له‌ ره‌مه‌زانی كوردستاندا گه‌نجانی كورد به‌ دشداشه‌ و عه‌ره‌به‌كان به‌ پانتۆڵی سێ چاره‌ك ده‌چنه‌ مزگه‌وت

مامۆستایه‌كی ئایینی: هیچ ئایه‌ت و فه‌رمووده‌یه‌ك نییه‌ فه‌زڵی جلی عه‌ره‌بی بكا له‌سه‌ر جلەکانی دیکەدا

17/06/2016 - 13:24 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

ساڵانه‌ له‌ كوردستان، له‌گه‌ڵ هاتنی مانگی ره‌مه‌زاندا، پۆشینی دشداشه‌ی عه‌ره‌بی روو له‌ زیادبوون ده‌كات و ده‌بێته‌ دیارده‌ و له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌ گشتییه‌كان ئه‌و دشداشه‌یه‌ ده‌بینرێت، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ كه‌سانێكی دیندار پێیانوایه‌ دشداشه‌ی عه‌ره‌بی، دیندارییان زیاتر ده‌كات، پیاوانی ئایینی و توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تییش له‌مباره‌یه‌وه‌ قسه‌ی خۆیان هه‌یه‌.


یه‌حیا ئازاد، هه‌موو ساڵێك له‌ سه‌ره‌تای هاوین و مانگی ره‌مه‌زان دشداشه‌یه‌ك ده‌كڕێت، ئه‌و سه‌ره‌تا هۆكاره‌كه‌ی بۆ گه‌رما ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ جله‌ فێنكتره‌، به‌ڵام نكۆڵی له‌وه‌ ناكات كه‌ مانگی ره‌مه‌زانیش هۆكارێكه‌: "هه‌ست ده‌كه‌م وه‌ك كولتووری لێهاتووه‌، كه‌ ده‌چیته‌ مزگه‌وت زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و جله‌ له‌به‌ر ده‌كه‌ن و بووه‌ته‌ نه‌ریت، بۆیه‌ منیش حه‌ز له‌ پۆشینی ده‌كه‌م". ئه‌و كوڕه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات سه‌ردانی هه‌ر مزگه‌وتێك بكه‌ی، نه‌ك هه‌ر عه‌ره‌به‌كان، به‌ڵكو زۆربه‌ی كورده‌كانیش دشداشه‌ له‌به‌ر ده‌كه‌ن و ده‌ڵێت: "عه‌ره‌به‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان و كورده‌ گه‌نجه‌كان زۆربه‌ی زۆریان دشداشه‌یان له‌به‌ردایه‌، ده‌نا گه‌نجه‌ عه‌ره‌به‌كان هه‌ر به‌ سێ چارێگه‌وه‌ دێنه‌ مزگه‌وت و نوێژ ده‌كه‌ن".


حاجی دڵشاد موئه‌یه‌د، یه‌كێكه‌ له‌ دوكاندارانه‌ی به‌رده‌م قه‌ڵای هه‌ولێر كه‌ دشداشه‌ ده‌فرۆشێت، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بازاڕی دشداشه‌ هه‌ر وه‌ك ساڵانی رابردوو باشه‌: "له‌گه‌ڵ ره‌مه‌زان بازاڕی باش ده‌بێت و خه‌ڵك زیاتر ده‌یكڕن، كوردیش ره‌مه‌زانان روو له‌ دشداشه‌ ده‌كات".


ئه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ بازاڕی دشداشه‌ له‌چاو جله‌كانی دیكه‌ زۆر باشتره‌ و ده‌ڵێت: "له‌چاو جلی ماڵه‌وه‌ وه‌ك تراكسود و تیشێرت و شته‌كانی دیكه‌ بازاڕی زۆر باشتره‌، خه‌ڵكه‌كه‌ش وه‌ك جاران نییه‌ و بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌كی ئاسایی و له‌به‌ری ده‌كات".


جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و دوكانداره‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كورد له‌ كاتی ره‌مه‌زان ده‌یكڕێ، هه‌روه‌ها بۆ منداڵیش زۆر ده‌یكڕن، به‌تایبه‌ت كه‌ منداڵ خه‌ته‌نه‌ ده‌كرێ و یانیش كاتی نه‌شته‌رگه‌ری، نكۆڵی له‌وه‌ش ناكات كه‌ مانگی ره‌مه‌زان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر فرۆشتنی دشداشه‌ هه‌یه‌ و له‌و مانگه‌ فرۆشی زیاد ده‌بێت و نرخیشیان به‌ گوێره‌ی كوالێتی له‌نێوان 25 تا 40 هه‌زاره‌ و ده‌ڵێت: "عاده‌ته‌ن بازاڕی دشداشه‌ پێش ره‌مه‌زان تا 15 مانگی ره‌مه‌زان خۆشه‌ و فرۆشیان له‌ جله‌كانی دیكه‌ زیاتره‌، خه‌ڵكه‌كه‌ش له‌و مانگه‌ زیاتر روو له‌ دشداشه‌ ده‌كات و ده‌یكڕێت".


