لێ گەڕێن با مێژوو بدوێ

2


      نامەیەکی جەنابی مەلا مستەفای بارزانی بۆ من
  “بە یارمەتیی دارایی بارزانی خوێندنی زانکۆم تەواو کرد”


ساڵانی 1974 - 1970، ئەمن وەک کارمەندی خۆجێیی (لۆکاڵ local) بۆ کاروباری وەرگێڕان و میدیا لە باڵیۆزخانەی عێراق لە شاری ڤیەننا دەستبەکار بووم. من ساڵی 70 لە هەولێر هاوسەرگیریم کردبوو، بەڵام هێشتا هیچ پۆستێکی حکوومیم نەبوو. لە ئەنجامی رێککەوتنی یازدەی ئاداری هەر ئەو ساڵە لەنێوان سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد و سەرکردایەتیی بەعس، کاک موحسینی برا لەخۆم گەورەترم، پۆستی باڵیۆزی عێراقی لە شاری پراگ، پایتەختی چێکۆسلۆڤاکیای ئەوسا وەرگرتبوو. ئەمنیش حەزی زۆرم لە کاری دیپلۆماتیک بوو و چەندین زمانی بێگانەم بە رەوانی دەزانی، لەناویاندا ئینگلیزی و فرانسی و ئەڵمانی و نیمچە ئیسپانییەک و عەرەبی و فارسی و تورکیش، جگە لە زمانی دایک بە هەردوو شێوەزارەکەی- سۆرانی و کرمانجی- بەڵام ئەوسا هێشتا خوێندنی زانکۆم تەواو نەکردبوو و بە راشکاوی دانی پێدا دەنێم، کە بەر لە ژنهێنانم، لەبەر رابواردنی ساڵانی جەوانیم، بە ئۆتۆمۆبێلێکی سپۆرتی سەرکراوەی دوو نەفەری و گیرفانی گەرم و گوڕەوە، خوێندنەکەی کۆلێژی علوومی سیاسیم لە زانکۆکانی ڤیەننا و پاریس بە نیوەچڵی بەجێ هێشتبوو. لەبەر ئەوە، بێ بڕوانامەی کۆلێژ نەدەکرا منیش وەک کاک موحسینی کاکم پۆستێکی دیپلۆماتیکم بدرێتێ. ئەوە بوو، کە کاک موحسین قسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەوسای عێراق، عەبدولکەریم ئەلشێخلی کرد (دواتر سەدام کوشتی)، کە پۆستێکی نادیپلۆماتیکم لە بەشی میدیا و وەرگێڕان بدەنێ، کە ئەزموونی پێشترم لەو بوارانەدا هەبوو. هەر واش کرا و وەکوو گوتم بەو پۆستە لە ڤیەننا دامەزرام.


چوار ساڵەکەی (74 - 70)ی ئاشتیی یازدەی ئادار بە پایان گەیشت و کورد و بەغدا نەگەیشتنە ئەنجام. شەڕی سارد لێرە و لەوێ لەنێوان هەردوولا سەری هەڵدایەوە. کاک موحسینی برام لە کۆتایی ساڵی 73، یان سەرەتای 74 لە پۆستی سەفیری لە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا هێنرابووەوە و کرابوو بە وەزیری (اشغال و اسکان) لە حکوومەتی عێراقی ئەو ساڵانە. جا کە شەڕی ساردی کورد و بەعس بەرپا بووەوە، کاکە موحسینیشم دەستی لە پۆستی وەزیری عێراق کێشایەوە و خۆی گەیاندەوە شاخەکانی کوردستان بۆ ناو شۆڕش. 


ئەمن لە پۆستەکەی خۆم لە ڤیەننا هەر مابوومەوە، بەڵام رۆژێکیان کاک موحسین و کاک سامی عەبدولرەحمان یادی بەخێر، کە ئەویش وەزیری (کاروباری شیمال) بوو لە حکوومەتی بەغدا، لە سەردانێکیان بۆ پشتگریی وڵاتانی ئەوروپا لە شۆڕشی کورد، ڤیەنناشیان لە بەرنامەدا بوو، کە گەیشتن، تەلەفۆنیان بۆ من کرد، کە کەس پێ نەزانێت بچمە لایان. چووم و چۆن کارەکەی منیش لە باڵیۆزخانەی عێراقی پەیوەندیکردن بوو بە رۆژنامەوانەکانی نەمساوە، داوایان لێ کردم کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان لەگەڵ ئەوانە بۆ رێک خەم.  


