یه‌كێتی دوو باڵه‌ یان سێ؟ كامیان له‌ مام جه‌لال نزیكترن؟

بۆچی تاڵه‌بانی رێگه‌ی نه‌دا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ یه‌كێتیدا ڕۆڵی هه‌بێت؟

19/10/2016 - 13:35 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ئێستا كه‌ كێشه‌ی نێوان دوو باڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی یه‌كێتی (ناوه‌ندی بڕیار به‌ سه‌ركردایه‌تیی كۆسره‌ت ره‌سوول و به‌رهه‌م ساڵح) و (باڵی ده‌ستڕۆیشتوو به‌ سه‌ركردایه‌تیی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) توندتر بوووه‌ته‌وه‌، به‌پێی قسه‌ی هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌ دێرینه‌كانی یه‌كێتی كه‌ ئێستا له‌نێو حزبدا چالاك نین، باڵی ناوه‌ندی بڕیار نزیكترن له‌ سیاسه‌ته‌كانی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی و باڵی ده‌ستڕۆیشتووش نزیكن له‌ بۆچوونه‌كانی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌ندێ له‌و سه‌ركردانه‌ له‌ دانیشتنه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆیاندا ئاماژه‌یان پێ كردووه‌، له‌نێو خودی باڵی ده‌ستڕۆیشتووشدا، بۆچوونه‌كانی خزمان و بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی، زۆر جیاوازه‌ له‌ بۆچوونه‌كانی ماڵباتی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د واته‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (هێرۆ ئیبراهیم و شاناز ئیبراهیم و هاوسه‌ره‌كه‌ی).


جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ به‌شێكی بیره‌ورییه‌كانی خۆی كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی (الشرق الاوسگ) بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، راشكاوانه‌ په‌شیمانبوونه‌وه‌ی خۆی له‌ هه‌ندێ له‌و هه‌نگاوانه‌ نیشان داوه‌، كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مه‌لا مسته‌فای بارزانی ئه‌نجامی داوه‌ و گوتوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر مێژوو دووباره‌ ببێته‌وه‌، هه‌ندێ شتم له‌باره‌ی مه‌لا مسته‌فا كردووه‌ دووباره‌ی ناكه‌مه‌وه‌".


چاودێران و كه‌سانی نزیك له‌ جه‌لال تاڵه‌بانی، ئه‌م قسانه‌ی سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ ساڵی 1964 له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیدا نه‌بووه‌، ئه‌و كاته‌ش كه‌ وه‌ك نوێنه‌ری مه‌لا مسته‌فا بۆ لای مه‌كته‌بی سیاسیی نێردراوه‌، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ بن گوێی خوێندووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر جه‌لال تاڵه‌بانیش له‌ مه‌لا مسته‌فا جیا ببێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ كه‌س له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا نامێنێته‌وه‌ و جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌بێته‌ هه‌موو شتێك.


كاتێكیش مه‌كته‌بی سیاسی خۆی له‌ هه‌مه‌دان ده‌بینێته‌وه‌، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بۆ دڵدانه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی نامیلكه‌یه‌ك ده‌رده‌كات و جاڕی ئه‌وه‌ ده‌دات، كه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ژموونی مه‌لا مسته‌فا، هێڵێكی سیاسی به‌ناوی (جه‌لالی) له‌دایك بوو.


دوای چه‌دین ساڵ، تاڵه‌بانی له‌م هه‌ڵوێسته‌ی په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌، دوای رێككه‌وتنی ئادار چه‌ندین جار ئه‌و پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌ی خۆی له‌ لایه‌ن دۆست و هه‌ڤاڵانی خۆی نیشان داوه‌. كه‌ به‌ ئاسانی كه‌وتووه‌ته‌ داوی ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌وه‌.


به‌پێی قسه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ نزیكه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی، هه‌ر له‌ ئه‌نجامی ئه‌و په‌شیمانییه‌شدا، له‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتی، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌و ڕۆڵه‌ی نه‌بووه‌، چونكه‌ تاڵه‌بانی له‌وه‌ گه‌یشتبوو كه‌ نزیكیی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ یه‌كێتی هه‌وێنی گرفت و ئارێشه‌ی زۆره‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ نه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ی تازه‌ هاتبوونه‌ مه‌یدان، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نه‌بوون چاوپۆشی له‌و رابردووه‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بكه‌ن.


