ھەموو زانیارییەک دەربارەی ئاڵۆزییەکانی خورماتوو

حەشدی شەعبی.. پێکەوەژیانی خورماتووی کردە شەڕی کۆڵانەوکۆڵان

عەبدوڵڵا ئەحمەد 27/04/2016 - 15:27 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

 

جارێکی تر شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی پێشمەرگە بە پاڵپشتی خۆبەخشانی کورد لە قەزای خورماتوو درووست بوو و لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا سێ ئەفسەر و پێشمەرگەیەک و چوار ھاووڵاتیی کورد شەھید بوون و ھاوکات ٨ پێشمەرگە و ھاووڵاتیی کورد تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە کە بۆدومانی گەڕەکە کوردنشینەکان بەردەوامە، بریندار بوون، ھاوکات لە بەرەی بەرامبەریش کوژراو و بریندار ھەن.


ھەفتەنامەی (باس) لە سەرچاوەیەکی تەناھی لە خورماتوو زانیویەتی بەھۆی فڕێدانی نارنجۆکێک بۆ ناو ماڵی ئەفسەرێکی پێشمەرگە و وڵامدانەوەی لە لایەن پاسەوانەکانییەوە و فڕێدانی ئەو نارنجۆکەش بۆ ئاژاوە نانەوە لە لایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە بووە و ئەمەش وایکرد شەڕ دەست پێ بکاتەوە.


مانگی تشرینی دووەمی پار، جارێکی تر شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانی حەشدی شەعبی و خۆبەخشانی کورد لە خورماتوو درووست بوو بە ھۆی ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستڕێژی گوللەیان لە ھاووڵاتیانی کورد دەکرد و لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا کە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام بوو، ژمارەیەک ھاووڵاتیی کورد کە لەنێویاندا پزیشک و پێشمەرگە و ئاسایشی و ھاووڵاتیی تێدا بوو، شەھید بوون و پاشان دەیان ماڵ و دوکانی ھاووڵاتیانی کورد لە لایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە سووتێنران و تاوەکو ئێستاش قەرەبوو نەکراونەتەوە، ھەر لە ئاکامی ئەو شەڕانەدا ژمارەیەک لە چەکدارانی حەشدی شەعبییش کوژران و بریندار بوون.


بەڵام شەڕەکەی ئەمجارەی خورماتوو کە لە شەوی ٢٣-٢٤/٤/٢٠١٦ بەردەوام بوو تا سەعات ١٢ی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشممە و دزێنێ ئێوارەش دەستی پێ کردەوە، لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا جگە لە زیانی گیانی ژمارەیەکی بەرچاو لە ھاووڵاتیان زیانی مادییان بەرکەوت و ئەو گوللانەی کە لە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئاراستەی گەڕەکە کوردیەکان دەکران، بەشێکی زۆری بەبەر دەرگا و جامی سەیارە و ماڵە کوردەکان کەوت.


ئەحمەد شێخ لەنگەری، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خورماتوو بۆ (باس) ڕای گەیاند: "میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بوونەتە گرفت بۆ ھاووڵاتیانی خورماتوو بە نانەوەی ئاژاوەگێڕی و بوونی بنکە و بارەگا لە ناو کۆڵانەکانی گەڕەکە جیاجیاکانی خورماتوو وای کردووە کە رەوشی ئاسایشی خورماتوو ھەمیشە مەترسیدار بێت".


ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "لە مانگی یانزەی پار کە شەڕ لەنێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و گەنجانی کورد درووست بوو، ئێمە ھاوار دەکەین کەوا چەکدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەربکرێن، لەبەر ئەوەی ئەوان بەردەوام تەقە لە ھاووڵاتیانی کورد دەکەن، بەڵام حەشد لە خورماتوو ھەر مایەوە و تا شەوی شەممەی رابردوو جارێکی تر شەڕ و پێکدادان لەنێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە درووست بووە و لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا ژمارەیەک لە پێشمەرگە و ھاووڵاتیانی کوردی خورماتوو شەھید بوون".


خالید ھاشم، ھاووڵاتیەکی کوردی دانیشتووی گەڕەکی بناری خورماتووە بۆ (باس) ڕای گەیاند: "چەکدارانی حەشدی شەعبی بە ھاوەن گەڕەکە کوردنیشینەکان بۆدومان دەکەن و یەکێک لە ھاوەنەکان لە سەربانی ماڵی ئێمە تەقیەوە و بووە ھۆی زیانگەیاندنی ماددی".


