زاڵبوون به‌سه‌ر فشارى ده‌روونيدا

هۆشیاریی سێکسی.. پرسیار و وەڵام

فشار يان سترێس، يه‌كێكه‌ له‌و حاڵه‌ته‌ باوانه‌ى، كه‌ هه‌موو كه‌سێ به‌ لايه‌نى كه‌مه‌وه‌ چه‌ند جارێك له‌ قۆناغ و كاتى جياواز له‌ ژيانيدا تووشى ده‌بێت و كه‌م و زۆر كاريگه‌ریى له‌سه‌ر بارى ده‌روونى و جه‌سته‌يى جێ ده‌هێڵێت. هه‌ستكردن به‌ فشار به‌ بڕێكى كه‌م، ده‌شێ هانى مرۆڤ بدات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كێشه‌كانى ژيانى ڕۆژانه‌، يان چوونه‌ ناو ئه‌زموونێكى نوێ، يان ئه‌نجامدانى كارێك، به‌ڵام كاتێ كه‌ بڕه‌كه‌ى زۆر ده‌بێت و بۆ ماوه‌يه‌كى درێژخايه‌ن ڕوو ده‌دات، ئه‌وا كاريگه‌ریى نێگه‌تيڤى بۆ سه‌ر ته‌واوى ژيانى ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بێت. له‌م بابه‌ته‌دا باسى چۆنێتیى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و فشاره‌ ده‌روونيیانه‌ ده‌كه‌ين.

پ: چۆن بتوانم به‌سه‌ر ئه‌و فشاره‌ ده‌روونيانه‌دا زاڵ ببم كه‌ په‌يوه‌ندييان به‌ ئيشه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌يه‌؟
و: بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و فشارانه‌ى، كه‌ په‌يوه‌ندييان به‌ ئيشه‌كه‌ته‌وه‌ هه‌يه‌، پێويسته‌ سه‌ره‌تا له‌وه‌ دڵنيا بيت، كه‌ ئايا تۆ له‌و بۆچوونه‌تدا ڕاستيت، به‌ واتايه‌كى ديكه‌، ئايا به‌ڕاستى هۆكارى لۆژيكى بۆ هه‌ستكردن به‌و فشاره‌ هه‌ن، يان ته‌نيا په‌يوه‌ندیى به‌ هه‌ستياریى خۆته‌وه‌ هه‌يه‌. بۆ ئه‌مه‌ په‌نا ببه‌ به‌ر هاوڕێ، يان هاوكارێكى نزيكت‌ كه‌ متمانه‌ت پێى هه‌بێت، تا له‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ستكردن به‌و فشارانه‌ يارمه‌تيت بدات. ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ ته‌نيا په‌يوه‌ندیى به‌ خۆته‌وه‌ هه‌بوو، واته‌ كاره‌كه‌ت شتێكى وا ديارى تيادا به‌دى نه‌كرا كه‌ ببێته‌ هۆى ئه‌و هه‌سته‌ نێگه‌تيڤانه‌ت، ئه‌وا هه‌وڵ بده‌ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ له‌به‌رده‌مى خۆت لابه‌ره‌، كه‌ وات لێ ده‌كه‌ن هه‌ست به‌ فشار بكه‌يت. بۆ نموونه‌، هه‌وڵدان بۆ به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌كه‌ت به‌ شێوازێكى باشتر، چونكه‌ چه‌نده‌ بتوانيت كۆنترۆڵى ئيشه‌كه‌ت بكه‌يت و به‌باشى به‌ڕێوه‌ى به‌ريت، هێنده‌ زياتر هه‌ست به‌ دڵخۆشى ده‌كه‌يت و دڵه‌ڕاوكێت كه‌م ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆى هه‌ستكردن به‌ فشار.
ئه‌گه‌ر زانيت ئه‌و فشاره‌‌ په‌يوه‌ندیى به‌ كاره‌كه‌ت، يان به‌رپرس و به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ته‌وه‌ هه‌يه‌، ئه‌و كاته‌ هه‌وڵى ئه‌مانه‌ بده‌:
- ئه‌گه‌ر ده‌زانى كارێكى باشترت ده‌ست ده‌كه‌وێ، واز له‌و كاره‌ بهێنه‌، يان به‌ لايه‌نى كه‌مه‌وه‌، سه‌ره‌تا به‌شه‌كه‌ت بگۆڕه‌.
- ئه‌گه‌ر ناتوانى كاره‌كه‌ت بگۆڕى، ئه‌وا هه‌وڵ بده‌ ڕوانينت بۆ كاره‌كه‌ت بگۆڕه‌، بۆ نموونه‌، له‌و ڕووه‌وه‌ بيرى لێ بكه‌ره‌وه كه‌ ئه‌وه‌ كارى تۆيه‌، يان تۆ له‌دواى ساڵانێكى زۆر له‌ شه‌ونخوونى و خوێندن به‌و كاره‌ گه‌يشتوويت، واته‌ دياره‌ كاره‌كه‌ت به‌هاى خۆى هه‌يه‌ و هه‌موو كه‌سێ ناتوانێ به‌و پله‌ و پايه‌يه‌ بگات. يان له‌و ڕووه‌وه‌ بيرى لێ بكه‌ره‌وه‌، كه‌ تۆ به‌و كاره‌ چه‌نده‌ خزمه‌تى كه‌سانى ديكه‌ ده‌كه‌يت، بۆ نموونه‌ كاركردن له‌ نه‌خۆشخانه‌، په‌روه‌رده‌ و فێركردن، ژينگه‌پارێزى...هتد. بێ گومان هه‌رچى كار هه‌يه‌ به‌ها و گرنگیى خۆى بۆ سوودى گشتیى خه‌ڵك هه‌يه‌.
- ئه‌گه‌ر كه‌سێ له‌ شوێنى كاره‌كه‌ت، بۆ نموونه‌ به‌ڕێوبه‌ر، يان به‌رپرسى به‌شه‌كه‌ت، بووەته‌ هۆى دروستكردنى ئه‌و فشاره‌ بۆت، هه‌وڵ بده‌ شێوازى په‌يوه‌نديت له‌گه‌ڵيدا بگۆڕى. له‌جياتى ئه‌وه‌ى سه‌رنجت له‌سه‌ر لايه‌نه‌ خراپه‌كانى بێت، لايه‌نه‌ باش و خاڵه‌ به‌هێزه‌كانى ببينه‌ و سووديان لێ وه‌ربگره‌.
- ڕاهێنانى هه‌ناسه‌دان به‌ قووڵى، هه‌موو سه‌رى سه‌عاتێ جارێك دووباره‌ى بكه‌ره‌وه‌، به‌ لووت به‌ خاوى هه‌ناسه‌ هه‌ڵمژه‌، بۆ سێ چركه‌ بوه‌سته‌، ئينجا به‌ خاوى له‌ ڕێى ده‌مه‌وه‌ هه‌ناسه‌ بده‌ره‌وه‌. ئه‌مه‌ يارمه‌تيت ده‌دا بۆ هێوركردنه‌وه‌ى بارى ده‌روونيت هه‌موو كاتێك.

