خۆیان به‌ ئۆتۆمێلی هاووڵاتییاندا ده‌كێشن و داوای پاره‌ ده‌كه‌ن

مۆدێلێكی نوێی سواڵكردن له‌ هه‌ولێر

16/08/2016 - 15:13 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

مۆدێلێكی نوێی سواڵكردن له‌ هه‌ولێر داده‌هێنرێت و سواڵكه‌ره‌كان خۆیان ده‌خه‌نه‌ ژێر ئۆتۆمبێل یان به‌ ماتۆڕسكیل خۆیان به‌ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییاندا ده‌كێشن، له‌به‌رامبه‌ر به‌وه‌ داوای پاره‌ ده‌كه‌ن، پۆلیسی هه‌ولێریش به‌دوایانه‌وه‌یه‌ ده‌ستگیریان بكات.


ره‌فیق محه‌مه‌د، كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌ له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی شاری هه‌ولێر، له‌ به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه‌سێكی به‌ ره‌گه‌ز ئێرانی كه‌ به‌ ناوی كاركردن له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌سه‌كه‌ خۆی خستووه‌ته‌ به‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌ی و ناچار بووه‌ بڕی 900 دۆلار بدات به‌و كه‌سه‌.


ره‌فیق بۆ (باس) گوتی: "چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ ئێستا له‌ یه‌كێك له‌ فولكه‌كانی گه‌ڕه‌كی هه‌ڤاڵانی هه‌ولێر سووڕامه‌وه‌، كه‌سێك خۆی خسته‌ پێش ئۆتۆمبێله‌كه‌م و خۆی به‌ زه‌ویدا كێشا، منیش كاتێك دابه‌زیم بینیم خۆی خه‌واندووه‌، زۆر ترسام، دواتر خۆی وا ده‌رخست كه‌ به‌هۆش خۆی هاتووه‌ته‌وه‌، چه‌نده‌ی داوام لێی كرد بیگه‌یه‌نمه‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌ڵام نه‌هات، ژماره‌ی ته‌له‌فۆن و ناسنامه‌ی لێ وه‌رگرتم، له‌و كاته‌دا خه‌ڵكێكی زۆر كۆ بووبوونه‌وه‌ و شه‌قامه‌كه‌ گیرابوو، منیش ده‌مویست به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت له‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ ده‌رچم، ئه‌وه‌بوو بۆ سبه‌ی ته‌له‌فۆنی كرد و هاته‌ لام و له‌گه‌ڵ خۆی ئه‌شیعه‌یه‌كی هێنا كه‌ گوایه‌ قاچی درزی تێ كه‌وتووه‌، پێی گوتم كه‌ كرێكاره‌ و رۆژی 50 هه‌زار دیناری هه‌یه‌ و به‌و هۆیه‌ ناتوانێ كار بكات، ده‌بێت پاره‌ی بده‌مێ، دوای ماوه‌یه‌ك وازی نه‌هێنا و ناچاری كردم كه‌ بڕی 900 دۆلاری بده‌مێ، هێشتاش زۆر ناڕازی بوو".


سواڵكه‌ره‌كان له‌ شاری هه‌ولێر، كه‌ به‌ هۆی ژماره‌ی زۆری په‌ناهه‌نده‌وه‌ ژماره‌یان به‌رده‌وام روو له‌ زیادبوونه‌، له‌ ناحیه‌ و گونده‌كانی نزیك به‌ شاری هه‌ولێر نیشته‌جێن و رۆژانه‌ بۆ سواڵكردن دێنه‌ ترافیك و شوێنه‌ گشتییه‌كان، هه‌ر جاره‌ی مۆدێلێكی نوێ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ به‌كار ده‌هێنن.


نه‌شوان عه‌لی، ته‌مه‌ن 39 ساڵ كه‌ ماوه‌ی 15 ساڵه‌ له‌ به‌ریتانیا ده‌ژی و به‌ ئۆتۆمبێلێكی ژماره‌ ئه‌وروپا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان، بۆ (باس) گوتی: "پیاوێكی به‌ ره‌گه‌ز سووری كه‌ شێوه‌ی به‌ سواڵكه‌ر ده‌چوو، چه‌ند منداڵێكی له‌سه‌ر ماتۆڕه‌كه‌ی سوار كردبوو، له‌ناو بازاڕی شاری هه‌ولێر خۆی كێشا به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌مدا و دواتر به‌ ماتۆڕه‌كه‌یه‌وه‌ خۆی به‌ زه‌ویدا كێشا و منداڵه‌كانی له‌گه‌ڵیدا بوون به‌ربوونه‌وه‌، پیاوه‌كه‌ ده‌ستی كرد به‌ گریان و منداڵه‌كانیش كه‌ ته‌مه‌نیان 6-7 ساڵێك ده‌بوو ده‌ستیان به‌ گریان كرد، له‌و كاته‌ هاتمه‌ خواره‌وه‌ و زۆرم داوا لێ كردن بیانبه‌مه‌ نه‌خۆشخانه‌، به‌ڵام پیاوه‌كه‌ نه‌ده‌هات، منیش پێم گوت چیت ده‌وێت ئاماده‌م، ئه‌ویش به‌ئاشكرا گوتی ئه‌و منداڵانه‌م هه‌ن و هیچ كارمان نییه‌ ئه‌گه‌ر ده‌توانی یارمه‌تیمان بده‌، له‌و كاته‌ ئه‌وه‌ی به‌ بیرمدا نه‌ده‌هات سواڵكه‌ری بوو، ئه‌وه‌ بوو بڕی 200 دۆلارم دایه‌، به‌ڵام هه‌ر دوای رۆشتنیان كه‌ سه‌یری ئۆتۆمبێله‌كه‌م ده‌كرد، به‌هۆی ماتۆڕه‌كه‌وه‌ زیانی به‌ركه‌وتبوو، چه‌ند كه‌سێك هاتن و گوتیان ئه‌وانه‌ سواڵكه‌رن خۆ پاره‌ت نه‌دانێ!، ئینجا زانیم فێڵم لێ كراوه‌".


رائید فه‌خره‌دین نوری، به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی شارستانی هه‌ولێر بۆ (باس) رای گه‌یاند، ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ندێ له‌ سواڵكه‌ره‌كان ده‌ستیان داوه‌ته‌ ئه‌و فێڵه‌، به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ شۆفێرانی ئافره‌ت، گوتی: "داوا له‌ خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ین هه‌ر كه‌س حاڵه‌تی وای به‌سه‌ردا هات راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌كانی پۆلیسه‌وه‌ بكات، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ دیار بوو سواڵكه‌ره‌ یان سیما و زمانی به‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نه‌چێ".


ئاشكراشی كرد، له‌ چه‌ندین حاڵه‌تی له‌و شێوه‌یه‌ ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كه‌ زانیویه‌تی كه‌ فێڵی لێ كراوه‌، گوتی: "سواڵكه‌ره‌كان به‌رده‌وام ده‌یانه‌وێ له‌ رێگه‌ی فێڵ و كاری ساخته‌وه‌ سۆزی خه‌ڵكی ئیستغلال بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت هاووڵاتییانی كوردستان زۆر وشیارانه‌تر خوێندنه‌وه‌ بۆ حاڵه‌ته‌كان بكه‌ن و به‌پێی پێویست هاوكاری حاڵه‌ته‌كه‌ بن له‌ گه‌یاندنیان بۆ نه‌خۆشخانه‌ و ئاگاداركردنه‌وه‌ی پۆلیس".


ئه‌و به‌رپرسه‌ی پۆلیسی شارستانیی هه‌ولێر نه‌شی شارده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی زۆر له‌وه‌ ده‌ترسن كاتێك به‌ركه‌وتووه‌كه‌ ده‌به‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌، شۆفێره‌كه‌ تاوه‌كو لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ راده‌گیرێ، گوتی: "بۆ شۆفێران و خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر ئه‌وه‌ باشتره‌، نه‌وه‌كو فێڵیان لێ بكرێت، یان به‌ركه‌وتووه‌كه‌ به‌جێ بهێڵن كه‌ دواتر سزاكه‌ی به‌سه‌ریاندا زۆر قورس ده‌بێت".