​چاکسازی لەنێوان گیرفان و عەقڵدا

 

چاکسازی بەگشتی پڕۆسەیەکی تەواوکاری و بەردەوامە لە تەواوی سێکتەرەکاندا. بەواتایەکی تر، چاکسازی پڕۆسێسێک نییە خاڵی کۆتایی ھەبێت، ئەوەی ئەمڕۆ پێی رازیت و ئامانجە، بەیانی دەبێتە بەربەست و پێویستی بە نوێگەری و چاکسازی ھەیە.


پێنجشەمی رابردوو، پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینیی پلە باڵاکان و رێکخستنی مووچەی پەسند کرد، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ سەرەتایەکی گرنگ لە ئەنجامدانی چاکسازی لە تەواوی سێکتەرەکانی تریشدا. بێگومان حکوومەت دەبێت کابانیەکی باش لە کۆکردنەوەی سەرچاوەی داھات بۆ رەخساندنی ژیان و گوزەرانێکی باشتر بۆ گەلەکەی. ھەموو چاکسازییەک دەبێت لەسەر بنەمای رەخساندنی ژیانێکی باشتر بێت بۆ خەڵک، بەتایبەت نەوەی داھاتووش، بەو مانایەی نابێت سڵ لەوە بکەیتەوە کە ئەو چاکسازییەی دەیکەیت لە بەرژەوەندیی ھەندێک کەس دەدات، چونکە بێگومان ھەموو ھەنگاوێک بە ئاراستەی چاکسازی لە بەرژەوەندیی کەسانێک دەدات کە مانەوەی رەوشەکە وەک خۆی لە بەرژەوەندییاندایە.


چاکسازی، پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆ، عێراق، دەوروبەر و دنیای دەرەوەش بەھێز دەکات، زەمینە دەخوڵقێنێ بۆ بنیادنانی سیستمێکی دیموکراسی و شەفاف. جگە لە چاکسازی لە دارایی و ئابووری و داھاتدا، من مەبەستمە باس لە چاکسازی لە لایەنی پەروەردە و کولتوور و رێکخراوەکاندا بکەم، تا گەنجان بە ھەردوو رەگەزەوە، بەتایبەتتر ژنان، پێگەیان لە کۆمەڵگەدا بەھێزتر بێت. ئەگەر بڕوانیە دیوە مێژووییەکەی ھەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەک، بە شێوازی جیاواز چاکسازییان لە سیستمی پەروەردە و فەرھەنگ و کولتوور کردووە، لە زمان و رەفتار و جلوبەرگ کە بەشێکن لە فەرھەنگ، تەواوکاری کولتووریشە، ھەرچەندە کولتوور یاسایەکی چەقبەستووی نییە، رۆژێک ھەر دێت لە ململانێی لەگەڵ نوێگەری، خۆی بەدەستەوە دەدات.


دەبێ ئێمەی کورد ددان بەوەدا بنێین کە ھەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی فرەکولتووە، رەنگە ئەمە وابکات گۆڕانی کۆمەڵایەتی ھەروا بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نەدات، بەڵام گۆڕانکاری لە بونیادی دامودەزگا میلییەکان، پەروەردە بەتایبەت، بێگومان بەھێزترین فاکتەر و کاریگەرترینی دەبێت لەسەر تاک، لەوێشەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ کۆمەڵگە، لێرەدا ئەو سیستمی پەروەردەیەی دەستنیشانی دەکەیت ھێڵە گشتییەکانی گەشەی ھزری و پێشکەوتنی کۆمەڵگەت بۆ دەستنیشان دەکات. ئەگەر سیستمی سیاسی، کارگێڕی، ئابووری سێ پایەی گرنگی راگرتنی وڵاتێکی بەھێز بێت، ئەوا سیستمی پەروەردە و فێرکردن داینگەی ھەر سێ سیستمەکەی ترەو ئەوان لە ھەناوی سیستمی پەروەردەوە دێنە دەرەوە، بە دیوەکەی تر ئەگەر سیستمێکی پەروەردە و فێرکردنێکی بەھێز و باشت ھەبوو، ئەوا باری کۆمەڵایەتی و جڤاکیش بەھێز دەبێت تا دەگات بە سێ پایەکەی لەسەرەوە باسم کرد.


بونیاننانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە بونیاتنانی تاکەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەزموونی زۆر لە وڵاتان ھەن کە بە قۆناغی کوردستاندا تێپەڕیون، ئەوەتا مالیزیا لە سەردەمی مھاتیر محەمەد پاش وەرگرتنی سەربەخۆیی، وڵاتێک بوو رێژەی ھەژاری لەسەرووی ٧٥% بوو، بەڵام کە پلانی چاکسازی و گەشەپێدانیان دانا، لە پلەی یەکەم وەبەرھێنان و گەشەپێدان و چاکسازییان لە توانای مرۆیی کرد نەک ئابووری، ئەمە رێگە راستەکەیە، چونکە ئەگەر توانای مرۆیی پێش خرا و خرایە سەر رێچکە، ئەوانی تر بە ئاسانی دەکەونە سەر رێچکە. ژن وەک تاکێکی کاریگەری کۆمەڵگە کە لەم وتارەمدا دەمەوێت تیشکی بخەمە سەر، ئەوەیە کە چاکسازی لە توانای مرۆیی بێ چاکسازی لە ھزر و بیرکردنەوەی پیاوان بەرانبەر بە ژن، سەرکەوتوو نابێت، کەواتە چاکسازی لە توانای مرۆیی پێویستی بە رەخساندنی ژینگەیەکی ئارام ھەیە بۆ ژنان تا ئەوانیش بێ ترس و دڵەڕاوکێ خۆیان لەو پڕۆژە گەورەیە ببیننەوە و خۆیان لە پاشکۆ و پەراوێزدا نەبینن، بەڵکوو لە پایە گرنگ و پڕبایەخەکانی حکومڕانیی دەوڵەت. کاتێک باس لە پێشکەوتنی وڵاتانی ئەورووپا دەکەین، دەبێ ئەوەش بخەینە بەر دیدە کە راوێژکاری ئەڵمانیا ژنە، وەزیری دەرەوە و بەرگری ئەو وڵاتە ژنە، سەرۆک وەزیرانی پێشتری بەریتانیا ژن بوو، سەرۆک وەزیرانی ئێستای فنلەندا ژنە کە تەحەدای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەکات کە رێی پێ نادات پێ بخاتە وڵاتەکەی و پێشوازیی لێ ناکات، بەھۆی ھەڵسوکەوتی خراپی ترەمپ بەرانبەر بە ژن.
ئەوەی لە ئەورووپا لەو پلە و پۆستە باڵایانە دەبینرێن بەرھەمی رۆژێک و دووان نییە. بۆچی ژنبوون ڕیگر نییە لە وەرگرتنی ئەو پۆستە باڵایانە؟


