ڕۆح تاقە سەرمایەیەکە کەس ناتوانێت لێمانی بدزێت

تۆلستۆی وای گوت - 4

 

منداڵ وەک چۆن هەست بە هەبوونی ڕۆح لە ناخیدا ناکات، هەر وایش هەست بە هەبوونی دوو دەنگ لە ناخیدا ناکات، بەڵام کە باڵق بوو، لە ناخیدا هەست بە دوو دەنگی ناکۆک دەکات، دەنگێکیان دەڵێت: گرنگ ئەوەیە خۆت تێر بکەیت، ئەوەی تریان دەڵێت: بیر لە کەسانی برسی بکەوە، دەنگێکیان دەڵێت: لە هەقی خۆت خۆش مەبە، ئەوەی تریان دەڵێت: بەخشندە بە، دەنگێکیان دەڵێت: چییان پێ گوتی بڕوایان پێ بکە، ئەوەی تریان دەڵێت: گومان لە قسەکانیان بکە و خۆت بیر بکەوە. ئینسان تا تەمەنی هەڵبکشێت، زیاتر گوێی لەو دوو دەنگە ناکۆکە دەبێت، کە یەکێکیان دەنگی جەستەیە و ئەوەی تریان دەنگی ڕۆحە.

هەیە خواردنی بە لاوە گرنگە، هەیە دوای ئارەزوو دەکەوێت و هەیە شەیدای دەسەڵاتە، بەڵام لە هەموو ئەوانە گرنگتر، ڕۆحە و هەقە هەموو توانای خۆمان بۆ بایەخدان بە ڕۆحمان تەرخان بکەین، ڕۆح تاقە سەرمایەیەکە کەس ناتوانێت لێمانی بدزێت. ناتوانیت هاوزەمان بایەخ بە ڕۆح و بە ئارەزوویش بدەیت، ئەگەر شوێن ئارەزوو بکەویت، ڕۆح فەرامۆش دەکەیت، بە پێچەوانەیشەوە ئەگەر بایەخ بە ڕۆح بدەیت، شوێن ئارەزوو ناکەوێت.

بەوە ئازاد نابین، هەر بایەخ بە جەستەمان بدەین و ئارەزووەکانی جێبەجێ بکەین، بەڵکوو بەوە زیندانێک بۆ خۆمان ڕۆ دەنێین. هەقە خەریکی دوو شت بین: گەشە بە ڕۆحمان بدەین و مەملەکەتی خوا لەسەر زەوی بونیاد بنێین. بۆ ئەوەی ئەو دوو ئەرکە جێبەجێ بکەین، یەک ڕێگەچارەمان هەیە، دەبێت ئەو تیشکی خوایە ئازاد بکەین کە لە ناخماندا قەتیس ماوە. ئەگەر ڕێی ڕاست بگریتە بەر، کۆسپ نایەتە ڕێت، ئەگەرنا ڕێی ڕاستت بزر کردووە.

لای بوودایی پێنج ڕێنوێنی هەیە: هیچ زیندەوەرێک بە ئەنقەست مەکوژە! ماڵی کەس داگیر مەکە! خۆت پاکژ ڕابگرە! درۆ مەکە! لە کحوول بەدوور بە! کەواتە لای بوودایی پێنج شت گوناهن: کوشتن، دزی، زینا، درۆ و سەرخۆشی، بەڵام لای عیسا دوو ڕێنوێنی هەیە: لە دڵەوە خوات خۆش بوێت و چەند خۆت خۆش دەوێت، ئەوانی دیکەیشت هێندە خۆش بوێ! لای کریستیان هەر شتێک لەگەڵ ئەو دوو ڕێنوێنییەدا ناکۆک بێت، گوناهە. خەڵک بە هۆی گوناهەکانیانەوە سزا نادرێن، ئاخر گوناهکردن، خۆ سزادانە کە سزایەکی سەخت و دادپەروەرانەیە.