ئەو ھاوڵاتییە کوردە گوتیشی: "ئێمە داواکارین چەکدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەربکرێن لەبەرئەوەی بوونەتە جێگەی مەترسی بۆ سەر دانیشتوانی خورماتوو و لەو کاتەوەی کە ئەوان ھاتوون، خورماتوو ناو بەناو ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینیوە".


قەزای خورماتوو دوایین ناوچەی کوردستانییە کە دەکەوێتە دووریی ٧٠ کیلۆمەتر لە باشووری کەرکووکەوە و لەسەر ھێڵی گشتیی کەرکووک - بەغدایە و لە خوارووی قەزاکەش چیای حەمرینە و ھەر ئاڵۆزییەکی نەخوازراو لەو ناوچەیە روو بدات، ئەگەری ئەوە ھەیە ئاڵۆزییەکان ڕوو لە کەرکووک بکات و پاشان بۆ ناوچەکانی ھەرێم.


خورماتوو یان دووزخورماتوو ئەو قەزا کوردستانییە کە زیاتر لە ٦٠ ساڵە قەزایە و لە ھەرسێ نەتەوەی کورد و عەرەب و تورکمان پێکدێت و نەتەوەی کورد بە پلەی ٦٠% دێت پاشان نەتەوەی تورکمان ٢٥% و عەرەب ١٥%ی قەزاکە پێکدەھێنن و پێشتر سەر بە پارێزگای کەرکووک بووە، بەڵام بە مەرسومێکی کۆماری بەھۆی سیاسەتی تەعریبەوە لە ساڵی ١٩٧٦ لە کەرکووک دابڕێنرا و خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین و دوای چل ساڵ لە دەرکردنی ئەو مەرسومە و سێزدە ساڵ لە پرۆسەی ئازادیی عێراق، ھێشتا خورماتوو لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە.


سەعات چواری ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (٢٤/٤/٢٠١٦) بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخی خورماتوو ھادی عامری بەرپرسی رێکخراوی بەدری شیعە لە گەڵ نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک بۆ ھێورکردنەوەی بارودۆخی ئەمنیی خورماتوو کۆ بوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە پرێس کۆنفڕانسێکدا راِیان گەیاند، بڕیارمان دا بە ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان ھەردوو لا مەبەست لە حەشدی شەعبی و پێشمەرگە، بەڵام ھەر دوای کۆبوونەوەکە لە لایەن قەناس بە دەستەکانی حەشدی شەعبی گەنجێکی کورد بەناوی (پشتیوان عەزیز) شەھید کرا و چەکدارانی حەشدی شەعبی پابەندی رێککەوتنەکە نەبوون و بەشێوەیەکی بەردەوام تا سەعات ١٢ی شەو تەقەیان ئاراستەی گەڕەکە کوردنشینەکان دەکرد.


ئاوات کەریم، ھاووڵاتییەکی دیکەی قەزای خورماتووە بۆ (باس) ڕای گەیاند: "ئێستا مەترسیی سەربازگە کردنی خورماتوو دەکەم، لەبەر ئەوەی چەکدارانی حەشدی شەعبی پێشتر و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە قەناس ھاووڵاتیانی کورد شەھید دەکەن و لە دوایین شەڕ و پێکدادانیشدا لەنێوان چەکدارانی حەشدی شەعبی و گەنجانی کورد بە ھاوەن بۆردومانی گەڕەکە کوردنشینەکانیان دەکرد".


گوتیشی: "کار گەیشتە ئەوەی شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە خورماتوو ڕوو بدات ئەمەش وای دەبینم ئەگەر چەکدارانی حەشد لە خورماتوو دەرنەکرێن، ئەوا خورماتوو دەبێتە سەربازگە و ژیان تێیدا ئەستەم دەبێت".


رۆژی یەکشەممە (٢٤/٤/٢٠١٦) نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی خورماتوو بڵاو کردەوە: عەبادی داوای لە فەرماندە سەربازییەکان کردووە ھەموو رێکارێکی پێویست بگیردرێتە بەر بۆ کۆنترۆلکردنی بارودۆخی خورماتوو و ھەوڵی کۆتاییھێنان بەو رەوشە نەخوازراوە کە ژمارەیەک قوربانیی لێ کەوتەوە".


