لووتکەی ئازایەتی ئەوەیە، ئینسان بەسەر تووڕەییدا زاڵ بێت

تۆلستۆی وای گوت - 7

دوو ڕێگە هەیە بۆ ڕزگاربوون لە هەژاری، یەک: سامانێک پێکەوە بنێیت، دوو: خۆت ڕابهێنیت لەسەر ڕازیبوون بە کەم. پێکەوەنانی سامان ئاسان نییە، مەگەر بە ڕێگەی نابەجێ، بەڵام دەتوانین واز لە ئارەزووەکانمان بهێنین، کە کۆمەک بە ڕۆحمان دەکات. پیاوخراپ کەسێک نییە، شتێک دەدزێت کە پێویستی پێیەتی، پیاوخراپ کەسێکە ئەو شتە دەبات کە خۆی پێویستی پێی نییە، کەسانی دیکە پێویستیان پێیەتی، دەوڵەمەند ئەو کارە دەکات.

ئەوە باش نییە هەژار ئیرەیی بە دەوڵەمەند ببات، بەڵام ئەوەی زۆر خراپە و لێبوردنی خوا نایگرێتەوە، ئەوەیە دەوڵەمەند کۆمەکی هەژاران نەکات. ئینسان ناتوانێت هاوزەمان خزمەتی دوو ئاغا بکات، ئیللا دەبێت یەکێکیانی خۆش بوێت و ئەوی تریان نا. ئینسان پێی ناکرێت هەم خزمەتی خوا بکات و هەم هی پارەیش. گوێ مەدەنە ئەوەی چی دەخۆن، ئاخر ژیان گرنگترە لە خۆراک، گوێ مەدەنە ئەوەی چی دەپۆشن، ئاخر جەستە گرنگترە لە پۆشاک.

ئەگەر هەستت بە ئازارێک کرد لە جەستەتدا، ئەوە نیشانەیە بۆ ئەوەی هەڵەیەک هەیە، یان شتێکت کردووە کە نەدەبوو بیکەیت، یان شتێکت نەکردووە کە دەبوو بیکەیت. بۆ ڕۆحیش هەر وایە، ئەگەر تووڕە بوویت، ئەوا هەڵەیەک هەیە، یان شتێکت خۆش ویستووە کە نەدەبوو خۆشت بوێت، یان شتێکت خۆش نەویستووە کە دەبوو خۆشت بوێت. زۆرخۆری و بەدڕەوشتی و خۆدزینەوە لە ئیش زۆر خراپن، بەڵام لەوانە خراپتر ئەوەیە، سۆزت بۆ خەڵک نەبێت و خۆشت نەوێن. پێویست ناکات لە دزی بترسین، ئاخر هەمیشە هەبووە و هەر دەمێنێت، دەبێت لەوە بترسین ئینسان ڕکی لە ئینسان بێت، ئاخر هیچ شتێک وەک ڕکهەڵگرتن لە ئینسان مەترسیدار نییە.

ئەوە نابینایە خۆی بە دار و بە بەرددا، بە دیوار و بە دەرگەدا دەدات، ئەوە دار و بەرد و دەرگا و دیوار نین کە خۆیان بەودا دەدەن. ئینسان ئەگەر وەک ڕۆح نابینا بوو، وای بۆ دەچێت، ئەو خەڵکە هەموویان نیازیان خراپە، ڕکیان لێیەتی و هەمیشە لە بۆسەدان بۆی کە هیچ وا نییە. لووتکەی ئازایەتی ئەوەیە، ئینسان بەسەر تووڕەییدا زاڵ بێت. هەموو کەسێک ناوبەناو ڕکی هەڵدەستێت و تووڕە دەبێت، ئازا کەسێکە نە بە قسە و نە بە کردەوە، ڕک و تووڕەبوونەکەی دەرنەبڕێت. مارکس ئۆریلیۆس دەڵێت: (کەسانێک هەن، ڕکیان لەم و لەوە و خراپ لەگەڵ خەڵکدا دەجووڵێنەوە، دەخوازن ئەم و ئەویش بۆ هەمان ئەو زەلکاوە ڕابکێشن کە تێیدا دەژین، قەت وەڵامیان مەدەوە، بۆ ئەوەی ئاواتەکەیان بەدی نەیەت.) ڕک لە کەس هەڵمەگرە، ئاخر هەمان خوا لە دڵی هەموواندا دەژی. کە دەتەوێت بەسەر شەیتانەکەی ناو کەسێکدا زاڵ ببیت، وریا بە ڕەوتارت لەگەڵ خواکەی ناو ئەو کەسەدا خراپ نەبێت. کە کەسێک تۆمەتبار دەکەیت، ئەوەت لە بیر بێت، لەناو ئەویشدا ڕۆحی خوا هەیە.

