له‌یادی كۆچى دوایی بارزانی نه‌مردا.. سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌و نووسینه‌وه‌ی مێژوومان

 

بیرمكرده‌وه‌ كه‌ له‌بیره‌وه‌ری مه‌لامسته‌فا بارزانی نه‌مردا شتێك بنووسم جیاواز بێ له‌و نووسینانه‌ی، لانی كه‌م ئه‌مساڵ له‌باره‌یه‌وه‌ ئه‌نووسرێن. بۆیه‌ بڕیارمدا ووتارێكی كورت بنووسم سه‌باره‌ت به‌و كه‌لێنه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ له‌خوێندنه‌وه‌ و نووسینه‌وه‌ و تۆماری سه‌د ساڵی ڕابردووی ڕووداو و شۆڕش ڕه‌وته‌ فیكری و سیاسیه‌كانی كوردستانى باشووردا هه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌دوا كتێبمدا (هه‌ڵاتن له‌سه‌ربه‌خۆیی) له‌پاڵ، یاخود له‌گه‌ڵ ئه‌و تێزانه‌ی له‌مه‌ڕ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا خستوومنه‌ته‌ڕوو، خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌شم بۆ ئه‌م مێژووه‌ كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نیا ده‌سپێكێكی خاكه‌ڕاییانه‌ بوو، كه‌ ئه‌بێ خه‌ڵكانیتر و منیش له‌گه‌ڵیاندا پتر له‌سه‌ری بدوێین، كه‌ ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌ ووتاره‌م جێی ئه‌وه‌ی تیانابێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ ئه‌بێ ببێته‌ پڕۆژه‌یه‌كی كه‌سه‌كان و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان. به‌ڵام كه‌ یاده‌وه‌ری بارزانی نه‌مر هانیدام شتێك له‌باره‌ی بنووسم، مكوڕبوونێكی هاوڕێی نووسه‌رر و وه‌رگێڕ (شه‌فیقی حاجی خدر)م كه‌وته‌وه‌بیر كه‌ دوای وه‌رگێڕان وچاپكردنی كتێبه‌كه‌ی (بریان ڕۆبه‌رت گیبسن)كه‌ وه‌رگێڕ ناوی ناوه‌ (ئه‌رێ كورد بوونه‌ به‌رده‌باز؟!) كه‌ كتێبێكی قه‌به‌یه‌و هاوكات پڕه‌ له‌زانیاری و به‌ڵگه‌ی تازه‌ (لانی کەم بۆ من)، هه‌روه‌ها به‌ ڕه‌زامه‌ندیی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌، وه‌رگێڕ سێ پاشكۆی خستۆته‌سه‌ر، كه‌ یه‌كێكیان به‌شێكه‌ له‌كتێبێكی كیسنجه‌ری سیاسه‌توان و بیریاری دیار و به‌توانای ئه‌مریكایی، كه‌ به‌ناوی (ساڵه‌كانی نۆژه‌نبوونه‌وه‌)یه‌، كاك شه‌فیق زۆر هانیدام كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌جێ وه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌م نییه‌، ئه‌وا هه‌ر ئه‌بێ به‌ خێرایی ئه‌و پاشكۆیه‌ بخوێنمه‌وه‌ كه‌ له‌كتێبه‌ ئاماژه‌پێدراوه‌كه‌ی كیسنجه‌ره‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و وه‌رگێڕدراوه‌. به‌قسه‌ی وه‌رگێڕم كردوو زوو به‌زوو پاشكۆكه‌م خوێنده‌وه‌. به‌ڕاستی مكوڕبوون و هاندانه‌كه‌ی له‌جێی خۆی بوو. كسینجه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی له‌كتێبه‌ ئاماژه‌پێدراوه‌كه‌یدا پڕ له‌زانیاری نوێی به‌ڵگه‌دار و تایبه‌تیش بوو به‌ گرنگترین قۆناخی شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زن (1974 تا 1975).


خوێنه‌رێك گه‌ر (وه‌ك من) ته‌نیا ئه‌و به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌ی كیسنجه‌ر بخوێنێته‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ له‌وه‌ ئه‌گا كه‌ كسینجه‌ر ئه‌ستۆپاكی و پاكانه‌یه‌كه‌ به‌رامبه‌ر مێژوو و به‌رامبه‌ر كورد ئه‌یكا و ڕوونی ئه‌كاته‌وه‌، كه‌ تاوانی پشتكردنه‌ مه‌لامسته‌فای نه‌مر و شۆڕشی ئه‌یلول له‌ئه‌ستۆی ئه‌و(كیسنجه‌ر)دا نه‌بووه‌ و ئه‌گه‌ر كێماسیه‌كیش له‌حكومه‌تی ئه‌وسای ئه‌مریكادا هه‌بووبێ ئه‌وا هی به‌شێك له‌كۆنگرێسمانه‌كان و سه‌رۆكی ئه‌وسای ده‌زگای (سی ئای ئه‌ی) و هه‌روه‌ها كاریگه‌رییه‌كانی شكستی ئه‌مریكا بووه‌ له‌جه‌نگی هیندی چینیدا.


