بە هەموو ژیانی خۆم نەبیستووە بڵێن: ماڵ قەڵای ژنان و خانمانە

لە ستایشی دایکە زەبوونەکاندا - 6

دەبێت بپرسین، کە ئایا باوکەکان یان رۆحی ستەمکارانەی پاتریارک، کە پتر لە باوکێکی خواهانە دەچێت، نەک بوونەوەرێک و ئادەمیزادێکی هاکەزایی، ئەو هەموو هێز و دەستەڵات و زەبر و زەنگە لە کێ و لە کوێوە قەرز دەکەن، بۆ خۆ زاڵکردن بەسەر دایک و خوشک و کچانی خۆیاندا؟ هەڵبەتە سەرەتا لە خانەوادەوە ئەو رۆحە زاڵ و خۆسەپێنەرە دەست پێدەکات، لەگەڵ تێپەڕینی رۆژگار و هەڵکشانی تەمەندا، قووڵتر و کوشندەتر دەبێت، کە لەپشتییەوە کۆی کۆمەڵگا پشتگیریی دەکات، چونکە خانەوادە خانەی یەکەمە بۆ چاندنی وەها رۆحێکی هەژمووندار و خاوەن هەر هەموو توانستە رۆحی و مادییەکان، کە لەناویدا سیستمێکی نامرۆیی و دوور لە شارستانییەت وا دەکات ژن و کچەکانی وەک بزن و مەڕ لێبخوڕن، جا قەسابخانە بێت یان مێرگێکی سەوز، کە هەڵبەتە مێینەکان ئەوەندە بەختەوەر نابن، کە بگەنە سەر مێرگی سەوز، هەڵبەتە دوا جار پیاوان، کۆشکنشین بن یان کەلاوەنشین، بۆ هەمیشە ماڵ و خودی خانەوادەی جێنشین لەناویدا وەک قەڵایەکی سەختگیر و دیوار بڵند و دەرگای پۆڵایین دەیبینێت، ئەندامانی خانەوادە، بە تایبەتی مێینەکان پتر لە کۆیلە و زیندانی دەچن. هەر لە کۆنەوە من خۆم لە باوک و باپیرانی خۆم بیستووە، کە (ماڵ) قەڵای مێردانە، بە هەموو ژیانی خۆم نەبیستووە بڵێن: ماڵ قەڵای ژنان و خانمانە. هەڵبەتە لەپشت ئەم ئەندازەسازی و دیزاینە ناپەسند و نامرۆییە، سیستمێکی رامیاری و کۆمەڵاتی بتوون و تۆکمەی نێرینەکان، وەک هەر ئاش و ماکینەیەک لەگەڕدایە و بەرهەمەکەشی ستەم و خوێن و فرمێسک و ئارەقە و رەنجێکی رۆحکوژ و داڕزانی جەستەی مێچکەکانە، کە زۆرینە وەک ژیانێکی ئاسایی و زیندەگییەکی بێ غەوش لێی دەڕوانن.

هەڵبەتە لەسەر ئاستی دەوڵەتداری و ئایدیۆلۆژیی بارگاوی بە خۆ بەپیرۆزکردنی نێرینەکان، چەشنێک لە پێداگۆگی دەخاتە گەڕ، کە ژنانی ستەمدیدە هیچ گومانێک نەکەن، بگرە وەک چارەنووسێکی ئاسمانی و خواهانە چاوی لێ بکەن، کە دەکرێت ناوی بنێین پێداگۆگیی ستەمدیدە، کە بۆ هەمیشە ستەم لەناو هەر هەموو کایە و جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و رامیاری و ئابووریدا زاوزێ دەکات و زیندانێک دروست دەکات و ناوی دەنێت ژیان و زیندەگی. لەناو وەها فەزایەکدا، هێز و زەبروزەنگ خەسڵەتی سەرەکییە، بەکارهێنانی فشار و پەروەردەیەکی سەرکوتکەرانە، کە پەلاماردەر و هێرشبەرە بۆ سەر هەر هەوڵێکی کچان و ژنان، کە ئەگەر خەون بە سەربەستییەوە ببینن، گوتارێکی کەڵەگایی لەسەر زمانی نێرینەکان خۆی زاڵ دەکات، کە یەکسانی و سەربەستیی ژنان بە یاخیگەریی نەرێنی وەردەگرن و بانگەشەی ئەوەش دەکەن، کە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی خێزان و بگرە داڕمانی کۆی ئەو ستوون و پایانە و بناغەیە، کە بنیاتی کۆمەڵگای لەسەر وەستاوە. لەوێدا کۆی دابونەریتی کۆنەپەرستانە، کە هی پیاوەکانە، پیرۆز دەکرێت، هەر خۆیانن خاوەن و دیزاینەری هەر هەموو نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، رەوشتمەندی و ئەتەکێت و یاسا و رێساکان، بەکارهێنانی زمانێک، کە بارگاوی بووە بە رۆحی نێرینەیەکی ستەمکار، دادگاکانیش هی خۆیەتی، زانکۆش، کە باڵاترین دەزگایە بۆ بەرهەمهێنانی رۆحێکی ئازا و راچەنیو و گومانکار و پرسیارهەڵگر لەبەرامبەر نایەکسانی، کەچی زانکۆش دەبێت بە حەرەمسەرا و بەرهەمهێنانەوەی هەمان ترادسیۆن و مۆڕاڵێکی کەچ، کە بێجگە لە رۆحی ستەمکارانەی پاتریارکی، چاوەڕێ ناکرێت هیچ بەرهەمێکی دیکەی هەبێت، كچان و کوڕانی زانکۆش بە هەمان رۆحی راسیستی و جیاکاری و لێکدی هەڵاوێردکردن و ترس و شەرم و گومان لە یەکتری دەژین. لە کۆلێژی نوژدار و زۆرینەی کۆلێژەکان، کچان و کوڕان وەک دوو بەرەی دوژمن و دوور لە یەکدی دانیشتوون، رێک هەمان جیاکارییە، کە لەناو مزگەوت و پرسەکاندا دەیبینین، کە ژنان و پیاوان دوور لە یەکتری رێ و رەسمی خۆیان بەڕێ دەکەن. هاوکات جیاکاریی رشتەی خوێندنیان، کە کام پیشە و کار و بڕی زانست بە کەڵکی کچان دێت و کامەیان بە کەڵکی کوڕان دێت، رێک هەمان روانینە، کە ژنان و کچان لەناو ماڵ و مووبەقدا سەرقاڵن و پیاوەکان و کوڕگەل هیچ کاریان بە گەسک لێدان و جلشۆرین و چێشتلێنان و خوان رازاندنەوە و هەم کۆکردنەوەی سفرەکە نییە، بە واتا، جیاکردنەوەی کار و ئیش چ لە ماڵ و چ لەدەرەوە، هەر هەمان دیزاین و ئەندازەسازییە.

