دووكەڵی گه‌یاره‌ ژیانی خەڵكی ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە

داعش رۆیشت و ئاگری بیره‌ نه‌وتییه‌كانی مایه‌وه‌

هێمن بابان 16/10/2016 - 22:05 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


سه‌رباری ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 22 رۆژ ده‌بێ داعش گه‌یاره‌ی له‌ده‌ست داوه‌، به‌ڵام هێشتا دووكه‌ڵی ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ی له‌و شارۆچكه‌یه‌ سووتاندوونی، خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌راسان كردووه‌، له‌گه‌ڵ چۆڵكردنی چه‌ندین گه‌ڕه‌كیش، هێشتا مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی لێ ده‌كرێ.


داعش پێش هه‌ڵاتنییان له‌ گه‌یاره‌ 11 بیره‌ نه‌وتی شارۆچكه‌ی گه‌یاره‌یان گڕتێبه‌ردا، هێشتا ئه‌و بیرانه‌ ده‌سووتێن و رۆژانه‌ سه‌دان هه‌زار دۆلار زیان به‌ عێراق ده‌گه‌یه‌نن.


سه‌رباری ئه‌وه‌ی پتر له‌ 22 رۆژه‌ گه‌یاره‌ له‌ باشووری مووسڵ له‌ ده‌ست چه‌كدارانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی ئه‌بو به‌كر به‌غدادی ده‌رهێنراوه‌ و رزگار كراوه‌، به‌ڵام هێشتا دانیشتووانی ئه‌و ناحیه‌یه‌ و ئه‌و خه‌ڵكه‌شی كه‌ به‌هۆی داعشه‌وه‌ ئاواره‌ی ده‌ره‌وه‌ی بوون و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ له‌ ده‌ستی شوێنه‌وارێكی زۆر دیاری داعش ده‌ناڵێنن كه‌ دیمه‌نه‌ تاڵه‌كان و نه‌هامه‌تییه‌كانی داعشیان بیر ده‌خاته‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌و دووكه‌ڵه‌یه‌ كه‌ زیاتر له‌ 22 رۆژه‌ به‌ ئاسمانی گه‌یاره‌وه‌یه‌ و رۆژانه‌ زیانی سه‌دان هه‌زار دۆلار و هه‌روه‌ها مه‌ترسیی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیشی لێ ده‌كرێت له‌نێو دانیشتوانی ئه‌و ناحیه‌یه‌.


له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ده‌یان هاووڵاتی زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌ به‌هۆی نزیكی خانووه‌كانییانه‌وه‌ له‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ی گڕه‌كه‌یان راناگیرێ.


لێره‌ له‌نێو ماڵه‌كانی ئه‌م ناحیه‌یه‌ چه‌ندین بیره‌ نه‌وت گڕ ده‌گرێ و دووكه‌ڵێكی هێنده‌ زۆری هه‌یه‌ به‌دووری ده‌یان كیلۆمه‌تره‌وه‌ ئه‌و دووكه‌ڵه‌ ده‌بینرێ ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ ئاسمانی شاری هه‌ولێریش كه‌ زیاتر له‌ 75 كیلۆمه‌تر له‌ گه‌یاره‌وه‌ دووره‌، چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی ناحییه‌كه‌ش به‌هۆی دووكه‌ڵه‌كه‌وه‌ چۆڵیان كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین منداڵ و پیاو و ژنیش له‌ نزیك ئه‌و ئاگره‌وه‌ به‌رده‌وامن له‌ ژیان كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ تووشبوون به‌نه‌خۆشییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ده‌زگای هه‌ناسه‌دان و هه‌روه‌ها نه‌خۆشییه‌كانی پێست.


قه‌حتان یه‌كێكه‌ له‌و پیاوانه‌ی كه‌ له‌و نزیكه‌ به‌دیار ئێمه‌وه‌ ته‌ماشای ئاگری بیره‌ نه‌وته‌كانی ده‌كرد و هێمای بێزاری به‌ده‌موچاوییه‌وه‌ دیار بوو، ئه‌و ده‌یگوت چه‌ندین رۆژه‌ به‌دیار خانووه‌كه‌یه‌وه‌ جۆش داماوه‌.


خانووه‌كه‌ی قه‌حتان كه‌وتووه‌ته‌ شوێنێكی نزیك له‌ یه‌كێك له‌و 11 بیره‌ی چه‌كدارانی داعش پێش نزیكه‌ی مانگێك سووتاندییان، ئه‌و ده‌یگوت سه‌رباری زیانی دارایی مه‌ترسیی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیش له‌ ئارادایه‌.


دوای رزگاركردنی گه‌یاره‌ ده‌یان ئۆتۆمبیلی ئاگرگوژێنه‌وه‌ و چه‌ندین كارمه‌ندی چه‌ند بنكه‌یه‌كی ئاگرگوژێنه‌وه‌ی پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا و سه‌ڵاحه‌دینیش بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ست پێكرد، به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌كانی به‌رگری شارستانی ده‌یانگوت ئاگری ئه‌و بیره‌ گڕگرتووانه‌ به‌ تیمه‌كانی بیانی نه‌بێت ناتوانرێت دابمركێنرێته‌وه‌.


لێره‌ له‌ گه‌یاره‌ چه‌ندین حه‌وزی پڕ له‌ نه‌وتی ره‌ش دروست بوون، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیشیان له‌نێو گه‌ڕه‌كه‌كاندا هه‌ن، داعش رۆیشت، به‌ڵام هێشتا شوێنه‌واره‌كه‌ی به‌ گه‌یاره‌وه‌ دیاره‌ و لێی نابێته‌وه‌.