كسینجه‌ر له‌ده‌ستپێكی به‌شه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌ی بۆ كوردی، یه‌كه‌م په‌ره‌گرافی به‌ ڕسته‌یه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێشی ئه‌فسانه‌یی ده‌ست پێ ئه‌كا و نووسیویه‌تى: (خواوه‌نده‌كان له‌به‌هاری 1975دا به‌ ڕووی دۆسته‌كانی ئه‌مریكادا پێنه‌كه‌نین....) ، په‌ره‌گرافه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ته‌واو ئه‌كا: (له‌و كاته‌ی كه‌ كۆنگرێس بۆ ژێر نیری كۆمۆنیستی ده‌ستبه‌رداری خه‌ڵكی هیندۆچینی بوو، شای ئێرانیش كورده‌كانی عێراقی بێ به‌رگری بۆ ڕژێمی ڕادیكاڵی به‌غدا جێهێشت، ........). كسینجه‌ر له‌و به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌یدا زۆر به‌رگری له‌خۆی ئه‌كاو مشتومڕه‌ ناوخۆییه‌كانی ئیداره‌ی ئه‌مریكا و (سی ئای ئه‌ی) ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌گێڕێته‌وه‌، له‌و میانه‌دا چه‌ندین شتی زۆر جێی سه‌رنج باس ئه‌كا، كه‌ باشتر وایه‌ خوێنه‌ران خۆیان بیخوێننه‌وه‌. قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌رگرینامه‌یه‌ی كسینجه‌ر به‌ دانانه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕستانه‌ى كۆتایی پێدێنم: (كاتێكیش هه‌موو شتێك ته‌واو بوو، پاڵه‌وانه‌كانی ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕابردوو، به‌ توندی په‌لاماری ئیداره‌ی فۆرد -منیش به‌تایبه‌تی- یاندا به‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری كورد بووین. به‌ڵام خۆ شا بڕیاره‌كه‌ى دابوو، ئێمه‌ش نه‌به‌ڵگه‌ و به‌ندێكی شایسته‌ و نه‌ ستراتیژیێكیشمان هه‌بوو تا له‌بڕیاره‌كه‌ی پاشگه‌ز بكه‌ینه‌وه‌....)،(كۆنگرێس حاشای له‌هاوپه‌یمانه‌كان ده‌كرد، كه‌ چه‌قۆیان له‌سه‌ر مل بوو!......)، (ئیتر ده‌بووایه‌ من به‌رگه‌ی گه‌واهیدانی به‌كۆیله‌كردنی گه‌لێكی دۆست بگرم). (سه‌ختانگی كورده‌كان خه‌مگینانه‌ كۆتاییهات -سه‌ختانگ لای وه‌رگێڕ به‌ مانای قه‌یران به‌كارهاتووه‌ - ئازاد ).


له‌لایه‌كی تره‌وه‌ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ (رۆبه‌رت گیبسن) له‌ لاپه‌ڕه‌ ( 440 وه‌رگێڕدراوه‌كه‌دا) به‌ ڕوونی ئه‌وه‌ ئه‌نووسێ كه‌ بارزانی له‌ شوباتی 1975دا داوا و پێشنیار له‌شاى ئێران و له‌ئه‌مریكاش ئه‌كا، كه‌ وه‌كو قوبرس باشوورى كوردستانیش سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕابگه‌یه‌نێ. ئه‌و زانیارییه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كیتر له‌(به‌رگرینامه‌)كه‌ی كسینجه‌ریشدا هاتووه‌ كاتێ باس له‌دوو ئه‌گه‌ری ستراتیژی بارزانی ئه‌كا، كه‌ له‌یه‌كێكیاندا، وه‌ك كسینجه‌ر ئه‌یگێڕێته‌وه‌ بارزانی داوای بودجه‌یه‌كی به‌رچاو ئه‌كاو كسینجه‌ر وا ئه‌گێڕێته‌وه‌: (360 ملیۆن دۆلاریش بۆ دامه‌زراندنی ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوی لێنابوو پاشخانێكی "گونجاو" بۆ سه‌ربه‌خۆیی).