تاڵه‌بانی له‌ به‌دوورگرتنی ئیبراهیم ئه‌حمه‌ددا تا ئه‌ندازه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بووه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای كردووه‌ له‌ هه‌ندێك بۆنه‌دا هێرش بكاته‌ سه‌ر یه‌كێتی، ته‌نانه‌ت دووركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ندێ سه‌ركرده‌ی دیاری یه‌كێتی، په‌یوه‌ندیی به‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌وه‌ هه‌بووه‌، له‌وانه‌ش قادری حاجی عه‌لی، كاتێك به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی بووه‌ له‌ ئه‌وروپا، كۆڕێكیان بۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د رێكخستووه‌، له‌و كۆڕه‌دا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر یه‌كێتی، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌دا قادری حاجی عه‌لی دێته‌ وه‌ڵام و ئه‌و قسانه‌ به‌ سووكایه‌تی به‌ یه‌كێتی و شه‌هیدانی داده‌نێت، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و به‌رگریكردنه‌شدا، دوای هه‌فته‌یه‌ك فوئاد مه‌عسوم، له‌ شوێنی قادری حاجی عه‌لی داده‌نرێت.


ئه‌و كاته‌ش كه‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌و په‌رله‌مانه‌ ده‌بێت كه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ برۆكسل دایمه‌زراندبوو، رۆژنامه‌نووسێك لێی ده‌پرسێت چۆن به‌راوردی نێوان ئۆجه‌لان و تاڵه‌بانی ده‌كات؟ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش به‌ هه‌ڵچوونه‌وه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر تاڵه‌بانی و په‌سنی ئۆجه‌لان ده‌كات و به‌ گوزارتشێكی خراپ ده‌ڵێ ئه‌وان به‌راورد ناكرێن!


هه‌ر بۆیه‌ به‌شێك له‌و خه‌ڵكه‌ی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی ڕۆڵیان له‌ یه‌كێتیدا هه‌بووه‌، پێیان وایه‌ یه‌كێتی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك درێژه‌پێده‌ری ئه‌و رێبازه‌ سیاسییه‌ نییه‌، كه‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ ساڵی شه‌سته‌كان ده‌ستی پێ كردووه‌.


هه‌ر به‌پێی ئه‌و نووسینانه‌ی كه‌ سایت و ماڵپه‌ڕه‌ فه‌رمییه‌كانی سه‌ر به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌باره‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ یه‌كێ له‌و ڕاپۆرتانه‌ی موخابه‌راتی عێراقی، كه‌ له‌ ماوه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی بۆ سه‌ركردایه‌تیی حزبی به‌عسی به‌رز كردبووه‌وه‌، كه‌ به‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی گرنگ ده‌ژمێردرێت، مام جه‌لال له‌باره‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی پرسیاری لێ كراوه‌ و گوتوویه‌تی: "بارزانی سه‌ركرده‌یه‌كی نیشتیمانپه‌روه‌ره‌ و كه‌س نكۆڵیی لێ ناكات".


هه‌روه‌ها مام جه‌لال له‌ كاتی دامه‌زراندنی یه‌كێتی به‌ سه‌ركرده‌كان ده‌ڵێت: "ده‌بێت وزه‌ و تواناكانمان بخه‌ینه‌وه‌ گه‌ڕ و خزمه‌تی مه‌سه‌له‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان بكه‌ین، ده‌بێت ڕابردوو له‌یاد خۆمان به‌رینه‌وه‌ و ڕق و كینه‌ و مه‌سه‌له‌ شه‌خسییه‌كان بخه‌ینه‌ لاوه‌".


