چیرۆکی کچێکی هەڵاتوو لە خێزانەکەی

“لەو کاتەوە ناوی خۆم فێر بووم، ئەو کوڕە دەزگیرانم بوو!”

کچێکی گەنج و جوانی راکردوو لە خێزانەکەی، کاتێک دەیویست قسە بکات، بەر لەهەر شتێک هەوڵی دەدا پێم بڵێ، کە ئەو رەدوو نەکەوتووە، تەنیا نایەوێ شوو بەو کەسە بکات، کە بە منداڵی و بەبێ خواستی ئەو کراوەتە دەزگیرانی.

 

(گەورە بە بچووک) یەک لە نەریتە خراپ و نەرێنییەکانی کۆمەڵگەی کۆنی کوردە، کە بەرامبەر کچانی بچووکی خێزان و بنەماڵە دەکرا. کچان لە تەمەنی یەک رۆژەوە بۆی هەیە لەجیاتی ژنێکی تر بدرێنە شوو، کە هاوسەرگیری لەگەڵ یەک لە نێرینەکانی ئەم بنەماڵەیە دەکات.


کاتێک (لەیلا) لە ماڵێکی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو دەرچوو، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵی دانیشتم، وێڕای بێزاربوونی لە ژیانی ماڵی داڵدەدان، کە خۆی دەیگوت وەکوو (زیندانە)، لەدەرەوە دەترسا، نەیدەتوانی چایەکەی بخواتەوە و دەستەکانی دەلەرزی، بەردەوام سەیری ئەملاوئەولای خۆیی دەکرد. تا دڵنیام کردەوە، کە لەم شوێنە پارێزراوە و بەبێ دوودڵی دەتوانێ قسە بکات، بەڵام یەکەم قسەی لەیلا ئەمە بوو: "متمانەم بە کەس نەماوە".


ئەو کچە گەنجە تەمەنی 23 ساڵە، تەنیا کچی خێزانەکەیەتی، خوشکی پێنج برایە، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بۆی ببێتە ناز و خۆشبەختی، تەمەنی تەنیا شەش مانگ دەبێ، کاتێک لەجیاتی ئامۆژنی لە کوڕێکی 10 ساڵان مارەی دەکەن، ئەو دەڵێت: "لەو کاتەوە ناوی خۆم فێر بوومە، ئەو کوڕە دەزگیرانمە و ناوی ئەوم لەدوایە، بۆیە بەڕاستی چارەیم ناوێت".


کاتێک لەیلا دەبێتە کچێکی گەنج، ماڵی (دەزگیرانەکەی!) داوا دەکەن بیگوازنەوە و هاوسەرگیرییەکە تەواو بێت، بەڵام لەیلا رازی نابێت و چەند جارێک هەڕەشەی خۆکوشتن دەکات، بۆیە باوکی و براکانی ناوێرن زۆری لێ بکەن، بەڵام مامی لەیلا، کە لەجیاتی ژنەکەی ئەو مارەبڕاوە، بەپێچەوانەی ئەوان رەفتار دەکات.


لەیلا دەگێڕێتەوە: "رۆژێک مامم هاتە ماڵمان و گوتی دەمەوێ بەتەنیا قسەت لەگەڵ بکەم، هەرچەندە دایکم رازی نەبوو، بەڵام دەسەڵاتیشی نەبوو، منی بردە ژوورێک و دەرگای لەسەر داخستم، سەرەتا بە خۆشی گوتی دەبێ شوو بەو کوڕە بکەی، تۆ دەزگیرانی ئەوی، کاتێک زانی رازی نابم، قژی راکێشام و لێی دام، گوتی ئەم هەفتەیە دەگوازرێیتەوە و دەبێ رازی بی دەنا دەتکوژم، ئەگەر تۆ رازی نەبی، ژنەکەی من دەبەنەوە ماڵی باوکی".


ئەگەرچی ئێستا ئەم نەریتە بەراورد بە جاران کاڵ بووەتەوە، بەڵام قوربانییانی هەن و لیرەو لەوێ کچان بەم هۆیە رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.


لە بەدواداچوون لەگەڵ بنکەکانی پۆلیسی بەدواداچوونی توندوتیژیی خێزانی، ئامارێک لەبەردەستدا نییە، بەڵام پۆلیس و بنکەکانی قەزا و ناحیەکان بە وریاییەکی زۆرەوە زانیاری دەدەن و لە هەستیاریی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەو ناوچانە ئاگادارت دەکەنەوە.


(گەورە بە بچووک، رەدووکەوتن، ژن بە ژنی) ئەو نەریتانەن، کە تا ئێستا لە ناوچەکانی دەرەوەی شارە گەورەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێن، وەنەبێ لە ناوچەکانی تری کوردستانیش نەبێت، بەڵام ئەم ناوچانە رێژەی زیاتریان بەردەکەوێت. بەهۆی هەستیاری و تۆخیی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، مامەڵەکردن و باسکردنی ئەم کەیسانە سەختە و زانیاری وەرگرتن، هەوڵدان و متمانەی زۆری دەوێ.


هەروەکوو لەیلا دەڵێت: "من یەکەم حاڵەتی ناو بنەماڵەکەم نینم، بەڵکوو کچی خاڵ و مامیشم هەر بەم جۆرە هاوسەرگیرییان کرد، بە منداڵی مارە بڕابوون".


دوای ئەوەی مامی لەیلا هەڕەشەی لێ دەکات، ئەم کچە بڕیار دەدات لە ماڵەوە رابکات، چونکە: "دەمزانی باوکم و براکانم دەسەڵاتی ماممیان نییە، ئەو هەرچی بیەوێ دەیکات و براگەورەی باوکمە، بۆیە بڕیاری هەڵاتنم دا".


ئەو کچە ماوەی سێ مانگ لە ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو بووە، دواتر هەم بێزار و هەم زۆر بیری دایکی کردووە، بۆیە بە جۆرێک تەلەفۆنی بۆ کردووە. ئەو دەڵێت: "کاتێک قسەم لەگەڵ دایکم کرد، هەم گریا و هەم تووڕە بوو، چونکە گوتی، لێرە خزمەکان وا دەزانن رەدوو کەوتووی، تەنیا خۆمان دەزانین بۆ هەڵاتووی، کاتێک دڵنیام کردەوە کە من رەدوو کەس نەکەوتووم و بۆ ئەوەی شوو بەم کوڕە نەکەم رامکردووە. پێی خۆش بوو".


دایکی لەیلا داوای یارمەتی لە براکەی دەکات، ئەویش بڕیار دەدات، کە قسە لەگەڵ مامی بکات: "خاڵم بەرگری لە من دەکات و دەڵێت، دەزانم هەڵەی نەکردووە، کاتێک ئەو بەم کوڕە رازی نییە بەزۆر مەیدەنێ، بەڵام ماڵی کوڕەکە ئەمجارە داوای پارەیەکی زۆریان لەجیاتی وازهێنان لە من کرد".


ئەگەرچی ئێستا خاڵی لەیلا دەیپارێزێت و ئەو بڕە پارەیەشی داوە بەو کوڕەی لەیلای لێ مارە کراوە، بەڵام تا ئێستا لە مامی دەترسێت و دەڵێت ناوێرم لە ماڵ بێمە دەرەوە، دەترسێم مامم لە هەر شوێنێ بمبینێت پەلامارم بدات.


کاتێک قسەم لەگەڵ پۆلیسێکی ئاگادار لە کێشەی لەیلا کرد، گوتی: "لەیلا بەختی هەیە کە کێشەکەی بەم جۆرە کۆتایی هات، چونکە هەم باوک و براکانی خۆشیان دەوێت، هەم خاڵێكی، کە کاریگەریی لەسەر خێزانەکەی هەیە، بەرگریی لێ دەکات، هەر لەم ناوچەیە کچ هەن، کە بەم هۆیە ژیانیان لەدەست داوە".