ئەگەر لەم و لەو تووڕە ببیت، کەواتە تۆ وەک جەستە دەژیت نەک وەک ڕۆح، ئاخر ئەوی وەک ڕۆح بژی، واتا خوایی دەژی، کەسی وایش لەم و لەو تووڕە نابێت. گرنگ ئەوە نییە تۆ چیت پێویستە، یان ئەو چی پێویستە، گرنگ ئەوەیە ئەو خوایەی لە ناخماندایە حەوجەی بە چییە. ئەگەر وا بیر بکەیەوە، خراپە لەگەڵ کەسدا ناکەیت. نە سووک سەرنجی کەس بدە، نە کەس بە پیرۆز بزانە، تەنیا ڕۆحی خەڵک کە ڕۆحی خوایە، بە پیرۆز بزانە. سینیکا دەبێژێت: (دەڵێن وەک مەحاڵ وایە، ئینسانی چاک لە ئینسانی خراپ تووڕە نەبێت، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، ئاخر ئەگەر ئەوە ڕاست بووایە، دەبوو ئینسانی چاک بەردەوام خەریکی شەڕ بووایە کە پێچەوانەکەی دروستە و ئینسان تا چاکتر بێت، لەگەڵ ئەوانی دیکەدا نەرمونیانتر دەبێت.)

ئێپیکتیتۆس دەڵێت: (ئینسانی چاک لە کەسی خراپ تووڕە نابێت، ئاخر کەسی خراپ هی ئەوە نییە لێی تووڕە ببین، هی ئەوەیە بەزەییمان پێیدا بێتەوە. ئەگەر دەتوانیت کەسی خراپ قایل بکە تا واز لە کاری خراپ بهێنێت، ئەگەرنا لێی تووڕە مەبە، چونکە ئەوی لەم و لەو تووڕە ببێت، لە لایەنی ڕۆحییەوە کەموکووڕیی هەیە.) زۆر کەس هەوڵ دەدەن لەڕێی باسکردنی عەیبوعاری ئەوانی دیکەوە بوونی خۆیان بسەلمێنن، ئەگەر وای بۆ بچیت هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری تۆن، کەسانی خراپن، ئەوە بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی خۆت کەسێکی خراپیت. ئینسان تا چاکتر و زیرەکتر بێت، زیاتر لایەنە جوان و چاکەکانی ئەوانی دی دەبینێت.

ڕاستە قورسە لەگەڵ کەسێکی خراپدا چاک بیت، بە تایبەتی ئەگەر خراپەی لەگەڵ خۆتدا کردبێت، بەڵام ئەوە ئەو کەسەیە کە پێویستە لەگەڵیدا چاک بیت. کە لە کەسێک تووڕە دەبیت، باسکردنی لایەنە خراپەکانی دەکەیتە پاساو بۆ تووڕەبوونەکەت، بەڵام دەبێت پێچەوانەکەی بکەیت، پێویستە بیر لە لایەنە باشەکانی بکەیتەوە، ئەگەر توانیت وا بکەیت، هەم تەمی تووڕەبوونەکەت دەڕەوێتەوە، هەم هەست بە شادییش دەکەیت. ئەوە کوێرەوەرییە، ئینسان نە پۆشاکی هەبێت، نە خۆراک، بەڵام دژوارترین جۆری کوێرەوەری ئەوەیە، ئینسان ساختەچی، دز، یان بکوژ بێت، ئاخر بێ پۆشاکی و بێ خۆراکی، زیانیان بۆ جەستە هەیە، بەڵام ساختەچییەتی، دزی و کوشتن، زیانیان بۆ ڕۆح هەیە کە بەهادارترین شتە لە بووندا. ئەوە باشە کۆمەکی هەژار بکەین، بەڵام لەوە باشترە ئەوەیە، سەرزەنشتی بەدڕەوتار نەکەین، بەزەییمان پێدا بێتەوە.

