مه‌هه‌په‌ 4 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی خۆی ده‌رده‌كات

ئه‌وان ده‌یانویست زیاتر گرنگی به‌كێشه‌ی كورد بدرێ

16/08/2016 - 17:44 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


سه‌ركردایه‌تی پارتی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی مه‌هه‌په‌ به‌فه‌رمی داوای ده‌ركردنی 4 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارته‌كه‌ی ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ په‌یڕه‌وی ناوه‌خۆ لایانداوه‌ و ویستوویانه‌ مه‌هه‌په‌ په‌رته‌وازه‌ بكه‌ن.


سه‌ركردایه‌تیی مه‌هه‌په‌ داواكارییه‌كی بۆ ئه‌نجوومه‌نی باڵای بڕیاردان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ و داوا ده‌كات هه‌ریه‌ك له‌ مه‌رال ئاكشه‌نه‌ر، ئه‌یهان ئێرێل، عه‌لی ساغر و محه‌مه‌د بیلگیج كه‌ هه‌ر چواریان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی مه‌هه‌په‌ بوونه‌ له‌ پارت ده‌ربكرێن.


له‌ داواكارییه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌و 4 كه‌سه‌ له‌ په‌یڕه‌وی ناوه‌خۆی مه‌هه‌په‌ لایانداوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌زووترین كات ده‌ربكرێن و جارێكی دیكه‌ رێگه‌ نه‌درێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو پارتەكە.


بۆ ده‌ركردنی ئه‌و 4 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تییه‌ش پشتیان به‌ماده‌ی 78 بڕگه‌ی 4ی په‌یڕه‌وی ناوه‌خۆی پارتییه‌كه‌یان به‌ستووه‌، كه‌ له‌وێدا رێگه‌ به‌ده‌ركردنی هه‌ر ئه‌ندامێك ده‌درێت ئه‌گه‌ر بیه‌وێت مه‌هه‌په‌ په‌رت بكات و له‌ دژی كار بكات.


له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی 1ی نۆڤه‌مبه‌ر و شكستی مه‌هه‌په‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، ئیدی ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌ناو مه‌هه‌په‌ به‌رزبووه‌وه‌ و داوایان كرد كه‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی سه‌رۆكی مه‌هه‌په‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی دوور بخرێته‌وه‌.


ئه‌وانه‌یشی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕەزاییه‌ی ناو مه‌هه‌په‌یان ده‌كرد ئه‌و 4 سه‌ركرده‌یه‌ بوون كه‌ ئێستە داوا ده‌كرێت له‌ پارته‌كه‌ دووربخرێنه‌وه‌.


پێده‌چێت به‌ زووترین كات ئه‌و داوایه‌ جێبه‌جێ بكرێت، چونكه‌ پێشتریش باخچه‌لی له‌ چه‌ندین بۆنه‌دا ئاماژه‌ی دابوو كه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت مه‌هه‌په‌ په‌رت بكه‌ن ده‌بێت له‌ مه‌هه‌په‌ دوور بخرێنه‌وه‌.


مه‌رال ئاكشه‌نه‌ر كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی داوای ده‌ركردنی ده‌كرێت، كاندیدێكی به‌هێز بوو بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ شوێنی ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی و له‌ناو مه‌هه‌په‌یشدا جه‌ماوه‌رێكی زۆری هه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی باخچه‌لی رێگه‌ی نه‌دا مه‌هه‌په‌ بچێته‌ ناو كۆنگره‌ی نائاساییه‌وه‌، بۆیه‌ نه‌یتوانی وه‌كو جێگیره‌وه‌ی باخچه‌لی خۆی بناسێنێت.


ره‌نگه‌ به‌ ده‌ركردنی مه‌رال له‌ مه‌هه‌په‌ ئیدی ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌ناو مه‌هه‌په‌ زیاتر ببێت و زیاتر داكۆكی بكه‌ن كه‌ باخچه‌لی له‌ پۆسته‌كه‌ی دووربخه‌نه‌وه‌.


ئۆپۆزسیۆنی ناو مه‌هه‌په‌ كه‌ له‌و 4 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تییه‌ پێك هاتوون، یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ی له‌ باخچه‌لییان ده‌گرت دژایه‌تی كردنی بوه‌ له‌ كێشه‌ی كورد و ده‌یانگوت نابێت به‌رامبه‌ر به‌ كورد توند بێت.


ئه‌وان به‌ڵێنیان دابوو ئه‌گه‌ر سه‌ر له‌ نوێ مه‌هه‌په‌یه‌كی دیكه‌ بنیاد بنێنه‌وه‌ ئه‌وكات زیاتر له‌ كورد نزیك ده‌بنه‌وه‌ و زیاتر كێشه‌ی كورد به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌به‌ن.