هەرگیز ئینسانی لووتبڵند ناتوانێت خاوەنی هەستێکی جوان و باڵا بێت

تۆلستۆی وای گوت - 8

ئەوە خراپە لەبری ئەوەی ئەو خەڵکەمان خۆش بوێت، بچین لێیان تووڕە ببین، لەوەیش خراپتر ئەوەیە، خۆمان لەو خەڵکە پێ باشتر بێت و بە جۆرێک هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەین، کە خۆمان پێمان ناخۆش بێت، وەها هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا بکرێت. ئەوە گەوجایەتییە، ئینسان شانازی بە جەستەیەوە بکات، لەوەیش گەوجایەتیتر ئەوەیە، ئینسان شانازی بە کەسوکارییەوە بکات. بەشێکی زۆر لەو مەینەتییانەی بەرەو ڕووی خەڵکی دونیا بوونەتەوە، زادەی خۆ بە زل زانینە، ئاخر خۆ بە زل زانین هەوێنی ناکۆکی و ململانێی نێوان خەڵکە و تەنانەت جەنگی نێوان گەلانیشی لێ دەکەوێتەوە.

ناتوانیت خۆت لەوانی دیکە بە چاکتر و زیرەکتر بزانیت، ئاخر نابێت ئینسان خۆی هەڵسەنگاندن بۆ خۆی بکات. خۆ بە زل زان خۆی لەوانی دیکە پێ باڵاترە و پێی وایە کەس لە خۆی زیرەکتر نییە و هەمیشە خۆی لەسەر هەقە. هەموو خۆ بە زل زانێک گەوجە، بەڵام مەرج نییە هەموو گەوجێک خۆی بە زل بزانێت. ماددە تا کێشی سووکتر و چڕیی کەمتر بێت، ڕووبەرێکی بەرینتر داگیر دەکات، خۆ بە زل زانینیش وەهایە. هەرگیز ئینسانی لووتبڵند ناتوانێت خاوەنی هەستێکی جوان و باڵا بێت، ئاسانە بەرچاوی گەوجێک ڕۆشن بکەیتەوە، بەڵام لەگەڵ خۆ بە زل زاندا ماندووبوونت بە فیڕۆ دەچێت.

ئەگەر لووتبڵند زانیبای کەسانی دەوروبەری گاڵتەیان بە عەقڵی دێت، بە خۆیدا دەچووەوە، بەڵام چونکە گەوجە، دەرک بەو ڕاستییە ناکات. وەک چۆن ئەوە گەوجایەتییە خۆت لەوانی دیکە پێ باڵاتر بێت، ئەوەیش هەر گەوجایەتییە بنەماڵەی خۆت، لە بنەماڵەکانی دیکە پێ باڵاتر بێت، بەڵام ئەگەر گەلی خۆت لە هەموو گەلانی دونیا پێ باڵاتر بێت، ئەوە هەر گەوجایەتی نییە، مەترسییەکی گەورەیشە، ئاخر ڕەنگە جەنگی لێ بکەوێتەوە. وەک چۆن ئینسانەکان یەکسانن، گەلانی دونیایش یەکسانن، هیچ گەلێک لە گەلێکی دیکە باڵاتر نییە. وەک چۆن ئەوە جێی شانازی نییە، گەلی خۆمان لە گەلانی دیکە پێ نزمتر بێت، ئەوەیش هەر مایەی شانازی نییە، گەلی خۆمان لە گەلانی دیکە پێ باڵاتر بێت.