کانت دەڵێت: (کە کەسێک ڕەوتارێکی ناشیرین دەنوێنێت، خێرا بە گەوجی لە قەڵەم مەدە، بیر لەوە بکەوە، ویستوویەتی ئیشێکی جوان بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. بیر لەوە بکەوە، ئاخۆ چ فیکرێک سەری لێ شێواندووە، ئەگەرنا ئەو ئینسانە عاقڵە، ئەو ئیشە سەقەتەی نەدەکرد. تەنیا لەڕێی عەقڵەوە دەتوانین قەناعەت بەم و بەو بکەین و تەنیا بە ڕەوتاری جوان، دەتوانین بەگژ هەڵسوکەوتی ناشیریندا بچینەوە.) کە کەسێک مامەڵەی خۆش نییە، هەوڵ بدە بزانیت ئەوە چییە وای لێ کردووە، هەڵسوکەوتی وەها توند بێت، ئەگەر هۆکارەکەیت زانی، مەحاڵە لێی تووڕە ببیت.

هەمیشە بە خۆشەویستییەوە، مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا بکە! دەتوانیت بەبێ خۆشەویستی مامەڵە لەگەڵ شتەکاندا، مامەڵە لەگەڵ دار و بەرد و ئاسندا بکەیت، بەڵام بەبێ خۆشەویستی مامەڵە لەگەڵ ئینساندا مەکە! وەک چۆن ئەگەر بە وریایییەوە مامەڵە لەگەڵ هەنگدا نەکەین، زیانمان پێ دەگات، هەر وایش پێویستە بە وریایی و بە خۆشەویستییەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا بکەین، ئەگەرنا کاردانەوەی توندیان دەبێت و تووشی کێشە دەبین. دەتوانیت کە کەسێک خراپەیەکی لەگەڵدا کردیت، وەک سەگ دوای بکەویت و گازێکی لێ بگریت، بەڵام وا باشترە وەک ئینسانێکی هۆشیار وەڵامی خراپەکەی بدەیەوە و بە خۆت بڵێیت: ئەو کە خراپەی لەگەڵ من کرد، ئەوە تایبەتە بە خۆی، بەڵام من باش مامەڵەی لەگەڵدا دەکەم، وا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەم، وەک پێم خۆشە هەڵسوکەوتم لەگەڵدا بکرێت.

کە دەبینم ئەو خەڵکە لە هیچ ڕازی نین و گلەیییان لە هەموو شتێک هەیە، پێیان دەڵێم: ئێوە بۆ ئەوە ناژین، باسی لایەنە ڕەشەکانی ژیان بکەن و تووڕە ببن، بۆ ئەوە دەژین، ژیان جوانتر بکەن. تووڕەبوون هیچ کەڵکی نییە، ئیشی ئینسان ئەوەیە، بە چاکە بە گژ خراپەدا بچێتەوە. ئێمە وا ڕاهاتووین لە خەڵک ڕازی نەبین، بەڵام ڕاستییەکەی دەبێت زیاتر لە خۆمان ڕازی نەبین، ئاخر وەک پێویست کارمان بۆ چاککردنی خەڵکەکە و بۆ جوانترکردنی ژیان نەکردووە. مارکس ئۆریلیۆس دەڵێت: (لە کەس تووڕە مەبە، لەبەر ئەوەی عەیبوعاری هەیە، هەوڵ بدە ویژدانی بێدار بکەیەوە، تا خۆی چاک بکات.)

ئینسان تا زیاتر بۆ ڕۆحی بژی، کەمتر تووڕە دەبێت و کەمتر کۆسپ دێتە ڕێی. ڕووباری قووڵ ئەگەر بەردێکی تێ فڕێ بدەیت، پێی تێک ناچێت، ئینسانیش وایە، ئەگەر خراپەیەکیان لەگەڵ کرد و پێی تووڕە بوو، ڕووبار نییە، گۆمێکی بچووکە. سەعدی دەڵێت: ئەگەر ئەوەمان لە بیر بێت، ئێمەی دانیشتووانی سەر زەوی هەموومان یەکسانین، ڕەوتارمان لەگەڵ یەکدی جوان و نەرمونیان دەبێت. لەگەڵ دوژمنیشدا توندوتیژ مەبە، ئاخر ئەوی بیر لە تێکشکاندنی ئەوانی تر بکاتەوە، خۆی تێکدەشکێت. ئینسان دەتوانیت خۆی لە خراپەی دوژمن بپاریزێت، بەڵام خراپەی خۆی، ئیللا دێتەوە ڕێی.

