خۆراک وه‌ک به‌رگری و خۆپاراستن

ئارتوور شۆپنهاوه‌ر ده‌ڵێ، ته‌ندروستی هه‌موو شت نییه، به‌ڵام به‌بێ ته‌ندروستی، هه‌موو شت هیچه. هیچ کاتیش وه‌ک ئێستا، مرۆڤ به گشتیی له جیهاندا، بیری له ته‌ندروستیی نه‌کردززوته‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵگای کوردییدا (له باشووری کوردستاندا)، خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکۆهۆل و جگه‌ره‌کێشان و نێرگه‌له‌کێشان ژیانی به‌شێکی گه‌وره‌ی خه‌ڵکییه و به‌شێکیش فێری به‌کارهێنانی نارکۆ بوون، لێ هێشتا به‌شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی، که‌من ئه‌وانه‌‌ی بیر له خۆراک ده‌که‌نه‌وه، خۆراکی ته‌ندروست، که چ وه‌ک به‌رگری و چ وه‌ک خۆپاراستنیش به‌رامبه‌ر به نه‌خۆشی به‌کاری بهێنن. به‌تایبه‌ت ئێستا، که بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خه‌ریکه ته‌واوی جیهان ده‌خاته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه، پێویسته ئاگایانه بیر له‌وه‌ بکرێته‌وه، که خاوێنی به ته‌نیا به‌س نییه بۆ به‌رگریکردن له خود، به‌ڵکوو پێویسته بیر له‌وه‌ش بکرێته‌وه، که چی ده‌خۆین و ده‌خۆینه‌وه؟ تێگه‌یشتن له میکرۆئۆرگانیزم و ژیانیان به‌تایبه‌ت ئێستا ڤایرۆس یارمه‌تییده‌رێکی گه‌وره‌یه، که باشتر ئاگامان له‌ خۆمان بێت و خۆمان له تووشبوون بپارێزین. هه‌مانکاتیش تێگه‌یشتن له چۆنیه‌تیی کارکردنی جه‌سته‌ی مرۆڤ و به‌تایبه‌ت مێشک فاکتۆرێکی گه‌وره‌یه بۆ ئه‌وه‌ی، که باشتر به‌رگریی له خۆمان بکه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر دوژمنێکدا زاڵ بیت، پێویسته دوژمنه‌که‌ت بناسیت و خاڵی لاوازی بدۆزیته‌وه، لێره‌دا وێڕای به‌هێزیی دوژمنه‌که‌ت، که‌چی خاڵه لاوازه‌که‌ی ده‌توانێت تۆ سه‌ر بخات.
به گشتی ڤایرۆس و به‌کتریا یه‌کێکن له‌و میکرۆئۆرگانیزمانه‌ی، که به‌شێوه‌یه‌کی زۆر خێرا ته‌شه‌نا له ئۆرگانه‌کانی جه‌سته‌دا دروست ده‌که‌ن. ڤایرۆس به داگیرکردنی سێله‌کان درێژه به ژیان ده‌دات و گه‌شه ده‌کات، به‌شێوه‌یه‌ک، که له سێله‌یه‌کدا به هه‌زاران ڤایرۆس ده‌خاته‌وه، لێره‌وه ڤایرۆسه نوێکان له‌و سێله‌یه ده‌رده‌چن و هه‌وڵی داگیرکردنی سێله‌ی نوێ ده‌ده‌ن. چاره‌سه‌ری مێدیسینانه ته‌نیا له‌و کاته‌دا ده‌بێت، که ڤایرۆسه‌کان ده‌بنه هۆی خستنه‌وه‌ی ته‌شه‌نا له ئۆرگانه‌کاندا، لێ به‌بێ لێکه‌وتنه‌وه‌ی ته‌شه‌نا، ئه‌وا پێویسته سیستێمی به‌رگریی له‌ش خۆی له خه‌می به‌رهه‌مهێنانی ئه‌نتی ڤایرۆسێکدا بن، بۆ له‌ناوبردنی ڤایرۆسه‌که.
