چیرۆكی پێغەمبەران یان چیرۆكە نەمرەكان - 48

كە ویستت گەلێك بێ دەسەڵات بكەی، خوداكەی یان بیروباوەڕەكەی لێ بستێنەوە

كاتە مەترسیدارەكە، كاتی مردنی ئیسحاق.
{خودا بە یاقووبی فەرموو:
- هەستە سەر بكەوە بەرەو بێت ئێل و لەوێ نیشتەجێ بە، هەر لەوێ قوربانگەیەك بۆ خودا دروست بكە، ئەو خودایەی بۆت دەركەوت، لەكاتێكدا تۆ لەدەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی. پەیدابوون، ٣٥}.
دەركەوتنەوەی خودا بۆ یاقووب، دەستنیشانكردنی شوێن بۆی، جۆرێكە لە دڵنیایی و ئاسوودەیی لە هەموو ئەو كێشانەی كە ڕووبەڕوویان بووەتەوە.
خودا، كە لە كاتی ڕاكردنی لە دەست عیسۆ، پێش 20 ساڵ، بەڵێنپێدانی و پشتیوانیكردنی، دەركەوتنەوەی لەو كاتەدا ڕێگا، هەموو ئەوانە نیشاندانی و مژدەی سەركەوتنن.
{یاقووب بە خاووخێزانەكەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، گوت:
- ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتانە، لە خۆتانی جیا بكەنەوە، جلەكانیشتان بگۆڕن، دەبا هەستین و بەرەو بێت ئێل سەر بكەوین....
ئەوانیش هەرچی خوداوەندی بێگانە هەبوو لە دەستیان، لەگەڵ گوارەكانی گوێچكەیان دایانە یاقووب، یاقووبیش لەژێر داربەڕووەكە، كە لای شەخەمە، لەژێر گڵ شاردنیەوە، ئینجا بەڕێ كەوتن و ترسی خوداش باڵی بەسەر شارۆچكەكانی دەوروبەریاندا كێشا، ئیتر كەس دوایان نەكەوت}.
یاقووب (یەزدان) لە هەمووان دەستێنێتەوە، بە مانایەكی دیكە، هێزی یەزدانی لە هەمووان دەستێنێتەوە، لە خودای خۆیدا كۆی دەكاتەوە، كە خودای تاقانەیە. بەهێزەوە دەتوانێ بەرەو ڕووی هەمووان بێتەوە، یاقووب لەسەر حیكمەتە چەسپاوەكە كار دەكات، كە ویستت گەلێك بێ دەسەڵات بكەی، خوداوەندەكەی لێ بستێنەوە. كە ویستت گەلێك ژێردەستە بكەی، بیروباوەڕ و ئیمانەكەی لێ بستێنەوە، ئەگەر بیروباوەڕەكەی ئەفسانەش بێت لە پەلوپۆی دەخات. یاقووب هێزی هەموو خوداكانی بە دەستی مرۆڤی كۆ كردەوە، ئەو خودایانەی بە دەستیانەوە بوو، دای بە خودا ونەكەی خۆی، هەر لەبەر ئەوەشە خوداكەی خۆی لە هەمووان بەهێزترە.
(خواوەندەكانی لەدەستیان بوو، گوارەكانی لە گوێیان بوو) ئەوە دەمانگەیەنێتە زۆر شت. خوداوەندی بێگانە كە لەدەستیان بوو، تا ئەمڕۆ نیشانەكانی لە دەستكردنی شتە گرانبەهاكان ماوە. خێڵە سەرەتاییەكان هەڵگری ئەو ڕەمز و دەلالەتانەن. زۆر نیشانە و ڕەمزی دیكە بە رووخساری ئەندامانی خێڵە سەرەتاییەكانەوە دەبینین، چەنەگە كونكردن و گوێ پەڕپەڕكردن، خۆ ڕەنگكردن و چەندان نیشانە و دەلالەتی دیكە، كە بەتەواوی نەخوێندراونەوە و لێكدانەوەی وردیان بۆ نەكراوە، جگە لەوەی كە ئەوانە پەیوەندییان بە باری ڕووحیی ئەو كۆمەڵگایانەوە هەیە.

