كه‌مخه‌وى زيان به‌ مێشك ده‌گه‌يه‌نێ

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

خه‌و به‌ بڕى باش و به‌ قووڵى، كاريگه‌ریى ديارى بۆ سه‌ر بارى ده‌روونیى هه‌يه‌، هه‌ندێ له‌ توێژه‌ران پێيان وايه‌، خه‌و هێنده‌ى ڕاهێنان و جۆرى سيستمى خۆراكى، به‌ گشتى كاريگه‌ریى بۆ سه‌ر ته‌ندروستى هه‌يه‌. ئه‌و شه‌وه‌ى كه‌م ده‌خه‌وى بۆ به‌يانييه‌كه‌ى كه‌ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستى، تووڕه‌ و بێ مه‌زاج ده‌بيت، چونكه‌ خه‌و كار ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌موو سيستمى جه‌سته‌ و مێشكت. زياده‌ڕۆيى نييه‌ ئه‌گه‌ر بڵێين، ژماره‌ى سه‌عاته‌كانى خه‌و و جۆرى خه‌و مێشكت به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و ئاڕاسته‌ى ده‌كه‌ن له‌ سه‌عاته‌كانى ڕۆژدا.

پ: چى ڕوو ده‌دا‌ت كاتێك شه‌وێك به‌ته‌واوى نه‌خه‌ويت؟
و: هه‌ست به‌ شه‌كه‌تييه‌كى زۆر ده‌كه‌يت، تواناى بيركردنه‌وه‌ و بيرچڕيت لاواز ده‌بێت، هه‌ست ده‌كه‌يت نه‌خۆش و بێهێزيت. ته‌نيا شه‌وێ نه‌خه‌وتن زيان به‌ ته‌ندروستيت ناگه‌يه‌نێ، به‌ڵام له‌دواى چه‌ند شه‌وێ نه‌خه‌وتن، يان كه‌م خه‌وتن، ئيدى مێشكت وه‌ك خۆى كار ناكات و تواناى كۆنترۆڵى نامێنێ. ده‌شێ كتوپڕ له‌ هه‌ر ساتێكدا بێت خه‌وت لێ بكه‌وێت و بكه‌ويته‌ سه‌ر زه‌وى. له‌م بارانه‌دا مه‌ترسیى زيانپێكه‌وتنى جه‌سته‌ييش زياد ده‌بێت، بۆ نموونه‌ له‌ كاتى شۆفێريدا، يان ئه‌گه‌ر ئامێرى كاره‌بايى تيژ و مه‌ترسيدارت به‌ده‌سته‌وه‌ بێت.

پ: كه‌مخه‌وی چ كاريگه‌رييه‌كى بۆ سه‌ر لايه‌نى ده‌روونی هه‌يه‌؟
و: كه‌مخه‌وى ده‌بێته‌ هۆى بێ مه‌زاجى و هه‌ستكردن به‌ نائارامى، چونكه‌ كاتێك كۆرتيزۆڵ ده‌ڕژێ، ئۆكسيتۆكسين كه‌م ده‌بێته‌وه‌، كه‌ به‌ هۆرمۆنى دڵخۆشى ناسراوه‌. به‌گشتى ئه‌م كاريگه‌رييانه‌ى بۆ سه‌ر لايه‌نى ده‌روونى هه‌ن:
- كار ده‌كاته ‌سه‌ر تواناى بيركردنه‌وه‌ى لۆژيكيانه‌، بڕياردان و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى ڕۆژانه‌ ئه‌سته‌م ده‌بێت، چه‌نده‌ ساده‌ و بچووكيش بن.
- نيشانه‌كانى خه‌مۆكى و دڵه‌ڕاوكێ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌رده‌كه‌ون، كه‌ بۆ ماوه‌يه‌كى درێژخايه‌ن كه‌م ده‌خه‌ون. ته‌نانه‌ت ناچار ده‌بن، كه‌ سه‌ردانى پزيشكى ده‌روونى بكه‌ن. هه‌روه‌ها مه‌ترسیى تووشبوونيان به‌ خه‌مۆكى زياتر له‌سه‌ره‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ى، كه‌ به‌ باشى ده‌خه‌ون.
- كار ده‌كاته‌ سه‌ر ياده‌وه‌رى و ناتوانيت زانيارييه‌كانت وه‌ك پێويست بير بێته‌وه‌، يان تێكه‌ڵيان ده‌كه‌يت. ئه‌مه‌ له‌ خوێندكاراندا ڕوو ده‌دات كاتێك شه‌وى تاقيكردنه‌وه‌ ناخه‌ون.
- حه‌وسه‌ڵه‌ت نامێنێ بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سانى چوارده‌ورت له‌ خێزان و هاوكار و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ڕۆژانه‌ مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵدا ده‌‌كه‌ى.
- تواناى بيرچڕى و به‌ئاگايى لاواز ده‌بێت، ئه‌مه‌ش كارده‌كاته‌ سه‌ر كار و په‌يوه‌ندييه‌كانت، ته‌نانه‌ت ژيانت ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌.