ڤایرۆس به‌پێچه‌وانه‌ی به‌كتریاوه ده‌ژی، بۆ نموونه، به‌كتریا پێویستی به خۆراکه، پێویستی به چه‌وری، پرۆتین و کۆلهیدراته، به‌ڵام ڤایرۆس پێویستی به ئه‌نه‌رگییه. واتا له له‌شی مرۆڤێکدا یان ئاژه‌ڵێکدا، کاتێک خۆراک له سێله‌کاندا ده‌سووتێنرێت بۆ کردنی به ئه‌نه‌رگی، ڤایرۆسیش ڕاسته‌وخۆ په‌لاماری سێله‌کان ده‌دات، هه‌تاوه‌کوو ئه‌نه‌رگیی سێله‌کان بۆ خۆی به‌رێت، به‌مشێوه‌یه سێله‌کانی له‌ش بێبه‌ش ده‌بن له ئه‌نه‌رگی و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی کوشتنی مرۆڤه‌که یان ئاژه‌ڵه‌که. واتا ڤایرۆس ناتوانێت له هه‌وادا بژی، به‌ڵکوو پێویستی ڕاسته‌وخۆی به کۆنتاکته، به په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ردا. بوونی ئه‌و له هه‌وادا ته‌نیا له کاتی کۆکه و بژمیندایه، که له ده‌می نه‌خۆشێکه‌وه دێته ده‌ر و به‌ر که‌سێکی تر ده‌که‌وێت. لیک و ئاوی ده‌میش خاوه‌نی سێله‌ن، که ڤایرۆس تێیدا ده‌ژی. به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی ڤایرۆسه‌کان په‌لاماری بۆڕیی هه‌وا و سییه‌کان ده‌ده‌ن، ده‌بنه هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی ته‌شه‌نایه‌کی زۆر له سییه‌کاندا، که سیستێمی هه‌ناسه‌دان به‌شێوه‌یه‌ک ده‌شێوێنێت، که مرۆڤی نه‌خۆش نه‌توانێت هه‌ناسه بدات و بمرێت.
به‌کتریا به‌پێچه‌وانه‌ی ڤایرۆسه‌وه خاوه‌نی سێله‌یه، خاوه‌نی یه‌ک دانه سێله‌یه، هه‌ربۆیه پێویستی به خۆراکه، به‌ڵام ڤایرۆس سێله‌ی نییه، به‌ڵکوو خاوه‌نی DNA و RNA یه. ڤایرۆس به توێکڵێکی پرۆتین ده‌وره دراوه و ناتوانێت زیاد بکات، نه‌وه بخاته‌وه، هه‌ربۆیه پێویستی به سێله‌ی ئاژه‌ڵ، باڵنده و مرۆڤه، له ڕێگای سێله‌وه زیاد ده‌که‌ن. به‌مه‌ش له سێله‌یه‌که‌وه باز ده‌ده‌نه سێله‌یه‌کی تر و به‌شێکی گه‌وره‌ی سێله‌کانی له‌ش داگیر ده‌که‌ن. کاتێک سییه‌کان به‌هۆی به‌کتریاوه تووشی ته‌شه‌نا ده‌بن، بۆ نموونه، نه‌خۆشیی پنۆیمۆنی، یان ته‌شه‌ناکردنی سییه‌کان، که ده‌بێته هۆی شێواندنی سیستێمی هه‌ناسه‌دان، له ڕێگای ئه‌نتی بایۆتیکه‌وه، له ڕێگای پێنیسیلینه‌وه ده‌توانرێت به‌کتریاکان له‌ناو ببرێن و نه‌خۆشه‌که چاک بێته‌وه. پێنیسیلین دیواره‌کانی سێله‌ی به‌کتریا ده‌شکێنێت، به‌مشێوه‌یه به‌کتریاکان ده‌مرن، چونکه به‌بێ ئه‌و دیواره ناتوانن خۆیان بپارێزن. خۆشبه‌ختانه سێله‌ی مرۆڤ دیواری نییه، هه‌ربۆیه پێنیسیلین زیانی بۆ مرۆڤه‌که نابێت. پێنیسیلین کاتێک زیان ده‌خاته‌وه، ئه‌گه‌ر بێتوو نه‌خۆشه‌که پێنیسیلینێکی زۆر وه‌ربگرێت. نۆرماڵ چاره‌سه‌ر به پێنیسیلین پێویسته بۆ ماوه‌ی چوار هه‌تا پێنج ڕۆژ بێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی، که ڕێگریی بکرێت له‌وه‌ی، که به‌کتریاکان دژه پێنیسیلینێک به‌رهه‌م بهێنن، که چیتر پێنیسیلین نه‌یانکوژێت.
