قەرەیلان: خەباتی چەکداریی ڕۆژهەڵات لە بەرژەوەندیی تورکیا و سعوودیەیە

حدکا: شێوەی خەبات لە هەر بەشێک لە کوردستاندا، خەباتکارانی ئەو بەشە دیاریی دەکەن

18/08/2016 - 11:32 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان لە لێدانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕەخنە لە پارتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگرێت و ئاشکرای دەکات، خەباتی چەکداری لەدژی ئێران لە بەرژەوەندیی تورکیا و سعوودیەیە.

 

موراد قەرەیلان لەو لێدوانەدا کە لەگەڵ تەلەفزیۆنی نەورۆزی سەر بە پەژاک ئەندجامی داوە دەڵێت " نابێ خەباتی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی بکرێ ، بەڵكو پێویستە خەباتی مەدەنی پێشبخرێ ، چونکا ئەگەر تۆ خەباتێکی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێ بخەی دەکەویتە خزمەتی تورکیا و عەرەبستانی سعوودی."

 

ئەم لێدوانەی قەرەیلان لەلایەن چالاکوانانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە ڕووبەڕووی پەرچەکردار بووەتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەم بارەوە کەریم پەرویزی ئەمندامی مەکتەبی سیاسیی حدکا لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا ئاشکرای کردووە " شێوەی خەبات لە هەر بەشێک لە کوردستاندا، خەباتکارانی ئەو بەشە دیاری دەکەن. لەبەر ئەوەی ئەوان دەتوانن ئەولەویەت و دۆخی ڕاستەقینە و دروستی خەبات لە پارچەکەی خۆیان دیاری بکەن. دووپات کردنەوەی تۆمەتەکانی ڕێژیمە حاکمەکان بەسەر کوردستاندا، لە لایەن هیچ یەک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە دژی یەکدی، جێگای قەبووڵ کردن نییە. "

 

پەرویزی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: خەباتی ئێستای نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە ژێر ناوی "ڕاسان"، هەڵقۆڵاوی ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بووە، و هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە کە دژکردەوەی توندی ڕێژیمی ئێسلامیی تارانی لێ کەوتووەتەوە. ڕێژیمی کۆماری ئێسلامی، بە پێچەوانەی حکوومەتی تورکیە، ئیزنی هیچ شێوە چالاکییەکی سیاسیی و پارلەمانی بە خەڵک و بەتایبەتی نەتەوەی کورد نادات، و ناتوانرێ لەو جێگایە کە مەجالی چالاکی پەرلەمانی و سیاسیی هەیە، دەست بدرێتە خەباتی چەکداری و لە جێگایەکی دیکە کە ئیزنی هیچ شێوە چالاکییەکی سیاسیی و پەرلەمانی نیە، چالاکی و خەبات لەو بەشە پێوەندی بدرێت بە بێگانەوە.

 

هەر لەم پەیوەندییەدا عیرفان ڕەهنموون، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حدکا و چالاکوانی سیاسی لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەلاتەیی فەیسبووک نووسیویە: "پرسیار لە بەڕێز قەرەیەلان ئەوەیە، بەپێی ئەو لۆژیکەی بەڕزیشتان " ئایا خەبات دژی تورکیا ناچێتە خانەی خزمەت بە کۆماری ئیسلامی و رژیمی بەشار ئەسەدەوە ؟ "


ڕەهنموون لە درێژەدا دەنووسیێت "پێویستە ئەو پرسیارە بەرەوڕووی پەکەکە بکەینەوە، چۆناوچۆنە ئێوە دەیان پەرلمانتارتان هەبوو، دەیان شارەداریتان بە دەستەوە بوو، میتینگی ملیۆنیتان رێک دەخست، رۆژنامەنووسەکانتان لە دەرەوە بە ئاشکرا دەڕۆشتنە تورکیا و بەرنامەیان بۆ کاناڵەکانی پەکەکە دروست دەکرد، بەڵام وازتان لە خەباتی مەدەنی هێنا و شەڕتان بردە شارەکان و هەرچی "دەمیرتاش " رستبووی، کردتانەوە بە خوری و سەدان گەریلا و خەڵکی سڤیلتان بە کوشت دا و دەیان شاری باکووری کوردستان بەهۆی سیاسەتی چەوتتان لەلایەن تورکیای فاشیستەوە کاول کرا، بوونە هۆی ئاوارەیی زیاتر لە یەک ملیۆن کورد و چەند ملیارد دۆلار زیانتان گەیاند بە ئابووریی خەڵک لە باکووری کوردستان، بۆ خۆتان شەڕی چەکداری بەرەوا دەبینن، بەڵام بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان کە بچووکترین دەلاقە بۆ هەناسەدانی سیاسی و مەدەنی بوونی نییە، رەچەتەی خەباتی مەدەنی دەپێچنەوە؟"

 

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەدژی ئێران، کاربەدەستانی ئێران، بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حیزبی دیموکرات لەگەڵ هەندێک لە وڵاتان پەیوەندیی هەیە.



موحسێن ڕەزایی یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسداران، و سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا، باسی لەوە کردووە کە؛ حیزبی دیموکرات و بەرپرسانی سعوودیە لە شاری هەولێر، بە نهێنی کۆبوونەتەوە. 



عەلی شەمخانی، سکرتێری شوورای باڵای ئەمنیەتی ئێران، لە دیدار لەگەڵ کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان‌، نیگەرانیی خۆی لە چالاکییەکانی ئەم دوایانەی پارتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە قووڵایی خاکی ئێران دەربڕی، و گوتی: "جووڵەکانی "دژە شۆڕش"ە کلاسیکەکان، لە سنوورە هاوبەشەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، بە پشتیوانیی تۆڕە سیخوڕییە ناوچەیی و سەروو ناوچەییەکانەوە بەڕێوە دەچن."