بەهرامی بەیزایی - 1938؟

پیاوی هەڵدێرگەكانی نێو زمان و شانۆ

(ئەكبەری رادی) یەكێكە لە نووسەرە ناسراوەكانی بواری شانۆیی ئێران. نزیكەی 40 ساڵ تەقەلای شانۆكارانی ئێران، كودەتا هات و ڕایماڵی و تووڕی دایە لاوە، بەڵام ئەكبەری ڕادی، وەك گابەردێكی زلزەلام، لافاو نەیتوانی ڕایماڵێ و تلی پێ نەدا و مایەوە، بەهرامی بەیزاییش بە وێنەی ئەكبەری ڕادی بوو، هیچ شتێك شكستی بە هونەری ئەو نەهێنا و وەك ڕەمزێكی هونەری مایەوە و دەمێنێتەوە.


بێ گومان بەیزایی یەكێكی دیكەی شانۆنووسانی ئێرانە، یەك چركە ڕانەوەستاوە و پەیوەستە و بەردەوام بووە و وەك مێروولە لە كاردا بووە و ماندوویی نەناسیوە.


ئەو، ئەگەر دەرگای شانۆی لێ بگیرایە، ڕووی دەكردە سینەما، ئەویش نەبوایە كتابنووسیی دەكرد، ئیتر سەرتاپای ژیانی تەقەلا و تێكۆشان بووە، بەوەیش ڕازی نەبووە، كەوتووەتە لێكدانەوەی شانۆی ڕۆژهەڵات، بەتایبەت شانۆی ژاپۆن و چین و هەروەها دەربارەی شتی تر، نووكی قەڵەمی لە زۆر بواردا كوتاوە.


بەهرامی، وەك هاوشانەكانی لە ئاوا ڕۆژگارێكدا گەنج و لێهاتوو و كارامە، شێوە سێگۆشەكەی ئەرستۆی خستە لاوە و سەبكی ریالیسمیشی پشتگوێ خست، بە بیری بەیزایی، فەزای ریالیسم ئەوەندە بەربڵاو نییە، تا بتوانێ دونیای بەربڵاو و ئەفسانە و ئەساتیری ئێران جێگەی ببێتەوە. بەیزایی، بێ ئەوەی بانگەوازی ئەو بوارەی بكات، بۆ خۆی شێوەیەكی نوێی داهێنا، بەڵام ئەوی لەو ڕووەوە پێشقەڕەوڵ بووە(شاهین سەركیسیان) بووە، كە لە باوكێكی بولگاری و دایكێكی ئێرانی هاتبووە دونیاوە. (گرووپی هونەری میللی)، كە لە لایەن (ئاغای عەباسی جوانمەردی) بە ڕێگەوە دەچوو، ڕیشووی فكر و زكری (شاهینی سەركیسیان) بەسەر تەواوی كۆشكەكاندا بەربڵاو بووە و جوانمەردی كەسانی تر لەو هونەرمەندە ئەرمەنییە ئێرانییەی سوودبەخش بوونە، بەڵام لە سەرەتای چلەكانەوە، گەنجێكی لێزان و بەتوانا هاتە مەیدانەوە، پڕ بوو لە ڕابردوو و كاری هونەری سەردەمانە، بەوە ڕازی نەبووە، فەرهەنگی بەربڵاوی مێژووی ئەفسانە، چیرۆكە خۆماڵییەكان، ئەساتیر، هەر هەموو ئەمانەی لە هەگبەدا بووە. دەتوانم بڵێم، بەیزایی پلە و پەیژەیەك بووە، هونەری شانۆیی و شانۆنووسینی بەسەردا هەڵكشاندووە و دەتوانین شێوەی كاری بەیزایی بكەینە چەندان بەشەوە.


- سەرچاوەی ئەفسانە و میتۆلۆژییەكان و مێژووی دێرینی ئێران.


- شێوەی نوێگەرایی و ئازادبوون لە قەید و بەندی (جێگە و زەمان)ی ئەرستۆ، ئەو دەربازبوونە دوورئەندازییەكی تایبەتمەندی بۆ بەیزایی دابین كردووە.


- بەكاربردنی زمانێكی پاراوی شانۆیی، كە لە شێوەی شانۆنووسەكان جیاواز بووە، هەر ئەو جیاوازبوونە خوێنەر و بینەر بەرەو لای خۆی دەكێشێ.


