له‌ هه‌ولێر شوێنی جوگرافی بڕیار له‌سه‌ر نرخ ده‌دا

پاڵتۆیه‌ك له‌ بازاڕێك به‌ 15 هه‌زار دیناره‌ و له‌ شوێنێكی تر به‌ 85 دۆلاره‌

27/08/2016 - 13:32 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی زۆر جل ده‌كڕن و به‌دوای كه‌شخه‌یه‌تیی پۆشاكه‌وه‌ن، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ جلوبه‌رگ له‌ كوردستان به‌ گوێره‌ی شوێنی جوگرافی نرخی ده‌گۆڕێت و یه‌ك ماركه‌، له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه‌ نرخی جیاوازه‌.


وه‌ك باوه‌، شوێنی جوگرافی زیاتر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نرخی خانووبه‌ره‌ و زه‌وی هه‌یه‌، به‌ڵام كوردستان هه‌ر له‌ شارێك، شوێنی جوگرافی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نرخی كاڵا و جلوبه‌رگیش هه‌یه‌.


ئه‌وانه‌ی له‌و شوێنانه‌ن كه‌ نرخه‌كانیان ئاساییه‌، ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ ڕوو كه‌ خه‌ڵك نازانێ ماركه‌ و بڕانده‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر نرخ هه‌یه‌، نه‌ك شوێن، ئه‌وه‌ی له‌ كوردستانیش هه‌یه‌، زۆربه‌ی یه‌ك ماركه‌ و بڕانده‌، ته‌نیا (راقی)بوونی شوێنه‌كه‌ نرخه‌كه‌ی به‌رز كردززنه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی شوێنه‌كانیشیان دیار و به‌ناوبانگه‌، هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه‌.


كامه‌ران مسته‌فا، یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی به‌دوای مۆدێل و ستایله‌وه‌یه‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و جلانه‌ی له‌ كوردستان هه‌یه‌، زۆربه‌ی یه‌ك جۆره‌ ماڕكه‌ن و زۆرینه‌یان توركین، به‌ڵام به‌ گوته‌ی ئه‌و، نرخیان له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه‌ جیاوازه‌: "بڕۆ مۆڵه‌ گه‌وره‌كان، ئه‌و پاڵتۆیه‌ی له‌ ئه‌سواق سیروان به‌ 20 هه‌زاری ده‌یكڕی، له‌وێ به‌ 80 هه‌زاره‌، هه‌ر ئه‌و پالتۆیه‌ و ئه‌و ماركه‌یه‌ له‌ ئه‌سواق ئه‌ربیل، به‌ 40 هه‌زاره‌، بڕۆ ناو بازاڕی نیشتمان له‌ خوار 20 هه‌زار دیناره‌، ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی سه‌یره‌".


وه‌ك ئه‌و گه‌نجه‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، زۆربه‌ی دوكانداره‌كان بیانوویان بۆ ئه‌و نرخه‌یه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت مۆڵه‌كان و ده‌ڵێت: "كه‌ ده‌پرسی بۆ نرخی وایه‌ و له‌ شوێنی دیكه‌ وا نییه‌، جارێ زوو ده‌ڵێ بڕۆ له‌وێ بیكڕه‌، وه‌ك باسی ده‌كات و ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی من ماڕكه‌یه‌، كه‌ ده‌ڵێی یه‌ك شته‌، ئینجا سه‌دان بیانوو ده‌هێنێته‌وه‌ و كه‌ ئه‌و كرێ دوكانه‌كه‌ی گرانتره‌، هه‌مووشی هه‌ر یه‌ك كوالێتییه‌".


ئیلاف سه‌لام، كچێكی قوتابیی كۆلێژه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ نرخی جلوبه‌رگ له‌چاو وڵاتان له‌ كوردستان زۆر به‌رزتره‌: "ماركه‌ هه‌یه‌ له‌ كوردستان توركییه‌، من له‌ توركیا به‌ كوالێتییه‌كی باشتر ده‌مكڕی، زۆر له‌وه‌ی كوردستان هه‌رزانتر بوو، كه‌چی لێره‌ باجیش ناده‌ن"، بۆیه‌ ئه‌و كچه‌ پێیوایه‌ هۆكاره‌كه‌ نه‌بوونی چاودێرییه‌ و هه‌ر كه‌س به‌ ئاره‌زووی خۆی ده‌یفرۆشێت و ده‌ڵێت: "هه‌قه‌ حكوومه‌ت چاودێرییان بكات"، ئه‌و كچه‌ نایشارێته‌وه‌: "ئێستاش خه‌ڵك وه‌ك خۆهه‌ڵكێشانێك شانازی به‌وه‌ ده‌كات كه‌ جلی له‌ شوێنێكی راقی كڕیوه‌و گوایه‌ ماركه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مووشی یه‌ك بابه‌ته‌".