کەواتە بەو پێودانگە بێت، ئەوە خودی پیاوەکانن، کە بڕیار دەدەن خانمەکان و کچەکان چ کار و ئەرک و رۆڵێکیان هەیە لە ژیاندا، یان ئەو شتانە چین، کە مەرجە ئەوان نەیکەن، چ جۆرە بیر و بۆچوون و رەفتارێک هی ئەوە نین، کە خانمان لێیان نزیک ببنەوە، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نایەت، کە ژنان بە گشتی و دایکان بە تایبەتی، بۆ هەمیشە ژێردەستە بووبن، مێژووی خۆمان و هی نەتەوەکانی دیکە، بە رێژەیەکی کەمیش بێت، نموونەی وا هەن، کە سەرەژن و دایکانی خاوەن سیحر و ئەفسوون و کاریزما بوون، بەڵام ئەوەشمان بیر نەچێت، کە دوا بڕیار و هێز و دەستەڵات هی پیاوەکان بووە، بەڵام سرووت و ترادسیۆنێکیش هەبووە، کە بەدرێژایی مێژوو ژنان و کچان لەسەروەختی مەرگی ئازیزانی خۆیاندا وا چاوەڕوان کراوە، کە گەرمەشین و گریان و لەخۆدان و لاواندنەوە و سەردولکە و پرچ و روومەت رنینەوە ئەرکی ئەوان بووە، بیانووەکەش ئەوە بووە، کە ژن و دایک و خوشکان ناچارن پرسەکان گەرمتر بکەن، چونکە ئەوان کچانی ئەو (حەوا)یەن، کە (ئادەم)ی باوە گەورەمانی فریو داوە، لە پای ئەو یەکەمین گوناهەدا مەرجە بۆ هەتاهەتایە پرسەکان خۆش بکەن، سەرباری ئەو سزایەش، کە لەسەروەختی (سووڕی مانگانە) و خوێن بینیندا، لە زۆر کار و ئەرکی پیرۆز بێبەش دەکرێن، بۆ نموونە، لەناو هەندێک جوگرافیادا بۆیان نەبووە چرا دابگیرسێنن، چێشت لێبنێن، لەژێر سایەی هەندێک کولتوور و مەزهەبدا بۆیان نەبووە بچنە ناو مزگەوت و پەرستگاکان، بە واتا، ئەوان چیدیکە پاک نین، گوایە خودی تلانەوە و گیرۆدەبوونی ژنان بەدەست (سووڕی مانگانە) و خوێن بینین، سزایەکی خواهانەیە لەپای دۆڕاندنی بەهەشت لەسەر دەستی (حەوا)ی دایە گەورەمان.

خودی بەکارهێنانی دەستەواژەی (بێنوێژبوون) لەسەر زمانی دایکان و خوشکان و كچانی باڵقبوو، ئاماژەیەکی روون و ئاشکرایە، کە ئەوان ئیدی پیس بوون. لە هەندێک قۆناغی مێژوودا و لەژێر رۆحی سزابەخشی هەندێک لە ئاخوندەکان و قەشەکان و حاخامەکاندا، ژنان بە گڵاو و چەپەڵ بیندراون. ئەوەی لە یایدەوەری مندایە بۆ هەمیشە هەیە ئەوەیە، کە دایکم و خوشکانی خۆم دەبینی، کە هەر بە راستی نەخۆش و شپرزە و ماندوو دەردەکەوتن.