کۆرۆنای هەندێ لە پەرلەمانتارانی یەکێتی!

ئەگەرچی ڕەوشی ئێستەی هەرێمی کوردستان بە هۆی پەتای کۆڕۆنا، هاوشێوەی هەڵومەرجی جیهان، وا دەخوازێت کە هەموو لایەک کوردستانیانە و بەرپرسانە دوور لە ڕوانینی سیاسی و خۆویستیی حزبی، مل بدەنە بەر بەرپرسیاریەتیی پاراستنی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی، ببن بە ژێدەرێک بۆ پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێم لە چارەسەرکردنی ئەو کاودان و هەلومەرجانەی کە بەرۆکی حکوومەتی گرتووە، نەخاسمە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە گوایە خۆیان بە شەریکی بنەڕەتی دەزانن لە پێکهێنان و بڕیاردان لەو حکوومەتە؛ کەچی بەداخەوە، وەک پیشەی هەمیشەی جارانیان، هەندێ لە پەرلەمانتارانی یەکێتی (لەگەڵ حورمەتم بۆ ئەوانی تر) بە فیکەی تاقمێکی دەستڕویشتوو لەو حزبە قورمیش دراون و، جارێکی تر تووشی هێستریای سیاسی بووینە و، دەیانەوێ ئەزموونی فەشەلی جارانیان دووبارە کەنەوە، بە سیاسەتی "بە ڕۆژ لە دەسەڵاتم و بە شەو ئۆپۆزسیۆن" دەیانەوێ بە هەموو عەقڵی خۆیان خەڵک بە لارێدا ببەن، بێ ئاگا لەوەی کە خەڵک چۆن هۆشیاریی تەندروستیی بەرزە و دەزانێت چۆن خۆی لە پەتای (کۆرۆنا) بپارێزێت، ئاواش بەئەگایە لە پەتای (کۆرۆنای هەندێ لە پەرلەمانتارانی یەکێتی) کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەکەی بەناو ئەو پەرلەمانتارانە و هەندێ لە سەرانی تریەتی.

ئەو پەتا سیاسییە، دەیەوێ لە پەنای ڕەوشی دارایی و هەلومەرجی تەندروستیی ئێستەی هەرێم، فەشەلی ئیداری و حوکمڕانیەتی خۆجێی خۆیان، کە ساڵەهای ساڵە لە سلێمانی بوونی هەبووە، بە هێرشکردن بۆ سەر حکوومەت و خودی جەنابی سەرۆکی حکوومەت بشارنەوە، ئەگەر چی ئەو فەشەلەتان وەک مانگەشەو وایە، تەنانەت منداڵێکیش لە کوردستان بە منداڵیی خۆی دەیبینێت و درکی پێدەکات.
ئەرێ ئەو پەرلەمانتارانەی یەکێتی، شەقامی سەت مەتریتان، کە بودجەکەی خۆشتان نازانن چۆن ون بوو! بۆچی وای لێ هات؟ داهاتی سنووری باشماخ و پەروێزخانتان کە پارەکەی ناهێتەوە خەزینەی حکوومەت، ڕێژەی بێکاری و ناڕەزایی ڕۆژانەی خەڵک، نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی لە زۆر شوێن لەو زۆنە و، عەنتریاتی سیاسی و ڕێگریتان لە قووت و پێداویستیی خەلک لە گواستنەوەی غاز بۆ هەولێر، دهۆک، بۆچی تاقیب ناکەن؟ 
دانیشن بە عاقڵی، ماڵتان لە شووشەیە، بەرد مەهاوێژنە ماڵی خەڵکی!
ماشاڵەتان لێ بێت، ئەشهەدو لێهاتوون لە شارچیاتی و تێکدان و، هاتو هاوار و، لەباربردنی ئۆقرەی سیاسی و دەروونی مرۆڤ!
دەزانم چاوتان هەڵنایە بە لێهاتوویی و، کارامەیی حکوومەت لە ڕووی ئیداری، حوکمڕانیەت، ئیدارەی قەیرانەکان، هەروەک چۆن کونسوڵی ئەمریکا و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و یەکێتیی ئەورووپا شاهێدیان بۆ مێرخاسی و، دڵسۆزی جەنابی سەرۆکی حکوومەت دا.
دەزانم پێتان شەرمە پرس له قوباد تاڵەبانی بکەن لەبارەی هەموو پرسەکان، خەجاڵەت دەبن! چونکە پێتان دەڵێت سەرۆکی حکوومەت بێ جیاوازی لە بودجەی تەرخانکراو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، پشکی هەموو شار و شارۆچکەکانی بە دەربەندیخانەوە تەرخان کردووە، پێتان دەڵێت سەرۆکی حکوومەت بوو، بودجەی تەرخان کرد بۆ شەقامی سەد مەترییەکەی سلێمانی، ئەوە سەرۆکی حکوومەتە کە بەگەرمی لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵە تا بودجە و قووتی خەڵک دابین بکات.
هاووڵاتیان بەرامبەر بە پەتای کۆرۆنا و، کۆرۆنای ئەو پەرلەمانتارانەی یەکێتی خۆیان کەرەنتین دەکەن؛ هی یەکەم بۆ خۆپارێزیی تەندروستییە، هی دووەم بۆ خۆپارێزیی درۆودەلەسەی هەندێ لە پەرلەمانتاران و چەند کادرێکی یەکێتییە کە هەردووکیان زیانیان هەیە.
کوردستان هەمیشە ئاوەدان و، دوور لە پەتای کۆرۆنا و پەتای سیاسی.

*په‌رله‌مانتار