پ: چۆن بزانم تێرخه‌و بووم؟
و: كه‌سى ته‌ندروست ئه‌گه‌ر شه‌و به‌ باشى بخه‌وێ و بڕى پێويست خه‌وتبێت، نابێت له‌ ڕۆژدا باوێشك بدات و خه‌و بيباته‌وه‌، بۆ نموونه‌ له ‌كاتى كۆبوونه‌وه‌، شۆفێرى، يان سه‌يركردنى فيلم و دانيشتن له‌ پۆلدا. به‌ مانايه‌كى دى، ئه‌گه‌ر تێرخه‌و بووبيت، ئه‌وا پێويسته‌ به‌درێژايى ڕۆژ چالاك و به‌ئاگا بيت، نه‌ك هه‌ر چه‌ند سه‌عات جارێ پێويستت به‌ وه‌رگرتنى بڕێ كافايين هه‌بێت.
ناشنال فاوه‌نده‌يشن بۆ خه‌و له‌دواى دوو ساڵ توێژينه‌وه‌ ڕاپۆرتێكيان ده‌رباره‌ى بڕى خه‌و به‌پێى ته‌مه‌ن بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ به‌م شێوه‌يه‌يه‌:
- سه‌روو 65 ساڵ، 7 بۆ 8 سه‌عات.
- 26 بۆ 64 ساڵ، 7 بۆ 9 سه‌عات.
- گه‌نچ له‌نێوان 18 بۆ 25 ساڵ، 7 بۆ 9 سه‌عات.
هه‌رزه‌كار له‌نێوان 14 بۆ 17 ساڵ، 8 بۆ 10‌ سه‌عات.
- منداڵى ته‌مه‌نى قوتابخانه‌ له‌نێوان 6 بۆ 13 ساڵ، 9 بۆ 11سه‌عات.
- منداڵى ته‌مه‌نى باخچه‌ 3 بۆ 5 ساڵ، 10 بۆ 13‌ سه‌عات.
- منداڵى سه‌رپێكه‌وتوو 1 بۆ 2 ساڵ، 11‌ بۆ 14‌ سه‌عات.
- منداڵى شيره‌خۆره‌ 4 بۆ 11 مانگ، 12‌ بۆ 15‌ سه‌عات.
- منداڵى تازه‌ له‌دايكبوو بۆ 3 مانگ، 14‌ بۆ 17‌ سه‌عات.
هه‌روه‌ها توێژينه‌وه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ بۆماوه‌ و ژينگه‌ى ده‌وروبه‌ر ڕۆڵيان هه‌يه‌ له‌ دياريكردنى بڕى ئه‌و خه‌وه‌ى كه‌ هه‌ر كه‌سێك پێويستى پێيه‌تى، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ له‌ ڕۆژدا به‌ چالاكييه‌وه‌ كاره‌كانى ڕاپه‌ڕێنێ، به‌ڵام به‌گشتى بۆ هه‌موو كه‌سێك، خه‌وتن كه‌متر له‌ حه‌وت سه‌عات له‌ شه‌وێكدا، به‌ باش دانانرێ و پێويسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ بير له‌ باشكردنى به‌رنامه‌ى خه‌وى بكاته‌وه‌.

