نوشتەنووسان داوای خه‌یاڵییان هه‌یه‌ و پاره‌ی خه‌یاڵییش وه‌رده‌گرن

به‌هاراتفرۆشێك: چه‌ندین نوشته‌چی و هاتوون داوای شه‌ریكایه‌تییان لێ كردووین

18/06/2016 - 10:01 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌دانی نوشته‌چی و جادووكه‌ره‌كان ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ دواكاریی سه‌یریان بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان هه‌یه‌، له‌وانه‌ش داوای به‌هارات و بخوری سه‌یر ده‌كه‌ن و هه‌ندێك ناوی نامۆ ده‌هێنن، كه‌ بوونی نییه‌، به‌هارات فرۆشێك هێما بۆ ده‌كات كه‌ چه‌ندین نوشته‌چی هاتوونه‌ته‌ لای و "گوتویانه‌ خه‌ڵكت ده‌نێرینه‌ لای و تۆش پاره‌ی باش وه‌رگره‌، ده‌ڵێین ته‌نیا ئه‌و به‌هاراته‌ لای ئه‌و هه‌یه‌".


خه‌سرۆ حوسێن ده‌رچووی كۆلێژه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و كاته‌ی قوتابیی كۆلێژ بووه‌، گیرۆده‌ی خۆشه‌ویستیی هاوپۆلێكی ده‌بێت و په‌یوه‌ندی دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ناكاو كچه‌ په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌ویش تووشی داڕمان ده‌بێت: "زۆر خۆم هێنا و برد، كچه‌ رازی نه‌بوو، هیچ شتێك نه‌ما په‌نای بۆ نه‌به‌م، هه‌رچیم كرد سوودی نه‌بوو، خه‌ریك بوو شێت ببم بۆی، چه‌ند كه‌سم بۆ لای نارد، هه‌ر بێ ئاكام بوو".


به‌م هۆیه‌وه‌، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، بۆیه‌ رۆژێك خه‌سرۆ به‌سه‌رهاته‌كه‌ی بۆ هاوڕێیه‌كی باس ده‌كات و ئه‌ویش پێشنیاری نوشته‌چییه‌ك ده‌كات، ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ی به‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بگاته‌وه‌، بڕیار ده‌دا هه‌رچی رێگه‌ هه‌یه‌ تاقیی بكاته‌وه‌.


خىسرۆ ده‌گێڕێته‌وه‌: "كه‌ چووین و دانیشتین، به‌سه‌رهاته‌كه‌م بۆ گێڕایه‌وه‌، گوتی من چاره‌ی ده‌كه‌م، به‌ڵام ده‌بێ بچیت سێ جۆر به‌هارات و جۆرێك مۆمم بۆ بێنی، ناوی یه‌كێكیان زۆر نامۆ بوو، به‌ لاكشینه‌ی هیندی ناوی برد، چه‌ندم كرد، ده‌ستم نه‌كه‌وت، داوای 1500 دۆلاریشی بۆ ئه‌و كاره‌ كرد، دوای مامه‌له‌ی زۆر و خاترانه‌ هاته‌ سه‌ر 650 دۆلار".


خه‌سرۆ هه‌موو بازاڕ ده‌كات لاكشینه‌ی هیندی و مۆمه‌كه‌ ده‌ست ناكه‌وێ، ته‌نانه‌ت كه‌س نازانێ ئه‌و ناوانه‌ چین: "له‌ گوگلیش به‌دوایدا گه‌ڕام، بوونی نه‌بوو".


خه‌سرۆ به‌ناچاری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای، نوشته‌چییه‌كه‌ش پێی راده‌گه‌یه‌نێ كه‌ ئه‌و هاوڕێیه‌كی هه‌یه‌ و زوو زوو گه‌شتی هیندستان ده‌كات، به‌و ده‌ڵێ بۆ بهێنێ، به‌ڵام ئه‌ویش پاره‌ی ده‌وێ: "300 دۆلاری بۆ ئه‌وانیش وه‌رگرت، یه‌ك له‌ به‌هاراته‌كان بیبه‌ری ره‌ش بوو گوتی بیسووتێنه‌، كه‌ لاكشینه‌شی هێنا، وابزانم چه‌ند به‌هاراتیك بوو خۆی تێكه‌ڵی كردبوو، چونكه‌ به‌ ئاشكرا پۆڵه‌ بیبه‌ری دیاربوو تێدابوو، مۆمه‌كه‌ش مۆمێكی ئاسایی بوو، به‌ رۆنی بۆیه‌ی پێڵاو ده‌ره‌وه‌ی ره‌ش كرابوو، ئینجا زانیم ته‌نیا فرتوفێل بووه‌ و هیچی دیكه‌ نه‌بووه‌".


بێستون فوئاد، به‌هاراتفرۆشه‌ له‌ بازاڕی قه‌یسه‌ریی هه‌ولێر، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كۆمه‌ڵێك جۆری بخور هه‌یه‌ هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستی چاووزار به‌كار هاتوون و خه‌ڵك به‌و ناوه‌ ده‌یبات، به‌تایبه‌ت كه‌ بخوری حرمه‌ڵ، به‌ناوبانگه‌ بۆ چاره‌سه‌ری گرفتی خێزانی، گوایه‌ گرفتی خێزانی چاره‌ ده‌كات و له‌ چاووزار به‌دووریان دێخی، نایشارێته‌وه‌ش كه‌ زۆر جار داوای به‌هارات و بخوری نامۆ كراوه‌: "داوای به‌هارات كراوه‌ ناوی له‌ قامووس نه‌بووه‌ و وجوودی نییه‌، هه‌فتانه‌ 3 -4 كه‌س هه‌ر دێن كه‌ ناوی به‌هاراتی غه‌ریب ده‌ڵێن كه‌ له‌ وجوود نییه‌".