لێره‌وه‌ ئیتر كتێبه‌كه‌ و گێڕانه‌وه‌كانی كسینجه‌ر جێدێڵم و زۆر به‌ كورتی ئه‌چمه‌ سه‌ر باسێك كه‌ به‌بۆچوونی من زۆرگرنگه‌، ئه‌ویش بانگه‌وازه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌توانن سه‌رله‌نوێ به‌ ئامراز و لێوه‌شاوه‌یی شایسته‌، سه‌رله‌نوێ مێژووی سه‌دساڵی ڕابردووی كوردستان له‌هه‌موو به‌ش و پارچه‌كانیدا له‌به‌ر ڕۆشنایی به‌ڵگه‌نامه‌كانی جاران (ئیمپراتۆرییه‌ته‌كانی داگیركه‌ری كوردستان) و ئێستا (ده‌وڵه‌ته‌كانی نه‌ته‌وه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان) و به‌ڵگه‌نامه‌ی وڵاتانی گه‌وره‌ی تری دنیا بخوێنینه‌وه‌، تا ببینه‌وه‌ به‌ خاوه‌نی ڕاستیه‌ مێژووییه‌كان. هاوكات بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌، كه‌ زۆر گرنگ و شایسته‌و پێویست و به‌ڕای من به‌ په‌له‌شه‌، ئه‌بێ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌ له‌و مێژوو و تۆمارانه‌ بده‌ینه‌وه‌ ، كه‌ كورد خۆی چ وه‌ك ئه‌وانه‌ی تا ئێستا سه‌رقاڵی تۆماركردنی مێژوو بوون، وه‌ك نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌و ووتارنووسین و بیره‌وه‌ری و یادداشت نووسینه‌وه‌، چ ئه‌و مێژوو داتاشینانه‌ش كه‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌می شێخ مه‌حمودی نه‌مره‌وه‌ تا ئه‌مڕۆش، مێژوویه‌كیان بۆ نه‌وه‌كان جێهێشتووه‌، كه‌ له‌ژێر هه‌ژموون و دیماگۆكیه‌تی پێداویستیه‌كانی ململانێ و ڕكابه‌ری نێوخۆیی ڕه‌وته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاینی، سیاسی، حزبی، ئایدۆلۆژی و كه‌لتووری دایه‌. كاتێ ئه‌و كتێبه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ی كاك شه‌فیقم خوێنده‌وه‌ سه‌رم سووڕما له‌وه‌ی، كه‌ بینیم چ غه‌درێكی گه‌وره‌ له‌شۆڕشی ئه‌یلول و له‌ڕێبه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر كراوه‌. تێگه‌یشتم، كه‌ بیری ئایدۆلۆژی، كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ململانێی حزبی و دواجار نووسینه‌وه‌ی مێژووه‌كه‌مان له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕكابه‌ری سیاسی و میتۆده‌كانی سه‌قه‌تی توێژینه‌وه‌و له‌مه‌نگه‌نه‌دانی ڕووداوه‌كان و ئاراسته‌كانیان و كه‌سایه‌تییه‌كان و ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پڕاوپڕكراوه‌ له‌ كینه‌و ڕق و تۆڵه‌ستاندن، كه‌ تا ئێستاش (به‌ گووتاری جیاوازی فیكری و فه‌لسه‌فی و مه‌عریفی جیاوازه‌وه‌) له‌ناو به‌شێك له‌وانه‌ی به‌ ڕووناكبیری ئه‌كادیمی و نا ئه‌كادیمی ئه‌ناسرێن، به‌رده‌وامه‌ و به‌ تارایتر داپۆشراون.


سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌دارانه‌ی مێژوومان به‌ تایبه‌ت مێژووی نوێمان، به‌ر له‌هه‌موو شتێك بوێریێكی فۆكۆیامانه‌ی گه‌ره‌كه‌. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌نجامدانی به‌خۆداچوونه‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی مێژوو و فیكری خود و ڕه‌خنه‌ له‌خۆگرتن و ڕاستكردنه‌وه‌ی تێز و تیۆر و میتۆده‌كان و تێپه‌ڕاندن و له‌پشته‌وه‌ به‌جێهشتنی (خود)ی چه‌واشه‌. من ئه‌مه‌ په‌یڕه‌و ئه‌كه‌م و ئه‌كرێ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێوشوێنه‌ش له‌نێوانماندا بیروڕاگۆڕینه‌وه‌و مشتومڕێكی قووڵ و به‌رده‌وام و شارستانییانه‌ی جوانمان هه‌بێ، چاوه‌ڕێم.