گوناهکاران بزانن یان نا، بەوە خۆیان سزا دەدەن، کە هەر گوناهێک بکەن، لە خۆشەویستی کە بەنرخترین سەرمایەیە دادەبڕێن و لە بەختەوەری بێبەش دەبن، تەواو وەک سەرخۆش، کەس لەسەر ئەوەی دەخواتەوە سزای نادات، بەڵام هێند هێدی ڕۆح و جەستەی وێران دەبن. ئەگەر دەخوازیت ویستی خوا جێبەجێ بکەیت، ناخت بکە بە سەرچاوەی خۆشەویستی و بەردەوام خۆشەویستی ببەخشەوە. بۆ ئەوەی خۆشەویستیی نێو ناخت ڕوو لە زیادی بێت، کۆسپەکانی بەردەم خۆشەویستی تەخت بکە! ئەوە گوناهە لەبەردەم گەشەسەندنی خۆشەویستیدا دەبێتە کۆسپ، خۆتی لێ بەدوور بگرە! ئەوە خراپترین گوناهە، ئەگەر پاساو بۆ گوناهەکان بهێنیتەوە.

ئەوە خراپە ئینسان وای بۆ بچێت، کەسێکی بی هەڵە و بێ گوناهە و پێویستی بەوە نییە خۆی چاک بکات، لەوەیش خراپتر ئەوەیە، ئینسان پێی وابێت، زادەی گوناهە و توانای ئەوەی نییە خۆی لە گوناهـ قوتار بکات. ئەوە خراپە ئینسان لەنێوان خراپەکاراندا بژی و نە خراپەی خۆی ببینێت و نە هی ئەوان، لەوەیش خراپتر ئەوەیە، ئینسان خراپەی ئەوانی دیکە ببینێت، بەڵام هی خۆی نەبینێت. هەڵە سەرەتا بە ڕۆحت نامۆیە، وریای خۆت نەبیت، هێدی هێدی ڕۆحت لەگەڵیدا ڕادێت، تا وای لێ دێت، دەبێت بە سەروەری ڕۆحت. هەڵە بە تایبەتی ئەگەر زوو زوو دووبارەی بکەیەوە، وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە لە ڕۆحت دەئاڵێت.

کە ئینسان هەڵە دەکات و دەزانێت هەڵەی کردووە، دوو ڕێگەی لەبەرە، یان ددان بە هەڵەکەیدا دەنێت و هەوڵ دەدات دووبارەی نەکاتەوە، یان گوێ بۆ دەنگی ویژدانی ڕانادێرێت و دەڵێت: هەمووان ئەو کارە دەکەن، من بۆچی نەیکەم! ئینسان ئەگەر لەسەر ڕێگەی هەڵە بەردەوام بێت، وای لێ دێت، هەست بەوە ناکات، چەند لە ژیانێکی پاکژ دوور کەوتووەتەوە و چەند لەنێو زەلکاوی ژیانێکی پۆخڵدا نوقوم بووە. ئەرکی سەرەکیی ئینسان ئەوەیە، خۆی لە خراپەکاری و فریوخواردن بپارێزێت. ئینسان کە لە بەندیخانە ڕزگاری دەبێت، هەست بە بەختیاری دەکات، ئەوە سەیرە ئەگەر هەست بە شادی نەکات، کاتێک لە خراپەکاری و فریوخواردن ڕزگاری دەبێت.

وەک چۆن ئەگەر تاریکی نەبێت، دەرک بە بایەخی ڕووناکی ناکەین، تا بە وەهمیش ئاشنا نەبین، نازانین حەقیقەت کامەیە. جەستە هەڵە بەرهەم دەهێنێت، بۆچوونی خەڵک فریودەرە و نەبوونی متمانەیش بە عەقڵی خۆمان، وامان لێ دەکات بڕوا بە ئەفسانە بکەین. ئینسان ئەگەر پێڵاوەکانی نوێ و پاکژ بن، بە وریایییەوە دەڕوات، کە پێڵاوەکانی بڕێک پیس دەبن، بە هەمان وریایییەوە ناڕوات، کە تەواو پیس دەبن، ئیدی سڵ لە قوڕ ناکاتەوە. ئینسان لە تافی لاویدا چونکە هێشتا پاکژە، سڵ لە خراپە دەکاتەوە، کە خراپەیەکی کرد، هێدی هێدی لەگەڵ خراپەکاریدا ڕادێت. وا مەکە کە خراپەیەکت کرد، پەشیمان ببەوە، پاشگەز ببەوە و درێژەی پێ مەدە!

ئەگەر ئینسان وەک ئاژەڵ ژیابا و سنووری بۆ ئارەزووەکانی دانەنابا، ژیان ترسناک دەبوو، خەڵکەکە ڕقیان لە یەک هەڵدەگرت و توندوتیژی دونیای دەگرتەوە. مرۆڤەکان کاتێک دەتوانن خۆش پێکەوە بژین، کە هەست بە لایەنی لاوازی خۆیان بکەن، بەگژ خراپەکاری و ئەفسانەدا بچنەوە و فریو نەخۆن. کرۆکی ژیان بریتییە لەو ململانێیەی لەنێوان جەستە و ڕۆحدا هەیە، ئاخر جەستە ڕۆحی بە دیل گرتووە و هەوڵی ڕۆحیش بۆ ئازادییە.


دوو ژن دەچن بۆ لای شێخێک بۆ ئەوەی ئامۆژگارییان بکات. یەکەمیان خۆی زۆر بە گوناهبار دەزانێت، ئاخر بە گەنجی کەڕەتێک ناپاکیی لە مێردەکەی کردووە، ئیدی لەوساوە بەردەوام ویژدانی ئازاری داوە. ژنی دووەم هەرگیز هەستی بە ئازاری ویژدان نەکردووە، زۆریش ڕای لە خۆی بووە. کە شێخ دەربارەی ژیانیان پرسیاریان لێ دەکات، یەکەم بەدەم هەڵڕشتنی فرمێسکەوە، ددان بە گوناهە گەورەکەیدا دەنێت، بەڵام دووەم دەڵێت: بیرم نایەت هیچ گوناهێکم کردبێت. شێخ بە یەکەمیان دەڵیت: بچۆ لە دەرەوە بەردێکی گەورە کە بیتوانیت، بدۆزەوە و بۆمی بهێنە! بە دووەمیشی دەڵێت: بڕۆ هەندێک بەردی بچووکم بۆ بهێنە!

هەردووکیان ڕۆیشتتن و داواکەی شێخیان جێبەجێ کرد. ئینجا شێخ پێی گوتن: دە باشە ئێستا بڕۆن بەردەکان ببەنەوە شوێنی خۆیان و وەرنەوە! ژنی یەکەم بە ئاسانی جێی بەردە گەورەکەی دۆزییەوە و لە شوێنی خۆی داینایەوە، بەڵام دووەم لە بیری نەمابوو ئەو بەردە بچووکانەی لە کوێوە هێناون، داواکەی شێخی بۆ جێبەجێ نەکرا و بە بەردەکانەوە هاتەوە. شێخ گوتی: گوناهیش وایە، تۆ شوێنی بەردە گەورەکەت لە بیر مابوو، بەڵام ئەو شوێنی بەردە بچووکەکانی لە بیر نەمابوو. تۆ بەردەوام ئازاری ویژدانت هەبوو، بۆیە توانیت لەبن هەژموونی گوناهەکەت ڕزگار ببێت، بەڵام ئەو چونکە لە خۆی وابوو، هیچ گوناهێکی نەکردووە، لەگەڵ گوناهدا ڕاهاتبوو، سەرکۆنەی خەڵکی دەکرد لەسەر هەڵەکانیان، بەڵام دەرکی بە گوناهەکانی خۆی نەدەکرد.

ئینسان لەنێو گوناهدا لە دایک دەبێت، ئاخر جەستە گونا‌هـ بەرهەم دەهێنێت و ڕۆح کە لەناویدا دەژی، بە گژیدا دەچێتەوە. تەواوی ژیانی ئینسان، هیچ نییە لە شەڕێکی سەخت بەولاوە، لەنێوان ڕۆح و جەستەدا، بۆ ئینسان وا باشترە لەم شەڕەدا لایەنی جەستە نەگرێت، کە دەدۆڕێت، لایەنی ڕۆح بگرێت کە براوە دەبێت، ئەگەر لە دوا ساتەوەختی ژیانیشدا بووە. ئینسان تەنیا بەوە لە گوناهـ ئازاد دەبێت کە ددانی پێدا بنیت و دووبارەی نەکاتەوە.