لووتبڵندی: خۆپەرستییە لە شێوە هەرە ناشیرینەکەیدا، نە جوو میللەتی هەڵبژاردەی خوان، نە موسوڵمانان چاکترین ئوممەتی دونیان، نە ئەڵمان ئینسانی باڵان، نە قەرەج ئینسانی پلەی دوو، ئینسان سەر بە هەر نەتەوە و سەر بە هەر ئایینێک بێت، هەمان ڕێز و هەمان بەهای هەیە، کەس لەوی دیکە باڵاتر نییە. لووتبڵندی هەر زیانی بۆ تاکەکان نییە، دەشێت زەبری کوشندە لە گەلانیش بوەشێنێت، ئاخر ئەگەر گەلێک، سووک سەرنجی گەلێکی دیکە بدات، ئەگەری ئەوە بەهێزە، پەلاماریشی بدات، ئەوە نییە عەرەب و تورک و فارس خۆیان لە کورد پێ باڵاترە و پەلاماری دەدەن. هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی ئینسانێک خۆی لە یەکێکی دیکە پێ باڵاتر بێت، ئاخر هەمان ڕۆحی خوا لەناو هەموواندا دەژی.

ئینسان خۆی لەوانی دیکە پێ باڵاتر نابێت، ئیللا مەگەر تەنیا وەک جەستە بژی. دەشێت جەستەی ئەم لە هی ئەو بەهێزتر بێت، بەڵام ئینسان ئەگەر ژیانێکی ڕۆحی بژی، مەحاڵە خۆی لەوانی دی پێ باشتر بێت، ئاخر هەمان ڕۆح لەنێو هەموواندا دەژی. بە هەندێک کەس دەڵێن: خاوەن شکۆ یان پایەبەرز، بەڵام هیچ ناسناوێک هێندەی برا، یان خوشک لەبار نییە، ئاخر بۆ هەمووان دەگونجێت، بەبێ ئەوەی کەس پێی سەغڵەت ببێت. عیسایییەکان بە قەشە دەڵێن: ئەبوونا: باوکمان! مەسیح خۆی دەیگوت لە غەیری باوکی خۆت، لەسەر زەوی بە کەسی دیکە مەڵێ: باوکم یان سەروەرم، ئاخر باوک و سەروەری هەمووان لە ئاسمانە. ئینسان هەقی خۆیەتی بڵێت: لەسەر زەوی هیچ زیندەوەرێک لە من باڵاتر نییە، بەڵام مافی ئەوەی نییە، بڵێت: لەسەر زەوی یەکێک هەیە لە من نەویتر.

تاقە شتێک کە ئینسان دەتوانێت شانازیی پێوە بکات، ئەوەیە ڕۆحی خوا لە ناخیدایە. ئینسان ئەگەر شانازیی بە شتە دەرەکییەکانی خۆیەوە کرد، وەک ئەوە وایە، مۆمی پێ لە خۆر گەشتر بێت. ئەوە باشە ئینسان بەهای خۆی بزانێت، بەڵام نابێت بە ستایشی درۆینەی ئەوانی دی فریو بخوات. ئینسان ئەگەر خۆی پێ زل بوو، هەر داکۆکی لە خۆی ناکات، داکۆکی لە هەڵەکانی خۆیشی دەکات، یان لای کەم ددان بە هەڵەی خۆیدا نانێت. وەک چۆن گژوگیای زیانبەخش، بەری خۆر لە تۆوی گەنم دەگرێت و ناهێڵێت گەشە بکات، لووتبڵندییش لێ ناگەڕێت تیشکی حەقیقەت بەرچاوی ئینسان ڕۆشن بکاتەوە.

دژوارترین سزا کە بەرەو ڕووی لووتبڵند دەبێتەوە، ئەوەیە خەڵک خۆشیان ناوێت. ئینسان ئەگەر لووتبڵند بوو، خۆی لەوانی دیکە جودا دەکاتەوە و تێکەڵیان نابێت، بەمەیش لە بەختەوەری بێبەش دەبێت. لووتبڵند زەندەقی لە ڕەخنە چووە، ئاخر ئەو شوورەیەی لە دەوری خۆی هەڵچنیوە، لە بڵقێک بەولاوە هیچی دیکە نییە، بە نووکە دەرزییەک فش دەبیتەوە. هەرگیز خۆت هەڵمەکێشە، ئاخر درەنگ یان زوو، دەستەکەت دەکەوێتە ڕوو. ئینسان بۆچی لووتی بڵندە؟ چونکە بەد حاڵییە و لە خۆی وایە، لەوانی دیکە چاکترە.

ئەگەر لووتبڵندی نەبا، خراپەکاری بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی دەکرد. چۆن لە لووتبڵندی کە هەوێنی خراپەکارییە، ڕزگارمان دەبێت؟ ئەگەر بە هیوای ئەوە بین، یاسا بە گژ لووتبڵندیدا بچێتەوە، نائومێد دەبین، ئاخر یاسا ئینسان دایدەڕێژێت و ئینسانیش بە گشتی گیرۆدەی دەستی لووتبەرزییە. خۆ بە زل زانین کاتێک لەنێو دەچێت، ئینسان بتوانێت ڕەگوڕیشەی خراپەکاری لە ناخی خۆیدا هەڵبکێشێت. ئەگەر ناوەوەی خۆمان لە خراپەکاری پاکژ نەکەینەوە، با بە ئومێدی ئەوە نەبین، لە دەرەوە گۆڕانکاریی ئەرێنی ڕوو بدات. بۆ دەربازبوون لەبن هەژموونی لووتبەرزی، تاقە چارەسەر ئەوەیە، ددان بەوەدا بنێین کە هەمان ڕۆح لە ناخی هەموو مرۆڤایەتیدا دەژی، تەنیا ئەوسا نە خۆمان لە خەڵکی دیکە بە باڵاتر دەزانین، نە میللەتی خۆمان لە میللەتانی دیکە پێ باڵاتر دەبێت.

ئینسان پشوو نادات تا نەگاتە ئەو ڕاستییەی، نە خۆی لە کەس پێ چاکتر بێت، نە کەسی لە خۆی پێ چاکتر بێت. ئەرکی سەرەکیی ئینسان ئەوەیە ڕۆحی خۆی پەروەردە بکات، کێشەی لووتبەرز ئەوەیە، خۆی بە ئینسانێکی چاک و بێ خەوش دەزانێت، بۆیە هەوڵی خۆ چاککردن نادات. ژیان بۆ ڕۆح، جیاوازە لە ژیانی دونیایی کە ژیانە بۆ جەستە، ئەوی بۆ ڕۆح بژی، ناتوانێت لە خۆی ڕازی بێت، ئاخر با بەردەوام کاری چاکەیش بکات، ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت و پێی وا دەبێت، هێشتا کەمی کردووە، بۆیە زوو زوو ڕەخنە لە خۆی دەگرێت و ناتوانێت خۆی بە زل بزانێت.

جاران خەڵک ئەوەیان بە ئاسایی و تەنانەت بە کاری خوایییش دەزانی، بەشێکیان کۆیلە و بەشێکیان سەروەر بن. ئێمە چۆن براین کە تۆ بەری ڕەنجی من بخۆیت؟ ئێمە چۆن براین کە تۆ بژێویی خۆت بە ئامۆژگاریکردنی من دابین بکەیت؟ ئێمە چۆن براین کە ئیشی تۆ دروستکردنی چەک بێت، بۆ ئەوەی منی پێ بکوژرێم؟ ئێمە چۆن براین کە خوانی تۆ ئاوەدان بێت و هی من خاڵی؟ ئێمە چۆن براین کە من لە برساندا دزی بکەم و تۆ بە زەبری یاسا، لە زیندانم توند بکەیت؟ ئێمە چۆن براین کە من نەخۆش بم و تۆ دەرمانی ماوەبەسەرچووم پێ بفرۆشیت؟ ئێمە چۆن براین کە من کارێکی تاقەتپڕووکێن بکەم و تۆی بێکاریش چێژ لە خۆشییەکانی ژیان وەربگریت؟

ئایینێک لەگەڵ یەکسانیدا نەبێت، باوەڕێکی ڕاستەقینە نییە. ئەو خەڵکە وەک ئینسان خۆیان ناناسێنن، وەک میر و بازرگان و ئەفسەر خۆیان پێشکەش دەکەن، ئەرکی سەرەکییان کە ئینسانبوونە فەرامۆش دەکەن. ئەو نایەکسانییە زادەی ئەوە نییە کە ئەم وەک جەستە لەو بەهێزترە، یان ئەم لەو زیرەکترە، نایەکسانی زادەی ئەوەیە، یەکێک خۆی بە میر دەزانێت، یەکێک بە جەنەڕاڵ، یەکێک خۆی بە خاوەن زەویوزار دەزانێت و یەکێک سەرمایەدار، نایەکسانی بەرهەمی جیاوازیی چینایەتییە.

ئەوانەی سوود لە نایەکسانی وەردەگرن، داکۆکیی لێ دەکەن، ئەوانەی لێی زیانمەندن، نازانن چۆن لەناوی ببەن. دەڵێیت ئەو خەڵکە جیاوازیی چینایەتی بە پیرۆز دەزانن، وا کۆمەڵیان بەسەر خانەدان و ڕەشوڕووت، مەزن و نزم و زانا و جاهیلدا دابەش کردووە. وەک نەریتی لێ هاتووە، خەڵکێکی زۆر کەسێک بە پیرۆز و باڵا دەزانن و شوێنی دەکەون. ئەوی بڕوای بە یەکسانی هەبێت، نە کەس بە پیرۆز و بە کاریزما دەزانێت و نە مل بۆ کەس کەچ دەکات.

ئەوانەی ژیانێکی خۆشیان هەیە، بە قسە لەگەڵ یەکسانیدان، لایەنگری ئازادیین و دژی ستەمن، بەڵام بەکردەوە، ستەم لە کرێکاران دەکەن و دوژمنی سەرسەختی یەکسانی و ئازادیین. ئەوی خاوەنی سەرمایەیەکی زۆر بێت، ئەوە بە تاوان دەزانێت ئەگەر کرێکاران مان لە ئیش بگرن و داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن. سەرمایەدار سزادانی کرێکار بە مافی خۆی دەزانێت و کە ستەمیان لێ دەکات، ویژدانی ئازاری نادات.

وەختی خۆی لە کۆیلە وابوو، کۆیلایەتی شتێکی سرووشتییە، بەڵام کرێکاری هاوچەرخ چونکە ئەوەندە هۆشیارە کە دەرک بەوە بکات ستەمێکی زۆری لێ دەکرێت، بۆیە زیاتر هەست بە کوێرەوەری دەکات. کە ئەو کەلێنە گەورەیەی نێوان ڕێنوێنییەکانی مەسیح و ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن کریستیانیزم دەبینین، هەست بە سەرسووڕمان دەکەین، ئاخر کەسانێک بڕوایان بە خوا هەبێت، ناچێتە عەقڵیانەوە، خوا ئینسانی بەسەر سەروەر و کۆیلەدا، بەسەر دەوڵەمەند و هەژاردا بەش کردبێت، ئاخر مرۆڤایەتی هەموویان منداڵی خوان، هەموویان خوشک و بران و ژیانی هەموویان پیرۆزە. ئەوانەی بڕوایان بە ڕێنوێنییەکانی مەسیح هەیە، ناچارن یان دەبێت ئەم سیستەمە چینایەتییە بگۆڕن، یان واز لە کریستیانیزم بهێنن، زۆرینە ڕێی دووەمیان هەڵبژاردووە. هەنری جۆرج دەڵێت: (ڕێنوێنییەکانی مەسیح پێمان دەڵێن: خوا باوکی هەموو مرۆڤایەتییە، مرۆڤایەتی هەموویان خوشک و بران و نابێت لەنێو کریستیانەکاندا کۆیلە هەبێت. ئەوە درۆیەکی گەورەیە، مەسیح ڕێی بەوە دابێت، کەمینەیەک بەهۆی دزینی ڕەنجی زۆرینەوە، های ڵایڤ بژی. دەوڵەمەندەکان کە زانییان ناتوانن حەقیقەت بشارنەوە، هاتن ڕێنوێنییەکانی عیسایان لە قازانجی خۆیان شێواند.)

*

(*) لیف تولستوی، طریق الحیاة، رسائل في الروح والموت والحیاة، ترجمة: یوسف نبیل، افاق للنشر والتوزیع ٢٠١٨ القاهرة.