نه‌وتی كوردستان وهه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران و ئه‌مریكا

 

یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی ئابووری به‌ كه‌متر له‌ حه‌وت سەعات دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی، به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های نه‌وت بوو به‌ رێژه‌یی زیاتر له‌ ٤٪، به‌دوای ئه‌ویشه‌وه‌ به‌های دراوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك فرانكی سویسری، یۆرۆ، یه‌نی ژاپۆنی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ دۆلاری ئه‌مەریكی تۆمار كرد، پاشانیش به‌های زێڕ و كانزا گرانبه‌هاكان به‌رزترین ئاستیان له‌ شه‌ش ساڵی ڕابردوودا تۆمار كرد.


ڕووداوه‌كه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕووی دا، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌ ئابوورییه‌كانی ئێجگار زۆر بوون. ئه‌ی بۆ ئێمه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، كه‌ هاوسنووری ئێرانین، چ پڕیشكێكی ئه‌م كاریگه‌رییه ئابوورییه‌مان به‌رده‌كه‌وێت؟


بێ گومان ترسی كڕیارانی نه‌وت له‌وه‌دا نه‌بوو، كه‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی ئێران ده‌وه‌ستێت یان كه‌م ده‌بێته‌وه،‌ یاخود ئه‌مه‌ریكا سزا بخاته‌ سه‌ر ئێران، كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دوای چه‌ند سەعاتێك ڕوویان كرده‌ كڕینی نه‌وت و به‌هۆی زۆریی كڕیاریشەوە نرخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رز بووەه‌وه‌، به‌ڵكوو ترسه‌كه‌ له‌وه‌دا بوو، كه‌ ئێران له‌ رێگای گه‌رووی هورمزه‌وه‌ رێگا له‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی چه‌ند وڵاتێك بگرێت، یاخود كێشه‌یان بۆ دروست بكات، چونكه‌ زیاتر له‌ ٢٠٪ی نه‌وتی جیهان له‌ ڕێگای گه‌رووی هورمزه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ بازاڕه‌كان و وڵاتان، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ كڕیاران و بازرگانانی نه‌وت. بۆیه‌ ساتی كوژرانی قاسم سولەیمانی، ئه‌م مه‌ترسییه‌ زیاتر بوو، بازرگانانیش نه‌وتی زیاتریان كڕی.


ده‌بێ ئه‌مه‌ بزانین، ئه‌م مه‌ترسییه‌ كۆتایی نایه‌ت و له‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی نه‌وت له‌و رێگایه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كه‌ن به‌رده‌وام ده‌بێت، عێراقیش یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی نه‌وتیش بڕبڕه‌ی ئابوورییه‌كه‌یه‌تی.


هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق هیچ كات تووشی ئه‌م مه‌ترسییه‌ نابێت، چونكه‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و نزیكه‌ی ته‌نیا 100 هەزار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركووكیش له‌ ڕۆژێكدا ده‌روازه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌یه‌ بۆ گواستنه‌وه،‌ كه‌ ئه‌ویش به‌نده‌ری جه‌یهانی توركییه‌. بۆیه‌ ئابووریی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ نزیكترین ناوچه‌یه‌ له‌ ئێران، به‌ پارێزراوی ده‌مێنێته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئابووریی ده‌یان وڵات به‌ خودی عێراقیشه‌وه‌ كه‌وتووەته‌ مه‌ترسی.


ئه‌م ساته‌ی ئێستا عێراق تێی كه‌وتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ساتێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ نه‌وته‌كه‌ی، له ‌هه‌مان كاتدا فه‌شه‌لی كه‌رتی نه‌وتی عێراق ده‌رده‌خات، كه‌ تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ رێڕه‌وێكی دیكه‌ بۆ فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ی بدۆزێته‌وه‌.


له‌باره‌ی ئاماده‌یی كۆمپانیا بیانییه‌كانیش بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان، كۆمپانیای شیفرۆنی ئه‌مەریكی له‌ رێگای وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه‌، چه‌ند رۆژێك دوای رووداوه‌كه‌ به‌ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزی ڕاگه‌یاند: ژیانی كارمه‌ندانی خۆمان ده‌پارێزین و ده‌شمانه‌وێت تا ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ ئاستی به‌رهه‌می كۆمپانیاكه‌مان له‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان بگه‌یەنینه‌ دوو سه‌د هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.


هه‌روه‌ها كۆمپانیای گولف ستۆنیش له‌ به‌یانامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: بڕی 21 ملیۆن و 700 هه‌زار دۆلارمان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرت، وه‌ك شایسته‌ی دارایی، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ئاماژه‌یه‌كی به‌رده‌وامیی كاره‌كانیان ده‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستان.


جگه‌ له‌و دوو كۆمپانیایه‌، كۆمپانیای شامارانی كه‌ندی ڕای گه‌یاند: كاره‌كانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌م دۆخه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئێمه‌ نییه‌، له‌ هه‌مان رۆژیشدا كۆمپانیا گه‌نه‌ڵ ئینه‌رجی ڕای گه‌یاند: بیری (TT 34) له‌ سنووری ته‌ق ته‌ق ته‌واو بووه‌ و له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا ده‌ست به‌ به‌رهه‌مهێنانی ده‌كه‌ین، كه‌ رۆژانه‌ نزیكه‌ی دوو هه‌زار به‌رمیل نه‌وتمان لێ ده‌ست ده‌كه‌وێت. ئه‌م هه‌موو ئاماژانه‌ پێمان ده‌ڵێن، ئاستی به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هیچ كێشه‌یه‌كی نایه‌ته‌ سه‌ر و تا راده‌یه‌كی باش دوور ده‌بێت له‌و ململانی نێوده‌وڵه‌تییه‌.