تۆ پێت وایە، ئەوی لێی تووڕە دەبیت دوژمنتە، بەڵام دوژمنی ڕاستەقینەت ئەو تووڕەبوونەیە کە لە ناختەوە هەڵدەقوڵێت، بۆیە چی زووترە لەگەڵ ئەو کەسەدا کە بە دوژمنی دەزانیت، ئاشت ببەوە، ئیدی ئاگری ڕکەکەی ناخت خامۆش دەبێتەوە. وەک چۆن گۆزە، تنۆک تنۆک پڕ دەبێت لە ئاو، ناخی ئینسانیش هێدی هێدی پڕ دەبێت لە خراپە، نەک بە کەڕەتێک. وەک چۆن تفی بەرەو با ڕیش دەگرێتەوە، هەموو خراپەیەکیش یەخەی خراپەکار دەگرێتەوە. ئینسان بۆ هەر کوێ بڕوات، لەو خراپەیە ڕزگاری نابێت کە لە ناخیدایە.

با خراپیش بن لەگەڵماندا، نابێت شەڕیان لەگەڵ بکەین، نە بە کردار، نە بە گوتار، نە بە بیر لێ کردنەوە، ئەگەرنا وەک ئەوە وایە شەق لە خێری خۆمان هەڵبدەین. ئەگەر بزانم تووڕەیی نەک هەر خێری تێدا نییە، بەڵکوو هەوێنی شەڕیشە، ئیدی چۆن دەبێت بە هۆشیارییەوە، بەگژ ئەم و ئەودا بچمەوە؟ یان چۆن دەبێت، خۆم بە زیرەک بزانم و شانازی بە تووڕەبوونەوە بکەم؟ ئەگەر دەرکم بەوە کرد، تووڕەیی ئازاری ڕۆحم دەدات، ئیدی چۆن دەبێت خۆم لە شەڕ لا نەدەم؟ کە زانیم هەمان ئەو ڕۆحەی لە مندایە، لە هەموو کەسێکی تریشدایە، ئیدی چۆن دەبێت ڕێز لە ڕۆحی ئەوانی دی نەگرم؟

کەسانی لووتبڵند ئەوەندە سەرقاڵی ئامۆژگاریکردنی ئەم و ئەون، وەختیان نییە بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە، بۆچی خۆیان لە خەڵکی دیکە پێ چاکترە. ئەو لووتبڵندانە، تا زیاتر مۆچیاریی ئەم و ئەو بکەن، زیاتر لە قوڕی خراپەدا دەچەقن. ئینسان وەک چۆن ناتوانێت، باڵای خۆی بڵندتر بکاتەوە لەوەی هەیە، هەر وایش ناتوانێت، خۆی مەزنتر پیشان بدات لەوەی کە هەیە. ئینسان شانازی بە سامانەوە دەکات، کە دەبوو پێی شەرم بووایە کە دەوڵەمەندە. ئەگەر لەو خەڵکە بەهێزتر و دەوڵەمەندتر و زاناتری، خزمەتی خەڵکیان پێ بکە. ئەگەر بەهێزتری، یارمەتیی لاواز بدە، ئەگەر دەوڵەمەندتری، کۆمەکی هەژار بکە، ئەگەر زاناتری، یاریدەی ئەوانە بدە، هێندەی تۆ نازانن، بەڵام ئەوی خۆی بە زل بزانێت، وا بیر ناکاتەوە، شانازی بە هێز و بە سامان و بە زیرەکیی خۆیەوە دەکات و هیچی تر.

*
(*) لیف تولستوی، طریق الحیاة، رسائل في الروح والموت والحیاة، ترجمة: یوسف نبیل، افاق للنشر والتوزیع ٢٠١٨ القاهرة.