ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، جەنگی راستەوخۆ یان بەردەوامی گرژیەکان؟

پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا بە چەندین هەوراز و نشێودا تێپەریوە، چەدندین جار تێکچوونی پەیوەدنیەکانیان گەیشتۆتە رادەیێک کە نزیک بووە لە پێکدادانی سەربازی نێوانیان، بەڵام هیچ کاتێک ئەم شەرە رووینەداوە. وشەی ململانێ بۆ پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران وشەیێکی نوێ نیە و لەدوای شۆرشی ١٩٧٩ و گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە ئێراندا ململانێ هەبووە لە نێوانیان تا ئەمرۆ. کوشتنی قاسم سولەیمانی گرژیەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندە لووتکە بەوەی کە هەموو کەس وای پێشبینی دەکرد کە ئیتر جەنگی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات روودەدات بەڵام دیسان رووی نەدا. لێرەدا چەند سەرنج دێنە پیش کە بۆچی جەنگی راستەوخۆ روونادات لە نێوان ئەمریکا و ئێران؟

جەنگ دایکی هەموو کارەساتەکانە، ئەمە لە مێژووا روویداوە و هیچ جەنگێک بەبی کاولکاری و کارەسات تەواو نەبووە، سەرەرای ئەوەی کە هەندێ وڵاتانی کەنداو پێشوازی دەکەن لە هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران بەڵام، چەندین هۆکار هەن کە رێگرن لە دەستپێکردنی جەنگی راستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران و هەردوو وڵاتیش ناتوانن جەنگی راستەوخۆ دەست پێپبکەن چونکە:

١/ لەم کاتەدا دەستپێکردنی جەنگ لە نێوان ئەمریکا و هەر وڵاتێک بەمانای دۆراندنی (دۆناڵد ترامپ)ە لە هەڵبژاردنەکاندا، (دۆناڵد ترامپ) چەندین جار لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی باسی خراپی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای دەکرد بەوەی کە لە جەنگە بێ کۆتاکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەشداربووە و سەربازی ئەمریکی لێی کوژراون. بۆیە ئێستا ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوە دەبێتە مایەی گۆرینی ئاراستەی و بەهێزکردنی رکابەرەکانی.

٢/ وڵاتانی باشوری ئاسیا بەتایبەتی چین و هیندستان بۆ گەشەسەندنی ئابووری خۆیان زۆر پشتیان بە سەرچاوە سروشتیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەستووە، هەروەها هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپاش پشتیان بە سەرچاوە سروستیەکانی ئەم ناوچەیە بەستووە.ئەم سەرچاوە سروشتیانەش لە گەرووی هورمزدا تێدەپەرن بۆ ئەم وڵاتانە، بە هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئێران گواستنەوەی سەرچاوە سروشتیەکان دەبێتە کێشەیێکی گەورە بۆ وڵێتانی هاوردە. ئەو وڵاتانە پێویستە کە جێگرەوەیێک پەیدا بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو برە سەرچاوەیەی کە پێویستیانە  و ئەمەش با ئاسانی بەدەست ناهێت.

٣/ هەبوونی رێژەی دانیشتوانی زۆر لە وڵای ئێران دەبێتە کێشەیێکی گەورە بۆ وڵاتانی دراسێ و وڵاتە ئەوروپیەکان. ئێمە بینیمان لە دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و دستپێکردنی جەنگی ناوخۆ لە هەندێک وڵاتان، وڵاتانی ئەوروپی و هەندێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە کوردستانیشەوە تووشی قەیرانی هاتنی شەپۆڵی ئاوارەکان بووەوە و کێشەی زۆر گەورە بۆ ئەو وڵاتانە دروست کرد کە تا ئێستاش دەیناڵێنن پێیەوە، جا ئەگەر جەنگ لە ئێران رووبدات و ژمارەیێکی زۆری خەڵک کە مەزندە دەکرێت ملیۆنان ئاوارە رووبکەنە ناوچەکانی تر، ئەو کێشەیە چۆن چارەسەر دەکرێت؟. بەرپرسانی ئەوروپا لە چەندین بۆنەدا بە بەرپرسانی ئەمریکایان راگەیاندووە کە ئەگەر جەنگێکی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست رووبدات ئێمە دەبینە وێستگەی پەنابەران نەک ئێوە.

٤/ بریاردانی جەنگ لە دژی ئێران پێویستی دەبێت بە بریاری ئەنجوومەنی ئاسایش لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ئەمەش زۆر سەختە هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش رازی بن بە جنگی دژ بە ئێران بەتایبەتی رووسیا.

لەبەر ئەمە و چەندین هۆکاری تری ناوخۆیی کە ئەگەری سەرهەڵدانی شەری ناوخۆیی و چۆنیەتی بەرێوەبردنی ئێران لە دوای جەنگەکە و چەندین ئەگەری تر ئەگەری روودانی جەنگی راستەوخۆ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دووره. گرژی و ناکۆکی هەر بەردەوام دەبێت لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا و ئێران بەڵام بەم شێوەیەش نابێت کە هەموو کات گرژیەکان لەم ئاستەدا بمێننەوە. ئەگەر ئێران سوور بێت لەسەر بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئەوا بێگومان هیرشی مووشەکی دەکرێتە سەری هەروەک هێرش کرایە سەر سوریا  لە ساڵی ٢٠٠٧ و نەبووە هۆی شەری راستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەم ئەگەرە هەمیشە کراوەیە کە هێرش بکرێتە سەر ناوەندە ئەتۆمیەکانی ئێران. بەڵام گەورەترین مەترسی لەسەر ئێران نە ئەمریکایە نە ئیسرائیل بەڵکو نارەزایتەیەکانی ناوخۆیی وڵاتەکەیە.