دایكی 5 شه‌هید به‌بێده‌نگی كۆچی دوایی كرد

 

11/10/2016 - 15:35 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ئه‌گه‌رچی پێنج كوڕی شه‌هید بوون، به‌ڵام وه‌ك منداڵ و نه‌وه‌كانی باسی ده‌كه‌ن، هه‌میشه‌ ده‌یگوت: "له‌سه‌ر خاك و وه‌ته‌نی كوردستان شه‌هید بوونه‌ و 11 نه‌وه‌یان بۆم جێ هێشتووم، ئیدی خه‌م له‌ چی بخۆم".


به‌سێ مسته‌فا حه‌مه‌د، له‌دایكبووی 1925 گوندی تكالۆ سه‌ر به‌ شاره‌دێی دیبه‌گه‌یه‌، له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵیدا ژیانى هاوسه‌ریی پێك دێنێ و هه‌شت كوڕی و كچێكی ده‌بێت، به‌ڵام پێنج له‌ كوڕه‌كانی له‌نێوان ساڵانی 1988 بۆ 1991 له‌ رێگه‌ی كوردستان، به‌ ده‌ستی به‌عسی و جاشه‌كان شه‌هید ده‌بن و 11 نه‌وه‌ش له‌دوای خۆیان بۆ دایكیان جێ ده‌هێڵن.


محه‌مه‌د ره‌حمان، ناسراو به‌ (حه‌مه‌ڕیشه‌)، كوڕی داده‌ به‌سێیه‌، پێنج برا و ئامۆزایه‌كی شه‌هیده‌، وه‌ك باس ده‌كات: "یه‌كه‌م شه‌هیدمان ئیبراهیمی برام بوو، كه‌ به‌ بله‌ قه‌ره‌چۆغی ناوی ده‌ركردبوو، له‌دایكبووی 1962 بوو، له‌ ساڵی 1988 له‌ نزیك گوندی پونگینه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو مه‌فره‌زه‌ی جاشان و شه‌هید ده‌كرێت، چواره‌كه‌ی دیكه‌ له‌گه‌ڵ ئامۆزایه‌كم له‌ 31/3/1991 له‌ كۆڕه‌وه‌كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا شه‌هید بوون، ئه‌وان مانه‌وه‌ و له‌ بازگه‌ی شاوێس كه‌وتنه‌ ناو كه‌مین و شه‌ڕیان كرد تا شه‌هید بوون، هه‌ر یه‌ك له‌ شه‌هید "خالید ره‌حمان ناسراو به‌ (راوێژ) له‌دایكبووی 1955، ئه‌بوبه‌كر ناسراو به‌ (شێركۆ) له‌دایكبووی 1964، شه‌هید كه‌یفی له‌دایكبووی 1961، شه‌هید جه‌بار له‌دایكبووى 1949، له‌گه‌ڵ ئامۆزایه‌كمان كه‌ ناوی عه‌بدولخالق ئیسماعیل بوو، به‌ (توانا) ناسرا بوو".


سێ له‌و برایانه‌ هاوسه‌ریان هه‌بوو، یه‌كیان 10 منداڵ و یه‌كیشیان منداڵێكى هه‌بوو، كه‌ تا شه‌هیدبوونیشی منداڵه‌كه‌ی نه‌یبینی، ئه‌وی دیكه‌ش هاوسه‌رگیریى كردبوو به‌ڵام منداڵی نه‌بوو". دایكی ئه‌و 10 منداڵانه‌ به‌ ئیشكردن بۆ خه‌ڵك منداڵه‌كانی گه‌وره‌ كرد، تا هه‌موویانى پێ گه‌یاند و كردییانی به‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌".


وه‌ك حه‌مه‌ڕیشه‌ی برای پێنج شه‌هید و كوڕی داده‌به‌سێ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، دایكی هه‌میشه‌ گوتوویه‌تی: "دیاره‌ پێنج كوڕم به‌شی كوردستان بوون، سێیانیش به‌شی منن، چاك نییه‌ خودا ئه‌و سێیه‌ی بۆ هێشتوومه‌ته‌وه‌". هه‌ر كاتێك حه‌وت كوڕه‌كه‌ی برا گه‌وره‌كه‌می ده‌بینی، ده‌یگوت: "كه‌ چاوم به‌وانه‌ ده‌كه‌وێ، هه‌ر پێنجیان له‌بیر ده‌كه‌م".