پیشڕه‌و عه‌باس، خاوه‌نی كۆگایه‌كه‌ بۆ بازرگانیی جلوبه‌رگ، دوكانی له‌ناو بازاڕی هه‌ولێره‌، ئاماژ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌ندین كۆمپانیا هه‌یه‌، بازرگانه‌ كورده‌كان جلوبه‌رگی لێ ده‌هێنن، به‌ڵام: "زۆربه‌یان كوالێتیان وه‌ك یه‌كه‌ و هه‌رچی له‌ مۆڵه‌كان و شوێنه‌ به‌ناوبانگه‌كان هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی نرخیان جیاوازه‌، به‌ڵام كواڵتیان یه‌كه‌"، ئه‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ كوردستان خه‌ڵك به‌نرخ بڕیار له‌سه‌ر كاڵای باش و خراپ ده‌دات چونكه‌ شاره‌زایی له‌ كوالێت و بڕاند نییه‌، جه‌نا چ مانای هه‌یه‌، پاڵتۆیه‌ك لای من 15 هه‌زار دیناره‌ و هه‌مان پاڵتۆ له‌ مۆڵه‌كان به‌ 85 دۆلاره‌، ده‌چێت گرانه‌كه‌ ده‌كڕێت و ده‌ڵێ ئه‌وه‌ باشه‌، یان شوێنه‌كه‌ راقی بێت، وا هه‌ست ده‌كات شتی راقی ده‌فرۆشێ و ماركه‌ی باشه‌، ده‌نا بهیچ جیاوازییه‌ك نییه‌، چونكه‌ هیچ كۆمپانیایه‌كی جیهانی لقی لێره‌ نییه‌ و چاودێریی ناكات، ده‌توانی خۆت جلوبه‌رگ بدوری و لۆگۆی ماركه‌ جیهانییه‌كانی لێ بده‌ی".


پێشڕه‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك و كڕیار شاره‌زاییان نییه‌، ته‌نیا بۆ: "خۆهه‌ڵكێشان جلی گران ده‌كڕی و یان بۆ ئه‌وه‌ی بڵێ له‌ فلانه‌ شوێن كڕیومه‌، به‌ڵام هی شوێنه‌ هه‌رزانه‌كان خێریان كه‌متره‌ و بازاڕیان باشتره‌".


یه‌ك له‌ دوكانداره‌كانی بازاڕگه‌ی هه‌ولێر كه‌ به‌ ئه‌سواق ئه‌ربیل ناوی ده‌كردووه‌، كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاو بكرێته‌وه‌، ده‌گێڕێته‌وه‌: "پێكه‌وه‌ كاوبۆمان له‌ توركیا ده‌هێنا و نرخی 17 دۆلار له‌سه‌رمان ده‌وه‌ستا، من به‌ 30 دۆلارم ده‌دا، ئه‌ویش به‌ 110 دۆلار، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌و ماركه‌ و بڕانده‌كه‌ی ئه‌سڵه‌ و قوماشه‌كه‌ی باشه‌، بازاڕی له‌ هی من باشتر بوو".


ئه‌و دوكانداره‌ ده‌ڵێ: "خه‌ڵكیش نه‌یده‌زانی و وای ده‌زانی ئه‌گه‌ر كاڵایه‌ك به‌ گران بكڕی واته‌ باشه‌، ئه‌وه‌ش به‌داخه‌وه‌ له‌ تێنه‌گه‌یشتن و نه‌بوونی ماركه‌ی جیهانییه‌ له‌ كوردستان".