پ: ئه‌ى كه‌مخه‌وى چ كاريگه‌رييه‌كى بۆ سه‌ر مێشك هه‌يه‌؟
و: مێشك پێويستى به‌ خه‌و و حه‌وانه‌وه‌ هه‌يه‌، تا ياده‌وه‌ریى نوێ خه‌ز‌ن بكات، كاتێك به‌ باشى ناخه‌ويت، واته‌ بڕى پێويست ناخه‌وى، يان خه‌وه‌كه‌ت قووڵ نييه‌، ئه‌وا مێشك ناتوانێت ياده‌وه‌ریى نوێ داخڵ بكات و خه‌زنى بكات.
هه‌روه‌ها كه‌مخه‌وى ده‌بێته‌ هۆى دروستبوونى جۆره‌ پڕۆتينێكى ژه‌هراوى له‌ مێشكدا، كه‌ پێى ده‌گوترێ بێتا ئه‌ميلۆيد، ئه‌م پڕۆتينه‌ په‌يوه‌ست كراوه‌ به‌ تووشبوون به‌ ئه‌لزه‌هايمه‌ره‌وه‌. له‌ كاتى خه‌وى قووڵدا مێشك به‌ سروشتیى له‌م پڕۆتينه‌ ژه‌هراوييه‌ خۆى پاك ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ كاتى كه‌مخه‌ويدا، به‌شى توێكڵ و ئه‌ميگدالا له‌ مێشك كاريگه‌ر ده‌بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ كاتى كه‌مخه‌ويدا مرۆڤ تواناى ڕێكخستنى سۆز و هه‌ڵچوونه‌كانى له‌ده‌ست ده‌دات، تووڕه‌ و كه‌م حه‌وسه‌ڵه‌ ده‌رده‌كه‌وێ. ڕۆژانه‌ ڕێكه‌وتى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ين، كه‌ بێ هۆ به‌ ڕووماندا ده‌ته‌قنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌يه‌كى درێژخايه‌ن شه‌و به‌ باشى نه‌خه‌وى، ئه‌وا ئه‌م پڕۆتينه‌ وردەورده‌ كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت. يه‌كێك له‌ مه‌ترسييه‌كانى تووشبوونه‌ به‌ خه‌ڵه‌فان‌ له‌ كاتى چوون به‌ته‌مه‌ندا. هه‌روه‌ها كه‌مخه‌وى تواناى خانه‌كانى مێشك بۆ په‌يوه‌نديكردن له‌گه‌ڵ يه‌كدا لاواز ده‌كات، ده‌رئه‌نجام مێشك خاو ده‌بێته‌وه‌ و به‌ چالاكى كار ناكات.

پ: مرۆڤ چه‌ند سه‌عات ده‌توانێ بێ خه‌و بمێنێته‌وه‌؟
و: له‌دواى 16سه‌عات مێشك تواناى كاركردنى به‌ باشى نامێنێ، له‌دواى 19 بۆ 20 سه‌عات مرۆڤ گێژ ده‌بێت، جه‌سته‌ لاواز ده‌بێت و وه‌ك كه‌سێ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، كه‌ زۆرى خواردبێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش كاريگه‌ریى بۆ سه‌ر مێشك هه‌يه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ر جارێ نه‌خه‌وتن بۆ ماوه‌ى 16سه‌عات بۆ سه‌ره‌وه‌، به‌شێكى مێشك به‌ر زيان ده‌كه‌وێ، بێ ئه‌وه‌ى هه‌ستى پێ بكه‌يت. لێكۆڵينه‌وه‌يه‌ك له‌سه‌ر مشك ئه‌نجام دراوه‌، كه‌ بۆ ماوه‌ى 5 ڕۆژ ڕێگه‌يان لێ گيراوه‌‌ بخه‌ون، ده‌رئه‌نجام مێشكيان تووشى جۆرێ له‌ هه‌وكردن بووه‌، كه‌ سه‌ره‌تايه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانى چه‌نده‌ها كێشه‌ له‌ مێشكدا.

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.