ئەوەم کرد. ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەکانی راست و چەپی نەمسا بەشداریی کۆنفرانسەکەیان کرد و بۆ رۆژی دواتر و  چەند رۆژی پاشتریش میدیای نووسیاری و دەنگداری، بە دوورودرێژی کێشەی کوردیان راگەیاند. هەر خودی خۆشم لە باڵیۆزخانە، هەموو گوتاری رۆژنامەکانم لە ئەڵمانییەوە وەردەگێڕایە سەر عەرەبی و بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەنێردرایەوە بەغدا. باڵیۆز جاسم ئەلعەزاوی، دەستێک لەپێش و دەستێک لەپاش، نەیدەزانی چۆن چۆنی وەرامی وەزارەتی دەرەوەی خۆیان بداتەوە. بەڕێز ئەلعەزاوی منی بانگ کرد بۆ لای خۆی و لێی پرسیم، ئەوانە کەی هاتوون بۆ ڤیەننا و چۆن ئەو هەموو رۆژنامەوانە نەمساوییانەیان دۆزیوەتەوە. گوتی دەزانم موحسین دزەیی برای تۆیە، دیوتە یان نا، پێم بڵێ؟ گوتم بەڵێ دیومە و نکۆڵیی لێ ناکەم، برامە و دەمێک بوو یەکتریمان نەدیبوو، تەلەفۆنی بۆ کردم و چووم، ماوەی تەنیا جگەرەکێشانێک لەگەڵیدا دانیشتم و لەوە زیاتر ئاگام لە هیچی تر نییە. گوتی ئەدی چۆن ئەو هەموو رۆژنامەوانانەیان لێ گرد بووەتەوە؟ ئەمن دەزانم تۆ رۆژنامەوانەکانی ئێرە هەموویان دەناسی. گوتم جەنابی سەفیر، خۆت دەزانی کە موحسینی برام پارێزەر بووە و پێشتر وەزیر و سەفیریش بووە، سامی عەبدولرەحمانیش ئەندازیارە، دەرچووی زانکۆیەکی بەریتانییە و ئەویش پێشتر وەزیر بووە، هەردووکیان زمانی ئینگلیزییان رەوانە و هیچ پێویستییان بە کۆمەکی کەس نییە. ئەمن کە چوومەتە لایان، بە سیفەتێکی شەخسی بووە، کە براکەم ببینم. هەرچۆنێکی بێ بڕوای پێ نەکردم و گوتی من سەفیری تۆم و تۆ کارمەندی منی، دەبوایە من ئاگادار بکەیت. 


دوو سێ هەفتەی نەبرد کاک موحسین و کاک سامی رۆیشتبوون و بۆ منیش لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغداوە ئەمری فەسڵم هات و دەریان کردم و پاسپۆرتە عێراقییەکەشیان لێ سەندمەوە. 


لە وڵاتێکی بیانی بە ژن و دوو منداڵەوە، بێ پارە و پووڵ و مەدرەک مامەوە. تەلەفۆنم بۆ کاک موحسینی برام کرد، کە گەڕابووەوە بۆ ئێرانێ و تێم گەیاند. باش بوو بەخێرایی بڕێ پارەیان بۆ ناردم و هێندەی نەبرد، لە سەرکردایەتیی شۆڕشیشەوە نامەی رەسمیم بۆ هات، کە وەک نوێنەری شۆڕش لە نەمسا دەستبەکار بم و مووچەی مانگانەشیان بۆ دیاری کردم. داواشیان لێ کردم بچم بۆ باڵیۆزخانەی ئێرانی و لەوێ پاسپۆرتێکی ئێرانیم بۆ خۆم و خێزان و منداڵەکانم دەدەنێ. وام کرد و هەمووی وەک پلانی داڕێژراو بە رێکوپێکی سەری گرت. مانگانەکەشم لە ئۆفیسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە لەندەنەوە بۆ دەهات، کە ئەوسا بەڕێزان کاک هاواری کاکەزیاد و کاک جەمال عەلەمدار بەرپرسی بوون. ئەمن ئەوسا ئەندامی پارتی نەبووم. دەمێک بوو دەستم لە حزبایەتی هەڵگرتبوو، دوای ئەوەی، کە هەر لە تەمەنێکی زۆر زووەوە، لە چلەکانی سەدەی رابردووەوە نۆرە بە نۆرە بە قۆناغی ئەندامەتیی هەموو حزبە کوردییە ناسیۆنالیستەکان و حزبی کۆمۆنیستیشدا رەت ببووم، بەڵام لەگەڵ رەوتی تەمەندا جۆری بیرکرنەوەشم تا دەهات گەییوتر دەبوو و وەک هونەرمەند و شاعیر وردە وردە زیاتر بۆ (ئازادیی دەربڕین) دەڕۆیشت و خۆم لە خۆبەستانەوە بە رێنمایی و پرۆگرامی حزبایەتی دوور دەخستەوە. کوردایەتیی بێ حزبایەتیم لا پەسندتر بوو و زۆر جار هەڵوێستی کەسیی خۆم لەگەڵ ئایدیۆلۆژی رەقی نەگۆڕی حزبایەتی یەکدیگر نەدەبووەوە، بەڵام دیار بوو نوێنەرانی شۆڕش لەدەرەوەی وڵات دەبوایە هەموو ئەندامی پارتی بن. کاک سامی لە ئێرانەوە پەیوەندیی پێوە کردم و پێی راگەیاندم، کە وەک نوێنەری شۆڕش دەبێ ببم بە ئەندامی پارتیش. راستییەکەی من ئەو داواکارییەم پێ خۆش نەبوو، بەڵام چارم ناچار بوو و خۆم سەرلەنوێ لەناو پارتیدا بە ناوێکی خوازراو (سیپان) ناونووس کردەوە، کە ناوی چیایەکە لە کوردستانی باکوور. 


