وەحیدە محەمەد: دەیان چەکداری داعشم بە دەستەکانی خۆم کوشتووە

”داعش مێردی یەکەم و دووەم و باوکم و سێ برامی شەھید کردووە“

ئازاد مەحمود 18/10/2016 - 10:25 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

لە دیدارێکی تایبەتی ھەفتەنامەی (باس)دا، وەحیدە محەمەد، ناسراو بە (ام ھنادی)، ئەو ژنە فەرماندەیەی خەڵکی قەزای شرگاتە و بە مەزھەب سوننەیە و سەر بە عەشیرەتی جبوورییە و دژ بە تیرۆریستانی داعش دەجەنگێت، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لەدوای شەھیدکردنی مێردی یەکەمی و پاشان مێردی دووەمی و باوکی و سێ برای لە لایەن داعشەوە، بڕیاری داوە دژ بە تیرۆریستانی داعش بجەنگێت و لە سەروبەندی کۆنتڕۆڵکردنەوەی قەزای شرگاتی سەر بە سەڵاحەدین، ئەو ژنە فەرماندەیە بووەتە مانشێتی زۆربەی ڕۆژنامە و کەناڵە ناوخۆیی و جیھانییەکان، لەبەر ئەوەی سەرپەرشتیی ھێزێکی گەورەی چەکداری دەکات.

 

(باس) چۆن بیرت کردەوە وەکو ژنێک دژ بە تیرۆریستانی داعش چەک ھەڵبگری؟

 

وەحیدە محەمەد: من خەڵکی قەزای شرگاتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینم و لە سەروبەندی داگیرکردنی قەزاکەمان لە لایەن داعشەوە، ئەو تیرۆریستانە مێردەکەمیان شەھید کرد و پاشان ماڵمانیان تەقاندەوە و ئینجا باوکم و سێ برامیان شەھید کرد، من ژنی ماڵەوەم و منداڵم لە مێردە شەھیدەکەم ھەبوو، بە ناچاری شوویەکی دیکەم کرد و تیرۆریستانی داعش مێردی دووەمیشمیان شەھید کرد، منیش بۆ تۆڵەکردنەوە لە تیرۆریستانی داعش، چەکم ھەڵگرت و وەک فەرماندەیەکی حەشد دەستبەکار بووم و تا ئێستاش لەسەر کارەکەم بەردەوامم.

 

(باس) تا ئێستا بەشداریی چەند شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشت کردووە؟

 

وەحیدە محەمەد: بەشدایری بەشی زۆری شەڕەکانی دژ بە داعشم کردووە، لەوانە شەڕی ڕزگارکردنەوەی تکریت و دوجەێل و ئیسحاقی و بەلەد و دوایینیشیان قەزای شرگات بوو، کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا توانیمان ڕزگاری بکەینەوە، ئێمەش وەکو فەرماندەیەک و ھاوکات وەکو خەڵکی قەزای شرگات ڕۆڵێکی باڵامان ھەبوو.

 

(باس) ژمارەی ئەو ھێزەی سەرپەرشتیی دەکەیت چەندە؟

 

وەحیدە محەمەد: ژمارەی ئەو ھێزەیە ٧٠ کەسن و ئێستاش ھێزەکەم لەناو قەزای شرگاتە و ھێزێکی ڕاھێنراون و بەشداریی زۆربەی شەڕەکانی سنووری پارێزگای سەڵاحەدینیان کردووە دژ بە تیرۆریستانی داعش، جگە لە ھێزەکەی خۆم، سەرپەرشتیی ھێزەکانی حەشدی عەشائیری و پارێزەرانی شرگاتیش دەکەم، کە ژمارەی چەکدارەکانیان ١٢٥٠ چەکدارە.

 

(باس) چۆن لە ژنێکی ماڵەوە خۆت فێری چەکداری و ڕاھێنانی سەربازی کرد؟

 

وەحیدە محەمەد: دوای ئەوەی داعش ھەردوو مێردەکەم و باوکم و براکانمی شەھید کرد، بڕیارم دا کە دژیان بجەنگم و ھەرچۆنێک بێت، سەرەتا خۆم لەسەر چۆنیەتیی بەکارھێنانی چەکی جۆری کڵاشینکۆف و بی کەی سی و ئار بی جی ڕاھێنا، پاشان

بەکارھێنانی بۆمب و ئینجا ڕۆژانە دوو سەعات وەرزشی سەربازیم دەکرد.

 

(باس) ئەی بەردەوام دەبیت لە کاری فەرمانداریدا؟

 

وەحیدە محەمەد: بەڵێ من تازە دەستم کردووە بە کاری چەکداری و بەردەوام دەبم لە کارەکەم و ھەتا دوا ھەناسە شەڕی تیرۆریستان دەکەم، دەستبەرداری کارەکەم نابم و ھەرگیز لە تیرۆریستان خۆش نابم، لە تۆڵەی خەڵکەکەم کە دەستی ڕەشی تیرۆریستان شەھیدیان کردن، دەیان چەکداری داعشم بە دەستەکانی خۆم  کوشتووە.

 

(باس) جگە لە تۆ، ژنی دیکە لەناو پێکھاتە سەربازییەکەتدا ھەیە؟

 

وەحیدە محەمەد: نەخێر ژنی دیکە نییە، پێشتر ھەوڵم دا ژمارەیەک کچ و ژن بھێنمە ریزی پێکھاتە سەربازییەکەمەوە، کەچی سەرکەوتوو نەبووم، ئەوەش بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان لەناو عەشائیری عەرەبدا عەیبە ژن ھاوشانی پیاو لە جەنگدا بێت، دووەمیشیان پێکھاتە سەربازییەکەی من ھەمیشە لە شەڕدا بووینە دژ بە تیرۆریستانی داعش و دەرفەتمان کەم بووە، بەڵام بۆ داھاتوو بیرم لەوە کردووەتەوە کار لەسەر ئەوە بکەم کە ژمارەیەک کچ و ژن بھێنمە ناو پێکھاتە سەربازییەکەمەوە.

(باس) ئایا پارێزگای سەڵاحەدین پاک کراوەتەوە لە تیرۆریستانی داعش؟

 

وەحیدە محەمەد: بەڵێ ئێستا پارێزگای سەڵاحەدین پاک کراوەتەوە، ماوەتەوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێندرێنەوە کە داعش داگیری کردبوو، تا خەڵکی ئاوارە  بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

 

(باس) ھێزەکەت بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵدا دەکات؟

 

وەحیدە محەمەد: بەڵێ بەشداری دەکەین، ئێمە ئێستا لە قەزای شرگاتین و شرگاتیش لە ناوچەکانی مووسڵەوە نزیکە، قەزای شرگات پێشتر سەر بە پارێزگای نەینەوا بووە، لەبەرئەوەی لە پارێزگای نەینەواوە نزیکترە، وەک لە سەڵاحەدین، بەڵام ڕژێمی بەعس بۆ گەورەکردنی پارێزگای سەڵاحەدین، قەزای شرگاتی لە نەینەوا دابڕی و خستییە سەر سەڵاحەدین و ئێمە شارەزاییشمان ھەیە لەو ڕێگایانەی کە لە شرگاتەوە بەرەو مووسڵ دەڕۆن.

ئەلبوومی وێنەکان