نێوی پێشمه‌رگه‌ و وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌ میدیاكانی توركیای داپۆشیوه‌

سایتی جه‌زیره‌ی توركی: هێزی سه‌ره‌كی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌

17/10/2016 - 16:58 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ له‌ ده‌ستی گرووپی تیرۆریستی داعش، میدیاكانی توركیا تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌و سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌وییانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كاندا به‌ ده‌ستی هێناوه‌.


سایتی (جه‌زیره‌)ی توركی له‌ په‌خشی راسته‌وخۆدا دیمه‌نی پێشمه‌رگه‌ی ده‌گواسته‌وه‌ له‌ كاتی هێرشكردن بۆ سه‌ر داعش، هه‌روه‌ها باسی له‌و ئاماده‌یی و وره‌ به‌رزییه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرد كه‌ چۆن ده‌یانه‌وێ رووبه‌رووی دوژمن ببنه‌وه‌. له‌ هه‌مان كاتدا باسی له‌ هاوكاری فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌كرد به‌وه‌ی له‌و شه‌ڕه‌دا هاوكاری پێشمه‌رگه‌ن.


جان حه‌سه‌نۆ په‌یامنێری سایتی ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، پێشمه‌رگه‌ راسته‌وخۆ فه‌رمان له‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرن، بۆیه‌ كاتێك دوێنێ شه‌و بارزانی گوتی پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆن، ئیدی به‌دوای ئه‌ودا حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێڕاق باسی له‌ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ كرد.


هه‌مان سایت له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی شه‌ڕه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناوی ئه‌و شوێنه‌ی نه‌هێنا كه‌ ئه‌وی لێ وه‌ستاوه‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ی گوته‌ی خۆی له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی ناتوانێ ناوی شوێنه‌كه‌ ئاشكرا بكات و نه‌كا داعش سوودی لێ وه‌ربگرێت. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ زۆرێك له‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا نیگه‌رانی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌هه‌ندێك كه‌ناڵی راگه‌یاندنی كوردی ده‌ربڕیوه‌ به‌وه‌ی شوێنی جه‌نگ ئاشكرا ده‌كه‌ن و دوژمنیش سوودی لێ وه‌رده‌گرێت.


سایتی T24 له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی داوه‌ پێشمه‌رگه‌ رۆڵی سه‌ره‌كی بینیوه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ و تاوه‌كو ئێستە سه‌ره‌كیترین هێز هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌.


ئه‌و سایته‌ ئاماژه‌ی داوه‌ پێشبینییه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ ده‌رچوو به‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ هێزێكی سه‌ره‌كی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌یه‌.


له‌ هه‌مان كاتدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد پێشمه‌رگه‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كۆنتڕۆڵ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشتر گروپی تیرۆرستی داعش داگیری كردبوو له‌ چوارده‌وری موسڵدا.


سۆسیال میدیا رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتن و پێدانی زانیاری ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی موسڵ، بۆیه‌ هاووڵاتیانی توركیا زۆرترین تیشكیان خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌.


زۆرێك له‌و هاووڵاتیانه‌ی له‌ باره‌ی شه‌ڕی موسڵه‌وه‌ پۆستیان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، پشتگیری خۆیان بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕیوه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازن. به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ندێك له‌ توركه‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌كان نیگه‌رانن به‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی پێشمه‌رگه‌.


ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی پشتگیری له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن نووسیویانه‌ (بژی پێشمه‌رگه‌) و وێنه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌شیان له‌گه‌ڵ نووسینه‌كه‌یان داناوه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هاووڵاتییه‌ موحافیزكاره‌كان به‌ گه‌وره‌یی نوسیویانه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر حه‌قه‌، بۆیه‌ خودا له‌ پشتیانه‌.


له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵدا، میدیاكانی توركیا تیشكی زۆریان كردووه‌ته‌وه‌ سه‌ر گرنگی پێشمه‌رگه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ بوونی حه‌شدی شه‌عبی ناكه‌ن، له‌ كاتێكدا به‌ گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ی داڕێژراوه‌ هێزی حه‌شدی شه‌عبیش به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌كات. ئه‌وان له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ هاووڵاتیانی توركیا ده‌گوازنه‌وه‌ و، به‌ شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆیش ئاشكرای ده‌كه‌ن دڵیان له‌ لای پێشمه‌رگه‌یه‌.


ته‌له‌ڤزیۆنی (سی ئێن ئێن)ـی توركیش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌ دیمه‌نه‌كانی شه‌ڕ ده‌گوازێته‌وه‌ و تیشكی ئه‌و كه‌ناڵه‌یش له‌سه‌ر پێشڕه‌وی و قاره‌مانی پێشمه‌رگه‌یه‌. هه‌روه‌ها كه‌ناڵی ناوبراو ئاماژه‌ی داوه‌ تاوه‌كو ئێستا هێزی توركی به‌شداری پێنه‌كراوه‌ و هۆكاره‌كه‌شی نه‌زانراوه‌.


هه‌مان كه‌ناڵ له‌ راپۆرتێكدا باسی له‌ بوونی هێزێكی 600 سه‌ربازی تورك له‌ باشیك كردوه‌، به‌ڵام نازانرێت بۆچی له‌و شه‌ڕه‌دا به‌شدارنین، چونكه‌ ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان له‌ گوته‌یه‌كیدا له‌ ئه‌نكه‌را به‌ ئاشكرا گوتی توركیا به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ ده‌كات، بۆیه‌ كه‌ناڵی ناوبراو هاووڵاتیانی ئاگادار كرده‌وه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا توركیا هه‌ڵوێستی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت.