قوتابخانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گرفتی نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه‌

دایكێك: چوار ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ ده‌ده‌م، ته‌نیا بڕوانامه‌ی منداڵه‌كانم ته‌سدیق بكرێ

10/08/2016 - 16:37 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

له‌ كوردستان زیاتر له‌ 17 قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌شێكیان ئێستا گرفتی نێوده‌وڵه‌تیبوونیان بۆ دروست بووه‌ و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، به‌ نێوده‌وڵه‌تییان نازانێت، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تاش مۆله‌تیان به‌ نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرتووه‌، دایكی قوتابییه‌ك قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌مه‌ریكی له‌ هه‌ولێر، ده‌پرسێت: چۆن وه‌زاره‌ت مۆله‌تی داوه‌ و ئێستا به‌ نێوده‌وڵه‌تیی نازانێت؟


ئاڤان كه‌ریم باراوی، دایكی قوتابییه‌، دوو له‌ منداڵه‌كانی له‌ قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌مه‌ریكی ده‌خوێنن، به‌ڵا ئێستا تووشی گرفتی ئه‌وه‌ بوونه‌، كه‌ قوتابخانه‌ی منداڵه‌كانی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ گرفتی بۆ دروست بووه‌، به‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی نییه‌، ئه‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌ند ساڵه‌ منداڵه‌كانی له‌و قوتابخانه‌یه‌ ده‌خوێنن، به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێن نێوده‌وڵه‌تی نییه‌ و ده‌پرسێت: "باشه‌ سه‌ره‌تا بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئاگاداری ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ نێوده‌وڵه‌تی نییه‌، بۆ ئێستا وا ده‌ڵێ؟ ئێمه‌ چه‌ند ساڵه‌ پاره‌ ده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانمان له‌ قوتابخانه‌یه‌كی باش بخوێنن و ئێستا له‌به‌رئه‌وه‌ی حكوومه‌ت سه‌ره‌تا لێی نه‌كۆڵیوه‌ته‌وه‌، ئێستا داهاتووی منداڵه‌كانمان بفه‌وتێت؟".


دایكی ئه‌و قوتابیییانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ چه‌ندین جاره‌ په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ بكه‌ن، به‌ڵام هه‌رجاره‌ و قسه‌یه‌ك ده‌كرێت، ئه‌و ده‌ڵێت: "ئێمه‌ ته‌نیا ده‌مانه‌وێ داهاتووی منداڵه‌كانمان نه‌فه‌وتێت، له‌و قه‌یرانه‌ منداڵه‌كانمان ناردووه‌ته‌ قوتابخانه‌یه‌كی به‌ پاره‌، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوویه‌كی باشیان هه‌بێت، نه‌ك داهاتوویان بفه‌وتێت، ساڵانه‌ 4200 دۆلار، جگه‌ له‌ پاره‌ی كتێب و هاتوچۆ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ هیچی گرفت نییه‌، ته‌نیا داهاتووی منداڵه‌كان نه‌بێت، ئاماده‌م چوار ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ بده‌م، ته‌نیا بڕوانامه‌ی منداڵه‌كانم په‌سه‌ند بكرێت و نه‌جات بدرێم".


دایكی یه‌كێكی دیكه‌ له‌ قوتابییه‌كان، كه‌ ئاماده‌ نه‌بوو ناوی بنووسرێت، منداڵه‌كه‌ی ئه‌مساڵ پۆڵی 12 ته‌واو كردووه‌، وه‌ك هێمای بۆ ده‌كات، گرفته‌كه‌یان له‌وه‌دایه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ نایه‌وێت، بڕوانامه‌ی قوتابیانی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ په‌سه‌ند بكات: "گوایه‌ نێوده‌وڵه‌تی نییه‌ و له‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌و ناوه‌ی داناوه‌، ئه‌وان ئه‌وه‌ هه‌نجه‌ته‌كه‌یانه‌، كه‌چی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ گوتویه‌تی چیان داوا كردووه‌، هه‌موویانم بردووه‌، به‌ڵام نازانین چی ده‌بێت".


ئه‌و دایكه‌ داوا ده‌كات پێیان بگوترێت كه‌ خه‌می منداڵه‌كانیان بێت و ده‌ڵێت: "په‌روه‌رده‌ گه‌ر مۆڵه‌ت نه‌دا قوتابخانه‌ نابێته‌وه‌، با من قوتابخانه‌یه‌ك دابنێم، ئێ كه‌ په‌روه‌رده‌ مۆڵه‌تی قوتابخانه‌یه‌ك ده‌ده‌ی، بۆچی دواتر په‌شیمان ده‌بیه‌وه‌، دان به‌و بڕوانامه‌یه‌دا نانێیت، ده‌بوایه‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاگادار بێت كه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ یان نا".


قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌مه‌ریكی له‌ كوردستان (Of kurdistan American International School)، له‌ ساڵی 2011وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، نزیكه‌ی 300 قوتابیی هه‌یه‌ و ساڵانه‌ هه‌ر قوتابییه‌ك 4200 دۆلار ده‌دات.


ئاڤان شێروانی، یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریكی له‌ كوردستان، ئه‌و سه‌ره‌تا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ سایتی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ وا بڵاو كرایه‌وه‌ قوتابخانه‌كه‌یان نێوده‌وڵه‌تی نییه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی په‌روه‌رده‌ گوتویانه‌ ئه‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، دواتر لای ده‌به‌ن، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، بۆیه‌ چه‌ند كه‌سێكی یاسایی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ خه‌ریكی چاره‌سه‌رن: "ئێمه‌ مۆڵه‌تمان به‌ ناوی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ساڵی یه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌رچی په‌ڕاوه‌ و ڕێنمایی و په‌ڕاوی یاسایی، كواڵێت و بڕاند هه‌یه‌ و داوایان كردووه‌، هه‌موو ساڵ پێشكه‌شمان كردوون، ئێمه‌ ناڵێین كه‌موكوڕیمان نییه‌، چونكه‌ هه‌موو قوتابخانه‌یه‌ك له‌ كوردستان كه‌موكوڕیی هه‌یه‌"، وه‌ك ده‌یخاته‌ ڕوو ئه‌وان چه‌ندین قوتابیان له‌ وڵاتانی دیكه‌ی وه‌ك فه‌ره‌نسا، نه‌رویج، سوێد، كه‌نه‌دا، به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا ده‌خوێنن، ئه‌ویش به‌هۆی نێوده‌وڵه‌تیبوونیانه‌، چه‌ندین سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌مه‌ریكی سه‌رپه‌رشتیی قوتابخانه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، ده‌ڵێت: "چوار قوتابیمان له‌ زانكۆی كوردستان ده‌خوێنن، ئه‌گه‌ر نێوده‌وڵه‌تی نه‌بێت، چۆن له‌ زانكۆی كوردستان ده‌خوێنن؟".


ئه‌و ده‌پرسێت كه‌ له‌ ساڵی 2011 مۆڵه‌تیان به‌ نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرتووه‌، بۆ ئێستا وه‌زاره‌ت ده‌ڵێ نێوده‌وڵه‌تی نییه‌؟ به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ قوتابییه‌كانیان له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌بێ كۆی نمره‌ كه‌ له‌ كوردستان باوه‌، وه‌رگیراون: "به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵداین و ده‌مانه‌وێ هۆكاره‌كه‌ی بزانن چییه‌؟".


شاسوار كه‌مال، به‌رپرسی قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌ ناحكوومییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان ساڵانه‌ وردبینی بۆ هه‌موو مامه‌ڵه‌ی قوتابخانه‌ ناحكوومییه‌كان و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌وقیفی یاسایی ڕوون بێت، وه‌ك باس ده‌كات 252 قوتابخانه‌ی ناحكوومی و نزیكه‌ی 17 قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ كوردستان هه‌ن، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و قوتابخانانه‌ی كه‌ گرفتی به‌ نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ ده‌ڵێت: "هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك كه‌ ساڵانه‌ په‌ڕاوی خۆی بێ كه‌موكوڕی پێشكه‌ش بكات، ئێمه‌ په‌ڕاومان بۆ چییه‌؟ ئه‌و لایه‌نه‌ی قه‌راریش ده‌دات، وه‌زاره‌ته‌، نه‌ك جیهه‌تێكی دیكه‌".


وه‌ك باس ده‌كات ئه‌وان ڕێنماییان بۆ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، ده‌بێت له‌ رێگه‌ی ده‌زگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ پشتگیریی هه‌بێت، تۆمار كرابێت له‌و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌: "كۆمه‌ڵێك ئیلتیزامات هه‌یه‌ و ده‌بێت ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ به‌رامبه‌ر وه‌زاره‌ت بیگرێته‌ به‌ر و جێبه‌جێی بكات، ئێمه‌ هه‌ركاتێك ئه‌وانه‌مان به‌ده‌ست بگات، هیچ گرفتمان نییه‌".


له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی سه‌ره‌تا وه‌زاره‌ت مۆڵه‌تی نێوده‌ڵه‌تیی به‌و قوتابخانه‌یانه‌ داوه‌، شاسوار كه‌مال ده‌ڵێت: "ئێمه‌ ناوی هیچ قوتابخانه‌یه‌ك ناهێنین، دیاره‌ سه‌ره‌تا وردبینی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك كراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ساڵانه‌ كه‌ نوێی ده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت دووباره‌ مه‌وقیفی سه‌لیم به‌ ئێمه‌ بدات، كه‌ له‌و ده‌زگایه‌ی ناوی تۆمار كراوه‌، كۆدی هه‌یه‌، كه‌ ئێمه‌ كۆده‌كه‌مان لا بوو، ده‌چینه‌ ناو ده‌زگاكه‌ كۆده‌كه‌ پێمان ده‌ڵێ وایه‌ یان نا، ئێستا هه‌ندێك قوتابخانه‌مان هه‌یه‌ و گرفتیان هه‌یه‌، كۆدیان نییه‌ و ناویشیان نێوده‌وڵه‌تییه‌، ئێستا ئێمه‌ له‌ وردبینین و به‌ نیازی وردبینین، له‌وانه‌یه‌ كاتی خۆی مه‌رجه‌كان جۆرێكی دیكه‌ بوو، ئێستا كۆمه‌ڵێك مه‌رجی دیكه‌ هه‌یه‌، دوای وردبینی ئه‌وه‌ی ڕاست و دروست بێت، گرفتی نابێت".


له‌باره‌ی داهاتووی قوتابییه‌كانیش، به‌رپرسی قوتابخانه‌ ناحكوومییه‌كان به‌ڕاشكاوی ده‌ڵێت: "به‌ڕاستی ئه‌وه‌ گرفته‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بێت، ئاسانكاری ده‌ده‌ینه‌ قوتابخانه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی قوتابییه‌كان داهاتوویان نه‌فه‌وتێت، بیری لێ ده‌كه‌ینه‌وه‌، دڵنیا بن داهاتوویان نافه‌وتێت".