له سه‌رهه‌ڵدانی کۆرۆنادا، خه‌ڵکانێک له ترساندا چه‌نده‌ها جۆر ڕێگایان بۆ خۆپاراستن له‌م نه‌خۆشییه به‌کار هێنا، بۆ نموونه به‌کارهێنانی ئه‌نتیبیۆتیکووم یان پێنیسیلین، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌و وڵاتانه‌دا، که له ده‌رمانخانه‌کاندا ئاسان ده‌ستده‌که‌وێت بۆ کڕین. ئه‌وانه‌ی ئه‌م ڕێگایه‌یان گرتووەته‌به‌ر، زیانێکی زۆریان به‌خۆیان گه‌یاندووه، چونکه کارئاسانییان بۆ به‌شێک له به‌کتریا کردووه، که له ئاینده‌دا ئاسان کۆنترۆڵی جه‌سته‌یان بکه‌ن. هه‌ندێک خه‌ڵکانی تر په‌نایان بردووەته به‌ر خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکۆهۆل به‌تایبه‌ت، ویسکی، تێکیلا، جن و ڤۆدکا. ئه‌م خه‌ڵکانه پێیان وایه، که ئه‌لکۆهۆلی قورس له هێرشی ڤایرۆس ده‌یانپارێزێت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌لکۆهۆل کارئاسانی بۆ ڤایرۆس ده‌کات، که ساناتر کۆنترۆڵی جه‌سته‌یان بکات. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆچی؟ وه‌ڵام، چونکه ئه‌لکۆهۆل ده‌بێته هۆی سستکردنی ‌په‌یوه‌ندیی نێوان سێله‌کانی مێشک، به‌مشێوه‌یه کاتێک ڤایرۆس په‌لاماری بۆڕیی هه‌ناسه و سییه‌کان ده‌دات، مێشک سیگناڵی هه‌ناسه‌دانی به‌ باشیی پێناگات، یاخود هه‌ر پێی ناگات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی کوشتنی نه‌خۆشه‌که. کێڵگه‌ی پشت، که به‌شێکی سیستێمی مێشکه، ده‌که‌وێته پشتی مله‌وه و یه‌کێک له کاره گرنگه‌کانی هه‌ناسه‌دانه. واتا سیستێمی کێڵگه‌ی پشت، فه‌رمان ده‌دات به هه‌ناسه‌دان، ئه‌گه‌ر بێتوو به خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکۆهۆل ئه‌م سیستێمه سست بکه‌یت، ئه‌وا هاوکاریی ڤایرۆسی کۆرۆنا ‌ده‌که‌‌یت، که نه‌خۆشه‌که هه‌ناسه نه‌دات و بمرێت.
ئه‌و خواردنه‌ی هه‌ڵیده‌بژێریت بۆ خواردنی ڕۆژانه، ده‌توانێت هۆکارێک بێت بۆ لاوازکردنی سیستێمی به‌رگریت و ده‌شتوانێت هۆکارێک بێت بۆ به‌هێزکردنی سیستێمی به‌رگرییت. ئه‌گه‌ر ئه‌نتی بیۆتیکووم بتوانێت دیواری سێله‌ی به‌کتریا بشکێنێت و له‌ناوی به‌رێت، ئه‌وا ڤایرۆس دیواری نییه هه‌تا بشکێت، به‌ڵام پشکنینه زانستییه‌کان ده‌یسه‌لمێنن، که به‌شێک له جۆری پرۆتین، به‌هۆی ئه‌و شیرینییه‌ی، که تێیاندایه، ده‌توانێت ئه‌و توێکڵه پرۆتینییه‌ی که ده‌وری ڤایرۆسه‌که‌ی پێ ده‌وره دراوه بشێوێنێت و بیگۆڕێت، که ڤایرۆسه‌که چیدی نه‌توانێت به سێله‌ی مرۆڤه‌وه بنووسێت و هه‌وڵی چوونه ژووره‌وه بدات. به‌مشێوه‌یه ڤایرۆس به‌بێ ئه‌و ئه‌نه‌رگییه‌ی ناو سێله‌کان لاواز ده‌بێت، زیاد ناکه‌ن، ته‌شه‌نا که‌م ده‌بێته‌وه و ناتوانن بژیین.
