چەند ڕاستییەک

لەسەر ئەو کەسەی لە هەولێر تووشی کۆڕۆنا بووە حەزم کرد چەند ڕاستییەک بخەماڕوو,کە دووپاتی هەموو ئەو ڕێکار و ڕێنماییانە دەکاتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەمێکە دەریکردوون.


ئەو گەنجە تووشبووە بە قاچاغ لە ئێران هاتۆتەوە، بزانە بەهۆی ئەو هەڵەیە چ کارەساتێکی دروستکردووە، خەڵکی سێبیران مەترسییان لەسەرە و کەرەنتینە کراون، خانەوادە و خزم وهاوڕێکانی کەوتونەتە دڵەڕاوکێ ،لێرەدا مەترسی ئەو کەسانە دەردەکەوێ کە لە بە قاچاغ هاتوونەتەوە کە سەرەتا ڕاگەیاندرا زیاتر لە 500کەس بوونە، پێویستە ئەوەی بە قاچاغ هاتۆتەوە دەستبەجێ بچێ پشکنین بکا و خۆی ئاشکرا بکا، بۆ ئەوەی خێزانەکەی کەسووکار و ناوچه و شار و وڵاتەکەی دووربێ لەو پەتایە.


لەسەرێکی تر کاتێک حکوومەت دەڵێ نابێ کۆبونەوەی پرسە و ئاهەنگ ڕێک بخرێ، ئەوە بۆ سەلامەتی خەڵکە، ئەو گەنجە تووشبوەی هەولێر بەشداری ئاهەنگێکی بوک گواستنەوەشی کردووە، بەداخەوە ئێستا هەموویان بەهۆی ئەو کەسە لە مەترسین.


هاوڕێیەکی ئەو کەسە دوای ڕووداوەکە گوتوویەتی "گاڵتەمان بە کۆڕۆنا دەهات، ئێستا دەزانین چەند مەترسیدارە". ئەو کەسە ئەو قسەیەی بۆ تیمەکانی تەندروستی کردووە. ئەو شاهێدی دانە ئەوەمان بۆ دەردەخات، ئەوەی گاڵتە بە کۆڕۆنا بکات و ڕێکار و ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکات، ئەوە بە جدی لە مەترسیدایە و درکی بەو مەترسییە نەکردووە، بۆیە ئەو چەند ڕۆژانەی لە پێشمانە بۆ هەموومان یەکلاکەرەوەیە دەبێت لە ماڵەوە بین و تێکەڵی هیچ کەسێک نەبین، بۆ ئەوەی دواجار لەو مەترسیانەی بەهۆی ئەو ڤایرۆسە هاتوونەتە پێش کوردستانمان بپارێزین.


ئەرکی هەموومانە لە هەر شوێنێک گومانلێکراوێک هەبێ، یان به قاجاغ هاتبێتەوە دەستبەجێ هاوکاری تیمەکانی تەندروستی و حکوومەت بکەین، ئێستا هەموومان لەبەردەم بەرپرسیاریەتیەکی مێژوویی داین، هاو وڵاتیان و حکوومەت پێکەوە دەبێ ئەو ئەرکانە جێبەجی بکەن، ئەگەر وانەکەین هەموومان لە ژێر مەترسیدایین.