لەو بەیاننامەیەدا ھاتووە: "عەبادی پەیوەندیی کردووە بە فەرماندە سەربازییەکانەوە بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕەکە و ھەمووان رووبەڕووی دوژمنی ھاوبەش ببینەوە کە ئەویش بریتییە لە داعش".


جاسم جەعفەر، نوێنەری تورکمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند: "ئەو شەڕەی خورماتوو دوای ئەوە ڕووی دا کە ھێزەکانی پێشمەرگە، لایەنی چەکداری شەھید شوھەدا سەر بە حەشدی شەعبییان بە ھەڵدانی نارنجۆکەکە بۆ سەر ماڵی ئەفسەرەکەی ھێزی پێشمەرگە تۆمەتبار کرد".


ڕاشی گەیاند: "پێشمەرگە لە روودانی شەڕەکەدا دەستپێشخەر بوون و سەرەتا ئەوان تەقەیان بە ئاراستەی حەشدی شەعبی دەست پێ کرد و لای خۆشیانەوە حەشدی شەعبی بە تەقە وەڵامیان دایەوە".


بەڵام رائید فاروق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارتی لە خورماتوو بە (باس)ی ڕاگەیاند: "نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە (٢٤/٤/٢٠١٦) چەکدارانی میلیشیای حەشدی شەعبی بۆردومانی بارەگای ئاسایشی خورماتوویان کرد و لە ئاکامدا سێ کارمەندی ئاسایش بریندار بوون".


ڕاشی گەیاند: "بۆردومانەکە بە گوللەی ھاوەن بووە و بارەگای ئاسایش کراوەتە ئامانج".


بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو گوتیشی: "بەمەبەستی چارەسەرکردن بریندارانی ئەو بۆردومانە گەیەندرانە نەخۆشخانەکانی کەرکووک".


بەپێی زانیارییەکانی (باس) جگە لە دەستڕێژی کردنی گوللە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە بۆ سەر ھاوڵاتیانی کورد، ھاوکات دەستڕێژی گوللەیان لە بارەگای حزبە کوردستانییەکانیش کردووە و بارەگای ناوچەی خورماتوو کۆمەڵی ئیسلامیش بە ھۆی ئەوەی شوێنکەی کەوتەوتە بەرامبەر بنکەیەکی چەکدارانی حەشدی شەعبی و چەندین جار تەقە لە بارەکاکەیان کرا بە ناچاری بارەگاکەیان چۆڵ کرد و ڕادەستی پێشمەرگەیان کرد.


بە شێوەیەکی بەردەوام لە سنووری قەزای خورماتوو و دەوروبەری ھاووڵاتیانی عەرەب و تورکمانی سوننە لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە دەکوژرێن و دەڕفێنرێن و خێزانە عەرەب و تورکمانە سوننەکانیش بەھۆی مەترسی لەسەریان کۆچ دەکەن بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی خورماتوو و بەشێکی زۆریشیان ئاوارەی شاری کەرکووک بوونە.


رۆژی (١٧/٤/٢٠١٦) شاندێکی ئیداری و حزبی و کەسایەتیی شاری خورماتوو، سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان کرد بە مەبەستی گەیاندن و خستنەڕووی ئاڵۆزییەکانی خورماتوو، لە کۆبوونەوەکدا بارزانی نیگەرانی خۆی بۆ رەوشی ئەمنی خورماتوو ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەن ھیچ پیلانێک بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی نێو پێکھاتەکانی خورماتوو سەربگرێت و خەڵکی ئەو شارە لە نەھامەتیدا بژین.


محەمەد فایەق، گوتەبێژی قایمقامیەتی خورماتوو بۆ (باس) ڕای گەیاند: "لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی خورماتوو، پێنج ئەفسەر و پێشمەرگەیەک و چوار ھاووڵاتیی مەدەنیی کورد شەھید بوون کە لە ناویاندا عەمید "سیروان شەقڵاوەیی" جێگری لیوای پێنچی چەمچەماڵی بەرگری و فریاکەوتن ھەیە و لە نزیک سایلۆی خورماتوو بە چەکی جۆری قەناس لە لایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە شەھید کرا".


ئاشکراشی کرد، ھەر لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا نۆ پێشمەرگە و ئاسایش و ھاووڵاتیی کورد بریندار بوون.


محەمەد فایەق گوتیشی: "حەشدی شەعبی ٢٥ کوژراو ٣٧ برینداری ھەیە“.

ئەلبوومی وێنەکان