وه‌ك باس ده‌كات كه‌ كه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی دێن، داوای 10 جۆر به‌هارات و بخور ده‌كه‌ن، پێنجیان ده‌ست ده‌كه‌ون و ئه‌وانی دیكه‌ نییه‌، ناوه‌كانیان له‌ خۆیانه‌وه‌ نووسیوه‌، تاكو دواتر كه‌سه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای شێخ و ئه‌ویش یا خۆی به‌ پاره‌ی خه‌یاڵی بۆ پێكدێنێ، یانیش ده‌ینێرێته‌ لای به‌هاراتفرۆشێك كه‌ خۆی له‌گه‌ڵی پێكهاتووه‌، كزبه‌ڕه‌، توفاح جن، حه‌لتیته‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ نوشته‌چییه‌كان به‌رده‌وام ده‌ینووسن و هه‌یه‌، ئه‌وانی دیكه‌ش له‌ ئه‌ئه‌سڵدا نین و به‌هاراتفرۆشه‌كه‌ هه‌ندێك به‌هارات تێكه‌ڵ ده‌كات و بۆی پێكدێنێ به‌ پاره‌ی خه‌یاڵی، گوایه‌ ئه‌وه‌ له‌ هیچ شوێنێك نییه‌ و ته‌نیا لای ئه‌وه‌، بێستون ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ چه‌ندین نوشته‌چی و شێخ هاتوونه‌ته‌ لایی و داوای رێككه‌وتن و هاوبه‌شیان كردووه‌ و ده‌ڵێت: "چه‌ندین نوشته‌چی و هاتوونه‌ و داوای شه‌ڕاكه‌تیان كردووه‌ كه‌ ئه‌وان كڕیار ده‌نێرنه‌ لایان، چه‌ند جار ده‌رمكردوون، له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كانیش هاتوون، تا رێك كه‌وین، به‌ڵام قه‌بوڵم نه‌كردووه‌، گوتویانه‌ ناو غه‌ریبه‌كان خۆت هه‌ر به‌هاراتێك ده‌ده‌ی، بیده‌، 250 هه‌زار دینار وه‌رگره‌ و به‌ شه‌ریكی، به‌ڵام نه‌مكردووه‌".


ئه‌و به‌هاراتفرۆشه‌ باس له‌و جۆره‌ به‌هارات و بخورانه‌ ده‌كات كه‌ بۆ مه‌به‌ستی نوشته‌ و جادوو به‌كار دێن، ئه‌وانیش بریتین له‌ سێوی جنۆكه‌، یان چاوی كه‌ڵه‌شێر، بیبه‌ری ره‌ش، بیبه‌ری سپی، حه‌لتیت، مسك، عه‌مبه‌ر، حرمه‌ل، كزبه‌ڕه‌، سه‌نده‌ڵ، جاوی، مسته‌كی كه‌ نرخی له‌ هه‌موویان گرانتره‌ و تا 150 ده‌ڕوات و وه‌ك بنێشت وایه‌: "هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ وڵاتی هینده‌وه‌ دێت، بۆ مه‌به‌ستی نوشته‌ و جادوو به‌كار دێت، هه‌ر شێخه‌ و به‌ جۆرێك به‌كاری دێنی و رێسای خۆی هه‌یه‌، نرخیشیان له‌ نێوان 40 هه‌زار بۆ 50 هه‌زاره‌، ته‌نیا مسته‌كی نه‌بێ 150 دیناره‌".


رۆژگار ئه‌حمه‌د، توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ ته‌نیا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كان باوی ماوه‌، ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن، بژێویان له‌سه‌ر ناهۆشیاریی خه‌ڵكه‌ "ئه‌گه‌ر نا بووه‌، به‌هارات و بخور، كه‌ یه‌كیان بۆ تاموبۆی خواردنه‌ و ئه‌و دیكه‌ش بۆ بۆنخۆشییه‌، داهاتووت دیار بكه‌ن؟، ئه‌وه‌ نزمیی ئاستی هۆشیاری ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ پشت به‌و بیروباوه‌ڕانه‌ ببه‌سترێت"، ئه‌و توێژه‌ره‌ نایشارێته‌وه‌ كه‌ به‌شێك له‌ خه‌ڵكی هۆكاری نه‌هامه‌تیان بۆ ئه‌و كارانه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ و ده‌یانه‌وێ شكستی خۆیان به‌ هۆكاری سه‌ر ببه‌ستنه‌وه‌ و ده‌ڵت "به‌شێك له‌ شكسته‌كانی خۆیان بۆ چاووزار و جادوو ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ دواكه‌وتوویی، نزمی هۆشیاری، له‌سه‌ر حكوومه‌ت پێویسته‌ خه‌ڵك هۆشیار بكاته‌وه‌ و رێگری له‌وانه‌ بكات، كه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن".