لە بۆشایی هزرییەوە بۆ دەستبەتاڵیی دەستەجەمعی

 

ئەگەر هەوڵدان بۆ بەردەوامیی ژیان و ژیانیش بریتی بێت لە خواردن، خواردنەوە و خەوتن، ئەوا هەموو بوونەوەرەکان ئەم کارە دەکەن. جیاوازیی بوونەوەرە زیندووەکان، "هزر، کارکردن و بەرهەمهێنان"ە. بەپێچەوانەوە، مرۆڤ بە چی جیا بکرێتەوە؟


بوونەوەری عاقڵ، بە پلان و پێگیری کار دەکات، یان بە هاکەزایی، لە بواری تیۆرییەوە دەربازی پراکتیک دەبێت، یان تەنیا لە بواری پراکتیکدا دەمێنێتەوە؟ بە هەست و سۆز بڕیار دەدات، یان بە بیرکردنەوە و عەقڵ، ئایا جیاوازی لەنێوان کارکردنی بە پلان و هەڕەمەکیدا دەکات؟


لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، جۆرێک لە ئایدۆلۆژیا و هزر یان پرنسیپ و پێداگری، کە دەبنە جۆرێک لە ستانداردی ژیان، یان هزر و ئایین، یان هەر بیروباوەڕێکی تر، کە ببێتە بەرنامە و رێپیشاندەری مرۆڤ، ئەمەش جۆرێک لە دسپلین و پرەنسیپ دروست دەکات. ئەمە وا دەکات، کە مرۆڤ بەو دسپلین و پرەنسیپانە وابەستە بێت و ببنە ئاراستەی کاری.


کاروباری ژیان، مرۆڤ بە چ جۆرە پلان و ریزبەندیی کاردا دەبات؟ ئەم کارە چەند بۆ هەنووکە ستراتیژییە، کە لە بواری جیاوازدا پێیان دەڵێن پڕۆژە، لە بواری سیاسەت و دپلۆماسیشدا، بە ئەجێندای کار ناو دەبرێت. ئەمە رێگای ئیشکردن کورت دەکاتەوە، هەروەها بواری هەڵەش کەم دەکاتەوە. مرۆڤ، کە سەرقاڵییەکەی تیۆری و هەم پراکتیکی بێت، لەو کاتەوە دەرفەت و کاتی بۆ بەهەدەردان نییە، بەڵکوو سەرقاڵی بەرهەم و کاری زیاتر دەبێت، کە وزەی دەخاتە خزمەتی کار، پڕۆژە و کاتی خۆی نابەخشێتە کاری بێسوود.


کەواتە مرۆڤی بەرهەمدار، دەرفەتی نییە بیر لە خۆهەڵقورتان لە کاری خەڵک و پڕۆژە و قسەی نەرێنی بکاتەوە، بەپێچەوانەوە، دەیەوێ سوود لە دەرفەتەکان وەربگرێت و بیخاتە خزمەت هزر و دەوڵەمەندکردنی. دیارە ئەم جۆرە مرۆڤانە، کۆمەڵگەی زیندوو دروست دەکەن.


ئەمڕۆ بەگشتی، جۆرێک لە مۆدێلی کات بەفیڕۆدان هەیە، بەتایبەت لەو ناوچەیەی، کە بۆشایی هزریی تێدایە و وای کردووە، جۆرێک لە بێ ئینتیمایی و نەبوونی پێگیری و هەروەها نەبوون یان بەرچاونەکردن لە بوارە جیاجیاکان و فۆرم، پڕۆژە و ئەجێندای کار.


کۆمەڵگەیەکی بێکار، لە بواری نەرێنی بیر دەکاتەوە و بڕیار دەدات. هەر لە باسکردن و خۆهەڵقورتاندن لە کاروباری خەڵک، واتە لە بۆشایی هزرییەوە بۆ دەستبەتاڵیی دەستەجەمعی. ئەمە کۆمەڵگەی بەرخۆر دروست دەکات، کە کۆمەڵ بە شتێکەوە مەشغووڵە، نە کاری ئەوە و نە سوودی بۆ ئەو هەیە!


چارەسەرکردنی ئەم رەوشە، بەرلەوەی زیاتر تەشەنە بکات و لێکەوتەی نەرێنیی لێ بکەوێتەوە، پێویستە بیر لە ئەلتەرناتیڤی گونجاو بکرێتەوە. ئەمەش بە پلەی یەکەم کاری حکوومەتە، چونکە نەبوونی ناوەندی هزریی گرنگ و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی، کە دوور لە دەستوەردانی حزبی و کەسی، کاری بابەتی بکەن. هەروەها کەمتەرخەمیی حکوومەت بەرامبەر کێشەکانی کۆمەڵگە پیشان دەدات. هاوکات گرنگیدان بە بواری هونەری و ئەدەبی، دانانی کارگە و گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی، بەشێکی گرنگە لە چارەسەری رەوشەکە. بیرمان بێت، نەوەی ئێستا، کە ئێمە بەرپرسیارین لە پەروەردەکردنیان، رەنج و ماندووبوونی چەندین ساڵە و خەبات و تێکۆشانی میللەتێکی چەوساوە، کە بە رووبارێک خوێن گەیشتووەتە ئەم ئەزموونە، کە دەدرێتە دەست ئەم نەوەیە.


دەبێت حکوومەت درک بەوە بکات، کە ئەم دیاردە نەرێنییانەی لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا بەردەوامن، بەشێکی گەورەی بۆ بۆشایی هزری و بێکاری دەگەڕێتەوە، کە لە ئەنجامدا کۆمەڵگەیەکی نەخۆش بەرهەم دێنێت.


کەواتە ئەم دەستبەتاڵییە دەستەجەمعییە، کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، دۆخێکی ترسناک و ئاڵۆزتر دەخوڵقێنێت، کە لە ئەنجامدا، کۆمەڵگە لێی زەرەرمەند دەبێت. بە واتایەکی تر، لە دەستبەتاڵییەوە بەرەو قۆناغی عەقڵ بەتاڵیی دەستەجەمعی دەڕۆین، کەواتە دەبینە کۆمەڵێک، کە نەک هەر بەرەپێشەوە ناچێن، بەڵکوو دەگەڕێینەوە قۆناغی غەریزە، کار و بیرکردنەوەمان ناگاتە هیچ کوێی ئەم گوندە جیهانییەی، ئەمڕۆ دروست بووە. ئیتر ئەگەر ئێمە سوود لە تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکانی جیهان وەرنەگرین، ئەوە ئەو ئامرازانەی پێشکەوتن، دەبنە مایەی کات کوشتن و دەمانگەڕێننەوە سەردەمێك، کە بە ئێستا نامۆ دەبین.


چاککردنی ئەم دۆخە و رزگارکردنی کۆمەڵ لەم نەخۆشییە دەستەجەمعییە، وێڕای حکوومەت، لە ئەستۆی هەمووانە، کەناڵەکانی پەروەردەکردن لە کۆمەڵگە وێڕای حکوومەت، لە ئەستۆی هەمووانە، کەناڵەکانی پەروەردەکردن لە کۆمەڵگە (خێزان، راگەیاندن، مزگەوت، حزب و رێکخراوەکان...)، بەرپرسیارێتیی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ. ناشێ کەسانی هوشیار، درک بەم دۆخە نائاسایی و ئاڵۆزە نەکەن کە زۆرینەی خەڵکی گرتووەتەوە. لە هزر بەتاڵیی دەستەجەمعییەوە بەرەو دەستبەتاڵیی دەستەجەمعی و لەوێوە بۆ نامۆبوون بە پێشکەوتن و لەناوچوونی بەهاکان، کە دەبنە پاشخانەی دروستکردنی کاراکتەر، کە بەشێکیان هۆکاری هەبوونی پەیوەندی و راگرتنی کۆمەڵن.


کاتێک هۆکارێک بۆ لەناوچوونی بەهاکان هەیە و کولتووریش ئەوەندە بەهێز نییە، کە بتوانێت بەهای تر دروست بکاتەوە، یان جێی بگرێتەوە، ئەوا دەبێت هەست بەو مەترسییانە بکەین، کە لە ئاڵۆزییەوە بەرەو هەڵدێرمان دەبەن.