پێشتر لە باسی محەمەد عەلی جەمالزادە، گوتراوە لەدوای فیردەوسییەوە زمانی فارسی لە هەڵدێرگایەكی بكوژدا بووە، تا سەردەمی مەشرووتیەت لە كۆمەڵگەی ئێرانی دەستبەدەستی كرد، هەتا وەكوو جەمالزادە و هیدایەت و ئەوانی تر توانییان زمانی فارسی زیندوو بكەنەوە. لەپێش ئەو زاتانەدا زمان وێران بوو، وتووێژی خەڵكی سادە تێكەڵاوی زمان كرابوو، بۆ نموونە، لە نامەیەكدا لە جوێ دیوار (دیفال) نووسرابوو، كەسانێك هاتنە مەیدانەوە، وەك: ئیبراهیم گوڵستان، مەحموودزادە، شاهرخ سكوب، جەلال ئال ئەحمەد، هەر یەكە بە ڕەوشی خۆی بۆمبایەكیان خستە ژێر خەرمانی پڕوپووچی زمانەوە و ئەو خەڵكەیان خستەوە سەر ڕێگای ڕاستیی زمانی فارسی. بیرەوەریی زمانی شیرینی فارسی لە (دری - پارسی) تا ڕوودەكی و سەعدی... لەوانەوە ئەو ئەركە كەوتە ئەستۆی ئەوانەوە، كە ناویانم هێناوە، بەڵام بەهرامی بەیزایی، بەو تەمەنە گەنجییەوە توانیویە بزنەڕێ و هەڵدێرگەكانی ناو زمان و ئەفسانە و ئەستووریی فارسی بپێوێت. نازانم چ ساڵێك بوو شانۆی (دیوانی بەڵخ)ی خستە بەرچاو، جگە لە دەرهێنانەكەی، شەیدای زمانەكەی بووم، لام وابوو سەعدییەكی تر لەدایك بووە، ئەوە بەیزایی بوو زمانی باوباپیرانی دووبارە هێنایەوە ئەم سەردەمە... دەوڵەت ئابادی دەڵێت:


“نازانم ئەو لە كوێیە و لە چیدایە؟


بەیزایی لە كوێیە؟ ئایا ئەو دەناسم؟


هەزار ساڵە نەمدیوە تا پێی بڵێم (ژن)ەكانی، بەرهەمەكانی لە یەك دەچن، ئەو نییە و منیش نیم...تا لەم دابڕانە هەزار ساڵەیە لە تەنیاییترین ڕۆژانی مێژوودا، هەتاوەكوو قارەمانە لەخۆبووردەكانیشی بێ تاقەت كردووە، ئایا ئەو لەناو خەڵكدایە یان نا؟


لە مەكتەبی شانۆی (ئەناهیتا) بەهرامی بەیزاییم ناسی، ڕەنگە لەو كاتەی لە بەڕێوەبردنی شانۆیی بووم، ئەوم دیبێت، ئەو دەم شانۆنووسی و دەرهێنانم دەكرد، ئەو گەلێك گەنج بوو، دوای ئەوە من و پەروێزی فەنی زادە و كامەرانی نەوزاد، داوەت كراین، بەیزایی ئەندامی گرووپی میللی بووە، نەمدەزانی خەڵكەكە چۆن لە بەهرامی تێدەڕوانن، بەڵام من بە وردی ئەوم خوێندووەتەوە، ئەگەر یادەوەریم هاوكارم بێت، شانۆی (زیافەت)ی نووسی بوو، كارم تیا دەكرد و هاوفكری نەبووم، بەڵام ئەو هاوڕانەبوونەم هیچ لە توانایی ئەوی كەم نەكردەوە، دانم بەوەدا نابوو، كە تازە نەفەسێك ئەوەسا هاتووەتە مەیدانەوە، لەولای گرفت و بۆنەهاتەكانەوە دلێرانە مەیدانی بڕیوە و گەیشتووەتە قۆناغێكی بەرز و بڵند، من سەرم لە توانای ئەو گەنجە سڕمابوو، لەو هەموو باوەڕبەخۆبوونە، لەو هەموو دیرایەت و كۆشینە!".


ئەو دەڵێ: “تەمەنم چواردە ساڵ بوو باوكم ناچار كرد تا بمبا بۆ شانۆی ئاناهیتا”. هەروەها دەڵێت: “شانۆكەم بەدڵ نەبووە”، خۆی ئەوە بۆخۆی جورئەت و ئازایی باوەڕبەخۆبوونە، مێرمنداڵێك بڵێت ئەو شانۆیەم بە دڵ نەبووە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت. بەیزایی هیچ قۆناغێكی ژیانی خۆی بەفیڕۆ نەداوە. بەیزایی ڕۆیشتووەتە ناو كار و گرفتی سینەماوە، بەڵام پای لە شانۆ نەبڕیوە، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت، دونیای شانۆی ئێران و پانتاییەكەی، جێگەی بەربڵاوی فكری ئەوی تیادا نەبووەتەوە، لە ناچاری پەنای بردووەتە بەر سینەما.