ساڵەهای ساڵە ئەوینداری تۆم

 

هێشتا هەڕەتی گەنجیمان بوو، هەموو جار کە باوکم دادەنیشت، ئاوا دەستی بە گێڕانەوەی یادەوەرییە جوانەکانی دەکرد، زۆر باش بیرمە ئێمەی لە دەوری خۆی کۆ دەکردەوە و بە دەنگە نەرمەکەی، بە رووخسارە پڕ لە میهرەکەی، یەک یەک سەیری دەکردین و وەک چریکەی چۆلەکە دەیخوێند، وەک دەنگێکی بەسۆز، وەک ناڵەی نەی، وەک هەموو ئەو شتە جوانانەی، کە چاو لە تێڕوانینیان تێر نابێ. ئێمە گەلێ جار گوێگر بووین و هەندێ جاریش وەک قوتابی پرسیارمان دەکرد و هەندێ جاریش بێزار دەبووین و دەمانویست ڕاکەین، زۆر دووبارە و سێ بارە بیستبوومان، بەڵام ئەو هەموو جار کە دەیگێڕایەوە، لای خۆی وای دەزانی یەکەم جارە ئێمە گوێمان لێ دەبێت، ئەوەندە دڵی پێ خۆش دەبوو، ئێستا دەزانم و هەست دەکەم گێڕانەوەی یادەوەریی چەند ڕۆح پاراو دەکات! چەندە زیندووت دەکاتەوە و ژیانت ڕەنگاڵە دەکات، ئیدی لەگەڵ هەموو ئاهێکدا بۆ مێژوویەکی لەدەستچوو، زەردەخەنەیەکی پڕ سۆز سەراپای ڕۆحت دادەگرێت. منیش، کە دەفتەری بیرەوەرییەکانم هەڵدەدەمەوە، دەگەڕێمەوە بۆ ئەو زەمەنە (شریتی عومری بابردووم وەکوو خەو دێتە بەرچاوم). زەمەنێک، هونەر و فەرهەنگ و کولتوور لە درەوەشانەوەی ئاڵتوونیدا بوون، بووبوون بە بەشێک لە ژیانی تاکەکانی کەسی ئاسایی یان ڕۆشنبیر بە هەموو ماناکانیانەوە، ئێمە کە هیشتا تاڵە رەش و سپییەکانی ژیانمان لێک جیا نەدەکردەوە، کەچی لە بەها و جوانیی هونەر تێ دەگەیشتین! ئێمە خوێنەرە یەکەمەکانی ڕۆمانی حەمەدۆک و ژانی گەل بووین، خوێنەرێکی سەرسەخت و عەوداڵی کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بووین، گوێگری گۆرانی و مۆسیقای ڕەسەن بووین، بە دەنگی زوڵاڵی رەزازی، زەنگێکی مژدەبەخش بوو بۆ ئێمەی گەنج، بەسۆز و بوێریی دەنگی ئەو زاتە و نموونەکانی هونەرمەندانی دیکە، ئێمە گوێمان کرایەوە و زمانمان بە ئاوازی ڕەسەنی کوردی و بە ڕەنگی تابلۆ و چەپڵەی شانۆکان پژا، (ئای چەندم خۆش ئەوێی و ساڵەهای ساڵە)، لە شیعرە ناوازەکانی گەورە شاعیری کورد فایەق بێ کەس بوو، کە کاتی خۆی وامان دەزانی ئەم کەڵە شاعیرە تەنیا لەسەر بەرگری و هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری دەنووسێت. کاتێ کە وشە مروارییەکانی ئەم گۆرانییە ناوازەیەمان گوێ لێ بوو، هەستمان کرد خۆ ئەم شاعیرە دڵی وەک هەموو مرۆڤە عاشقە جوانەکان، هەستی گەنجیی عاشقانی بەسەر کردووەتەوە. کاتێ ساڵەهای ساڵە، وەک میلۆدییەکی فۆلکلۆری کرماشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە سەدای بڵندگۆی ڕەزازی بەرز دەبێتەوە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشوور و لەوێوە بۆ ژوور و ڕاڕەوەکانی بەشە ناوخۆییەکانی بەغدا، ئیتر لێرەوە پێمان دەڵی: ئازیز گوێ مەدە بە قسەی ئەم و ئەو، ڕۆژی ڕووناکم لێ مەکە بە شەو! سەدەها یادەوەریی ڕۆژگاریان بە خۆیانەوە ئاڵاند و ئەو ئاواز و گۆرانییانە بووین بە ناسنامەی ئێمەی گەنج . کاتێ گەیشتینە بەغدا، بۆ تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ و گیرسانەوەمان لە بەشە ناوخۆییەکانی غەریبایەتی و دوورە شاردا لەگەڵ خوێندکارانی عەرەب و وڵاتانی تری دونیادا تێکەڵ بووین، بە دەنگی ئەو هونەرمەندە کوردانە، ژوور و ڕاڕەوەکانی بەشی ناوخۆییمان دەنگ دەدا. گۆرانییە جوانەکانی رەزازیی هونەرمەند لە پەنجەرە و دەرگای ژوورەکانەوە بە گوێی کچانی بەشی ناوخۆییدا دەبیسترا، ئەوان لە هیچ وشەیەکی کوردی تێ نەدەگەیشتن، بەڵام لەگەڵ ئێمە خۆیان وەک جۆلانە ڕادەژەند، پێمان دەگوتن، کە گۆرانی و ئاواز سنووری نییە، لە هەر مەملەکەت و وڵاتێکدا بێت بوونی خۆی دەسەلمێنێت! ئێمە بە گۆرانی گەورە بووین، بە هونەرێکی رەسەنی هاوچەرخ گۆشمان کرایەوە و ئەو گۆرانییانە تەنیا وشە و دەنگ و ئاواز نەبوون، بەڵکوو بۆ ئێمە کوردبوون بوون.