خۆشەویستی، خۆشەویستی بەرهەم دەهێنێت

تۆلستۆی وای گوت - 2

(نووسەری ڕاستەقینە دەست بۆ قوڕیش ببات، دەیکات بە زێڕ، ئاخر سەدان لاپەڕە بەسەر دەکاتەوە، بۆ ئەوەی هەندێک ڕستەی جوانیان لێوە فێر ببێت، ئینجا ئەو ڕستانە هێندە سەرنجڕاکێش دادەڕێژێتەوە، خوێنەر تووشی حەپەسان دەکات.)
حەمەسەعید حەسەن

پێت وایە ئەوە گوناهێکی هێندە گەورەیە، یارای لێخۆشبوون نییە، ئەگەر کەسێک بێڕێزی بە ئایکۆنێک، کتێبێکی پیرۆز یان پەیکەرێک بکات، بەڵام ئەوە بە گونا‌هێکی بچووکیش نازانیت، ئەگەر هەمان بێڕێزی بەرانبەر بە ئینسانێک بکرێت، هەرچەندە هەموو ئایکۆن و کتێب و پەیکەرەکان ئینسان خوڵقاندوونی. ئینسان دەتوانێت بەرگەی خەم بگرێت، ئەگەر سەرچاوەکەی ئینسانێکی دیکە نەبێت، نەخۆشییەک یان ڕووداوێک بێت، بەڵام خەمێک سەرچاوەکەی ئینسان بێت، زۆر پێی بریندار دەبین، ئاخر بە خۆمان دەڵێین: ئەویش وەک ئێمە ئینسانە، کەچی لەبری ئەوەی خۆشی بوێین، ئازارمان دەدات!

ئایا دەزانین ئێمە وەک ڕۆح برای یەکین؟ ئایا دەزانین ژیان بۆ هەمووان، هەمان سەرچاوەی ڕۆحیی هەیە؟ ئەگەر لەوەی تێنەگەین هەموو مرۆڤایەتی یەکێکە، نابێت چاوەڕێی چاکە بکەین. ئەگەر نەزانین هەموو مرۆڤایەتی هەمان کرۆکی هەیە، ژیانی مرۆڤایەتی گۆڕانی ڕێشەیی بەسەردا نایەت. پێویستمان بە پەیامێکی تازەی خوایی هەیە، پەیامێک لەبارەی دۆزەخ و بەهەشتەوە نا، لەبارەی ئەو ڕۆحەوە کە لە ناخماندا دەژی.

ئەگەر ئینسان بیەوێت بەهۆی سامان و شانازی و ناسناوەوە، خۆی لەوانی دیکە جیا بکاتەوە، نە دەتوانێت خۆی بڵند بکاتەوە، نە هەست بە شادی و هێوری دەکات، بەڵام ئەگەر بزانێت هەمان سەرچاوەی خوایی کە لە ناخیدایە، لە ناخی هەموو مرۆڤایەتیدایە، ئەوسا هەست بە هێمنی و بە خۆشییەک دەکات، پێشتر هەرگیز هەستی پێ نەکردووە، چونکە بۆی دەردەکەوێت، ئەوەی لە ناخیدایە، باڵاترین شتی دونیایە. ئینسان ژیانێکی ڕاستەقینە ناژی، ئەگەر دەرک بەوە نەکات، هەمان ڕۆح لە ناخی هەموو مرۆڤایەتیدا دەژی.

خۆشەویستی، خۆشەویستی بەرهەم دەهێنێت، ئاخر ئەوەی خوا بۆ دڵی تۆی دەنێرێت، بۆ دڵی کەسانی تریشی دەنێرێت. باشتر وایە کە بە ئینسانێک دەگەیت، با دلۆڤانیش نەبێت، تۆ هەر ڕێزی لێ بگریت، ئاخر پێویستە ئەوەت لە بیر بێت، هەمان کرۆکی ڕۆحی لە ناخی تۆ و ئەودا دەژی. ئینسان ئەگەر ڕقی لە ئینسانگەلی تر بێت، وەک لقێک وایە لە درەختێک جیا بووبێتەوە، وەک ئەوە وایە لە هەموو مرۆڤایەتی جیا بووبێتەوە. تەنیا بەدڕەوتار، لەسەر ڕەوتارە بەدەکەی سزا دەدرێت. ڕەوتارە چاک و خراپەکانمان، بەپێی ویستی ئێمە ناژین، وەکوو منداڵەکانمان وان، ژیانی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئینسان ئەگەر بۆ جەستەی بژی، نەک بۆ ڕۆحی، لە خەڵک و لە خوا جیا دەبێتەوە و تووشی ئەو خێرە نابێت کە لە دووی دەگەڕێت.