به‌وپێیه‌ی، که مێشک ته‌واوی هه‌موو سیستێمه‌کانی جه‌سته ده‌بات به‌ڕێگاوه، پێویسته له خه‌می ئه‌وه‌دا بین، که خۆراکی گرنگ و پێویست به ڕێژه‌ی پێویستی خۆی بده‌ینه جه‌سته. نه‌ک به‌ ته‌نیا ئێستا، به‌ڵکوو به‌رده‌وام مرۆڤ بیر له‌وه بکاته‌وه، که سیستێمی به‌رگریی به‌هێز بکات و خۆراکی پێویست و گرنگ بدات به جه‌سته‌ی. هه‌وڵ بده ڕۆژانه جه‌سته‌ت بێبه‌ش نه‌بێت له:
1- ڤیتامین C: ڤیتامین C پێویسته بۆ به‌هێزکردنی سیستێمی به‌رگری، له له‌ناوبردنی ڤایرۆس و به‌کتریا و چه‌ندین جۆر میکرۆئۆرگانیزمی تردا، هه‌مانکات ڕێگرییکردن له که‌وتنه‌وه‌ی سێله‌ی کانسه‌ر. ڤیتامین C له لیمۆدا، له پرته‌قاڵدا، له کیڤیدا، له په‌تاته‌دا، له ته‌ماته‌دا هه‌یه. ئاگاداربه کاتێک ته‌ماته ده‌خۆیت، نابێت خه‌یاری له‌گه‌ڵدا بخۆیت، چونکه خه‌یار ناهێڵێت ڤیتامین Cیه‌که بگاته شوێنی خۆی، هه‌ر بۆیه له ڕێگای میزه‌وه فڕێده‌درێته ده‌ره‌وه. خه‌یار ڕۆڵی دیوریتیکووم ده‌بینێت، ئه‌مه‌ش به واتای مینه‌ڕاڵی ناو خوێن له ڕێگای میزه‌وه ڕاده‌ماڵێته ده‌ره‌وه.
2- ڤیتامین E: ڤیتامین E پێویسته بۆ به‌هێزکردنی سیستێمی به‌رگری، چونکه ستیمولیره‌ی سیستێمی به‌رگریی ده‌کات، به واتایه‌کی دی، سیستێمی به‌رگری ئاگادار ده‌کاته‌وه له مه‌ترسیی به‌کتریا و ڤایرۆس و ته‌شه‌نا. هه‌مانکات چه‌وریی پێویستی جه‌سته ده‌پارێزێت و ڕێگریی ده‌کات له که‌وتنه‌وه‌‌ی سێله‌ی کانسه‌ر. ڤیتامینE له شیر، په‌نیر، ماسی، گوێز، له گوڵه‌به‌ڕۆژه‌دا هه‌یه.
3- کالیوم: کالیۆم یه‌کێکه له ئێلێمێنته گرنگه‌کانی جه‌سته‌، که ڕۆڵێکی گرنگ له به‌ستنی په‌یوه‌ندیی نێوان سێله‌کاندا ده‌بینێت و گفتوگۆ له‌نێوانیاندا دروست ده‌کات. که‌میی کالیۆم له جه‌سته‌دا ده‌بێته هۆی شێواندنی په‌یوه‌ندیی نێوان سێله‌کان، زۆریی کالیۆم بەهه‌مانشێوه ده‌بێته هۆی شێواندنی په‌یوه‌ندیی نێوان سێله‌کان. کالیوم له سپیناخ، په‌تاته، شۆپان، برۆکۆلی، مۆز، چه‌وه‌نده‌ر و له گوێز و باده‌مدا هه‌یه.
