فریشتە و پاکزاد یان فیتنەباز و یاوەری ئیبلیس!

لە ستایشی دایکە زەبوونەکاندا - 9

هۆکاری نووسین سەبارەت بە دایکایەتی بە هەردوو دیوە ئەرێنی و نەرێنییەکەی بە زمانێکی پەخشانئامێز، لای خۆم دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کتێب و نامیلکەیەک لە کتێبخانەکانی ئێمەدا، رەنگە کەم و زۆر لەناو شیعر و گۆرانیدا گەنجینەیەکمان هەبووبێت، بەڵام بە دیوە سایکۆ-سۆسیۆلۆژییەکەی دەگمەنە، رەنگە رەوا بێت بڵێم، ئەو هەوا و ئارەزووە پەیوەستە بە قۆناغی منداڵی و گەنجیەتیی خۆمەوە، کە بە راستی و لە باری واقیعیدا دایکێک و حەوت خوشکی زەبوون و ستەمدیدەم هەبووە، کە من نۆبەرەی ئەو خانەوادەیە بووم، من دەشزانم، کە ئەوەیان کارێکی هەستیار و هەم دڕکاوی و پێچیدەیە، گەرچی لە ئەدەبیاتی مندا و لە بواری چیرۆک و رۆماندا بوونی خانەوادەی ستەمدیدە، کە دایکان و کچەکان تیایدا دەچەوسێنەوە، پانتاییەکی بەربەرینی داگیر کردووە، دیارە کە من دەتوانم بانگەشەی ئەوە بکەم، کە پرۆژەی تەمەن و زەمەنی من بەدرێژایی دەیەها ساڵ گومانکردن بووە لە خێزانی پاتریارکی.


ئەوەی کە بەدرێژایی مێژوویەکی دوور و درێژ وەک هەلومەرجێکی سەپێندراو و چەسپاو بەسەر خانمان و کچان و دایکەکان وەک دۆخێکی نەگۆڕیش سەیری کراوە، بە جۆرێک کوشندە و نائومێدکەر بووە، کە بە تەنیا ژیانێک نەبووە وەک چارەنووسێکی هەمیشەیی سەیری بکرێت، ئەو خەم و ئازارەی ژنان و دایکان کە پڕ بووە لە ستەم، زادەی دەزگایەک بووە، کە سەرلەبەری پاتریارکی و چەوسێنەرانە بووە، کەچی وا وێنای کراوە، کە خودی ژیان بۆ خۆی هەر ئەو چارەنووسەی بۆ ژنان بە رەوا بینیوە، یان بۆ دەمداخستنی خانمان پەنایان بۆ خودا و ئایین و پەیامبەرەکان و شەرع و یاسا و رێسا بردووە، کە وای بسەپێنن، کە خودی ئاسمان هەر ئەم بەشمەینەتییەی بە راست و رەوا بینیوە، بەڵام ئەوەیان فێڵ و درۆ و فریودانی ژنەکان بووە لەسەر دەستی پیاوەکان، گوایە دامەزراوەی ماڵ و دایکایەتی هەر دەبێت بەم چەشنە بێت، هەر وەک ئەوەی هەقیقەتێکی رەها و رەوا بێت، لە دایکە (حەوا)ەوە وەک میرات بۆیان ماوەتەوە، بەڵام وا نییە، رێک وەک ئەوەی بگوترێت ئیدی خۆ ژنان ناچارن هەموو مانگێ جارێک لە پای سووڕی خوێن بینینەکەی وای کردووە بێ نوێژ بێت، یان ناچارە شیری مەمکی خۆی بدات بە بێچووەکانی، یان رووکردنە لەشفرۆشی هەڵبژاردنی ژنان خۆیانە، یان گوناهی خۆیانە، کە ئەتک دەکرێن، بڕ و بیانووەکەش دەگێڕنەوە بۆ خودی خانمان خۆیان، کە فیتنەبازن. یان بەدرێژایی مێژوو لە کۆنەوە تا هەنووکە لە بازاڕەکانی هەموو دونیادا کڕین و فرۆشتنیان پێ کراوە، وەک هەر مەڕ و بزن و گیاندارەکانی دیکە، یان وەک بوونەوەرێکی حەزکەر بە ملکەچی و هەڵگری رۆحی ماسۆشی و ئازارخواز و ئازارچەشتوو حیسابی بۆ کراوە، بگرە روانینەکە دەگاتە ئەوەی، کە خانمان خۆیان ساز و ئامادەن بۆ ئەوەی رۆڵی کۆیلە و کارەکەر ببینن، کە هەمان خەسڵەت و خووی خراپەکاری دەدرێتە پاڵ دایکەکانیش. بە واتا لەپشت ئەم روانین و گۆشەنیگایەوە سیستمێکی نادیدە و بێباک و نامرۆیی خۆی حەشار داوە، کە دەستکردی رۆحێکی زاڵی پیاوسالاری و پاتریارکیی لەپشتە.


