کاغەزەکانی باوکم

 

تا گەورە نەبووم لەوە تێ نەگەیشتم، کە تەمەن چۆن و بە چ شێوەیەک بەخێرایی وەک شەمەندەفەر تێ دەپەڕێت، وەک ئەوەی لەنێو مشتدا پەپوولەیەکت گرتبێت و هەر دەستت کردەوە بفڕێت.


زۆر جار لە یاداشتەکانمدا باسی ئەوەم کردووە، زۆرینەی تەمەنی منداڵیم لە گەڕەکی سابوونکەران و برایم پاشای سلێمانی بەسەر بردووە، ئەوەندە یادەوەریی ڕەنگاوڕەنگم لەو ژیانە سادە و ساکارەدا هەبووە، کە بە چەندین نووسینی تر ڕەنگە نەتوانم وەک پێویست بیان نووسمەوە، ئەمە نەک بە تەنیا بۆ من، بگرە بۆ زۆرینەی ئەوانەی هاوتەمەنی من و ئەوانەی پێشووتریش هەر وابوو بن. دیارە لاپەڕەکانی مێژوو بۆ یادەوەرییەکانی خۆی لە سادەییدا زۆر دەوڵەمەندترە لەچاو دنیای پێشکەوتوو و تەکنەلۆجیادا، کە ئەوەندە خێرا تێ دەپەڕێت، پێ ڕاناگەی بیاننووسێتەوە.


بە حوکمی ئەوەی باوکی ڕەحمەتیم مامۆستا و هونەرمەند بوو، هەمیشە شەیدای نووسین بوو. لە هەر خانوویەکدا بووینایە، دەبوو ژوورێک بۆ باوکم و مێز و کورسییەکەی تەرخان بکرێت، کە بە کتێبخانە دەیڕازاندەوە. نووسینەکانی و تابلۆکانی، کە لە سەرەتاکانی ساڵانی شەستەکاندا کێشابوونی، تاکە شتێک لە هەموو ژیانی باوکمدا بەهایەکی زۆر بەنرخ بووە پێنووسەکانی بووە، کە بەردەوام مێزەکەی هەموو رەنگێک لە قەڵەمی جافی لەسەر بوو، جگە لە کاغەزی سپیی جۆراوجۆر لە کاغەزی خەتدار و سادە. هێندە دڵی پێ خۆش بوو، بە روخساریەوە دیار بوو خەتدارەکان بەلایەوە زۆر بەنرختر بوون و بۆ هەموو نووسینێک بە کاری نەدەهێنان، تەنیا بۆ دەستنووسی تەواوەتی دایدەنان و بێ خەتەکانیشی بۆ رەشنووسی یەکەمی نووسینەکانی، بۆیە هەموو کات، کە نووسینەکانی تەواو دەبوو، ئەو کاغەزانەی، کە نەیدەویستن، هێڵی راست و چەپی بەسەردا دەهێنان و دەیدڕاندن. باوکم گەلێ جار پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕێکانی هەبوو، کە چاپخانەیان هەبوو، هەر لەو رێگەیەوە زۆرترین کاغەزی دەست دەکەوت و بۆ ئێمەشی دەهێنایەوە بۆ سەعیکردنمان. هەموو ساڵێکیش دوای تەواوبونی قوتابخانە، لە دەفتەرەکانماندا هەر پەڕەیەکی سپی بمایەتەوە، دەماندا بە باوکمان بۆ نووسینەکانی، چونکە وا فێری کردبووین، کە هیچ شتێ فڕی نەدەین. ئێستا کە سەیری نووسینە بەجێماوەکانی دەکەم، زۆرینەیان دەستنووسی یەکەمن لەسەر کاغەز، هەندێ لە کاغەزەکان بە جۆرێک زەرد بوون، کە دەستیان دەدیتێ هەمووی هەڵدەوەرێن، بەڵام بۆ ئەو کاتە لەلای باوکم زۆر بەنرخ بوون، کە بیر دەکەمەوە، ئەو رۆژانە دێنە خەیاڵمەوە، کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٦ چوومە بەریتانیا، لە شاری ستراتفۆرد، ئەو شارەی شکسپیری کەڵەنووسەر و شاعیری بەریتانیای لێ لەدایک بووە، ماڵەکەی بووەتە مۆزەخانەیەکی بەنرخ بۆ ئەو وڵاتە، لە تەلارێکی تر تایبەت بە کار و بەرهەمەکانی، زۆرینەی دەستنووس و بەرهەمەکانی نمایش کراون، لەنێو دۆڵابەکاندا زۆرینەی دەستنووسەکانی لەگەڵ پێنووسەکەیدا بە جوانترین شێوە پارێزراون، کە باشترین بەڵگەیە بۆ پاراستنی و بەرزڕاگرتنی بەهای نووسەران و کەسانی بە ناوبانگ لە هەر بوارێکدا، کە ئەوانەم دەدی، گەلێک خەفەتبار دەبووم بۆ کولتوور و فەرهەنگی ئەم وڵاتەی خۆمان، چەندە بەهەدەر چووە لە پاراستن و فەوتاندن. هەندێکیان لە کەم خەمخۆریی خۆمان و هەندێکی تریشی لە بەتەنگ نەهاتنەوەی دەسەڵاتێک، کە هونەر و ڕۆشنبیری نەبووەتە بەشێکی سەرەکیی ژیان و ناسنامەی خۆی، ئەوە جگە لە کارەساتە گەورەکانی ئەنفال و کیمیاباران و کۆڕەو و شەڕی براکوژی و چەندان ماڵوێرانیی تر، کە لەو باوەڕەدام زۆرینەمان لە گەرمەی هەر کارەستێکی ڕەشدا بە دەیان و سەدان یادەوەری و کتێب و نامەمان سووتاندووە و لەناومان بردووە.