هه‌ر به‌پێی نووسینی ماڵپه‌ڕه‌كانی یه‌كێتی، هه‌ر له‌دوای دامه‌زراندنی یه‌كێتی، یه‌كێك له‌ هه‌وڵه‌كانی مام جلال كه‌ به‌ كارێكی مێژوویی گه‌وره‌ داده‌نرێ، په‌یوه‌ندیكردنی بووه‌ له‌گه‌ڵ بارزانی، له‌ نامه‌یه‌كیدا سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی (ی. ن. ك) بۆی نووسیوه‌: "بارزانی له‌وه‌ دڵنیات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ دژت نابین، به‌ڵكو وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی سه‌یرت ده‌كه‌ین و پشتیوانیشت ده‌بین له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك كه‌ بیهاوێیت".


ئاراس عه‌بدولڕه‌حمان، مامۆستای زانكۆ و دكتۆرا له‌ مێژووی كورد بۆ (باس) رای گه‌یاند، جیابوونه‌وه‌ی مام جه‌لال له‌ پارتی به‌و هۆیه‌وه‌ بووه‌ كاتێك كۆمه‌ڵێك كه‌س له‌ كۆنگره‌ی پارتی ده‌ركران و ژماره‌یه‌كیش وازیان هێنا و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌یه‌كی دیكه‌یان پێكهێنا، ئه‌وه‌بوو ئه‌و باڵه‌ی به‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ناسرابوو جیا بووه‌وه‌ و (یه‌كێتیی نیشتمانییان) راگه‌یاند كه‌ له‌ سێ ئاراسته‌ی جیاواز پێكهاتبوو، گوتیشی: "ئه‌وكات له‌ناو پارتیدا كۆمه‌ڵێك ململانێی شه‌خسی هه‌بووه‌، به‌ڵام نه‌زانراوه‌ ناكۆكی له‌نێوان مام جه‌لال و ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش هه‌بووبێت، ململانێ شه‌خسییه‌كان كاریگه‌ریی خراپیان هه‌بوو له‌سه‌ر پارتی، تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌و باڵه‌ له‌ پارتی جیا بوونه‌وه‌، كه‌ ئه‌وكات مه‌لا مسته‌فا رێبه‌ریی پارتی دیموكراتی كوردستانی ده‌كرد".


ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ململانێیه‌كان به‌و هۆیه‌وه‌ بوون كه‌ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و هاوبیره‌كانی خۆیان به‌ باڵی چه‌پ ده‌زانی و پێیان وابوو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد پێویستی به‌و فكره‌یه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێش بكه‌وێ، گوتی: "دوای جیابوونه‌وه‌ش هه‌ندێ سه‌ركرده‌ له‌نێوان ئه‌و دوو باڵه‌دا هاتوچۆیان بوو، به‌ڵام دواتر بابه‌ته‌كه‌ به‌ راگه‌یاندنی یه‌كێتی به‌ بنبه‌ست گه‌یشت".


له‌باره‌ی په‌شیمانبوونه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌ پارتی، ئاراس عه‌بدولڕه‌حمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، له‌ كۆتایی شه‌ڕی ناوخۆ مام جه‌لال گوتی: "ئێمه‌مانان له‌ناو پارتی بماینایه‌ته‌وه‌ و گۆڕانكاریمان بكردایه‌ له‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرام و بیركردنه‌وه‌ی پارتی، باشتر بوو له‌وه‌ی جیا بووینه‌وه‌ و بووینه‌ دوو به‌ره‌ی جیاواز".


(باس) بۆ ئه‌و پرسه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی له‌ سه‌ركرده‌ كۆنه‌كانی یه‌كێتی و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی دا، به‌ڵام رایان گه‌یاند، ئه‌وان ئێستا ناوبژیوانی له‌نێوان باڵه‌ ناكۆكه‌كانی یه‌كێتی ده‌كه‌ن و نایانه‌وێ له‌سه‌ر هیچ پرسێك كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌بێ قسه‌ بكه‌ن".


هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی به‌ سه‌ركرده‌ كۆنه‌كانی حزبه‌كانیشه‌وه‌ كرد، به‌ڵام ئه‌وانیش ره‌تیان كرده‌وه‌ له‌م دۆخه‌ی ئێستا كه‌ یه‌كێتی تیایدایه‌ باس له‌ رابردوو و مێژووی یه‌كێتی بكه‌ن.