ناشتن و لەبن خۆڵ نان
وشەی ناشتن فرەواتایە، شاردنەوەش لەبن خاك و خۆڵ هەر ناشتنە. مردوو دەنێژین و نەمامیش دەنێژین. یەكێكیان دەلالەتە لە كۆتایی و ژێر خۆڵكردنی، دووەمیان ناشتن بە مانای ڕواندن و زۆركردن و پاراستن و درێژەپێدانی. یاقووب هەموو خودا بێگانەكان! (ئەو دەستەواژەیەش بۆ خۆی بابەتێكی سەبەخۆیە) ژێر خاك دەخات. ئەوەش یەك دەلالەتی هەیە، ئەو دەنێژێ، وەك مردن و كۆتایی ژیان، بۆ ئەوەی هێزیان بداتە خودا تاقانەكەی خۆی. ئەو قوربانییە گەورەیە بە سامانی خێزان و خێڵكەی، سام و هەیبەتێكی گەورە بۆ خودای یاقووب دروست دەكات.

مردنی ڕاحێل
ڕاحێل، ژنە جوان و نازدارەكەی یاقووب، كە تەنیا یەك تاقە كوڕی هەیە، ئەویش یوسفە (كە من زۆر پەلەمە بگەمە سەر چیرۆكی یوسف، كە چیرۆكی هەموو براكانی دادەپۆشێ) جارێكی دیكە سكی پڕ دەبێت.
{ئینجا لە بێت ئێلەوە بەڕێ كەوتن، كاتێك ماوەیەكی كەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل كەوتە سەر منداڵبوونێكی دژوار، ئەوە بوو لە كاتی منداڵبوونەكەی، مامانەكەی پێی گوت:
- مەترسە، چونكە ئەمەش كوڕێكی دیكەتە.
ئەوە بوو لەگەڵ دوا هەناسە، لەبەر ئەوەی دەمرد، كوڕەكەی ناو نا، بەن ئۆنی. بەڵام باوكی ناوی لێ نا بنیامین. پەیدابوو، ٣٥}.
بەپێی سەرچاوە تەوراتییەكان، بەن ئۆنی واتا كوڕی ناخۆشیم، كە هەر ئەوەش مەبەستی ڕاحێل بووە. بنیامین واتا كوڕی دەستە ڕاستم، كە ئەوەش مەبەستی یاقووب بووە.
{ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا، كە بێت لەحمە. یاقووب ستوونێكی لەسەر گۆڕەكەی ڕاگیر كرد، كە هەتا ئەمڕۆش ئەوە گۆڕەكەی ڕاحێلە}.
تەورات هەر لەسەرەتاوە شانبەشانی مردن، خلوود، یان نەمری دروست دەكات، (تا ئەمڕۆش ئەوە گۆڕەكەی ڕاحێلە)، وەك ئەوەی گۆڕەكەی ڕاحێل لە ژیانی نەمرتر بێت، ئەوەش دەبێتە باو بۆ هەموو ئەو كارێكتەرانەی، دواتر دەیانەوێ شكۆیان بەسەر مرۆڤایەتییدا بهێڵنەوە.

مردنی ئیسحاق و بەڵێنەكەی عیسۆ
پرسەی باوكم تەواو بێت، یاقووب دەكوژم.
من وەك خوێنەر چاوەڕێم دەكرد، لە سەروبەندی ئەو هەڕەشەیەی عیسۆ، ئیسحاق بمرێ، بەڵام یاقووب دەچێتە پەدان ئارام و دوو ژن دێنێ و دوازدە كوڕی دەبێت و لەسەر دینەی كچی شەڕی حەمۆر و شەخەم دەكات، زیاتر لە بیست ساڵی پێدەچێت، كە دەگەڕێتەوە هێشتا ئیسحاق ماوە. لە ڕووی تەكنیكیی درامییەوە، ئاساییە ئەو ماوەیە وەك بەڵێنێكی كراوە بۆ گەیاندنی ڕووداوەكە بە لوتكە و بێهودەیی خۆشاردنەوەی یاقووب سەیر بكرێت. واتا دەكرا لە ڕووی تەكنیكییە و ئەو ماوەیەی یاقووب خۆی شاردووەتەوە بێكەڵك بكرێت، بەوەی ئەوەتا دوای بە 20 ساڵیش هێشتا ئیسحاق نەمردووە و هەڕەشەكە وەكوو خۆی ماوە:
{یاقووب هاتە مەمرێ، بۆ لای ئیسحاقی باوكی لەنزیك قیریەت ئەربەع، كە حەبرۆنە، كە لەوێ ئیبراهیم و ئیسحاق ئاوارە بوون. تەمەنی ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ بوو. ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، چووەوە پاڵ گەلەكەی خۆی، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو. هەردووك كوڕەكەی خۆی عیسۆ و ئیسحاق ناشتییان. پەیدابوون، ٣٥}.
سەرەڕای هەموو ئەو بەڵێنانەی یەزدان پێی دابوون، كە دەیانكاتە خاوەنی هەموو ئەو موڵكانە، دیسانەوە دوای ئەو هەموو ساڵە وشەی ئاوارەی بۆ بەكار هێناون.

پاساو بۆ هەڕەشەكەی عیسۆ
جگە لەو هەموو پاساوهێنانەوەی یاقووب، چ لە قسە و گوتارەكانیدا، چ لەو پەیامانەی بۆ عیسۆی برای بە پیاوەكانیدا ناردی، ئەو مەڕ و ماڵات و مانگا و حوشتر و ئەسپەش كاریگەریی خۆیان هەبووە. سەرەڕای بەڵێنی خودا، كە هەر لە یەكەم ڕۆژەوە بەڵێنی پاراستن و سەركەوتنی پێ دابوو. سەرەڕای هەموو ئەوانە، لەو ماوەیەدا چەند ژنێك دەهێنێ و دیسانەوە وەك ئیسحاق بۆ ئەوەیشی داوا كردبوو دەبێتە خاوەنی بنەماڵەیەكی مەزن و بێ حیساب، سەرقاڵیی بە ماڵ و ژن و منداڵ و سامانەوە، بەشێكی زۆر لە تووڕەییەكەی دەمژێت و لە كاتی مردنی باوكیاندا هەڕەشەكە بیر یاقووب ناخاتەوە.
{عیسۆ ژنەكانی خۆی لە كچەكانی كەنعان خواست، عادای كچی ئیلۆنی حیتی، لەگەڵ ئۆهۆلیبامەی كچی عەنای كچەزای چیبعۆنی حیڤی. هەروەها باسمەتی كچی ئیسماعیل، خوشكی نەبایۆت}. ئەگەر ناوی كوڕەكانی و نەوەكانی بنووسینەوە، تەواوی ئەو وتارە بەشیان ناكات. ئەدۆم، كە ناوێكی دیكەی عیسۆیە، دەبێتە ناوی خێڵی و عەشیرەتی گەورە و چەندان سەرۆكیان ناویان لە تەوراتدا هاتووە، هەروەك چۆن هەموو كوڕەكانی یاقووب دوازدە عەشیرەتە گەورەكەی ئیسرائیل یان هیبرۆن دروست دەكەن.

