خۆشەویستی ئەگەر ئامێزی بۆ هەمووان کراوە نەبێت ساختەیە

تۆلستۆی وای گوت - 3

 

ژیانی ئاژەڵئاسا ئەوەیە، ئەو خەڵکە بە جیا بژین. ئینسان ئەگەر گوێڕایەڵی ڕۆح بێت، خۆی لەوانی دیکە جیا ناکاتەوە. تەنیا خۆشەویستی ئەو خەڵکە یەک دەخات. ئینسان بۆیە تووشی ئەو هەموو گرفت و کێشەیە دەبێت، چونکە خۆی لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە. ئینسان کە یەکێکی خۆش ویست، هەست دەکات خۆی ئەوە و ئەو خۆیەتی، هەست ناکات لە یەکدی جودان. کریستیان کەسێک نییە، ئەم و ئەو ناچار بکات، بڕوا بەوە بکەن کە خۆی بە حەقیقەتی دەزانێت، یان بە بیانووی عیساوە، خۆی لەوانە جیا بکاتەوە کە شوێنکەوتووی عیسا نین. خۆشەویستی ئەگەر ئامێزی بۆ هەمووان کراوە نەبێت، ساختەیە، ئینسان بەبێ خۆشەویستی بەختەوەر نابێت.

ئەوپەڕی خۆ چاککردن ئەوەیە، لەگەڵ هەموواندا ڕێک بکەوین و هەموو کەسێکمان خۆش بوێت. ئەگەر هەندێکمان خۆش بوێت و ڕقمان لە هەندێکی تر بێت، ئەگەر پێمان وا بێت، هەندێک شیاوی ئەوە نین خۆشمان بوێن، ئەوە خۆمانین کە چاک نین، ئاخر دەبێت فێر ببین، ئەوانەیشمان خۆش بوێت کە خۆشمان نەویستوون. ئینسان وەک چۆن قورسترین هونەر و زانست و پیشە فێر دەبێت، ئەگەر بخوازێت، دەتوانێت ئەوانەیشی خۆش بوێت کە ڕقی لێیانە.

ئەگەر دەرکت بەوە کرد، هیچ لە خۆشەویستی گرنگتر نییە، ئیدی ناپرسیت، یەکگرتنم لەگەڵ ئەوانی دیکەدا چ سوودێکی بۆ من هەیە؟ بیر لەوە دەکەیتەوە چ سوودێکی بۆ ئەوان هەیە. ئیدی زیاتر لە خۆت، خەمی ئەوانی دیکەت دەبێت. ئەگەر هەر ئەوانەمان خۆش بوێت کە ستایشمان دەکەن و یارمەتیمان دەدەن، ئەوە ئەوانمان لەبەر خۆمان خۆش دەوێت، بەڵام خۆشەویستیی ڕاستەقینە ئەوەیە، ئەم و ئەومان لەبەر ئەوە خۆش بوێت، کە هەمان ڕۆح کۆمان دەکاتەوە. ئەگەر وەها بیر بکەینەوە، ئەوانەیشمان خۆش دەوێت کە ڕقیان لێمانە. دادپەروەر کەسێکە، ڕێز لەوانەیش دەگرێت کە خەڵکانێک لەبەر هەر هۆکارێک، سووک سەرنجیان دەدەن.

ئینسان ئیدی هەر کەسێک بێت، ئەگەر وەک دوژمن بۆی بڕوانین، نابێت چاوەڕێی خۆشەویستی و سۆزی لێ بکەین. ئینسان ئیدی هەر چۆنێک بێت، دەبێت بەبێ مەرج لەگەڵیدا چاک بین، نابیت داوای ئەوەی لێ بکەین، خۆی نەبێت وەکوو هەیە. ئەگەر ئەوانەت خۆش بوێت کە ڕقیان لێتە، لە ڕق ڕزگارت دەبێت و تیشکێک ناخت ڕۆشن دەکاتەوە و شنەی کامەرانی باوەشێنی پەڕەی گوڵی دڵت دەکات.