هەرچۆنێک بێ، ساڵی 75 شۆڕش لە نێوان شای ئێران و سەدام حوسێندا تووشی نسکۆی رێککەوتنەکەی ئەلجەزایر بوو. دواترین خزمەت، کە وەک نوێنەری شۆڕش لە نەمسا کردبێتم، وەرگرتنی رەزامەندیی حکوومەتی نەمسا بوو، بە دانی مافی پەناهەندەیی بۆ ژمارەیەک لە کوردانی عێراقی، کە لە ئێران مابوونەوە. ئەوەشم بە رێگای بەڕێز (هاینتس فیشەر Heinz Fischer)ەوە ئەنجام دا، کە هەنگی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سۆسیالیستی نەمسا بوو لە پەرلەمان و بۆ کاروباری شۆڕش چەندین جار سەردانیم کردبوو و دواتر بوو بە سەرکۆماری نەمساش. خۆیشم لە ئۆفیسەکەی پارتی لە لەندەن پێم راگەیەندرا، کە سەبارەت بەو قەیرانەی بەسەر کورددا هاتووە، چیتر ناتوانن مانگانەم بۆ بنێرن و گوتیان وا باشە بۆ خۆت لە کارێک بگەڕێیت. لە ڤیەننا زۆرم هەوڵ دا کارم دەست نەکەوت. بیرم کردەوە بار بکەم بۆ لەندەن و منیش بە ماڵ و منداڵەوە حاڵم حاڵی هاواری کاکە زیاد و جەمال عەلەمداری. 


ئەمجارە وەک خێزانێکی ئێرانی بارمان کرد و لەوێ لەدەرەوەی لەندەن لە ماڵی کوڕە پوورزایەکم ( نەجدەتی موحسین ئاغا) یادی بەخێر، لە گوندی کۆڵد ئاش Cold Ash کۆچ و کۆچبارمان لێ داکوتا و بۆ ماوەیەک ماینەوە. 


لە ئۆفیسی پارتی لە لەندەن نائومێد بووم و چەندی هەوڵیشم دا کارێکم دەست نەکەوت و سەرباری نەهامەتیمان کوڕێکیشمان بوو- کاروان- و بووین بە پێنچ کەس، خۆم و رووناک و نازدار و لارا و کاروان. لەگەڵ دایکی منداڵەکانم کەوتینە ژێر باری خەم و خەفەتان. 