كوڕەكانی یاقووب
چیرۆكی ڕاستەقینەی یاقووب لێرەوە كۆتایی نایەت، تەمەنی ئەو چۆن لە ڕەگ و قووڵایی تەمەنی ئیسحاقەوە دەستی پێكرد، بە هەمان ئاست و قووڵتریش، لەگەڵ یەكەیەكەی كوڕەكانی بەردەوام دەبێت. ڕاستە كوڕەكانی یاقووب تا ڕادەیەكی زۆر لە یەكتر ناچن، سروشت و نیازیان تا ڕادەیەكی زۆر لە یەكترەوە دوورە، بەنیازم ئەوەندەی دەكرێ ژیانی ئەوانیش بخوێنمەوە، بۆ جیاوازییەكەشیان با بەرچاوڕوونییەكتان بدەمێ:
{ئیسرائیل بەڕێ كەوتەوە، چادرەكەی لەپشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا. كاتێك ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی كەنیزەكەی باوكیدا نووست. ئەمەش بەر گوێی ئیسرائیل كەوتەوە}.
من چاو لەوە دەپۆشم، كە لەسەر نووستنی شەخەم لەگەڵ دینە چ كارەساتێك ڕووی دا، كە تەورات بەوردی باسی كردووە، ڕێچكەیەكی بۆ هەموو ئەوانە داناوە، كە دەیانەوێ بەهۆی لە ڕێگای بەكارهێنانی جەستەی خوشكەكانیانەوە، یان ژنەكانیانەوە ڕقی خۆیان و پیاوەتی و ئازایەتییان پیشان بدەن و چاوی هەمووان بترسێنن، ئەو سامانەی دەشیانەوێ دەستیان كەوێ، نموونەكەی دیكەش كەتنی ڕەئوبینە، بۆ ئەو كەتنەی ڕەئوبێن تەورات جگە لەو چەند دێڕە هیچی دیكەی نەنووسیوە. ئەوەشیان ڕێنیشاندەری خێزانە، كە چاو لە دەستدرێژیی كوڕەكانیان بپۆشن.
لەبەرامبەر رەئوبێنی هەوەسباز، یاقووب یوسفیشی هەیە، كە بەوپەری شەوقەوە چاوەڕێی نووسینەوەی ژیانی ئەویش دەكەم، كە كەسایەتییەكی ئەوەندە بەهێزی هەیە، ژیانی هەموو برایەكانی دادەپۆشێ، ئەگەر باوكیشی ئیسحاق نەبایە ژیانی ئەویشی دەخستە خزمەتی ناوبانگی خۆیەوە.
پێش ئەوەی چیرۆكی یاقووب وەك كارێكتەری سەرەكی جێ بهێڵم و بێمە سەر چیرۆكی كوڕەكانی، تامەزرۆی ئەوەم، لاوانەوە یان ناساندنی كوڕەكانی لە زاری خۆیەوە بنووسمەوە، لە هەمان كاتدا پێناسەی منداڵەكانیەتی. یاقووب داوای بەرەكەت بۆ یەكە یەكەی كوڕەكانی دەكات، لەو داواكردنەدا، كە بە هەستێكی ئەوپەڕی شاعیرانە و زانایانە نووسراوە، لە فۆڕمێكی بەرزی زماندا ڕووی لە خودا كردووە:
{یاقووب كوڕەكانی خۆی بانگ كرد و گوتی:
- كۆ ببنەوە، هەتا پێتان ڕابگەیەنم، كە لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتان بەسەر دێت.
”ئەی كوڕانی یاقووب كۆ ببنەوە و گوێ بگرن،
گوێ لە ئیسرائیلی باوكتان بگرن“.
”ڕەئوبین تۆ نۆبەرەكەی منیت،
هێزی منیت و یەكەم توانامیت،
سەری شانازی و سەری هێزیت.
هەڵچوو وەك ئاو، باڵادەست نابیت،
چونكە چوویتە سەر پێخەفی باوكت،
گڵاوت كرد، سەر نوێنەكەی“
ببوورن هەست دەكەم ناتوانم ئەو بەشە وەك ئەوە تەواوكەم، وەك دەمەوێ.
ئەو هێزە خۆڕسكەی یاقووب لە خۆیدا دەیبینێ، هێزی خوداوەندێكە، هەر بەو هێزەوە داهاتوو دەخوێنێتەوە. ئاشكراكردنی داهاتوو تەنیا لە توانای خودادایە. یاقووبیش ئەو هێزەی وەرگرتووە و لە خۆیدا هەستی پێدەكات. لەسەر ئەو بنەمایەش بانگی كوڕەكانی دەكات و تا داهاتوویان پێ بڵێ. ئەوە بەشی یەكەمی توانای یاقووبە، بەشی دووەمی خوێندنەوەی داهاتووە لەسەر ڕووداوەكانی ڕۆژانە. واتا ئیلهامی خوێندنەوەی داهاتوو لە ئەتواری كوڕەكانیەوە وەردەگرێ. نەخشەی بۆ ڕابردووی هەریەكەیان وەك سزایەكی خودایانەش سەیر دەكرێ.
ڕەئوبین، نۆبەرەی، هێزی منیت، توانامیت، جێی شانازی، سەرەڕای هەموو ئەوانە باڵادەست نابیت، چونكە چوویە نوێنەكەی باوكت، گڵاوت كرد.
ئەگەر بۆم بكرێ، وتاری داهاتووم لەسەر داوای بەرەكەت و خوێندنەوەی داهاتووی كوڕەكانی یاقووب دەكەم.