PKK دەیەوێ بەشداری لە ئازادکردنی مووسڵدا بکات

پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، سوورە لەسەر ئەوەی بەشداری لە ئازادکردنی مووسڵدا بکات، پەرلەمانتارێکی ئێزدیش پێی وایە پەکەکە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی ئیقلیمی گەریلاکانی بە کوشت دەدا.

لە چەند رۆژی رابردوودا، دوڕان کالکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لە رێگەی میدیاکانی حزبەکەیەوە رای گەیاند، لە رزگارکردنی پارێزگای مووسڵدا، پەکەکە و ھێزەکانی پاراستنی گەل (ھەپەگە)، یەکێتیی ژنانی ستار و یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) بەشداری دەکەن، بۆ ئەوەش داوای لە پارتی و یەکێتی کرد لەو رووەوە رێککەوتنیان لەگەڵدا بکەن.

لەمبارەیەوە شێخ شەمۆ، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، مەبەستی پەکەکە لە بەشداریکردنی لە گرتنەوەی مووسڵدا، ئەجێندایەکی ئیقلیمی و دەستکەوتی سیاسی و ماددییە، گوتی: "پەکەکە ئێستا لە شنگال بە ئاشکرا سەر بە حکوومەتی عێراقە و نزیکە لە ئەجێندایەکی ھەرێمییەوە و دەڵێت ئێمە فەرمان لە حکوومەتی عێراقەوە وەردەگرین".

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئێستا پەکەکە گرێدراوی ئەجێندای دیمەشق و بەغدا و تارانە و بەشداریکردنیشی لە گرتنەوەی مووسڵ بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایەیە کە پێوەی گرێ دراوە، گوتیشی: "پەکەکە لەو شەڕانەدا بەدوای دەسکەوتی ماددی و سیاسییەوەیە، ئەوەتا لە شنگال بەناوی ھاوکارییەوە ھات، بەڵام ناڕوات و مەبەستی دیکەی ھەیە، بۆ مووسڵیش ھەر دەیەوێ ھەمان سیناریۆ دووبارە بکاتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوە روونە کە پەکەکە دەیەوێ بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی ئیقلیمی گەریلاکانی بە کوشت بدا.

بەڵام پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رای گەیاندووە، بە چوار ھەزار گەریلای پارتەکەی بەشداری لە گرتنەوەی مووسڵدا دەکات و مەبەستیش لەو بەشدارییەی بەھێزبوونی پێگەی کوردە.

ھەروەھا فایەق گوڵپی، چاودێری سیاسی و سەرۆکی پێشووی پارتی چارەسەری کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، پەکەکە پێشتر لە گرتنەوەی شنگال و مەخمور و زۆرێک لە ناوچەکانی باشووری کوردستان بەشداریی لە شەڕی داعشدا کردووە و لەوەشدا سەرکەوتوو بووە، بەشداریکردنی لە شەڕی مووسڵیش درێژکراوەی ئەو شەڕەیە کە پەکەکە لەگەڵ تیرۆرستاندا دەیکات، گوتیشی: "پەکەکە ستراتیژی خۆی ھەیە، چونکە وا دەبینم گرتنەوەی مووسڵ بەشێک بێت لە ئەجێندای تورکی و تورکیا بیەوێ لە رێگەی ھاوپەیمانەکانییەوە مووسڵ داگیر بکات، بۆ ئەوەش ماوەیەکە ھێزێکی خۆی ھێناوەتە نزیک مووسڵ و جێگیری کردوون، پەکەکەش دەیەوێ رێگری لەو ئەجێندا تورکییە بکات".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئێستا تورکیا ھێزێک لەو سنوورە پەروەردە دەکا بەناوی حەشدی وەتەنی و رەنگە پەکەکەش بیەوێ لە رێگەی بەشداریکردن لەو شەڕە رێگری لەو داگیرکارییەی مووسڵ لەلایەن تورکیاوە بکات، ئەوە راست نییە کە خۆی بەشێک بێت لە ئەجێندای (ئێرانی- عێراقی- سووری)، گوتیشی: "پەکەکە دەیەوێ دوای گرتنەوەی مووسڵ مەرجی خۆی و پێگەی خۆی ھەبێت و لە بڕیاری سیاسیدا پرسی پێ بکرێ".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بە دووری نازانێ لەگەڵ گرتنەوە و شەڕی مووسڵدا پەکەکە و تورکیا لەو ناوچانە رووبەڕووی یەکدی ببنەوە.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) بە تەنزەوە رای گەیاند، دیارە پەکەکە باکووری کوردستانی رزگار کردووە، نۆرەی مووسڵ ھاتووە، گوتیشی :"ئەگەر پەکەکە توانای ئەوەی ھەیە مووسڵ رزگار بکات یان بەشداری لەو شەڕە گەورەیەدا بکات، بۆچی ناڕوات جەزیرە رزگار بکات، بۆ ئەو کە لەگەڵ تورکیا لە شەڕدایە باشتر نییە!".

