ژیان لەدوای ڤایرۆسی کۆرۆنا



گەر ئەم بابەت و بارودۆخەی تێیدا دەژین و ژیانی لە دەستەواژەیەک کۆکردووەتەوە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بکرایە فیلمێکی سینەمایی یان بابەتی رۆمان، خەڵک بە دوودڵی و سەرسامییەوە لێیان دەڕوانی و تا رێژەیەک دوورنەبوو نووسەر یان دەرهێنەرەکەشیان بە زیادەڕۆ پێناسە نەکردایە، بەڵام ڕوویدا و بەڕاستیش لە گڕتێبەربوونی پووش و پەڵاش دەچێت و هەر دەڕوا و لە کوێ زلە پووشێک مابێت پەرە بە ئاگرەکە دەدات. هەمووان هاواری خۆبەدوورگرتن و کەمکردنەوەی تێکەڵبوون و لەیەک نزیک نەبوونەوە و دەست نەدانی دەست و دەست شووشتن و ... هتد دەکەن. ئەمە شارێک و وڵاتێک ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو گۆی زەوی بە هەموو زمانەکان، هەمان رێنماییان هەیە و بەردەوام هاواری بۆ دەکەن.

ژیان بەرەو وەستان دەڕوات، گەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەم ڤایرۆسە، هەژار و دەوڵەمەند ناناسێت، تەمەن ناخوێنێتەوە. ئەو وڵاتانە کەمترین زیانیان پێگەیشتووە، کە لەسەرەتاوە درکیان بە مەترسییە گەورەکە کرد و دەستیان بە خۆپاراستن کرد، هەرێمی کوردستان دەتوانرێت بە یەکێک لەو وڵاتانە هەژمار بکرێت، کە بچووکترین حکوومەتی سەر ئەم گۆی زەوییە و گەورەترین رێوشوێنی بەرگری لە ڤایرۆسەکە گرتە بەر و ئەنجامەکەشی لە چاو و وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئیتالیا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئەمەریکا، زۆر کەمترە و دەبینرێت. لەکاتێکدا ئەو وڵاتانە سنووریان بە وڵاتانی وەک چین و ئێرانیشەوە نییە.

ئەوەی روودەدات جارێ کەس ناتوانێت پێشبینیی کۆتاییەکەی بکات، بەهەر شێوەیەک بێت و هەرکاتێک بێت، دەبێت کۆتایی بێت، بەڵام ژیان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت؟ ئابووریی وڵاتان و جیهان چ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا دێت؟ کێشەی مووچە و دەوام نەکردن و گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی و گەشت و گوزار و سەفەرکردن، بەخۆداچوونەوەی کۆمپانیا گەورەکان و بواری وەرزش و هەموو ئەو زیایانانەی کەوتوونەتەوە، ئەم کێشانە هەندەی ڤایرۆسەکە زیان لە بەرژەوەندیی تاکە کەس و گشتی دەدات، کەسیش ناتوانێت وەک کۆتایی هاتنی ڤایرۆسەکە پێشبینی بکات چی بەسەر دێت.

ئەوەی ئێستە دەتوانرێت پرسیاری لەسەر بکرێت، ئایا وەک چینییەکانمان لێدێت و دەست دانە دەستی یەکتر (تەوقەکردن) نامێنێت؟ ئایا دەست شووشتن بەو رێژەیەی ئێستە هەیە دەشۆرێت و رێنماییەکان بەردەوام دەبن؟ فێر دەبین بە ڕووی یەکودوودا نەکۆکین و نەپژمین؟ ئەو کۆمەڵ بەستن و بەیەکەوە نووساوییەی پێشتر لە ریزبەستن و کۆبوونەوە دەمێنێت، یان بەردەوام دەبین لە دانانی دووریی گەر مەرتێکیش نەبێت؟ پرسیار زۆرن، بەڵام ئەوەی بەدڵنیاییەوە بەردەوام نابێت، چۆڵکردنی رەفەی سوپەرمارکێتەکان و هامستەرس ئاسا کۆکردنەوەی هەموو بەرهەمێکی وشکە و هەڵگرتنیەتی.