هەست بە تەنیایی و خەمۆکی دەکەم. ئێ کێ داوای لێ کردوویت، خۆت لەنێو بەندیخانەی خودی خۆتدا، زیندانی بکەیت؟ با هەڵسوکەوتت بە جۆرێک بێت، بتوانیت بە ئەوی دیکە بڵێیت: من لەگەڵ تۆدا چۆنم، تۆیش لەگەڵ مندا وا بە! کریستیانی ڕاستەقینە کەسێکە، دوژمنی خۆیشی خۆش بوێت. ئینسان خۆی خۆش دەوێت، بەڵام ئەگەر جەستەی خۆی خۆش بوێت، تووشی کێشە دەبێت. خۆ خۆشویستن پێویستە بە پلەی یەکەم خۆشویستنی ڕۆح بێت، چونکە هەموو مرۆڤایەتی یەک ڕۆحیان هەیە، هەر کەسێک ڕۆحی خۆی خۆش بوێت، ڕۆحی ئەوانی تریشی خۆش دەوێت.

لە دێر زەمانەوە هەوڵی ئەو خەڵکە بۆ ئەوەیە، باش بژین. باش ناژین تا دەرک بەوە نەکەن، تەنیا بە جەستە لە یەکدی جودان، ئەگەرنا هەمان ڕۆح لە ناخی هەموویاندایە. هەر کە دەرکیان بەو ڕاستییە کرد، ئیدی خۆشەویستی کۆیان دەکاتەوە، بەڵام تا وای بۆ بچن، ژیان تەنیا بریتییە لە جەستە، دژایەتیی یەکدی دەکەن و بە خەفەتەوە سەر دەنێنەوە. هەموو پەروەردە بریتییە لەوەی، چی بکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوانی تردا یەک بگرین و چی نەکەین بۆ ئەوەی لەوانی تر جیا نەبینەوە. بڕواهێنان بەم جۆرە لە پەروەردە، ئاسانە، ئاخر ڕەگوڕیشەکەی لە دڵی هەموو ئینسانێکدایە. ئینسان ئەگەر تەنیا وەک جەستە بژی، وەک ئەوە وایە خۆی زیندانی کردبێت، ژیان وەک ڕۆح دەرگەی زیندانەکەی بۆ دەخاتە سەر پشت و بەرەو ژیانێکی ئازاد و شادی دەبات.

جەستە چاکەی بۆ خۆی دەوێت، با ئەو چاکەیە، زیانی بۆ ڕۆحیش هەبێت، ڕۆحیش چاکەی بۆ خۆی دەوێت، با ئەو چاکەیە زیان بە جەستەیش بگەیەنێت. ئەم شەڕەی نێوان جەستە و ڕۆح درێژە دەکێشێت تا ئەو کاتەی ئینسان تێدەگات، ژیانی لە جەستەیدا نییە، لە ڕۆحیدایە و دەبێت ڕۆح سەرداری جەستە بێت. ئەگەر دوو کەس لە مۆسکۆوە بۆ کییڤ بەڕێوە بن، گرنگ نییە چەند لە یەکەوە دوورن، با یەکێکیان لە کییڤ نزیک بووبێتەوە و ئەوی تریان تازەکی لە مۆسکۆ دەرچووبێت، چونکە بۆ هەمان جێ بەڕێوەن، زوو یان درەنگ بە یەک دەگەن، وەلێ دوو کەس با زۆر لە یەکدییەوە نزیکیش بن، بەڵام ئەگەر یەکێکیان بۆ مۆسکۆ بچێت و ئەوی دیکەیان بۆ کییڤ، بە یەک ناگەن. کەسی چاک کە بۆ ڕۆح بژی، لەگەڵ ئەو کەسە خراپەدا بە یەک دەگات، کە زوو یان درەنگ بۆ لای ڕۆح با دەداتەوە، با حاڵی حازر وەک شێوازی ژیان، زۆر لە یەکتریشەوە دوور بن. دوو کەس با لە یەکدییەوە نزیکیش بن، بەڵام ئەگەر یەکێکیان بۆ ڕۆح و ئەوی تریان بۆ جەستە بژی، تا دێت زیاتر لە یەکدی دوور دەکەونەوە.

ژیانت ئەو کاتە سەختە، کە نەزانیت ئامانجت لە ژیان چییە. هەیە شانازی بەوەوە دەکات کە هیچ ئامانجێکی لە ژیاندا نییە. ئامانج لە ژیان ئەوەیە، ئینسان بتوانێت ڕۆحی لە زیندانی جەستەی دەرباز بکات و هێدی هێدی بەهۆی ڕۆحیەوە لەگەڵ خوڵقاوەکانی دیکەی دونیا و لەگەڵ سەرچاوەی ژیاندا کە خوایە، یەک بگرێت. ئەوی هیچ ئامانجێکی نەبیت، نە عەقڵیشی هەیە، نە ویژدان.

سروشتییە ئینسان هەست بە خۆشەویستی بکات، وەک چۆن سروشتییە ڕەوتی ئاو لە سەرەوە بەرەو خوارەوەیە. هەموو مرۆڤایەتی تاقە یەک ڕێبەریان هەیە کە جێی متمانە بێت، ئەویش ئەو ڕۆحە باڵا و گشتگیرەیە، ڕێی ڕاست پیشانی ئینسان دەدات و ڕووەک فێر دەکات ڕوو بکاتە خۆر و بە داوی خۆشەویستی هەمووان پێکەوە دەبەستێتەوە. هەنگ دەبێت بفڕێت، ماسی دەبێت مەلە بکات و ئینسانیش دەبێت ئەوانی دیکەی خۆش بوێت. ئەوە سەیرە ئینسان بەدڕەوتار بێت، وەک چۆن سەیرە، هەنگ مەلە بکات و ماسی بفڕێت.

وەک چۆن دایک کۆرپە تاقانەکەی وەک چاوی دەپارێزێت، پێویستە هەموو ئینسانێکیش بەنرخترین سەرمایەی خۆی، کە خۆشویستنی هەموو زیندەوەرێکە، وەها بپارێزێت، بۆیە گرنگترین شتێک کە ئینسان پێویستە فێری ببێت، خۆشەویستییە. بۆ سوارچاک ئەوە کێشە نییە، ناتوانێت وەکوو کەڵەشێر بقووقێنیت، ئەوە کێشەیە توانای ئەسپسواری لە دەست بدات. بۆ سەگ ئەوە کێشە نییە، ناتوانێت بفڕێت، ئەوە کێشەیە هەستی بۆنکردن لە دەست بدات. بۆ ئینسانیش ئەوە کێشە نییە، ناتوانێت ورچ بە عەرزدا بدات و شێر بتۆقێنێت، ئەوە کێشەیە سروشتی ڕۆحیی خۆی کە توانای خۆشویستنە لە دەست بدات. سامانی ڕاستەقینەی ئینسان خۆشەویستییە، بمرێت باشترە لەوەی ئەو سامانەی لە کیس بچێت.

خەڵک وا ڕاهاتوون، سامان بە گرنگترین شت بزانن و هەموو هەوڵیان لە پێناوی بەدەستخستنیدا بخەنە گەڕ، بەڵام ڕاستییەکەی بەهادارترین شت، خۆشەویستییە و پێویستە هەموو هەوڵمان بۆ ئەوە بێت، فێری خۆشویستنی خەڵک ببین. (سەرچاوەی بەختەوەری کە خۆشەویستییە، لە دەروونی خۆماندایە، نەک لەو شتانەدا کە لە دەرەوەی ناخی خۆماندان.) ئەوانەی دەروونیان لە ڕق تژییە و هەوڵ نادەن فێری خۆشەویستی ببن، دەڵێن: ئینسان تەنیا بە خۆشەویستی ناژی. زوو یان درەنگ ڕۆژێک دێت، خەڵک واز لە ڕق و شەڕ و کوشتار دەهێنن و یەکدییان خۆش دەوێت، با هەوڵمان بۆ ئەوە بێت، چی زووترە کاروانی ئەو ڕۆژە بگات.

