داعش بازرگانی بە ئەندامەکانی جەستەی بارمتەکانیەوە دەکا

نرخی گورچیلە ٣ ملیۆن و جگەر ٢ ملیۆن دینارە

27/04/2016 - 17:16 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

لە تازەترین کارە قێزەونەکانی داعش، دەستی داوەتە کڕین و فرۆشتنی جەستەی خەڵک و ماوەیەک فێر بووە، پێش لەسێدارەدانی قوربانیان، تەواوی ئەندامانی جەستەیان دەردەھێنن و دەیانفرۆشن.


بەھۆی قەیرانی دارایی داعش و راوەستانی بازرگانیی نەوت، داعش دەستی داوەتە چەندین کاری مەترسیداری دیکە کە دژە لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ، لە نوێترین کاریاندا نەخۆشخانەیەکیان بەناوی (کڕینی جەستە) لە ناوجەرگەی شاری مووسڵدا کردووەتەوە، ئەو نەخۆشخانەیە گەورەترین پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی گورچیلە و جگەر و چاوی تێدا دەکرێت، بە جۆرێک داعش تیمێکی داناوە بۆ دەرھێنانی ئەندامانی جەستەی ئەو کەسانەی دەھێنرێنە ئەو نەخۆشخانەیە.


عیسمەت ڕەجەب، بەرپرسی لقی مووسڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باس)ی ڕاگەیاند: "زانیاریی تەواومان ھەیە کە ماوەی 6 مانگە داعش دەستی داوەتە کارێکی قێزەون، ئەویش بازرگانی کردنە بە ئەندامانی جەستەی ئەو بریندار و کەسانەی کە لە زیندانەکانی داعشدان".


گوتیشی: "بەشێک لەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، داعش دەیانباتە شوێنێکی تایبەت و لە ڕێگای پزیشکێکەوە، دڵ و گورچیلە و ئەندامانی جەستەیان دەردەھێنێت، دواتر ئەو بەشانەیان دەباتە دەرەوەی عێراق و دەیانفرۆشێت، لەبەرامبەردا بڕە پارەیەکی زۆری دەست دەکەوێت". جەختیشی لەوە کردەوە، بەپێی زانیارییەکانیان ئێستا ئەو حاڵەتە زۆر پەرەی سەندووە و بووە بە دیاردە. تەنانەت داوایان لە خەڵک کردووە: "ھەر کەسێک ئەندامی جەستەی خۆی بە داعش بفرۆشێت، بڕێک پارەی پێ دەدەن".


بە گوتەی بەرپرسی لقی مووسڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێک لەو کەسانەی کە ئەندامانی جەستەیان دەرھێنراوە، ئاگایان لە خۆیان نەبووە و نەیانزانیوە کە ئەو تاوانەیان لە بەرامبەردا کراوە، بەڵام دوای ئەوەی خۆیان ڕادەستی ھێزی پێشمەرگە کردووە، لە پزیشکی دادوەریدا دەرکەوتووە کە گورچیلەیان دەرھێنراوە یان بەشێک لە جگەریان لێ کراوەتەوە. گوتیشی: "بەھۆی نەمانی سەرچاوەی داراییەوە، مەترسیی ئەوە ھەیە لە لایەن داعشەوە خەڵکێکی زۆری مووسڵ ڕووبەڕووی ئەم تاوانە مرۆییە بکرێنەوە".


ئەوەشی ئاشکرا کرد کە داعش بەشێوەیەکی بەربڵاو ئەو بازرگانییە بە جەستەی ئەو کەسانەوە دەکات، کە سزای کوشتنیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.


ھاوکات لەو نەخۆشخانەیەدا ھەندێک کەس بە بیانووی زیناکردن یان دزیکردن دەھێنرێن و دەست دەکەن بەدەرھێنانی خوێن لە جەستەیان تا بەتەواوەتی ھێزیان تێدا نامێنێت، دواتر فڕێیان دەدەنە ناو چاڵێکی گەورە و خۆڵیان بەسەردا دەکەن، خوێنەکەش بەسەر بریندارەکانی داعشدا دابەش دەکرێت و بەشێکیشی دەفرۆشێت.


پێوەند بەم پرسە، سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی پارتی لە مووسڵ بە (باس)ی راگەیاند: "ئەو کەسانەی کە فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، پێش سزاکە داعش جەستەیان سکراب دەکات، بە جۆرێک گورچیلەیان دەردەھێنێت و دواتر بە ٥ ملیۆن دەیفرۆشێتەوە، فرۆشتنەکەش لەناو مووسڵ نابێت، چونکە خەڵک لە قەیرانی داراییدایە و توانای کڕینی ئەو گورچیلەیان نییە، بەناچاری لە رێگای قاچاغەوە دەبرێتە دەرەوەی عێراق و لەوێ دەفرۆشرێت، بەتایبەتی لە رێگای ڕەقەوە بۆ شوێنەکانی دیکە دەبرێت، گوتی: "ھەندێک جار نەخۆشخانەکە ئەوەندە پڕ دەبێت لە نەخۆش و گورچیلەی تێدا دەردەھێنرێت، پزیشکەکان تووشی نەخۆشیی دەروونی بوون و ھەندێکیان وەک مردوو مامەڵە لەگەڵ مرۆڤی زیندووشدا دەکەن".


بەپێی زانیارییەکان، داعش سەرجەم ئەم کارانە لە رێگای چەند پزیشکێکەوە ئەنجام دەدات کە ماوەی دوو ساڵە لە ریزەکانی داعش کار دەکەن، یەکێکیان پێشووتر لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ سەرپەرشتیی تیمی پزیشکیی بریندارەکانی داعش کردووە، پزیشکی دووەمیش تایبەت کراوە بە کارکردن لەسەر ھەڵکۆڵینی چاوی خەڵک، بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگیرێت بۆ خەڵکی دیکە.


عیسمەت رەجەب ئەوەی خستە ڕوو، زانیاریی جۆراوجۆر لەسەر کارە قێزەونەکانی داعشمان بۆ دێت، بەڵێ زۆر کەس ھەبووە شەوان لەناو کۆڵانەکانی مووسڵ فڕێ دراوە، کاتێک بینراوەتەوە جەستەکەی شێوێندراوە و ھەڵکۆڵینی چاو و بڕینی گوێ و بڕینی گورچیلە و شیکردنەوەی جەستەی ناوەوەی بۆ کراوە، کە سەرجەمیان نیشانەی ئەوەن کە داعش بە شێوەیەکی یەکجار دڕندانە کار لەسەر کوشتنی خەڵک دەکات.


لەبەرامبەر ئەو کارانەی داعشدا، وەک باس دەکرێت مانگانە ملیۆنان دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە، ھاوکات مەترسی ھەیە بەھۆی کارەکانی داعشەوە نەخۆشیی ترسناک سەرھەڵبدا و بڵاو ببێتەوە، چونکە تەواوی ئەو کەسانەی لەلایەن داعشەوە ھەڵدەوەشێنرێنەوە دواتر لە دەشتاییەکان فڕێ دەدرێن و دەبنە خۆراکی گیانلەبەرە گۆشتخۆرەکان.