كۆمه‌ڵكوژیی رۆبۆسكی دێته‌وه‌ به‌رباس

هه‌موو پارته‌ سیاسییه‌كان كۆكن له‌سه‌ر دووباره‌ كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی رۆبۆسكی

18/08/2016 - 14:00 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

كۆمه‌ڵكوژیی رۆبۆسكی كه‌ له‌ ساڵی 2011 فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا كاروانێكی كاسبكارانی كوردی كرده‌ ئامانج و 34 هاووڵاتیی شه‌هید كرد، دووباره‌ دێته‌وه‌ به‌رباس و داوا ده‌كرێت بكه‌رانی ئه‌و تاوانه‌ سزا بدرێن.


بر له‌ ئێستا دۆسیه‌ی رۆبۆسكی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن دادگاوه‌ گرنگیی پێ نه‌دراوه‌، به‌ڵكو بڕیاری دادگا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی بكه‌رانی ئه‌و تاوانه‌ بوو، به‌وه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ له‌و هاووڵاتیانه‌ی داوا و وایان زانیوه‌ كه‌ ئه‌وان چه‌كداری په‌كه‌كه‌ن. به‌ڵام دوای هه‌وڵی كوده‌تایه‌كه‌ی 15ی ته‌مووز ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌یان كردووه‌ به‌پێی میدیاكانی توركیا، سه‌ر به‌ فه‌تحوڵا گوله‌نن، ویستویانه‌ پرسی چاره‌سه‌ری په‌ك بخه‌ن و دووباره‌ شه‌ڕ بخه‌نه‌وه‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و حكوومه‌تی توركیا.


ئێستایش زۆرێك له‌ پارته‌ سیاسییه‌كان داوا ده‌كه‌ن كه‌ كاتییه‌تی بكه‌رانی ئه‌و تاوانه‌ سزا بدرێن و راستیی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ بۆ خه‌ڵكی ئاشكرا بكه‌ن.


ئیحسان شه‌نه‌ر راوێژكاری سه‌ركۆماری توركیا ئاماژه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌یان دۆسیه‌ی رۆبۆسكی كرایه‌وه‌ پێویسته‌ تا كۆتایی به‌ده‌وام بن، نه‌ك له‌ نیوه‌ی به‌جێی بهێڵن.


ئه‌و تایبه‌ت بۆ (باس خه‌به‌ر) ده‌ڵێت: "له‌م كاته‌دا ئه‌و پرسه‌ هاتووه‌ته‌وه‌ به‌رباس، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا به‌ڵگه‌ی تازه‌ له‌سه‌ر بكه‌رانی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ هه‌یه‌؟ ئایا دووباره‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێته‌وه‌؟ ئه‌مه‌ دادگا بڕیاری له‌باره‌وه‌ ده‌دات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ كرایه‌وه‌ پێویسته‌ تا كۆتایی به‌رده‌وام بن و له‌ نیوه‌ی به‌جێی نه‌هێڵن. ئێمه‌ ده‌بێت له‌و باره‌یه‌وه‌ راپۆرتێكی باش ئاماده‌ بكه‌ین و ئه‌نجامی راپۆرته‌كه‌ جێگه‌ی بڕوا بێت، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی ئه‌و تاوانه‌یان كردووه‌ سزای قورس بدرێن و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك چاو له‌ بكه‌ران نه‌پۆشین".


ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی جه‌هه‌په‌ پێی وایه‌ نابێت له‌و تاوانه‌ ته‌نیا گوله‌نییه‌كان تاوانبار بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌وكات وه‌زیری به‌رگری و سه‌رۆك وه‌زیرانیش بڕیاریان داوه‌ كه‌ ئه‌و تاوانه‌ ئه‌نجام بدرێت.


سه‌زگین تانركولو له‌ لێدوانێكیدا بۆ (باس خه‌به‌ر) پێی وایه‌ بۆردومانكردنی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ ته‌نیا فه‌رمانده‌ی هێزه‌ ئاسمانییه‌كان بڕیاری له‌ باره‌یه‌وه‌ نادات، به‌ڵكو وه‌زیری به‌رگری و سه‌رۆك وه‌زیرانیش بڕیاری له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌ده‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌وانیش له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ی خۆیان هه‌بێت و خۆیان نه‌دزنه‌وه‌.


هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌گه‌ر له‌و تاوانه‌دا ته‌نیا گوله‌نییه‌كان تاوانبار بكه‌ن ئه‌وكات به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن راستی بابه‌ته‌كه‌ بزانن، چونكه‌ ناگرێت ئێستا ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان و وه‌زیری به‌رگری بڵێت ئه‌وكات ئێمه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراین و نه‌مانزانیوه‌ هاووڵاتی ده‌كه‌نه‌ ئامانج. له‌م كۆمه‌ڵكوژییه‌دا ته‌نیا له‌ رووی سیاسی و یاساییه‌وه‌ به‌رپرسیارنین، به‌ڵكو له‌ رووی ویژدانیشه‌وه‌ به‌رپرسیارن".


ئۆرهان میرئۆغلو ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئاك پارتی و به‌ ره‌گه‌ز كورد، پێی وایه‌ كه‌ گوله‌نییه‌كان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانویستوه‌ كێشه‌ی كورد له‌ توركیا چاره‌سه‌ری بۆ بكرێت، بۆیه‌ كۆمه‌ڵكوژی رۆبۆسكیش هه‌ر ده‌ستی ئه‌وانی تێدایه‌.


ئه‌و تایبه‌ت بۆ (باس خه‌به‌ر) ئاماژه‌ ده‌دات، كه‌ گوله‌نییه‌كان له‌ باكوور زۆر ئاكتیڤن و به‌رده‌وامیش له‌وێ دژی كورد چه‌ندین تاوانیان ئه‌نجام داوه‌.


میرئۆغلو پێی باشه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ بێته‌وه‌ به‌ر باس تا بكه‌ره‌كان سزا بدرێن، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ده‌ڵێت به‌ بۆچوونی خۆم ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه‌ ته‌نیا ده‌ستی گوله‌نییه‌كانی تێدا نییه‌ و په‌كه‌كه‌یش ده‌ستی له‌گه‌ڵدا هه‌بووه‌، چونكه‌ ئه‌سته‌مه‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ بكرێت و په‌كه‌كه‌یش ده‌ستی تێیدا نه‌بێت.


محه‌مه‌د مه‌تینه‌ریش هه‌ر هه‌مان بۆچوونی میرئۆغلوی هه‌یه‌ و پێی وایه‌ كه‌ له‌و تاوانه‌دا گوله‌نییه‌كان و په‌كه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامیان داوه‌ تا كۆتایی به‌ پرسی چاره‌سه‌ری بهێنن، چونكه‌ ئه‌وكات پرسی چاره‌سه‌ری له‌ گۆڕێ بوه‌.


مه‌تینه‌ر بۆ (باس خه‌به‌ر) ده‌ڵێت: "ئه‌وكات دۆسیه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی رۆبۆسكی گواسترایه‌وه‌ بۆ دادگای سه‌ربازی ئامه‌د، هه‌مووشمان زانیمان كه‌ ئه‌و دادگایه‌ به‌ته‌واوی له‌ لایه‌ن گوله‌نه‌وه‌ كۆنتڕۆل كرابوو و ئێستا زۆرێك له‌ دادوه‌ره‌كانی ده‌ستگیر كراون، بۆیه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ داخرانی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ ده‌ستی ئه‌وانی تێدا بوه‌، به‌ڵام په‌كه‌كه‌یش له‌ ژێره‌وه‌ هاوكاریی كردوون، چونكه‌ هه‌ردوو لا ویستویانه‌ پرسی چاره‌سه‌ری له‌ناو ببه‌ن".


هه‌روه‌ها ئاماژه‌ ده‌دات كه‌ وه‌كو ئاك پارتی ئه‌و تاوانه‌یان پێ كۆمه‌ڵكوژییه‌ و هه‌رچییان له‌ده‌ست بێت ده‌یكه‌ن بۆ سزادانی تاوانباران.


كۆمه‌ڵكوژیی رۆبۆسكی له‌ 28_12-2011 له‌سه‌ر ده‌ستی فڕۆكه‌ی جه‌نگی ئێف 16ی توركیا كۆمه‌ڵێك كاسبكاری كوردیان كرده‌ ئامانج و 34 هاووڵاتیان شه‌هید كرد.
پاشان دۆسیه‌كه‌ له‌ دادگا داخرا و به‌ به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌ به‌هه‌ڵه‌ بۆردومانی كردوون و وای زانیوه‌ په‌كه‌كه‌ن.