ڕزگاربوویەکی ژێر دەسەڵاتی داعش: بەناوی جیهادی نیکاحەوە ژنان و کچانیان دووگیان دەکردین

ئازاد مه‌حمود 18/10/2016 - 15:54 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

چه‌كدارانی ڕێكخراوی توندڕه‌وی داعش پتر له‌ دوو ساڵه‌ حه‌ویجه‌ و هه‌ردوو ناحیه‌ی ڕه‌شاد و ڕیازی سه‌ر به‌و قه‌زایه‌یان له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك داگیر كردووه‌ و ئێستاش به‌هۆی كرده‌وه‌كانی داعشه‌وه‌، ڕۆژانه‌ هاووڵاتییانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان هه‌ڵدێن و خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌، هه‌ڵهاتوویه‌كی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش چیرۆكی ژیانیان له‌ حه‌ویجه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.

 

عه‌بدولڕه‌حمان هاشم، هاووڵاتییه‌كی خه‌ڵكی ناحیه‌ی سلێمان به‌گی سه‌ر به‌ قه‌زای خورماتووه‌ و ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ و دواتر له‌ حه‌ویجه‌وه‌ توانییان له‌ چنگی داعش هه‌ڵبێن. ئه‌و بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یرانی 2014دا داعش ناحیه‌ی سلێمان به‌گی سه‌ر به‌ قه‌زای خورماتووی داگیر كرد و ئێمه‌ش به‌شی هه‌ره‌ زۆری هاووڵاتییانی ناحیه‌كه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش ماینه‌وه‌ و نه‌مانتوانی خۆمان له‌ ده‌ستیان قورتار بكه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی داعش بۆ داگیركردنی سلێمان به‌گ، دره‌نگانی شه‌و ئه‌نجام درا و كه‌س ئاگای له‌و هێرشه‌ نه‌بوو، دواتر به‌ ناچاری له‌ژێر ده‌ستیان ماینه‌وه‌، بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش مانگ و پاشان به‌رده‌وام ناحیه‌كه‌ تۆپباران ده‌كرا، ئیدی داعش هه‌رچی ژن و منداڵ و پیره‌مێرد و په‌ككه‌وته‌ هه‌یه‌، به‌ره‌و شاری تكریت به‌ڕێیانی كرد و بۆ ماوه‌ی 4 مانگی تر له‌ تكریت ماینه‌وه‌، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا ژیان زۆر ناخۆش بوو، داعش به‌رده‌وام ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌دا و ژیان و گوزه‌رانیش ئه‌سته‌م بوو".


ئه‌و هاووڵاتییه‌ گوتیشی: "دواتر هه‌واڵمان پێ گه‌یشت كه‌ سلێمان به‌گ ڕزگار كرایه‌وه‌ و ئێستاش كاتی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ر تكریته‌ و پێش ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ داعش جارێكی تر ژن و منداڵ و په‌كه‌وتووانی گواسته‌وه‌، ئه‌مجاره‌یان بۆ قه‌زای حه‌ویجه‌، ئیتر ئێمه‌ش له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ ماینه‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی مانه‌وه‌مان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیان به‌ به‌رده‌وامی داعش خه‌ڵكیان له‌به‌ر بچووكترین حاڵه‌ت كه‌ به‌لای ئه‌وان تاوان بوایه‌ سزا ده‌دا و هاوشێوه‌ی ئێران له‌ناو شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان خه‌ڵكیان له‌سێداره‌ ده‌دا و ده‌هاتن و ده‌گه‌ڕان له‌ناو خێزانه‌كان و هه‌ر كوڕێك ته‌مه‌نی بگه‌یشتایه‌ته‌ 18 ساڵ به‌ زۆره‌ملێ ده‌یانبردنه‌ شه‌ڕ و ئه‌و تیرۆریستانه‌ی كه‌ ژنیشیان نه‌بوو له‌ شوێنی مانه‌وه‌ی خۆیان به‌ناوی جیهادی نیكاح ده‌هاتن كچان و ژنان و بێوه‌ژنه‌كانیان ده‌برد بۆ ئه‌نجامدانی كاری سێكسی له‌گه‌ڵیان و به‌ناوی جیهادی نیكاحه‌وه‌ چه‌ندین كچ و ژنیان دووگیان كرد".


ئاشكراشی كرد، ژیان له‌ حه‌ویجه‌ زۆر ئه‌سته‌م بوو، له‌ لایه‌ك تیرۆریستانی داعش فشاریان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ كردبوو، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ڕۆژانه‌ تۆپباران ده‌كراین و كه‌سیش نه‌ده‌وێرا بڵێت ده‌ڕۆم، له‌به‌رئه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش گه‌وره‌ترین تاوان ئه‌وه‌یه‌ لایان كه‌ بڵێیت له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌ ڕازی نیم و ده‌مه‌وێت ناوچه‌كه‌تان جێ بهێڵم، سزای ئه‌و گوتنه‌ له‌سێداره‌دان بوو، له‌سه‌ر ئه‌و گوتنه‌ یاخود هه‌وڵی هه‌ڵهاتن هه‌زاران كه‌سیان كوشتووه‌ و هاوكات له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا نان نه‌بوو خه‌ڵكه‌كه‌ بیخوات و ده‌رمان نه‌بوو بۆ نه‌خۆشه‌كان به‌كار بهێنرێت و كاره‌با نه‌بوو گوێمان له‌ ده‌نگوباس بێت و هیچ ئامێرێكی فێنككه‌ره‌وه‌ نه‌بوو به‌و هاوینه‌ خۆمانی پێ فێنك بكه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ومانان له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌مه‌نیشمان هه‌ندێك گه‌وره‌ و خاوه‌نی منداڵ و خێزان بووین، زیاتر كاته‌كانمان له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌برده‌ سه‌ر و هه‌میشه‌ نزامان ده‌كرد كه‌ هه‌لێك بێته‌ پێشه‌وه‌ و خۆمان له‌ده‌ست ئه‌و تیرۆریستانه‌ ڕزگار بكه‌ین.


