بۆ له‌مه‌ودوا كێ مه‌نبه‌ج به‌ڕێوه‌ده‌بات

شاره‌زایه‌كی سه‌ربازی: سوپای سووریای دیموكرات یه‌په‌گه‌یه‌ و مكیاژی بۆ كراوه‌

16/08/2016 - 17:25 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت


شارۆچكه‌ی مه‌نبه‌ج ئه‌و ده‌رگایه‌ بوو كه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ویستوویانه‌ له‌ رێگه‌ی سنووری توركیاوه‌ بچنه‌ ناو گرووپی تیرۆریستی داعشه‌وه‌، ده‌بوایه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ مه‌نبه‌ج، بۆیه‌ به‌ قه‌ڵای داعش ناوی ده‌ركردبوو. ئێستە ئه‌و قه‌ڵایه‌ له‌ بن ده‌ستی ئه‌وان ده‌رهات و كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی سوپای سووریای دیموكرات كه‌ زۆربه‌یان یه‌په‌گه‌ن.


دوای 70 رۆژ شه‌ڕكردن هێزه‌كانی سووریای دیموكرات توانییان بچنه‌ ناو سه‌نته‌ری مه‌نبه‌ج و له‌ ده‌ستی داعشی ده‌ریبهێنن، كاتێك داعش له‌وێ ده‌ركرا خانمانی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ به‌ چه‌پڵه‌ و شایی و فڕێدانی جله‌ ره‌ش و په‌چه‌كانیان پێشوازیان له‌ سوپای سووریای دیموكرات كرد، كه‌ زۆربه‌یان كوردن و سه‌ر به‌ یه‌په‌گه‌ن.


مه‌نبه‌ج ته‌نیا 2 سه‌عات له‌ ره‌ققه‌وه‌ دووره‌، له‌وێوه‌ هه‌موو پێداویستییه‌كی سه‌ربازی و لۆجیستی بۆ داعش ره‌وانه‌ كراوه‌، به‌ڵام ئیدی ئه‌و رێگه‌یه‌ به‌ ته‌واوی پچڕا.


داعش توانی به‌رگرییه‌كی زۆر بكات، چونكه‌ ده‌یزانی به‌ له‌ده‌ستدانی مه‌نبه‌ج ئیدی ره‌ققه‌یش به‌ره‌و له‌ده‌ستدان ده‌چێت، به‌ڵام كاتێك سوپای سووریای دیموكرات توانیان شه‌ڕێكی باش بكه‌ن و هه‌روه‌ها بنكه‌ی ئینجه‌رلیكیش كراوه‌ بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ داعش بۆردومان بكه‌ن، مه‌نبه‌ج به‌ ته‌واوی له‌ ده‌ستی داعش ده‌رهێنرا و خه‌ڵكه‌كه‌یشی ئازاد كران.


توركیا هه‌میشه‌ گوتوویه‌تی كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ ناده‌ن یه‌په‌گه‌ به‌ رۆژئاوای فوراتدا تێپه‌ڕێت، به‌ڵام كاتێك تێپه‌ڕی و توركیایش بێده‌نگی نواند ده‌ركه‌وت كه‌ رێككه‌وتنێك له‌ نێوان توركیا و ئه‌مه‌ریكا كراوه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌.


رێككه‌وتنه‌كه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ بووه‌ كه‌ دوای ئازادكردنی مه‌نبه‌ج ئیدی ده‌بێت یه‌په‌گه‌ بكشێته‌وه‌ شوێنی خۆی و مه‌نبه‌ج بداته‌وه‌ ده‌ست عه‌ره‌به‌كان.


مه‌ولود چاوشئۆغلو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی دا كه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ڵێنه‌كه‌ی بباته‌ سه‌ر و یه‌په‌گه‌ له‌ مه‌نبه‌ج ده‌ربكات، چونكه‌ به‌ لای توركیاوه‌ یه‌په‌گه‌ و په‌كه‌كه‌ یه‌ك شتن و هه‌رگیز جیایان ناكاته‌وه‌.


پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆ له‌مه‌ودا كێ مه‌نبه‌ج به‌رێوه‌ ده‌بات و ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ ده‌درێته‌ ده‌ست كام هێز؟


سایتی (بی بی سی توركی) ئایدن سه‌لجه‌ن كۆنسوڵی پێشووی توركیای له‌ هه‌ولێر دواندووه‌، به‌گوێره‌ی گوته‌ی ئه‌و مه‌نبه‌ج یه‌په‌گه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و ئیدی مه‌نبه‌ج له‌گه‌ڵ عه‌فرین و ئه‌لباب به‌یه‌كترییه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌.


ئه‌و ده‌ڵێ "هه‌ندێك ده‌ڵێن بۆیه‌ مه‌نبه‌ج رزگار كراوه‌، چونكه‌ ئامانج رزگاركردنی جه‌رابلوسه‌، به‌ڵام من وای نابینم. ئه‌گه‌ر یه‌په‌گه‌ نه‌بوایه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یده‌توانی مه‌نبه‌ج رزگار بگات، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت ناوچه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ كوردانی رۆژئاوا دروست بكه‌ن و مه‌نبه‌ج و عه‌فرین به‌ یه‌كترییه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش پلانی ئه‌مه‌ریكا و یه‌په‌گه‌یه‌".


مه‌تین گورجان نووسه‌ری دیاری توركیا و شاره‌زای بواری سه‌ربازی، پێی وایه‌ ئاسمانی مه‌نبه‌ج له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، به‌ڵام ناو مه‌نبه‌ج له‌لایه‌ن كورد و عه‌ره‌به‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت. به‌ڵام نایشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌وێ به‌ هێز ده‌بێت و هه‌موو شتێكی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌بێت یه‌په‌گه‌یه‌.


مه‌تین له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا كه‌ بۆ هه‌مان سایتی كردووه‌، ئاماژه‌ ده‌دات كه‌ سوپای سووریای دیموكرات هه‌ر یه‌په‌گه‌یه‌ به‌ڵام مكیاژێكی بۆ كراوه‌ تا نه‌ناسرێته‌وه‌ و توركیایان پێ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌ بۆ به‌زاندنی رۆژئاوای فورات.


د. جه‌نگیز تۆمار مامۆستای زانكۆ له‌ زانكۆی مه‌رمه‌ڕای پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا به‌ڵێنی خۆی نه‌باته‌ سه‌ر ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیا به‌ ته‌واوه‌تی بپچڕێت.


ئه‌و بۆ (بی بی سی توركی) ده‌ڵێ "ئێستە له‌ سووریا ئه‌وه‌ی به‌هێزترین هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكایه‌ یه‌په‌گه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا پێویسته‌ به‌ڵێنه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ توركیا بباته‌ سه‌ر.


به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی هه‌ردوولا بێت پێویسته‌ دوای ئازادكردنه‌وه‌ی مه‌نبه‌ج ئیدی یه‌په‌گه‌ ئه‌وێ به‌جێ بهێڵێ و بگه‌ڕێته‌وه‌ شوێنی خۆی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا به‌ ته‌واوی ده‌پچڕێ".