تاریق جه‌بار كوڕى یه‌كێك له‌ شه‌هیده‌كانه‌، ده‌ڵێت: "داپیره‌م له‌ لووتكه‌ی كوردپه‌روه‌ریدا بوو، من به‌ خۆبه‌خش شه‌ڕی دژی داعشم ده‌كرد، ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كردم، ده‌یگوت سه‌لامه‌تی، ده‌مگوت به‌ڵێ، ده‌یگوت به‌س ئاگات له‌خۆ بی، نه‌كه‌ی بێیه‌وه‌، ده‌بی شه‌ڕی بكه‌ی، گوتم وه‌ڵا نایه‌مه‌وه‌ ماده‌م ئه‌توو وا بڵێی".


ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات كه‌ زۆر جاران له‌ ده‌وامی پێشمه‌رگایه‌تیدا بووه‌، داپیره‌ی هاتووه‌ته‌ ناویان و وره‌ی به‌رز كردوونه‌ته‌وه‌.


تاریق وه‌ك كوڕه‌ شه‌هیدێك، كه‌ باوكی و چوار مامی شه‌هیدی شیوعین، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ حزب هیچی بۆ نه‌كردوون: "به‌ڵام هیچ گله‌ییه‌كمان له‌ حزب نییه‌".


حكوومه‌تیش كاتی خۆی زه‌ویی پێ داون: "ته‌نیا دوو گله‌ییم له‌ حكوومه‌ت هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌ی دوێنێ به‌عسی بوو، ئێستا كوردپه‌روه‌ره‌، ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئێمه‌ ده‌كرد به‌وه‌ی منداڵه‌ پێشمه‌رگه‌ین، ئێستا ده‌سه‌ڵاتی له‌ ئێمه‌ زیاتره‌".


له‌گه‌ڵ هه‌ندێش، وه‌ك كوڕه‌ شه‌هیدێك حه‌ز به‌وه‌ ده‌كات قوتابخانه‌یه‌ك، شه‌قامێك، چوارڕیانێك یان پاركێك به‌ ناوی داپیره‌ی، به‌ ناوی دایكی پێنج شه‌هید، یانیش باوك و مامه‌كانی بكرێت: "داپیره‌م قه‌ت رۆژێك داوای هیچی نه‌كرد، زۆری وه‌ك داپیره‌م هه‌یه‌ و هیچی بۆ نه‌كراوه‌".


وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، داپیره‌ی رۆژێك له‌ رۆژان گله‌یی له‌ به‌ختی خۆی نه‌كردووه‌، تاكه‌ خه‌می گه‌وره‌شی ئه‌و كاتانه‌ بوون كه‌ یه‌كێك له‌ هاوڕێیانی كوڕه‌كانی شه‌هید ده‌بوون، چونكه‌ هه‌رده‌مێ هه‌واڵی وای ده‌بیست ده‌موده‌ست له‌هۆش خۆی ده‌چوو: "هه‌موو جاریش ده‌یگوت سوپاس بۆ خوا، چاك نییه‌ كوڕه‌كانم له‌ شه‌ڕی براكوژی نه‌ڕۆیشتن، چاك نییه‌ له‌سه‌ر كارێكی خراپ نه‌كوژران، سه‌ربه‌رزم كه‌ شه‌هیدن و خۆیان به‌ قوربانیی خاكی خۆیان كرد".


ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی داده‌به‌سێ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو، كه‌ "سه‌رباری ئه‌و كاره‌ساتانه‌، داپیره‌ی كه‌سێكی وره‌به‌رز و قسه‌خۆش بوو، هه‌موو كات دڵی ئه‌وانی ده‌دایه‌وه‌: ”بۆمانی ده‌گێڕایه‌وه‌ كه‌ به‌نهێنی خواردن و یارمه‌تیی بۆ پێشمه‌رگه‌ بردووه‌ و سه‌ربرده‌كانی ده‌گێڕایه‌وه‌".


وه‌ك باس ده‌كات، كاتی خۆی باپیره‌ی و مامی له‌ دائیره‌ی ئه‌من زیندانى ده‌بن و باوكی و مامه‌كانی دیكه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌بن: "خانووه‌كانمان بۆیه‌ كرابوون تا به‌ نیشان بن، كه‌چی داپیره‌م به‌نهێنی ده‌رده‌چوو و سه‌ردانی چیای ده‌كرد بۆ ناو پێشمه‌رگه‌، له‌ هیچ نه‌ده‌ترسا و ته‌نیا خه‌می كوردستانی بوو".

ئەلبوومی وێنەکان