ئەگەر دەخوازیت، چاکە بێتە ڕێت
ناچاریت چاکەت، بۆ هەمووان بوێت

(ئەگەر ڕۆحت سەرداری جەستەت بێت، لەبن چەپۆکی خەم و ئارەزوو ڕزگارت دەبێت و پێویستت بەوە نابێت، کەس ژیانی بۆ خزمەتکردنی تۆ تەرخان بکات، یان خۆی لە پێناوی تۆدا بە کوشت بدات.)(١) گومانم لە زۆر شت هەیە، بەڵام هیچ گومانم لەوە نییە، تا خۆشەویستی لە ناخمدا زیاتر بکەم، ئاسوودەتر دەبم. ئەگەر ئەو خەڵکە هەموویان وەک ڕۆح یەکیان گرتبا، ئیدی ئەوە نەدەما، شتێک بە موڵکی خۆمان بزانین و بە هی ئەوانی دیکەی نەزانین.

(جەستەمان لاوازە و پاکژ نییە و دەفەوتێت، بەڵام لەناویدا خەزنەیەک هەیە کە ڕۆحی نەمری خوایە. ئەگەر دەرک بەو ڕۆحەی ناخمان بکەین، هەمووانم خۆش دەوێت و ئاواتەکانمان بەدی دێن و بەختەوەر دەبین.)(٢) ئەگەر بایەخ بە ڕۆحمان نەدەین، گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا زیانی دەبێت نەک قازانج، ئاخر وەک ئەوە وایە زەوی بکێڵین و هیچی تێدا نەچێنین. بەبێ خۆشەویستی تەکنەلۆژیا مرۆڤایەتی یەک ناخات، لە یەکیان دادەبڕێت. (چاکە لەگەڵ هاوڕێدا بکە، تا خۆشی بوێیت، چاکە لەگەڵ دوژمندا بکە، تا ببێت بە هاوڕێت.)(٣)

وەک دەفرێک چۆن ئەگەر کونێکی تێدا بێت، ئاوی پێوە بەند نابێت، دڵێکیش ئەگەر ڕقی بەرانبەر بە تاقە کەسێک تێدا بێت، خۆشیی پێوە بەند نابێت. تاقە شتێک کە هەقە شانازیی پێوە بکەین، خۆشویستنی ئەوانی دیکەیە، بە مەرجێک چاوەڕێی هیچ پاداشتێک نەبین لێیانەوە. کە نەزانین ئامانج لە ژیان خۆشەویستییە، دوای ئامانجێکی تر دەکەوین، دەچین ئارەزووەکانی جەستە تێر دەکەین، کێشەکە ئەوەیە ئەگەر شوێن ئارەزووی جەستە بکەوین، ڕۆحمان پۆخڵ دەبێت. (ئەگەر تەنیا لەدووی چێژی جەستە وێڵ بیت، وەک ئەوە وایە ماڵێک لەسەر بناغەی سەهۆڵ ڕۆ بنێیت، ئاخر وەک چۆن سەهۆڵ دەتوێتەوە، زوو یان درەنگ جەستەیش کەڵکی نامێنێت و کۆتری ڕۆحت ماڵی جەستەت بەجێ دەهێڵێت. لەسەر زەوییەکی پتەو ماڵ دروست بکە، کار بۆ ڕۆحت بکە کە نەمرە!)(٤)

*

(*) لیف تولستوی، طریق الحیاة، رسائل في الروح والموت والحیاة، ترجمة: یوسف نبیل، افاق للنشر والتوزیع ٢٠١٨ القاهرة.
(١) ئیمپراتۆری بتپەرستی ڕۆمان مارکۆس ئۆریلیۆس.
(٢) و (٤) گریگۆری سکوڤورودا (١٧٢٢ - ١٧٩٤) فەیلەسووفێکی قۆزاق.
(٣) کلیۆپۆڵۆس، فەیلەسووفێکی گریک لە سەدەی شەشەمی پێش زاییندا ژیاوە.