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، بەشداریی پەکەکە لە شەڕی مووسڵ شاردنەوەی شکستەکانییەتی لە باکووری کوردستان، کە چەندین شاری وێران کرد و بە زیانەوە لێی دەرچوو، گوتیشی: "ھیچ لۆژیکێک لەوەدا نابینم کە پەکەکە بەشداریکردنی لە شەڕی مووسڵ بۆ بەرژەوەندیی کورد و کوردستان بێت، تەنیا ئەوە نەبێت باڵێکی پەکەکە بەتەواوی دەستی خستووەتە دەستی دوژمنانی کوردستانەوە".

لای خۆشیەوە شاخەوان عەبدوڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بۆ (باس) رای گەیاند، ئەگەر پەکەکە بە ھاوئاھەنگی و لەسەر داوای وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری لە گرتنەوەی مووسڵدا بکات ئەوا جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام پێچەوانەی ئەوە خزمەتکردنە بە سیاسەتی دوژمن و نۆکەرایەتییە بۆ بێگانە، گوتی: "ئەگەر بێت و عێراق یان تورکیا یان ئێران داوای بەشداریی لێ بکات، ئەوە بستێک بجووڵێتەوە جاشایەتییە، چونکە مووسڵ ھیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە، تەنانەت بەشداریی پێشمەرگە بە مەرج و بۆ پاراستنی باشووری کوردستانە و ئەگەر پەکەکەش دەیەوێ لەو چوارچێوەیەدا بەشداری بکات ئەوا پرسەکە جیاوازە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، گرنگە ھاوکاری لەنێوان ھێزە کوردییەکان لە ھەر چوار پارچەی کوردستاندا ھەبێ، بەڵام پێچەوانەی ئەوە و بەکارھێنانیان لە دژی یەکدی خەتەرێکی گەورەیە، گوتی: "بەشداریکردنی پەکەکە لە بەرامبەر بڕێک پارە و چەک بەکوشتدانی لەخۆڕایی گەریلایە ئەگەر بیکات".

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، پەکەکە ھەر ھاوکارییەکی عێراق بکات بە زیانی ھەرێمی کوردستان دەشکێتەوە.

پێشتر سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسی (ئانادۆڵ)ی راگەیاندبوو: "مووسڵ شارێکی عێراقییە و پەکەکەش ھێزێکی دەرەکییە"، بەو ھۆیەوە ئەو ھێزە بەشدارییان نابێت لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شاری مووسڵدا.

لە ماوەکانی رابردوودا، بۆ پرۆسەی رزگارکردنی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆریستانی داعش، ھێزێکی زۆری سوپای عێراق گەیشتە ناوچەی مەخموور و ھەندێک لە فەرماندە سەربازییەکانی عێراقیش ئاماژەیان بەو ئامادەکارییانە کرد کە لە قۆناغی تەواوبووندان بۆ دەستکردن بە پرۆسەی رزگارکردنی شارەکە.

لە 10ی حوزەیرانی 2014، شاری مووسڵ و سەنتەری پارێزگای نەینەوا لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە داگیر کراوە.

27/04/2016 - 16:40 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت