یەکێتی پۆستی پارێزگار ناداتە گۆڕان

ھەڤاڵ ئەبوبەکر خۆی لە ھێرۆ ئیبراھیم نزیک دەکاتەوە

27/04/2016 - 15:51 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی:

گۆڕان بزووتنەوەیەکی ئیعلامییە و توانای بەڕێوەبردنی پۆستی حکوومیی نییە
سەرۆکی لیستی خزمەت:
بزووتنەوەی گۆڕان بە تەنیا ناتوانێ پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەڕێوە بەرێت

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی:
بەڕیِوەبردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی کارێکی قورسە بۆ گۆڕان

 

(باس) ھێمن ساڵح - عیماد بیلال

ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانی لە لەندەنی پایتەخی بەریتانیا سەردانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەکا، تاوەکو رازی بێت بەوەی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، لەملاشەوە ھەڤاڵ ئەبوبەکر لە سلێمانی خۆی لە ھێرۆ ئیبراھیم نزیک دەکاتەوە.


بەپێی زانیارییەکانی (باس) و ئەو رێککەوتنە فەرمییەی لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا واژۆ کراوە و لە رووی یاساییەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەسەند کراوە، دەبێ رۆژی 10-8-2016، واتە کەمتر لە چوار مانگی دیکە، پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری ئێستا لەسەر پشکی یەکێتی وەربگیرێتەوە و بدرێتە ھەڤاڵ ئەبوبەکر، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییش، کە بەپێی حەقەبەشی ھەڵبژاردن لەو پارێزگایە دەبوو ھەر لەسەرەتاوە ئەو پۆستە لەلای ئەوان بوایە، بەڵام ئەوکات یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە پێدانی ئەو پۆستە بە بزووتنەوەی گۆڕان رازی نەبوو، ئێستاش دیار نییە کە رازی دەبێت یان نا.


بەپێی زانیارییەکانی (باس)، کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە پێی دراوە، یەکێتی پڕۆژەی بۆ وادەی ئاڵوگۆڕی ئەو پۆستە ئامادە کردووە، کە دەیەوێ لەبەرامبەر بە پێدانی چەند پۆستێکی دیکەی ئیداری و بە مانەوەی پۆستی پارێزگاری ھەڵەبجە لای بزووتنەوەی گۆڕان رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا واژۆ بکات، بەڵام کێشەی بزووتنەوەی گۆڕان (ھەڤاڵ ئەبوبەکر)ـە کە لەلایەن نەوشیروان مستەفا بەڵێنی پێ دراوە دوای ئەو دوو ساڵە ببێت بە پارێزگاری سلێمانی.


سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا ئاسۆ فەرەیدوون سەردانی نەوشیروان مستەفای کردووە و مەبەستی سەردانەکەشی ئەوە بووە کە رازی بکات ئەو پۆستە لای ئەوان بمێنێتەوە، بەرامبەر بەوەش ھەڤاڵ ئەبوبەکر لە ھەوڵی سیاسییانەی خۆیدایە بۆ رازیکردنی بەرپرسانی یەکێتی بەتایبەتی ھێرۆ ئیبراھیم ھاوسەری جەلال تاڵەبانی، تاوەکو رازی بن بەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی رادەست بەوان بکرێ، بۆ ئەوەش لە دوو دیداردا لە رۆژی 21 نیسان لە یادی 118 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی لە بەشی تەکنیکی میدیای کۆلێژی تەکنیکی و کارگێڕی لە زانکۆی پۆلە تەکنیکییەکانی سلێمانی دیدار و دانیشتنی لەگەڵ ھیرۆ ئیبراھیم ھەبووە و ھەر بۆ رۆژی 23 نیسان بۆ جارێکی دیکەش لە فێستیڤاڵی رۆژی جیھانیی کتێب، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی سلێمانی ساز کراوە، لە نزیکی یەکدییەوە دانیشتوون و بە ھەمان شێوە دیداریان ھەبووە.


بەپێی زانیارییەکانی (باس) کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە ئاسۆ فەرەیدوون پێی دراوە، لەو دیدارەی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا کە 5 سەعاتی خایاندووە، باسیان لە پرسی ئاڵوگۆڕی پارێزگاری سلێمانی کردووە و ئاسۆ فەرەیدوون چەند ھۆکارێکی جەوھەریی بۆ نەوشیروان مستەفا روون کردووەتەوە کە پێوستە ئەوان لە پۆستەکەیاندا بمێننەوە.


ھاوکات ھەڤاڵ ئەبوبەکر، لە ھەمان رۆژی دیداری ئاسۆ فەرەیدوون لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، ئەوانیش دیدار و دانیشتنیان لەگەڵ ھێرۆ ئیبراھیم ھەبووە، بەڵام باسیان لە پرسی ئاڵوگۆڕی پارێزگاری سلێمانی نەکردووە، تەنیا ھەڤاڵ ئەبوبەکر ھەوڵی داوە لە قسەکانیدا ئەوە لە ھێرۆ ئیبراھیم بگەیەنێ کە ئەگەر ئەوان بوون بە پارێزگاری سلێمانی، نابن بە کێشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەوان و یەکێتی.


پێوەند بەم پرسە، ھەڤاڵ ئەبوبەکر سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، ھیچ مەبەستێکی شەخسی لە دیدارەکانی ئەوان لەگەڵ ھێرۆ ئیبراھیمدا نەبووە، جگە لە چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزی و دروستکردنی ھاوئامانجی و ھاوخەباتی نەبێ، گوتی: "دانیشتن و دیدارەکانمان ھیچ پەیوەندییەکیان بە ئاڵوگۆڕی پارێزگاری سلێمانییەوە نییە، بەڵکو تەنیا پەیوەندییەکی دۆستانە بووە کە ھەموومان خەڵکی شارێکین و چاومان بە یەکتری دەکەوێ و لە زۆر موناسەباتی شایی و شینا دەکەوینە تەنیشتی یەک و بەیەکەوەین".


ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، دیداری ئەوان و ئاسۆ فەرەیدوون جیاواز بوون لە یەکتری و بوونیان لە یەک رۆژدا پەیوەندیی بە بەردەوام یەکتربینین و بۆنەکانەوەیە، نەوەکو ئەو دوو دیدارە بۆ یەک بابەت بووبن، گوتی: "ئەو دیدارانە رۆژانە روو دەدەن، بەڵام ئەوە میدیایە ھاتووە بە یەکیانەوە گرێ دەدات".


ھەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی پۆستی پارێزگاری سلێمانیشەوە رای گەیاند، رێککەوتن کراوە و لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە دەنگی لەسەر دراوە و مەکتەبی سیاسیی ھەردوولاش لەسەری رازی بوون.


گوتی: "ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە چەسپاندنی ئاشتی و ئارامییە، لە پێشتریش ئەوەمان بە کردار کردووە و وازمان لە ھەموو پلە و پایەیەک ھێناوە".


جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ھەر شتێک لە خزمەتی پڕۆسەی چەسپاندنی ھەڵبژاردنەکان و یاسا و ئیرادەی خەڵکدا بێت لەگەڵیدان و پشتیوانیی لێ دەکەن.


گوتی: "بە غەدری نابینم کە من پارێزگاری سلێمانی نیم، چونکە خۆمان بەوە رازی بووین و ویستمان بە خەڵکی نیشان بدەین سەرەڕای ئەوەی کە براوەین بەڵام بڕوامان بە تۆڵە نییە".


لای خۆیەوە سەباح فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (باس) رای گەیاند، ھەر ئاڵوگۆڕییەک روو بدات دەبێت لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە دەنگی بۆ بدرێ، ئەو دەنگدانەی پێشوو بۆ ئەوکات بووە.


راشی گەیاند، ئێستا یەکێتی ھیچ پڕۆژەیەکی نوێی نییە و پابەندە بەو رێککەوتنەی کە کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بێت و ئاڵوگۆڕی روو بدات ئەوا دەبێت بە دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بێت.


لای خۆیەوە فەیسەڵ ئیبراھیم، سەرۆکی فراکسیۆنی لیستی خزمەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ (باس) رای گەیاند، دەبێ یەکێتی لە کاتی تەواوبوونی ماوەی یاسایی، پۆستی پارێزگاری سلێمانی ڕادەستی بزووتنەوەی گۆڕان بکات. گوتیشی: "ئەو پرسە پەیوەندیی بە خۆیانەوە ھەیە، بەڵام تا ئێستا یەکێتی و گۆڕان لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، ھیچ پرسێکیان بە لیستی خزمەت نەکردووە".


گوتیشی: "یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، پێویستییەکی زۆریان بە یەکتری ھەیە، ھەروەھا بزووتنەوەی گۆڕان بە تەنیا ناتوانێ پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەڕێوە بەرێت، ئەگەر یەکێتیی نیشتمانی ھاوکاریی نەکات".


لای خۆیەوە نیاز ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە فراکسیۆنی یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، ئاساییە ئەوان وەکو یەکێتیی نیشتمانی تموحی ئەوەیان ھەبێ جارێکی دیکە پۆستی پارێزگاری سلێمانی لای خۆیان بمێنێتەوە.


گوتیشی: "ھەرچەندە گۆڕان ھەرایەکی گەورەی نایەوە کە گوایە یەکێتی گەندەڵە و گۆڕان بەشێوەیەکی یەکسان بەبێ بوونی ھیچ دیاردەیەکی گەندەڵی دەتوانێت پۆستی ھەستیار بەڕێوە بەرێت، بەڵام بە بۆچوونی من بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەیەکی ئیعلامییە و توانای بەڕێوەبردنی پۆستی حکوومیی نییە، بۆیە بە باشی دەزانم لە کاتی خۆی قسە لەسەر ئەو پرسە بکەین".


لەلایەکی دیکەشەوە زیاد کاکە ڕازە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس) گوتی: "ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنێکی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان، بێ گومان بەپێی یاسا دەبێت مانگی ئابی ئەمساڵ ئەو پۆستە ئاڵوگۆڕ بکرێت، ئێستا یەکێتی و گۆڕان بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئامادەن پۆستی پارێزگاری سلێمانی ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵام بۆ سبەینێ خوا نەبێ کەس نازانێ پۆستی پارێزگای سلێمانی چۆن دەمێنتێتەوە".


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "بەھۆی سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی، کارێکی قورسە گۆڕان بتوانێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەڕێوە بەرێت".


(باس) بۆ ئەو پرسە ھەوڵی دا لەگەڵ ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانی و چەند بەرپرسێکی یەکێتی لەو پارێزگایە قسەی زیاتریان ھەبێ، بەڵام پەیوەندییەکان دروست نەبوون.