‌وانه‌ی كه‌ زانانه‌، زاناتر بكا، ئه‌وه‌ی نه‌زانایش با زانای بكا، ئه‌و قائیدانه‌ی دیفاع له‌ خاك و وه‌ته‌ن ده‌كه‌ن و ده‌ستخۆشییان لێ بكرێ و هه‌تا گه‌رموگوڕتر بن".