یاسین عه‌بدولڵا وه‌رتی، مامۆستای په‌یمانگای زانسته‌ ئیسلامییه‌كان و گوتاربێژ و پێشنوێژه‌ له‌ رانیه‌، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ جلوبه‌رگ وه‌ك ئازادیی تاكه‌كه‌سی سه‌یر ده‌كرێـت، زۆر ئاساییه‌، به‌ڵام: "وه‌ك مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی ئایینی بێت، یان خێر بێت، یاخود په‌یامبه‌ری ئیسلام مه‌دحی كردبێت و فه‌زڵی له‌سه‌ر جلی دیكه‌دا كردبێت، ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه‌، له‌ تێڕوانینی ئیسلامدا جلوبه‌رگ مه‌رجی هه‌یه‌، ئه‌وانیش داپۆشه‌ر بێت، واتا دیاری نه‌كراوه‌ و هه‌ر كه‌سه‌ و به‌پێی كولتووری خۆی له‌به‌ر ده‌كات، ئیسلام فه‌رزی نه‌كردووه‌ و هیچ ئایه‌ت و فه‌رمووده‌یه‌كیش نییه‌ فه‌زڵی جلی عه‌ره‌بی بكا له‌سه‌ر جله‌كانی دیكه‌، به‌ڵكو جله‌كانی ئه‌وان له‌گه‌ڵ بیابان گونجاوه‌ و له‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێمه‌ هه‌ر ده‌ست نه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ ئازادی له‌به‌ر بكرێت ئاساییه‌، به‌ڵام یه‌كێك بڵێت نوێژێك به‌ دشداشه‌وه‌ بیكه‌م، یان به‌ مه‌ندیل و جبه‌وه‌ بكرێ خێره‌، ئه‌وه‌ وانییه‌، به‌ڵكو بۆچوونی كه‌سانێكه‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتوونه‌، یان سه‌رسامن به‌ كولتووری ده‌ره‌وه‌".


ئه‌و مه‌لایه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ جلوبه‌رگ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئایین و باوه‌ڕ نییه‌، به‌ڵكو: "بۆ داپۆشینی عه‌وره‌ته‌، خوا ئێمه‌ی له‌ چه‌ند ره‌نگ و نه‌ته‌وه‌یه‌ك دروست كردووه‌ و جلیش وه‌ك ره‌نگ و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌". هاوكات وه‌رتێیی ده‌ڵێت: "له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ سه‌رسامبێت به‌ جلی كوردی، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئێمه‌ین جلی خۆمان له‌لا نامۆ بووه‌، چ خه‌ڵكی دیندار، چ خه‌ڵكی غه‌یره‌ دیندار، هه‌تا له‌ داموده‌زگاكانیش جلی خۆمان لێ نامۆ بووه‌ و حه‌قه‌ ببێته‌ جلی فه‌رمی".


رۆژگار محه‌مه‌دی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆربه‌ی جار میلله‌تێك هۆشیاری كه‌م بێت، به‌بێ ئاگاداریی خۆی كولتووری له‌ده‌ست ده‌دات، چونكه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌و ئێستا باوی داگیركاری به‌ جه‌نگ نه‌ماوه‌، به‌ڵكو داگیركاریی كولتوورییه‌: "به‌ دراما، به‌ خواردن و جلوبه‌رگه‌، ئێستا وڵاتان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ چه‌ك گه‌لێك بگۆڕن، به‌ كولتوور داگیری ده‌كه‌ن و كولتووره‌كه‌ی ده‌به‌ن و كولتووری ره‌سه‌نیان ده‌سڕنه‌وه‌، جلوبه‌رگیش به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك بێت، وه‌ك بیانووی ئایینی، ئه‌وه‌ش داگیركاریی كولتووره‌، یاخود خۆمان كولتووری خۆمان له‌ناو ده‌به‌ین".


له‌و رووه‌وه‌ ئه‌و توێژه‌ره‌ به‌ پێویستی ده‌زانێ خه‌ڵك هۆشیار بێت و حكوومه‌ت و داموده‌زگاكان هۆشیاری بڵاو بكه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێت: "سه‌یر كه‌ له‌چكی و سه‌رپۆشی كورده‌واری نه‌ماوه‌، حیجابمان بووه‌ته‌ خه‌لیجی، ئێرانی و توركی، هه‌تا له‌ كه‌ناڵه‌كان رێكلامی بۆ ده‌كرێت، ئێ لێره‌ ئیشی حكوومه‌ت و رێكخراوه‌كانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دیاردانه‌ هۆشیاری بڵاو بكه‌نه‌وه‌ كه‌ كولتووری ئه‌و میلله‌ته‌ خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ كولتوورێكی فارسی و توركی و عه‌ره‌بی".