پ: ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تيم سه‌خته‌ و هه‌ست به‌ فشارێكى زۆر ده‌كه‌م، چۆن ڕووبه‌ڕووى ببمه‌وه‌؟
و: ئه‌گه‌ر فشاره‌ ده‌روونيیه‌كه‌ت به‌ هۆى ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه‌ بێت، پێويسته‌ هۆكاره‌كانى ده‌ستنيشان بكه‌يت، بۆ نموونه‌، ئايا ئه‌و فشاره‌ په‌يوه‌ندیى به‌ كه‌سێكه‌وه‌ هه‌يه‌، ئه‌گه‌ر ده‌توانى له‌و كه‌سه‌ دوور بكه‌ره‌وه‌ و يه‌كجاری بڕيار بده كه‌ ژيانێكى تازه‌ ده‌ست پێ بكه‌يت‌. ئه‌گه‌ر كه‌سێ دروستى كردووه‌، كه‌ مه‌حاڵه‌ لێى دوور بكه‌ويته‌وه‌، بۆ نموونه‌، دايك و باوكى نه‌خۆش، يان منداڵى نه‌خۆش، يان خوشك و براى كێشه‌دار، ئه‌وا پێويسته‌ ڕوانگه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ كێشه‌ و گرفته‌كانيان بگۆڕى و چه‌نده‌ له‌ تواناتدايه‌ هه‌وڵى يارمه‌تيدانيان بده‌يت. هه‌رچييه‌ك، كه‌ ناتوانى بيرى لێ مه‌كه‌ره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ فشار دروست ده‌كات و به‌مه‌ تۆش زيان به‌ ته‌ندروستیى جه‌سته‌يى و ده‌روونیى خۆت ده‌گه‌يه‌نيت و ناتوانى وه‌ك پێويست هاوكارييان بكه‌يت. هه‌وڵ بده‌ هه‌رچى ده‌توانى درێغى نه‌كه‌يت له‌ ئه‌نجامدانى، تۆ ويژدانى خۆت ئاسووده‌ بكه‌ و ئيدى ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ ده‌ستى تۆدا نييه‌.