دوای نسکۆ و دەرکردنی بەیاننامەی لێخۆشبوونی رێژیمی بەعس لە هەموو بەشداربووانی شۆڕشی کورد، ژمارەیەک لە ئەندامانی پلە بەرزی پارتی و جەلالی گەڕابوونەوە بۆ عێراق و هەندێکیان رەوانەی باشووری عێراق کرابوون، لەناویاندا: سکرتێری پارتی- حەبیب محمد کەریم، دارا تۆفیق، ساڵح یوسفی، عومەر دەبابە، عەلی عەسکەری و زۆری تریش. منیش لەگەڵ خۆمدا بیرم کردەوە و گوتم، خۆ ئەمن لەوانە زیاترم لە دژی بەغدا نەکردووە، با هەر نەبێ لەبەر ماڵ و منداڵەکانم منیش بگەڕێمەوە بۆ عێراق. ئەم خەیاڵەم لە مێشکدا گەڵاڵە بوو و لەگەڵ دایکی منداڵەکانم تاوتوێمان کرد. یەکێک لە بیرۆکەکانمان ئەوە بوو، کە منداڵەکان و دایکیان بگەڕێنەوە، بەڵام من خۆم بمێنمەوە. ئیتر لەو دڵەڕاوکێیەدا سەرم لێ شێوابوو و بڕیاری راست و دروستم بۆ نەدەهات. 


دیسان هانام وەبەر کاک موحسینی برام بردەوە و بە دوور و درێژی حاڵ و هەواڵی خۆمانم پێ راگەیاند. ئەوسا کاک موحسین وەک یاوەری جەنابی مەلا مستەفا لە ئەمەریکا بوو، بۆ چارەسەری نەخۆشیییەکەی بارزانی. 


دیارە ئەویش ئەوەی بە جەنابی بارزانی گوتبوو. هێندەی نەبرد، بە دەستی شیروانی کوڕی کاک موحسینی برام، کە  لە لەندەن دەیخوێند، بەڵام بە سەردان چووبوو بۆ ئەمەریکا باوکی ببینێ، ئەم نامەی خوارەوەم لە جەنابی مەلا مستەفاوە پێ گەیشت. نامەکە بە دەسخەتی خۆی بوو و لەناو زەرفێکدا بوو، کە ناوی منی لەسەرا نووسیبوو. لەسەر زەرفەکە نووسیبووی:
    تقدیم بو عزیزی خوم عمر محمد امين دزەیي محترم


ئەمەش دەقی تایپکراوی نامە دەستنووسەکەیە:
تقدیم بو عزیزی خوم عمر محمد امین محترم
عرضی سلامو احترامم هەیە بو هەموتان و چاوتان ماچ دەکەم و زور لە احوالتان سوال دەکەم انشائه للە سحەتتان باشە و ایشوکاریش باش دەبي بو هەمو لایەکمان پیکەوە بە عمومی خوا اگادارمان بی برام کاغەزی جنابتان بە دەستم گەهی و هەرچی فرموتانە لیمان معلومبو بلام لازمە صبرتان هەبی بو هەمو ایشوکارەک و لازمە منالەکەتان هەر لەلایی خوتان بن باشترە و اوە شیروان گەراوە بو لاتان  و کاک محسن دەلی ٥٠٠٠ دولارم بو ناردن و انشائەللە ایمەش هەر اگامان لە ایوە دەبی اگەر قصورتان بو خەبەردارمان بفرمون نواقص چیە بوتان جی بە جی دەکری و خوت وکیلی سلام بە بو هەمو برادەران ایتر خوشتان و سلامتیتان لە خوا دەخازین
                        براتان بارزانی مستەفا
 ٨ - ١ - ١٩٧٧                   واژۆ

بەم جۆرە کاک موحسین پێی راگەیاندم، کە نەڕۆینەوە و جەنابی مەلا مستەفا مانگانە 500 دۆلارمان بۆ دەنێرێ. 
ئەمە بۆ من و منداڵەکانم بەڕاستی رووناکییەکی بنەبانی تونێل بوو و هەر یەکسەر چووم خۆم لە زانکۆی رێدینگ University of Reading تۆمار کرد، کە نزیک ماڵەکەی کاک نەجدەتی پوورزام بوو، بۆ تەواوکردنی خوێندنی علوومی سیاسی، کە پێشتر لە زانکۆکانی ڤیەننا و پاریس بە نیوەچڵی دەستم لێ هەڵگرتبوو. ساڵی 1979 ئەخیرەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسەکەم بە پلەی شەرەف BA Honors وەرگرت.
هەزار دروود و رەحمەت لە گۆڕی رەهبەری مێژوویی کورد جەنابی مەلا مستەفای بارزانی بێت و یادی بەخێر. چاکەی ئەو پیاوە گەورەیە تاهەتایە لەگەڵمدا دەژی. 
( وێنە :
١ - بارزانی و موحسین
٢ - نامەکە
٣ - زەرفەکە.