لە ستایشی دایکە زەبوونەکاندا

بۆچی دایکانی زەندقچوو لە ئابڕووچوون، دەبنە چاودێر و پاسەوانی كچەکان؟

هەلقەی پێنجەم


کۆی تەڵزگە و تراژیدیای دایکانی ستەمدیدە، زادەی سیستمێکی پاتریارکی و ستەمکارە لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و مەزهەبگەرایی، بەتایبەتی لە کۆمەڵگایەکی نەریتپەرست و پاشکەفتی، زۆرینەی پیاوەکان و کارەکتەرەکانی ناو کایە سەرەکییەکانی ناو ژیان و زیندەگیی ئێمە، کە دەکرێت ئاماژە بە کایەکانی وەک بزنس و سەرمایەگوزاری و دادگاکان و پۆلیس و زانکۆکان و کۆی دەزگا پەروەردەییەکان بدەین، کە هیچ کامیان ئاسوودە نین بە داننان و سەلماندنی ئەو راستی و هەقیقەتە سادەیە، کە ژنان و کچان ستەمدیدەی سیستمێکی وەها زاڵ و سەرکوتکەرن، کە هەر هەموو جومگە و پایەکانی دروستکراوی نێرینەکانن، کە لەناو ئەو کایە و گۆڕەپانانەی، کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە، ئەوەیان چەشنێکە لە رێککەوتنێکی ژێربەژێری هەر هەموو بڕیاربەدەستەکان، کە بە (کۆدی خامۆشی) ناسراوە، بە واتا، بەبێ شومار نێرینەکان خۆیان لە گێلی دەدەن و سەرگەرمی گەمەی چاوشارکێن، کە لەمیانەی ئەو گەمەیەدا هیچ کام لە پیاوەکان نە ئامادە و نە دیارن، کەچی ژنان و کچان وا هەست دەکەن، کە نێرینەکانی خانەوادە و بنەماڵە و بگرە هی دەرودراوسێ و خزمی دوور و نزیک چاودێرن، بە ئەندازەیەک، کە وا مەزەندە دەکەن چاوی کامێرایان بەدواوەیە، هەر هەمان ئەو ترسەشە وا دەکات، دایکانی زەبوون و زەندقچوو لە ئابڕووچوون و لەکەداربوونی ئەندامانی خێزانەکان، باوک و برا و کوڕەکانیش ناچارن، کە ببنە چاودێر و پاسەوانی كچەکان، چونکە روانینێکی وا هەیە، کە هەڵە و لەڕێ لادان و هەر کار و شتێکی نابەجێ و نەنگ لەسەر دەستی كچەکان بقەومێت، بەڵگەیە، کە دایکەکان ناڕەسەن و بەدکار و کەم ئاوەز و ئابڕوون. دایکەکان وەک ئەو مریشکانەیان لێ دێت، کە لە ترسی پشیلە برسییەکان هەمیشە لە خەمی ئەوەدان، جووجەڵەکان لەژێر باڵی خۆیاندا بشارنە، رایان دەدەن بەو نیازەی، کە لە پەنا و پەسێراندا حەشاریان بدەن، گەر بۆ یەکجاریش بێت، بۆ هەمیشە لەو گەمەیەشدا ژنەکان و کچەکان لەمیانەی وەها چاوشارکێیەکدا تەنیا و غەمبارن.


بەڵام راستییە هەرە تاڵەکە ئەوەیە، کە پیاوەکان و کوڕگەلی ناو خێڵ و هۆز و تیرە و خانەوادەکان بۆ خۆیان قوربانیی هەمان هێز و یاسا و رێسا و ریچواڵن، کە مێیەکەکانی پێ دەچەوسێننەوە، بە واتا تۆڕێکی گەورە لە پەیوەندیی نامرۆیی و دوور لە یەکسانی و دادپەروەری و جیاکاری و لێکدی هەڵاوێردکردن لەسەر ئاستی چینایەتی و رەگەزگەرایی و ژێندەریی، هەر هەموومان گەمارۆ دەدات، لەوەش کوشندەتر ئەوەیە، کە پیاوەکان و کوڕەکانیش هەرگیز ژیانێکی شکۆمەندانەیان نابێت و لە هیچ خێر و خۆشییەک بەهرەمەند نابن، من و تۆی پیاو، کە دایکان و خوشکان و کچانی بەدبەخت و سەرکز و شەرم و ترسنۆکمان هەبێت، مەحاڵە بتوانین وەک مرۆڤی خۆشبەخت و شکۆمەند بژین، پیاوان و ژنانی کۆیلەئاسا ترسنۆک و دوودڵ، ناتوانن هیچ سۆز و خۆشەویستییەک بگۆڕنەوە، هەڵبەتە کۆمەڵگای ئێمە دەردەدار و ماندووە و هونەری خۆشبەختیی مرۆڤپەروەرانەی لەدەست داوە و ناشزانێت چۆن بیدۆزێتەوە.