هەرگیز بە خۆت مەڵێ: من لاوازم، ناتوانم خۆم لە گوناهـ بەدوور بگرم، ئاخر لەسەری ڕاهاتووم. چونکە هێشتا زیندوویت، دەتوانیت بە گژ گوناهدا بچیتەوە و ئەمڕۆ یان سبەی بەسەریدا زاڵ ببیت. ناتوانیت خۆت ناچار بکەیت، ئەم و ئەوت خۆش بوێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، خۆشەویستی لە ناختدا نییە، بەڵکوو مانای ئەوەیە، شتێک لە ناختدایە، کۆسپە لەنێوان تۆ و خۆشەویستیدا. شووشەیەک ئەگەر دەمەکەی بە تەپەدۆر داخرابێت، چەند هەوڵ بدەیت، ناتوانیت تۆزێکی لێ بڕژیت، خۆشەویستییش وایە، شووشەی ڕۆحت تژییە لە خۆشەویستی، بەڵام گوناهەکانت لێ ناگەڕێن، خۆی پیشان بدات. ئەو بارە قورسە لەسەر ڕۆحت لا ببە، ئیدی هەست دەکەیت هەمووانت خۆش دەوێت، بەوانەیشەوە کە بە دوژمنی خۆتت دەزانین.

ڕووەک و ئاژەڵ بێگوناهن، بۆیە دەرک بە یەکێتیی ڕۆحی، لەگەڵ خوادا و لەگەڵ زیندەوەراندا ناکەن، بەڵام ئینسانێک کە بزانێت، ئەوەی لە ناخیدایە، لەگەڵ خوا و هەموو زیندەوەراندا یەکی دەخات، ناکرێت بێگوناهـ بێت. بۆ ئەوەی فێر ببیت چۆن بە گژ گوناهدا دەچیتەوە، وا باشە ناوبەناو، ئەو شتانە نەکەیت کە لەسەریان ڕاهاتوویت، بۆ ئەوەی تێبگەیت، ئایا دەتوانیت جەستەت بەرزەفت بکەیت، یان جەستەت تۆی جڵەو کردووە.

ئەوانەی بڕوایان بەوەیە، خوا دونیای خوڵقاندووە، دەپرسن: باشە خوا بۆچی ئینسانی وەها خوڵقاندووە کە ئیللا دەبێت هەڵە بکات؟ ئەم پرسیارە لەوە دەچێت، بپرسین: بۆچی خوا دایکانی وەها خوڵقاندووە کە بە دەست منداڵبوون و بەخێوکردنییەوە، ژان و ئازارێکی زۆر بچێژن؟ خۆ ئەوە بۆ دایکان گونجاوتر بوو، یەکی دوو سێ منداڵی حازری بۆ هەناردبان؟ هیچ دایکێک خۆی پرسیاری لەو جۆرە ناکات، چونکە بە هۆی دووگیانی و ژانی منداڵبوون و بەخێوکردنییەوە، منداڵەکەی لەکن خۆشەویست دەبێت، ئاخر گەورەترین شانازیی دایک، بەخێوکردنی منداڵەکەیەتی. ژیان تژییە لە هەڵە و لە شتگەلی هیچوپووچ و فریوخواردن، لوتکەی بەختەوەری خەباتکردنە لە دژیان و سەرکەوتن بەسەریاندا.

بەختەوەریی ڕاستەقینە بریتییە لە خۆشەویستی، ئینسان ئەگەر لەبری خۆشەویستی، هەر سەرقاڵی تێرکردنی ئارەزووەکانی جەستەی بێت، خۆی لەو بەختەوەرییە ڕاستەقینەیە بێبەش دەکات. ئەگەر هەر بایەخ بە جێبەجێکردنی داخوازییەکانی جەستە بدەین، زیان بە جەستە و بە ڕۆحیشمان دەگات. نابێت ڕۆح ناچار بکەین، خزمەتی جەستە بکات، دەبێت جەستە بخەینە خزمەتی ڕۆحەوە. ئینسان تا داواکارییەکانی کەمتر بن، بەختەوەرتر دەبێت. ئینسان تا ئاستی ژیانی بڵندتر بێت، بنمیچی ئازادییەکانی نزمتر دەبێت. ئازادیی ڕاستەقینە ئەوەیە، پێویستمان بە هیچی ئەم و ئەو نەبێت.

*
(*) لیف تولستوی، طریق الحیاة، رسائل في الروح والموت والحیاة، ترجمة: یوسف نبیل، افاق للنشر والتوزیع ٢٠١٨ القاهرة.