رێككه‌وتنی سه‌ده‌ به‌ تێڕوانینی بارزانی

وه‌سفكردنی رێككه‌وتنی سه‌ده‌ له‌لایه‌ن بارزانییه‌وه‌، واقیعیترین وه‌سف بووه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی جیهانه‌وه‌ كراوه‌، چونكه‌ دوور بوو له‌ هه‌موو موزایەده‌ و به‌كارهێنانێك بۆ به‌رژوه‌ندی و مه‌به‌ستی تایبه‌تی، پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه‌ كه‌ له‌ گۆشه‌ی به‌رژوه‌ندیی خۆیانەوە وه‌سفیان كردووه‌، نه‌ك به‌رژوه‌ندیی فه‌له‌ستینی و ئیسرائییله‌كان، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ شتێكی ئاسایی بێت، چونكه‌ گه‌لی كورد و بارزانی له‌ هه‌موو لایه‌كی دیكه‌ باشتر له‌ لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕ و نرخی ئازادی ده‌زانن. 

رێككه‌وتنی سه‌ده‌ پێش راگه‌یاندنی و دوای راگه‌یاندنی بووه‌ ئامرازێكی موزایەده‌كردن به‌سه‌ر گه‌لی فه‌له‌ستینەوە، ئه‌وانه‌ی بازرگانی به‌ چارەنووسی گه‌لی فه‌له‌ستینه‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌رگیز پێیان خۆش نییه‌ كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر بێت، چونكه‌ ده‌زانن بازاڕێكیان نامێنێ بۆ ساغكردنه‌وه‌ قسه‌ بێ بنه‌ماكانیان له‌باره‌ی ماف و ئازادییه‌كان، ئاشتی و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها بیانوویه‌كیان نامێنێ بۆ ده‌ستوەردان له‌ كاروباری گه‌لی عه‌ره‌ب كه‌ ماوه‌ی ٧٠ ساڵه‌ به‌ده‌ست ئه‌م كێشه‌یه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ، گه‌لی عه‌ره‌ب بڕیاری خۆی داوه‌ كه‌ پشتگیری له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوانیان و ئیسرائیل بكه‌ن، كه‌ ئه‌وان باشتر له‌ موزایەدەچییه‌كان له‌ به‌رقراركردنی ئاشتی تێده‌گه‌ن.
ئه‌وانه‌ی دژی رێككه‌وتنی سه‌ده‌ وه‌ستانه‌وه‌، به‌هێزترین په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌یه‌، به‌شێكیانیش ناوێرن بە دەستی خۆیان گوله‌ی ده‌مانچه‌یه‌كیش بە ئاراستەی ئیسرائلی بته‌قێننن، لە کاتێکدا‌ ئیسرائیل به‌ مووشه‌ك و فڕۆكه‌ له‌ به‌رژوه‌ندی و نوێنه‌ر و خودی خۆشیان ده‌دات، ئەوان به‌ خوێنی رۆڵه‌كانی فه‌له‌ستین دژی ئیسرائیل شه‌ڕ ده‌كه‌ن. فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌بێ له‌ په‌یامی بارزانی تێبگه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان دوژمنێكیان هه‌بێت ئێمه‌ چوار دوژمنان هه‌بووه‌، گه‌ر جارێك خاكیان داگیر كرابێ ده‌یان جار خاكمان داگیر كراوه‌، گه‌ر ئه‌وان سه‌دان دۆست و برایان هه‌بێت، ئێمه‌ زۆربه‌ی جار بێ دۆست بووینه‌ و به‌ درێژایی مێژوو خیانه‌تمان لێ كراوه‌، ئێمه‌ گه‌ر باشتر له‌وان نه‌بێ وه‌كوو ئه‌وان نرخی ئاشتی ده‌زانین، ئاشتییه‌ك كه‌ خۆشگوزه‌رانی و پێشكه‌وتنی له‌گه‌ڵدایه‌، ئێمه‌ داوای ئاشتی و ئازادییمان كردووه‌ بێ هیچ به‌رامبه‌رێك، به‌ڵام هه‌موو كات وه‌ڵامی ئێمه‌ نه‌ك به‌ پرۆژه‌ی ئاشتی نەدراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكوو به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و هێرش و قڕكردن وه‌ڵاممان دراوه‌ته‌وه‌، ده‌ستی ئاشتیمان بۆ هه‌موو كه‌سێك ته‌نانه‌ت دوژمنه‌كانمانیش درێژ كردووه‌، سه‌ركه‌وتن و بردنه‌وه‌ و خۆشگوزه‌رانی به‌ دروشمی باق و بریق موزایەدە و ره‌تكردنه‌وه‌ به‌دی ناهێ.
بارزانی له‌ وه‌سفكردنی ئیسرائیل ئه‌و راستییه‌ی دركاند كه‌ گه‌لی عه‌ره‌بیش له‌مێژه‌وه‌ هه‌ستی پێده‌كات به‌ڵام ناتوانن بیدركێنن، ئیسرائیل ئه‌مڕۆ خاڵی هاوبه‌شی نێوان ته‌واوی جه‌مسه‌ره‌كانی جیهانه‌، كه‌س ناتوانێ ئیسرائیل له‌سه‌ر نه‌خشه‌ بسڕێته‌وه‌، ته‌نها به‌ دروشم نه‌بێت​! بۆیە ئیتر گه‌لی عه‌ره‌ب و فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌بێ هه‌بوونی ئیسرائیل وه‌كوو خاڵێكی به‌هێزیان به‌رامبه‌ر دوژمنه‌ گه‌وره‌كانیان ببینن، نه‌ك وه‌كوو بیانوویه‌ك بیده‌نه‌ ده‌ست دوژمنه‌ مێژووییه‌كانیان.