سیستمی پاتریارکی، کە تەمەنی هەزارەها ساڵە، هیچ وەڵامێکی مرۆڤدۆستانەی بۆ خانمە چەوساوەکان لە هەگبەدا نییە، ئاسانیش نییە هەر لە خۆمانەوە گەشبین بین و بڵێین، ئەو دۆخە نالەبارەی، کە وای کردووە پیاوانی سەردار و گەورە و بڕیادەر بن، کاتی و راگوزەرە و بەسەر دەچێت، یان وا چاوەڕوان و ئومێدەوار بین، کە ناو لەم قۆناغە بنێین (قۆناغی گواستنەوە) و تێپەڕ و کرانەوەی ئاسۆیەک بۆ دروستبوونی کۆمەڵگایەکی یەکسان و دادپەروەر و مرۆڤدۆست، چونکە لەناو هەموو کایە و گۆڕەپانەکانی ژیانی ئێمەدا، نێرینەکان زاڵ و هەژمووندارن، دەتوانین بڵێین لە (رۆژئاوا)دا قۆناغێکی وا هاتووەتە پێشێ، کە بە بەراورد لەگەڵ ئێمەدا هەنگاوی چوست و گەورەیان ناوە، کە دیارە فاکتەر و هۆکارگەلی زۆر رۆڵیان هەبووە، لەمیانەی گؤڕانکارییەک سەبارەت بە پێگە و خەونی دەرچوون لەو ستەم و نایەکسانییەی، کە بۆ چەندین سەدە خەسڵەتی ژیان و زیندەگی و پەیوەندییەکانی هەردوو رەگەز بوون، کە جیاوازیی نێوانیان لە باری فیسیۆلۆژییەوە وای کردبوو، لە هەموو مافە ئینسانییەکانی خۆیان ستەمدیدە و بێ بەهرە بن، کە تیایدا گەمەی هێزدار و بێهێز لەسەر بوون و نەبوونی ماسوولکە و توانستی جەستە، ببێت بە پێوانە بۆ جیاکاری و راسیسزمی پابەست بە دیوە ژێندەرییەکەی. هەتا قۆرخکردنی سۆزداری و هەوەس بە زۆردارەکی، پیادەکردنی زەبر و زەنگ، کە بە بیانووی شەریعەت و نۆرمە نامرۆییەکانی کۆمەڵایەتی، کە دیسانەوە پیاوەکان تیایدا سەردەستە و خاوەن ماف و بڕیار بن، نەک ژنەکان، بە ملیۆنەها پیاو، خودا و ئاسمان دەکەن بە گژ ژن و خوشک و کچەکانیان، بۆ رامکردن و کەویکردن و ملکەچی و خۆبەدەستەوەدان.


ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی مرۆڤدۆستی و مافخوازی و یەکسانییەوە سەیری بکەین، ئەو راستییە تاڵەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە پیاوەکان، وەک مێرد و برا و باوک و خزم و ناسیاو، لەوە بێ سیحر و ئەفسوون و رۆح سیسەڵەترن، کە خۆشەویستی بکەن بە پردی نێوان خۆیان و ژنەکان و کچەکان و خوشکەکانیان، هەر لەبەر نەبوونی هونەری خۆشەویستییە، کە پەنا بۆ رەمزە پیرۆزەکان دەبەن، لەپێناو رەزامەندیی مێچکەکاندا، کە خۆیان دەیزانن ئەو گەمە ناشیرینە بێجگە لە خۆسەپاندن و ستەم و فریودان و خۆگێلکردن هیچی دیکە نییە. بەڵێ.. نەوەی دایکانی من، کە بێ شومارە، لەژێر نیر و ستەمی مێردەکانیان، شەوەهای شەو ئەتک کراون، بێ ئەوەی بوێرن لە لای کەس پەردە لەسەر ئەو رسواییە هەڵبدەنەوە، تاوەکوو هەنووکە من هیچ هەوڵێکم لە لایەن ئاکادیمست و کۆمەڵناس و دەروونناس و فێمینست و دەزگاکانی دیکەی پەیوەندیدار بە ماف و دژە توندوتیژی نەدیوە، کە شێلگیرانە هەوڵ بدەن ئەم خووە خراپەی ئەتکردنی ژنەکانیان و چوونە گژیان، شەوەهای شەو، واتا ببێت بە یاسا و سزای لەسەر بێت، ئەو کاتەی پیاوێک بە زۆردارەکی ژنەکەی ناچار بکات لەتەکیدا بخەوێت، وەک لە ئەورووپا و وڵاتانی پێشکەوتوودا بە فەرمی قەدەغە کراوە، لە کوردستانیش یەكێتیی ژنان و ئافرەتان و خوشکانی پارت و حزبە چەپڕە و راستڕەوەکان، نەیانکردووە بە خەمی خۆیان، بەڵکوو وەک ژیانی تایبەتی و داخراو سەیری دەکەن، کە ئەوەیان بۆ خۆی کارەساتە.