بەدڵنیاییەوە قسەیەکی تازە نییە ئەگەر بڵێین، لەودیو کۆی ئەم تراژیدیایە ئایدۆلۆژیا و سیستمێکی تۆتالیتالیتاریان هەیە، لەمیانەی ئەفسانەسازیی پاتریارکی، خەون و خولیای زاڵی نێرینەکان، یان لەناو خودی تیۆلۆژی و بڕواکانی پیاوە ئاییندارەکان، لەناو خودی زمانیشدا کۆی کۆد و رەمز و ئاماژەکان دەدۆزینەوە، کە ژنان بە ناپاک و بەدکار بزانن، تێکدەری بەها و پرنسیپە پیرۆزەکانە، کە پیاوان لەسەرەوە و لەژێریدا خاوەن دەستەڵاتن، گوایە مەترسیین بۆ مەرگی مۆڕاڵ و رەوشتمەندی و بگرە یاوەری شەیتان، بە بیانووی ئەوەی، کە (دایکە حەوا) سەرەتا گوێ لە (ئیبلیس) دەگرێت و فریو دەخوات، کە لە درەختی حەرامکراو بخوات و هەم لەپەناوە بە ناز و نووکەوە (باوکە ئادەم)یش فریو دەدات و ئیدی ئێمە فیردەوس لەدەست دەدەین.


بەڵام ناکرێت ئاوڕ لە کولتوور و گوتاری ئاییندارە مرۆڤدۆستەکان و بگرە ژمارەیەکی زۆری بیرمەند و نووسەر و سۆفی و عاریف و هونەرمەند و کۆمەڵناس و دەروونناس و فێمنیستانی مێ و نێری یەکسانیخواز لەسەر ئاستی هەموو دونیادا هەن و کەمیش نین، بەتایبەتی لەنێو نەتەوە شارستانییەکاندا، کە لە ناوئاخندا روانینێکی دیکەیان هەیە بۆ پیرۆزکردنی دایکایەتی و خودی رەگەزی مێ بە گشتی، بگرە لەمڕۆکەدا پێوانەی پێشکەوتنی هەر وڵات و نەتەوەیەک بە پێگەی بەرز یان نزمی ئافرەت حیسابی بۆ دەکرێت، بەتایبەتی لەم چاخ و سەردەمە تازەیەدا، بەڵام لە دونیای ئێمەدا پتر فۆبیا و تۆقینێکی لەبەرامبەر ژناندا هەیە، بگرە پیاوی بڕوادار بە جۆرێک گرژ و ماندووە، لەوەدا بۆ هەمیشە هێز و بێهێزیی ئیمان و بڕواکان و رەزامەندیی ئاسمانیش بە تەقەتکردن و شاردنەوەی ژنەکان و كچەکان دەپێوێت. بەگشتی ئێمەی نێرینە هەر لە منداڵییەوە دوو وێنەمان سەبارەت بە مێینە پێشکەش دەکرێت، کە دژ بە یەکن و بەدرێژایی ژیانی خۆمان پێوەی دەتلێینەوە: وێنەی فریشتە و پاکزاد، کە پتر وێنەیەکی ئاسمانییە و نزیکە لە وێنە و ئێماژی پەریزادەکانی یەزدان، وێنەی دووەم پتر زەق کراوەتەوە، کە ئەویش وێنەی فیتنەباز و یاوەری ئیبلیس، کە بەکورتی نزیکە لە وێنەی فاحیشە. ترسناکیی وەها وێنەیەک پتر لە هەزارەها ساڵە لە خەیاڵدانی ئێمەدا ئیشی لەسەر کراوە، کە لە (حەوا)ەوە بۆ (زلێخا)ی عەزیزی میسڕی و تا دەگات بە وێنەی خراپی ناو ئەدەبیاتی بەشێکی شیعە مەزهەبەکان، سەبارەت بە (عائیشە) کە بە (دایکی موسڵمانان) ناودێر کراوە، بە هەزارەها لاپەڕە تۆمار کراون، کە من بۆ خۆم زات ناکەم یەک لاپەڕەی لێ بگوازمەوە، لەبەرئەوەی دەزانم بە هەزارەها خوێنەر لێی بێئاگان و رەنگە وەها مێژوویەک خەم و خولیای هەموو کەسیش نەبێت!