ڕوونیشی كرده‌وه‌، هه‌فته‌ی ڕابردوو خۆم و خێزانه‌كه‌م و هه‌رسێ منداڵه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ماڵی ئامۆزاكه‌م، دره‌نگانی شه‌و ڕێگایه‌كمان له‌ حه‌ویجه‌وه‌ دۆزییه‌وه‌ و بۆ ناحیه‌ی ریاز كه‌وتینه‌ ڕێ، به‌ڵام ده‌ستمان له‌سه‌ر دڵمان بوو كه‌ له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ نه‌گیرێین، چونكه‌ سزای هه‌ڵهاتن له‌سێداره‌دانه‌. پێش بانگی به‌یانی خۆمان گه‌یانده‌ ڕیاز، بینیمان پێش ئێمه‌ش زیاتر له‌ 15 خێزانی تر له‌ حه‌ویجه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون و دواتر له‌وێوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خێزانانه‌ یه‌كمان گرته‌وه‌ و به‌خێرایی به‌ره‌و سه‌نگه‌ره‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ڕێ كه‌وتین و په‌ڕۆی سپیمان هه‌ڵكرد، دواتر له‌لایه‌ن برا پێشمه‌رگه‌كانه‌وه‌ پێشوازی كراین و له‌ خۆشییا گریاین كه‌ ڕزگارمان بوو له‌ده‌ست تیرۆریستان، دواتر له‌ ناوچه‌ی مه‌كته‌ب خالیدی سه‌ر به‌ كه‌ركووك، شه‌وێك ماینه‌وه‌ و دواجار ئێمه‌یان گواسته‌وه‌ بۆ كه‌مپ و ئێستاش ڕزگارمان بوو له‌ده‌ست ئه‌و تیرۆریستانه‌، به‌ڵام ده‌شمه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ داعش له‌وپه‌ڕی بێهێزیدایه‌ و سه‌ركرده‌كانی داعش له‌ حه‌ویجه‌ هه‌ڵهاتوون و ژماره‌ی چه‌كداره‌كانیشیان زۆر كه‌مه‌ و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌شی ئاسانه‌.


پرسی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌ و ڕۆژی هه‌ینیی ڕابردووش حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، بۆ یه‌كه‌م جار سه‌ردانی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كرد له‌ میحوه‌ری باشووری كه‌ركووكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌وه‌ باڵاكانی پێشمه‌رگه‌ پرسی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ی تاوتوێ كرد.


له‌باره‌ی كاتی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "هێشتا ڕۆژه‌كه‌ ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌ بۆ هه‌ڵمه‌تی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌، به‌ڵام ئاماده‌كارییه‌كان له‌ ته‌واوبووندان له‌ لایه‌ن هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانه‌وه‌ و له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی داهاتوودا هه‌ڵمه‌تی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كات".


سه‌رچاوه‌كه‌ی (باس) ڕوونیشی كرده‌وه‌، داعش له‌ حه‌ویجه‌ باری نائاسایی بۆ به‌رزترین ئاست به‌رز كردووته‌وه‌ و ده‌یان تابلۆی له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كانی حه‌ویجه‌ هه‌ڵواسیوه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ تا دواهه‌ناسه‌ به‌رخۆدان بكه‌ن و له‌ بڵندگۆی مزگه‌وته‌كانیشه‌وه‌ بانگه‌وازی كردووه‌ و باری نائاسایی ڕاگه‌یاندووه‌.


عه‌مار سه‌باح، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆچ و كۆچبه‌رانی كه‌ركووك بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "ڕۆژانه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پێشوازی ده‌كه‌ن له‌ هه‌ڵهاتووه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی تیرۆریستانی داعش و دواتر له‌ كه‌مپه‌كانی كه‌ركووكدا نیشته‌جێ ده‌كرێن و خۆراك و جلوبه‌رگ و پێداویستیی دیكه‌یان پێ ده‌گه‌یه‌نرێت".


گوتیشی: "تیرۆریستانی داعش له‌وپه‌ڕی بێهێزیدان و ده‌یانه‌وێت قه‌ڵغانی مرۆیی دروست بكه‌ن له‌ كاتی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ و هاوكات خه‌ڵكه‌كه‌ی ژێر ده‌ستیان له‌وپه‌ڕی ناخۆشیدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن و ڕۆژانه‌ خه‌ڵك ده‌كوژن و له‌سێداره‌ ده‌ده‌ن، بۆیه‌ خه‌ڵكێكی زۆر ڕۆژانه‌ له‌ بن ده‌ستیان هه‌ڵدێن".