بارزانی خاوه‌ن ده‌یان پرۆژه‌ی ئاشتییه‌، جا پرۆژەکانی قبووڵ کرابن یان نا، ئەو تا ئێستاش باوه‌ڕی به‌ ئاشتی پتەوە‌ و هەمیشە دیالۆگ و ئاشتی پێش شەڕ دەخات بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، بارزانی كه‌ كه‌ ده‌یان شه‌ڕ و جه‌نگی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ به‌رامبه‌ر ده‌نگی ئاشتیخوازه‌كه‌ی، له‌ هه‌موو شه‌ڕه‌كانیش به‌سه‌ركه‌وتوویی لێی ده‌رچووه‌، له‌ كۆتاییشدا له‌ دوژمنه‌كانی خۆش بووه‌، هه‌ر گیزیش بیری له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ نه‌كردووەتەوە‌، بۆیە ناتوانێ وه‌سفێكی ناواقیعیی پرۆژه‌یه‌كی ئاشتی بكات، ناتوانێ موزایەده‌ به‌سه‌ر مافی گه‌لێك له‌سه‌ر حسابی گه‌لێكی دیكه‌وه‌ بكات، له‌ كاتێكدا زۆری تێنه‌په‌ریوه‌ به‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی فه‌له‌ستین بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ سه‌رۆكایەتی بارزانی، كه‌چی بارزانی بە پێچه‌وانه‌وه،‌ خوازیاری ژیانێكی ئازاد و خۆشگوزه‌رانییه‌ بۆ گه‌لی فه‌له‌ستین، ئه‌وه‌ی وه‌كوو بارزانی له‌ ئاشتی تێبگات، بێگومان هیواخوازی ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی ده‌بێت بۆ ته‌واوی گه‌لانی دیكه‌.
جیهان شه‌رمەزاری هه‌ڵوێسته‌كه‌ی بارزانییه‌، چونكه‌ هه‌موو كات داوای ئاشتی بۆ گه‌له‌كه‌ی ده‌كات و گولانی جیهان دەکات، پشتگیریی هه‌موو هه‌وڵێكی ئاشتی ده‌كات، له‌ كاتێكدا جیهان ئه‌و ده‌سته‌ پڕ له‌ ئاشتییه‌ نابینێ و ئاماده‌ نییه‌ پرۆژه‌یه‌كی ئاشتی بۆ گه‌له‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات كه‌ پێویستی به‌ رێككه‌وتنی سه‌ده‌ و پاره‌داركردن نییه‌، به‌ڵكوو ته‌نیا پێویستی به‌ پشتیوانیی مەعنه‌وی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه‌ بۆ خاوه‌ن ماڵ.
فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌بێ په‌یامه‌كه‌ی بارزانی پێش په‌یامی كه‌سانی دیكه‌ كه‌ له‌نێو تونێلدا ده‌ژین و له‌ ته‌نیشت ئیسرائیله‌وه‌ داده‌نیشن، پێش ئه‌وانه‌ی كه‌ تانك و چه‌كی ئیسرائیلی بۆ كوشتنی كورد به‌كار دێنن یاخود ئه‌وانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌كه‌ن، وه‌ربگرن و سوودی لێ ببینن.
گه‌لی عه‌ره‌بیش پێویسته‌ بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ گه‌لی كورد له‌ سووریا وعێراق خاڵێكی به‌هێزی ئه‌وانه‌، ئێستا كێشه‌ی كورد له‌ عێراق و سووریا گۆڕاوه‌ و واقیعێكی نوێ هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، ده‌رفه‌تێكی زێڕینه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كورد بگات به‌ مافی خۆی و ئاشتی زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌ به‌رقرار بێت، ده‌كرێ ئه‌م ئاشتییه‌ش ببێته‌ هۆی لاوازبوونی ئه‌وانه‌ی دیكه‌ی كه‌ به‌رده‌وام خه‌ریكی ده‌ستوردانن له‌ پرسه‌ ناوخۆییه‌كانی وەڵاتانی عه‌ره‌بی، ده‌كرێ پرۆژه‌یه‌كی ئاشتی هه‌بێت بۆ كۆتایی هێنان به‌ سنووری كوردستان و ئه‌و دوو وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌ و كوردستان ببێته‌ جیرانێكی باش و دۆستێکی گرنگ بۆ گه‌لی عه‌ره‌ب، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ هه‌ڵوێستێكی وه‌كوو هه‌ڵوێستی بارزانییه‌ له‌لایه‌ن سه‌كرده‌كانی عه‌ره‌ب و گه‌لی عه‌ره‌ب، كه‌ ده‌كرێ وه‌كوو ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی بۆ هه‌تا هه‌تا شانازی پێوه‌ بكه‌ن.