بەسەر کردنەوەی کوردەکانی ئەرمینیا لەلایەن بارزانییەوە

یەكێتیی سۆڤیەت شاندێکی پێكهێنا تا هاوسەفەری بن

سەرکردەی هەر درەوشاوەی مێژووی رزگاریخوازی کورد و کوردستان، مەلا مستەفا بارزانی دوای رووخانی كۆماری کوردستان لە مەهابادی رۆژهەڵات، بە رێڕۆیشتنێکی میژوویی و خۆی و ژمارەیەک لە پێشمەرگە و یاوەرانی روویان كردە یەكێتیی سۆڤیەتی جاران، پاش پتر لە 10 ساڵ مانەوە لەوە وڵاتە، لەگەڵ گۆرانکارییە سیاسییەکانی ئەودەمی عێراق و لەسەر داوای عەبدولکەریم قاسم، بڕیاری گەڕانەوەی دا، به‌ر له‌ هاتنه‌وه‌ی، بڕیاری دا‌ سەرجەم كوردانی نیشته‌جێی سنووری ئه‌رمینیا به‌سه‌ر بكاته‌وه‌ و هاوكارییان بكات، كە ئەوكات بەشێك بوو لە سنووری یەكێتیی سۆڤیەت. ساڵی 1958 له‌ناو گونده‌ كورده‌كانی ئه‌رمینیا ده‌نگۆ بڵاو ‌بووه‌وه‌، كه‌ ژه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی سه‌ردانی برا كورده‌كانی ده‌كات، ئه‌م هه‌واڵه‌ بووە جێگای مشتومڕی خه‌ڵكه‌كه‌، كه‌ ئایا بارزانی دێت یان نا؟ گەلێک پێیان وابوو هه‌واڵه‌كه‌ راست نییه‌ و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ ناڕه‌خسێت بارزانی ببینن، ئه‌م هه‌واڵه‌ چه‌ند رۆژێك له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌ جێگای باس بوو، ئەوان‌ ناوبانگی بارزانییان وه‌ك سه‌رۆكی كوردان و سه‌رله‌شكری كۆماری كوردستان بیستبوو، بۆیه‌ تامه‌زرۆی بینینی بوون. جگه‌ له‌وه‌ش، بارزانی دیارترین سیاسیی كورد بووه‌ له‌ عێراق، كه‌ خه‌ڵكی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت به‌ ته‌واوی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانه‌وه‌ ده‌یانزانی بارزانی كێيه‌ و بۆچی له‌ سۆڤیه‌ت ماوه‌ته‌وه‌.


دوای چه‌ند رۆژێك، مسته‌فا بارزانی، به‌ یاوه‌ریی شاندێكی گه‌وره‌ی حکوومەتی ئه‌وكاتی ئه‌رمینیا و یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، گه‌یشته‌ گونده‌ كورده‌كانی ناوچەی ئەلەگەزە، خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ كورد و ئه‌رمه‌نه‌وه‌ له‌ پێشوازییدا‌ بوون‌، وه‌ك نه‌ریتێكی كورده‌واریش بۆ پێشوازیكردن، به‌شێكی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ بڕیاریان دابوو، مه‌ڕ و ماڵاته‌كانیان له‌ پێشوازیدا بکەنە قوربانی، به‌ڵام وه‌ك موختاری ئه‌وكاتی گوندی جه‌رجه‌ریز،‌ كه‌ هاووڵاتییه‌كی ئه‌رمه‌نی بوو، به‌ ناوی كیجانی لیڤۆن، دەڵێت: “بارزانی نەیهێشت ئەم كارە بكرێت”.


حكوومەتی سوڤیەتی جاران، شاندێكی سیاسی و ئیداریی پێكهێنابوو، بۆ ئەوەی لە بەسەركردنەوەی ناوچە كوردنیشنەكان، هاوسەفەری بارزانیی نەمر بن، ئەو شاندە پێكهاتبوو لە هه‌ر یه‌كه‌ له‌ نادر مه‌خمدۆف، جێگری وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی ئه‌رمینیا، سه‌مه‌ند سیامه‌ندۆف، جێگری وه‌زیری دارایی ئه‌رمینیا بۆ په‌ره‌پێدانی گونده‌كان و یه‌كێك بوو‌ له‌ شاعیر و نووسه‌ره‌ باشه‌كانی ئه‌وكات، كه‌ خاوه‌نی شاكاری خه‌ج و سیامه‌نده‌، سیامه‌ندۆف قاره‌مانی یه‌كه‌می سۆڤیه‌ت بوو له‌ شه‌ڕكردن دژی فاشیزم، هه‌روه‌ها خالد چه‌تۆ، سه‌رۆكی ناوه‌ندی كۆمه‌نیستی، له‌گه‌ڵ چه‌ندین جێگر وه‌زیر و رۆژنامه‌وان و چه‌ندین كاربه‌ده‌ستی باڵای ئه‌رمینیا و یەكێتیی سۆڤیەتی جاران. ئەم سەردانەی بارزانی، سەردانێكی ئاسایی نەبووە بۆ ناو كوردەكان، کە تەنیا بۆ ئەوەی دیداریان لەگەڵدا بكات، بەڵكوو بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و گرنگیدانی زیاتری حكوومەت بووە بە كوردەكان.