راگەیاندن و کۆرۆنا

 

لە یەکی مانگی ئاداری ئەمساڵ لەگەڵ ئاشکراکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوو بە کۆرۆنا لە کوردستان ترسێکی گەورە کەوتە ناو هەموو ماڵێکەوە، دوابەدوای ئەمەش خەڵکەکە تا ڕادەیەکی باش پابەندبوون بەو رێنماییانەی کە وەزارەتی تەندروستی لەوکاتدا دەری کردبوو، هەروەها پابەندییەکی باش هەبوو بە مانەوەیان لە ماڵەکانیان کە ئەمە جێگەی دڵخۆشی هەموو لایەک بوو، بەڵام ئەم دڵخۆشییە زۆری نەخایاند، بەهۆی ئەوەی راگەیاند بەگشتی کارێکی وای کرد بە بیانووی ئەوەی ترس دەبێتە هۆی دابەزاندنی بەرگری لەشی مرۆڤ و پێویستە خەڵەکە نەترسن و ئازایانە ڕووبەڕووی پەتای کۆرۆنا ببنەوە، بگرە تا نووسینی ئەم چەند دێرەش راگەیاندەکان بەتایبەت لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان ئامۆژگاری خەڵک دەکەن و بەردەوام گوێیەکانمان پڕ دەکەن لەو ڕستەیە کە دەڵێت ”ئەو پەتایە بەو جۆرە ترسناک نییە کە باس دەکرێ، هەروەها شیکردنەوەکان دەریدەخەن مرۆڤ لە بنەچەدا لە کۆرۆنا بەهێزترە، کەواتە با خۆمان نەترسێنین“.

 

ئەو کات من لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی رۆژنامەنووسم باسی ئەو بابەتەم کرد کە ئەم کارەی راگەیاندن دەیکات هەڵەیەکی گەورە و ترسناکە، لەبەرئەوەی بەشێکی خەڵک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نیمچە نەخوێندەوارن و هەمیشە لەناو ئەو جۆرە کەسانەدا ناکرێت یاسا بەشێوەی لێکتێگەیشتن و هاندان جێبەجێ بکرێت، بەڵکو پێویستە لە سەرەتادا زانیاریی ڕاست و دروستی نەخۆشییەکە بەخەڵک بدرێت و پاشان لێکەوتەکانی پەتاکە وەک خۆی بەخەڵک بناسێنرێت، بۆ ئەوەی حکوومەت هەوڵ بدات بەهۆی مەترسیی ڕاستەقینەی پەتاکەوە هانی خەڵک بدات لەماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە و پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بن، هەتا ئەگەر پێویست بکرێت لە کاتی سەرپێچی لە رێنماییەکان، سزای قورس ڕووبەڕووی سەرپێچیکەران بکرێتەوە و وەک تاوانبار مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، وەک ئەوەی لە (چین) بینیمان حکوومەت هاتنە دەرەوەی هاووڵاتی لە ماڵەکانیان بە تاوانی گەورە هەژمار دەکرد، تەنانەت لە هەندێ شوێن دەرگای ماڵەکان بە لەحیم دادەخران بۆ ئەوەی رێگە لە هاتنە دەرەوەیان بگیرێت و پۆلیس لە هەموو کۆڵانێک بوونی هەبوو.

 

لە وڵاتانی ئەورووپا بەهۆی کەمتەرخەمی حکوومەت بەرامبەر بە رێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە وڵات تووشی کارەساتێکی مرۆیی وا بووە بەداخەوە کات نەماوە بۆ ئەوەی بەری لێ بگیرێت و خەریکە لەوێ ژیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دروستبوونی مرۆڤایەتی. خۆشبەختانە لە وڵاتی ئێمە حکوومەت هەموو رێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گرتووەتە بەر و تا ئێستا قۆناغێکی باش لە ڕووبەڕووبوونەوەکە بڕیوە، بەڵام وابڕوات کە بەو جۆرەی هەیە ئەو شێوازەی مامەڵەکردنی راگەیاندن دەیکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە بەرەو لێواری مەترسی کارەساتی گەورە دەڕۆین، بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی باشی تەندروستی لە وڵاتەکەمان خوانەخواستە لەوانەیە ئێمەش بەدەردی وڵاتانی ئەوروپا بچین. ئەمە جگە لە راگەیاندن، فاکتەرێکی دیکە هەیە ئەویش ئاسانکاری لە شێوازی قەدەغەکردنی هاتووچۆ کە مەبەست تێیدا دەستەبەرکردنی هاووڵاتیانە بۆ خواردن و خواردەمەنییەکان لە گەڕەکەکان، کە بە داخەوە بینرا خەڵکانێک ئەو رێگەپێدان و ئاسانکارییە بۆ مەبەستی سەردان و دانیشتن لە کۆڵانەکان بەکاری دەهێنن، کە ئەمە خۆی شەرعییەتپێدانە بە تێکەڵاوبوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە بۆ نێو ماڵەکانمان.

 

لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێم، ئەگەرچی درەنگە، بەڵام لە کوردستان تا ئێستاش کات لەبەردەمماندا ماوە و پێویستە هاووڵاتیان لە ماڵەکانیان بمێننەوە تا ئەو کاتەی کۆتایی بەو بەڵایەی مرۆڤایەتی دێت، هەروەها چاوەڕوانی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا تا بتوانرێ بەم هۆیەوە رێگریی بکرێت لە چوونی کوردستان بۆ ناو بازنەی سووری کۆرۆنا، ئەگینا بەداخەوە کون دەکەوێتە ژێر ئەو بەلەمەی کە هەموومانی تێدایە و پێی دەڵێن کوردستان.