پ: خراپیى بارى ئابوورى فشارێكى زۆرى بۆ دروست كردووم، چى بكه‌م تا كه‌مێ ئاسووده‌ بم؟
و: بارى ئابوورى يه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كييه‌كانى هه‌ستكردن به‌ فشارى ده‌روونى، ته‌نيا ده‌توانم بڵێم، هه‌وڵدان و گه‌ڕان به‌ شوێن ده‌رفه‌ت و بوارى كاركردنى شه‌ريفانه‌، باشترين ڕێگه‌يه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى بارى ئابووريت و ڕه‌وينه‌وه‌ى فشاره‌كانت. وه‌ك ده‌زانين، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌سته‌مه‌ خێزان بتوانێ به‌ ده‌رامه‌تى تاكه‌كه‌سێ ژيانى به‌ڕێوه‌ بچێ، هه‌وڵ بده‌ هانى هه‌موو ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ت، ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نيان له‌سه‌روو هه‌ژده‌ ساڵه‌وه‌يه‌ بده‌، تا هه‌ر يه‌كه‌ و له‌ لاى خۆيه‌وه‌ كارێك بكات، چه‌نده‌ ساده‌ش بێت و چه‌نده‌ پاره‌ى كه‌ميش په‌يدا بكات، مه‌رج نييه‌ هه‌موو كارێك پێويستى به‌ بڕوانامه‌ و سه‌رمايه‌ى زۆر هه‌بێت.

پ: ئه‌ى به‌گشتى چى باشه‌ بۆ ڕزگاربوون له‌ هه‌ر جۆرێكى فشار؟
و: بيركردنه‌وه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى پۆزه‌تيڤانه‌ گرنگترين خاڵه‌، هه‌روه‌ها ڕوانين له‌ ژيان به‌ هه‌موو كێشه‌ و سه‌ختييه‌كانييه‌وه‌ وه‌ك دەرفەتێكى ناوازه‌. كه‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕوانين له‌ ژيان به‌ دڵ و ده‌روونێكى گه‌شبينانه‌وه‌. ده‌شێ سوود له‌م خاڵانه‌ وه‌ربگرى، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌موويشيان په‌يڕه‌و نه‌كه‌يت:
- ڕاهێنانى وه‌رزشى، يان ته‌نيا ڕۆيشتن به‌ پێ، ڕۆژى نيو سه‌عات.
- سه‌ردانى پزيشك و دڵنيابوون له‌ ته‌ندروستيت، چونكه‌ نائارامى به‌رامبه‌ر ته‌ندروستيت و هه‌ستكردن به‌ ئازار هه‌ر جاره‌ و له‌ شوێنێكى جه‌سته‌دا، يه‌كێكه‌ له‌ نيشانه‌كانى فشارى ده‌روونى.
- دووركه‌وتنه‌وه‌، يان هيچ نه‌بێت هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى جگه‌ره‌كێشان و خواردنه‌وه‌ كهوولييه‌كان، چونكه‌ ته‌نيا به‌شێوه‌يه‌كى كاتى سووديان هه‌يه‌ و له‌ مه‌وداى درێژخايه‌ندا كێشه‌ى جه‌سته‌يى زۆر خراپت بۆ دروست ده‌كه‌ن.
- پێكه‌نين يه‌كێكه‌ له‌ ڕێگه‌چاره‌ باشه‌كان.
- خواردنى دروست، بايه‌خدان به‌ خه‌و و ڕه‌خساندنى هه‌ل بۆ حه‌وانه‌وه‌ و كردنى ئه‌و شتانه‌ى كه‌ خۆت حه‌زت لێيانه‌.
- بايه‌خدان به‌ په‌يوه‌ندييه‌ كۆمه‌ڵايه‌تیيه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌س و هاوڕێيانه‌ى كه‌ وزه‌ى باشت پێ ده‌به‌خشن.

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه:
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.