لە فەزای ڕۆژئاواییەکاندا بنەرەتی پەروەردەکردن و کولتووریان وەھا بونیات نراوە کە شتێک نییە بە ناوی جوداخوازیی نێوان نێر و مێ، زۆربەی کاری دەوڵەتی و ڕێکخراوەیی و ئۆرگانە جیاوازەکانی ناو کومەڵگا کاریزمایەکی بەھێزی بە ڕەگەزی مێینەی، ھەڵبەتە ئەم جۆرە مامەڵەکردنە بۆ ڕۆژئاواییەکانیش ئاسان نەبووە کاری زۆریان کردووە تا ژن بگات بەو پێگەیەی کە ئێستا ھەیانە، چونکە وڵاتانی ڕۆژئاوا ژینگەی جوگرافیان، کولتووریان، ڕۆشنبیریان زۆر لە وڵاتی ئێمە لەپێشترن، دەمەوێت بڵیم پێگەی ژن لەناو کرۆمۆسۆمی کولتووری پەروەردەیی ڕۆژئاواییەکاندا جێگیر بووە و کەمی دەرکەوتنی ژن لە ھەر بوارێکدا ئەبێتە مایەی سەرسامی و گوزارشتبوونێکی نامۆیە لەلای تاکەکانیان و کۆمەڵگە بەگشتی. بۆیە دەبێ بنەڕەتی کولتوور و پەروەردەی کوردستانی باشوور، بە شێوەیەک جۆش بکرێت کە پێگە و مەقامی ژن وەک بەشێکی سەرەکی لە بنەمای ھەڵسوکەوتی تاکەکان سەیر بکرێت، ژنیش خۆشی دەبێ ڕۆڵێکی گرنگ بنوێنێ لە بەرجەستەکردنی مافەکانی، ھەڵبەتە رەخنەی زۆر لە خودی ئەو ژنانەش ئەگیرێ کە خاوەن بڕیار و دەسەڵاتن بە کەمتەرخەم ناویان دەبەن لە مەڕ بەھێزکردنی پێگەی ژن. پێش ماوەیەک زۆربەمان سەرسامیی خۆمان بە رامبەر بە ھەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی وڵاتی فیلەندا نیشان دا کە خاتوونێکی گەنج یەکێک لە بەرزترین پۆستی وڵاتی وەرگرت، خاتوو (سانا مارین) سەرۆک وەزیران دەڵێ: “ھیچ کاتێک بە خەیاڵمدا نەھاتووە تەمەن یان رەگەز بەربەست لە ژیانی سیاسیی مندا دروست بکەن”، کەواتە باوەڕ بەخۆبوون بەم مێبوونەی بۆ ئەو ژینگە پەروەردەیی وڵاتی فینلەندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە یەکسانی و دادپەروەری لەنێوان رەگەز و چینەکاندا بوونی نییە.


لەوانەیە بڵێن ھێندە بەس نییە رەخنەگرتن؟


ئەی خودی ژن بۆ لەناو حزبەکاندا لە کاتی بەستنی کۆنگرە و ھەڵبژرادنەکاندا پێیان قبووڵە ئەو ڕێژەیی بۆیان دانراوە! ئەوەش پرسیارێکی جەوھەریە منیش ھەر دەپرسم بۆ دەبێت دوای چارەکە سەدەیەک لە حوکمرانی ئەو بەربەستی و دیوارەبەندییە لەنێوان ئەقلیەتی سیاسیی پیاوان و ژناندا ڕۆژ بە ڕۆژ بازنەکە تەسکتر بکرێت وەک لەوەی فراوان بکرێت.


جۆرج بیردۆ، پێناسەیەکی جوانی ھەیە بۆ شوناسی توانا و دەسەڵات، دەڵێت: زانستی سیاسی لە کوێدا بەرھەم دێت؟! لە بوونی قەوارەیەکی سیاسی و دادپەروەردا دێتە بەرھەم کە پێی دەگوترێ دەوڵەت، توخمەکانی بونی دەوڵەت، خاک، گەل، دەسەڵاتێکی خاوەن سەروەری. ئەم پێناسەیە دەکرێت بکرێت بە میتۆدێک بۆ فەراھەمکردنی ئەو ژینگە تەندروستەی کە پەروەردەیەکی تەندروستمان ھەبێت و گەنجان و ژنی سەرکردەی تێدا دروست بێت بۆ بەھێزکردنی پێگەیان.