4- مایه‌لین: مایه‌لین جۆرێکه له چه‌وریی جه‌سته‌، که له مێشکدا هه‌یه، ئه‌م چه‌ورییه په‌یوه‌ندیی نێوان سێله‌کانی مێشک دروست ده‌کات، ئیمپولزی نێوان سێله‌کانی مێشک، نێوان نۆیرۆنه‌کانی مێشک به‌هێزتر و خێراتر ده‌کات. مایه‌لین له هه‌موو جۆره‌کانی گوێزدا، له باده‌م و کونجی و بوندق .. تدا، هه‌یه.
5- پرۆتین: پرۆتین به‌ردی بناغه‌ی جه‌سته‌یه، ئه‌نه‌رگی به جه‌سته ده‌به‌خشێت، یارمه‌تیی دروستکردنی ماسولکه‌کانی جه‌سته ده‌دات، به‌هێزیان ده‌کات، ده‌یانهێڵێته‌وه، ماسوولکه‌کانیش گه‌رمیی به جه‌سته ده‌به‌خشن. پرۆتین له گۆشت، دانه‌وێڵه‌، له گوێز و باده‌م و گوڵه‌به‌ڕۆژه‌دا هه‌یه.
له‌م کاته‌دا پێویسته ڕۆژانه هه‌وڵ بده‌یت بۆ ئه‌م خۆراکانه. ئه‌م خۆراکانه‌ش خۆشبه‌ختانه سانا ده‌گاته ده‌ستی هه‌مووان، واتا شتێک نییه، که بگووترێت ده‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندان بکه‌وێت و خه‌ڵکانی هه‌ژار لێی بێبه‌ش بن. ئه‌وه‌ی له‌پاڵ ئه‌م خواردنانه‌شه‌وه گرنگه، بریتییه له خه‌وی باش و ئاوخواردنه‌وه‌ی پێویست، له‌نێوانی 1.7 بۆ 2 لیتر له ڕۆژێکدا. ئاو بە تەنیا، نه‌ک شه‌ربه‌ت و کۆلا و ...تد.
ئه‌گه‌ر هه‌تاوه‌کوو ئێستا ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆر و توند له‌سه‌ر حکوومه‌ت بووبێت له هه‌موو بوارێکه‌وه، ئه‌وا ئێستا پێویسته ده‌ستخۆشییه‌کی زۆر له حکوومه‌ت بکرێت، که وێڕای نه‌بوونی کاپێسیتێتێکی زۆر له زۆر بواردا، به‌تایبه‌ت مێدیسن و ته‌کنیک، که‌چی حکوومه‌ت زۆر به به‌باشی هه‌تاوه‌کوو، ئێستا توانیویه‌تی پارێزگاریی له هاووڵاتییانی بکات و که‌متریین زیان به‌ر هاووڵاتییانی که‌وتووه. بهدڵنیایی هاووڵاتییان خۆشیان خۆیان باش پاراستووه. ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی، که باشووری کوردستان دراوسێی ئێرانه، که زۆرتریین زیانی به‌رکه‌وتووه. ئێران به سه‌دانجار زیاتر خاوه‌نی کاپێسیتێته له هه‌موو بوارێکه‌وه، که‌چی نه‌یتوانیوه هاووڵاتییانی بپارێزێت. من لێره‌وه ده‌ستخۆشییه‌کی زۆر له حكوومه‌ت ده‌که‌م، که توانای باشی نه‌ک به ته‌نیا پیشانی هاووڵاتییانی دا، به‌ڵکوو پیشانی جیهانیشی دا. ته‌ماشای وڵاتانی ئه‌وروپا بکه‌ن و له‌گه‌ڵ کوردستاندا به‌راوردی بکه‌ن، که ئه‌وان به‌و هه‌موو توانایه‌ی خۆیانه‌وه، نه‌یانتوانی وه‌ک کوردستان پارێزگاری له هاووڵاتییانیان بکه‌ن. ئیتالیا له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه، ئه‌ڵمانیا و پاشان دانمارک. ماوه‌ته‌وه له زاری لودڤیگ فۆیه‌رباخه‌وه بڵێم، که تۆ ئه‌وه‌یت، که ده‌یخۆیت. ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌کی ڕه‌وانه، چونکه مرۆڤ ئه‌وه‌یه، که ده‌یخوات، دروستخۆریت، ئه‌وا ته‌ندروست ده‌بیت، دروستخۆرنیت، ئه‌وا ته‌ندروست نابیت.