عیماد ره‌فعه‌ت، خاوه‌نی كۆمپانیایه‌كه‌ بۆ بازرگانیی جلوبه‌رگ له‌ناو ماجدی مۆڵی شاری هه‌ولێر، 17 ساڵه‌ جلوبه‌رگ ده‌فرۆشێت، نكۆڵی له‌وه‌ ده‌كات كه‌ جلوبه‌رگه‌كان كوالێتیان وه‌ك یه‌ك بێت، به‌ڵكو زۆربه‌یان كوالێتیان جیایه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر من كاڵایه‌ك گران بفرۆشم و له‌ ده‌ره‌وه‌ش هه‌رزان بێت، كڕیارێك بێت له‌ من بكڕێت، ئه‌و كڕیاره‌ موسته‌حه‌قه‌، چونكه‌ ئه‌و نه‌شاره‌زایه‌ و نازانێ شتی باش و هه‌رزان بكڕێت، ئه‌و كه‌سانه‌ قابیلن زیادیان لێ وه‌ربگیری، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ جلێك ده‌كڕیت و نه‌زانی كوالێتی چۆنه‌ و بڕاندی چییه‌، ته‌نیا هۆكار ئه‌وه‌ی كه‌ بڵێ گرانم كڕیوه‌ و له‌ فلان شوینم كڕیوه‌؟"، ئه‌و پێیوایه‌ ده‌بێ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ خۆی فێر بێت و له‌ كوالێتی و له‌ پێكهاته‌كه‌ی بپرسێت، ئینجا پاره‌ی پێ بدات: "خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌وباره‌وه‌ زۆر ناشاره‌زایه‌، كه‌ دێت جلێك بكڕێت، نازانێ ماركه‌كه‌ چییه‌ و كوالێتی چییه‌، به‌ڵام كه‌ ئۆتۆبێلی ده‌عم بكات، ده‌چێ پارچه‌ی بیلادی ده‌كڕێته‌وه‌، پێی شه‌رمه‌ بۆیه‌ی بكاته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ ناشاره‌زاییه‌ و ته‌نیا ئه‌گه‌ر پاره‌ی هه‌بێت، حه‌ز ده‌كات پۆز لێ بدا و بڵێ ئه‌و نرخه‌ ئه‌وه‌م كڕیوه‌".


شاڵاو تاڵه‌بانی، توێژه‌ری ئابوورییه‌، هۆكاره‌كه‌ی بۆ لایه‌نی رێكلامی، راگه‌یاندن و هۆشیاری و رۆشنبیری تاكه‌كان ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌و شوێنانه‌ی زیاتر رێكلام ده‌كه‌ن، زیاتر ره‌واجی كه‌لوپه‌له‌كانیان هه‌یه‌ و كاڵاكانیان باشتر فرۆشی ده‌بێت، زۆربه‌ مۆڵه‌كان رێكلام له‌ راگه‌یاندنه‌كان ده‌كه‌ن و سه‌رنجی خه‌ڵك بۆ خۆیان راده‌كێشن، جا بڕاند و كوالێته‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كوالێتی كۆنتڕۆڵ، ده‌بێ ئه‌وان بڕیار له‌سه‌ر بده‌ن، ئه‌گه‌ر بڕیاری ئه‌وان نه‌بوو، ئه‌وكاته‌، ئه‌وانیش ده‌توانن هه‌له‌كه‌ بقۆزنه‌وه‌"، جگه‌ له‌وه‌، ئه‌و توێژه‌ره‌ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ هۆشیاریی ئابووریی تاك رۆڵێكی به‌رچاوی له‌م بواره‌ هه‌یه‌، چونكه‌ وا له‌ تاك ده‌كات بزانێت چی ده‌وێت و چی هه‌ڵده‌بژێری و ئه‌وه‌ی ده‌یكڕێت چییه‌: "هه‌ر وڵاتێك تاكه‌كانی هۆشیارییان هه‌بوو، نرخ بڕیار له‌سه‌ر باش و خراپیی كاڵا نادات، به‌ڵكو كوالێتی و برانده‌كه‌یه‌، هاوكات كه‌سیش ناتوانێت كاڵایه‌كی خراپ گرانفرۆش بكات، چونكه‌ خه‌ڵك هۆشیاره‌ و نایكڕێت، هه‌رچه‌نده‌ شوێنه‌كه‌شی راقی بێت".