وەک چۆن شتگەلی ماددی هەن، شتی ناماددییش هەیە کە ژیان بە جەستەمان دەبەخشێت. ڕۆح ئەو شتە ناماددییەیە کە پێوەستە بە جەستەمانەوە، شتێکی دیکەی ناماددی هەیە کە بە هیچەوە پێوەست نییە و ژیانیش دەبەخشێت، پێی دەڵێین: خوا. ئینسان لە ناخی خۆیدا دەرک بە بوونی خوا دەکات، ئەگەر خوا نەبووایە، ئێمە نەدەبووین. ئینسان ئەگەر لە خۆی ڕابمێنێت، دەرک بەوە دەکات کە خۆی هەموو شتێک نییە، بەڵکوو تەنیا بەشێکە لە هەموو، ئینسان کە دەرکی بەو ڕاستییە کرد، ئیدی دەزانێت، بێجگە لە خۆی، دونیایەکیش هەیە لە دەرەوەی خۆی، دونیایەک نە سنووری هەیە، نە سەرەتا و نە کۆتایی، دونیایەک نە کاتی هەیە، نە شوێن، بەڵام کرۆکێکی ڕۆحیی نامادیی هەیە، ئەو کرۆکە ڕۆحییە، (خوا)ی پێ دەگوترێت.

تەنیا لە ناخی ئینساندا بە خوا ئاشنا دەبین، ئەگەر ئینسان خوای لە ناخی خۆیدا نەدۆزییەوە، هەرگیز لە هیچ کوێ نایبینێتەوە. لە پەرستگەدا بۆ خوا مەگەڕێ! خوا نزیکە لێتەوە، لەناو خۆتدا دەژی، ئەگەر خۆت بدەیتە دەستی، ئیدی لەسەروو خەم و خۆشییەوە دەبیت. ئەوی هەم لە ناخماندایە و هەم لە دەرەوەی ناخیشمان، خوایە. پێویستت بەوە نییە خوا لە خۆت ڕازی بکەیت، پێویستت بەوەیە لە گەڵیدا یەک بگریت.

ئەگەر بە چاوی خۆمان، نەماندیتبان و بە گوێی خۆمان نەمانبیستبان و بە دەستی خۆمان هەستمان پێ نەکردبان، هیچمان دەربارەی ئەو شتانە نەدەزانی کە چواردەوریان داوین. ئەگەر دەرکمان بە هەبوونی خوا لە ناخی خۆماندا نەکردبا، هیچمان دەربارەی خۆمان نەدەزانی و ئەو کەسەمان نەدەناسی کە لە ناخماندا، دەبینیت و دەبیستێت و دەرک بە دونیای چواردەوری دەکات. ئەوی نەتوانێ، ببێ بە یەکێ، وەک منداڵی خوا
لەنێو گەوڕدا، لەگەڵ ئاژەڵدا، ژین بەسەر دەبا

ئەگەر کەسێکی دونیایی بم، دەتوانم بەبێ خوا ئیشی خۆم ڕایی بکەم، بەڵام کەم و زۆر هەر لە خۆم دەپرسم: لە کوێوە هاتووم و کە مردم بۆ کوێ دەڕۆم؟ لە چییەوە پەیدا بووم و دەچمەوە بۆ لای چی؟ دەشێت بڵێم: لە بوونێکی نادیارەوە هاتووم و دەچمەوە بۆ لای هەمان بوون. ئەو بوونە (خوا)ی پێ دەڵێن. بۆ ئەوەی خوا بێتە نێو دڵتەوە، دەبێت لە خودی خۆت بێیتە دەرەوە. باشە لە خوا بترسیت، باشترە خۆشت بوێت، بەڵام باشترین ئەوەیە، هەوڵ بدەیت خوا لە ناختدا بژی. دەڵێن: خوا خۆشەویستییە، یان خوا هۆشمەندییە، ڕاستییەکەی ئەوانە دووان لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی خوان، بەڵام کرۆکی خوا، دەرکی پێ ناکرێت. ئینسان پێویستی بە خۆشەویستییە، وەلێ خۆشەویستیی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بۆ بێخەوشێکی دەردەبڕێن، تاقە (بێخەوش)یش خوایە.

بە ڕاست خوا لە ئاسمانە، یان لە ناخی ئینساندایە؟ هەم لە ئاسمانە و هەم لە ناخی ئینسانیشدا. لە ئاسماندایە بەو مانایەی لەنێو دونیایەکی بێسنووردایە، لە ناخی ئێنسانیشدایە، بەو مانایەی ڕۆحی بە ئینسان بەخشیوە و بریتییە لە کرۆکی ژیان، ئەوە بۆیە ئینسان هەم لە ناخی خۆیدا هەستی پێ دەکات و هەم لە تەواوی جیهانیشدا. هەموو زیندەوەرێک بە هۆی ڕۆحییەوە دەژی، ڕۆح ئیدی لە هەر زیندەوەرێکدا بێت، بەشێکە لە ڕۆحی خوا، ئاخر ڕۆح یەکێکە و سەرچاوەکەی خوایە. خوا کە باقییە، بۆچی خۆی تێکەڵ بە زیندەوەر دەکات کە فانییە؟ کەسێک دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە ویستی خوا جێبەجێ بکات.

ئیمان ئەوەیە وا بیر بکەینەوە، هێزێکی نەبینراو هەیە، ئەم دونیایە بەڕێوە دەبات. مەسیحییەکان بەو هێزە دەڵێن: ڕۆح، باوک یان سەروەر، دونیای بینراویش کە هەمیشە لە گۆڕاندایە، سێبەری ئەو هێزەیە و وەک چۆن خوا ئەبەدییە، سێبەرەکەیشی ئەبەدییە. خوا کە لە دووانەی خۆشەویستی و هۆشمەندیدا چڕ دەبێتەوە، بوونێکی هێوری نامادییە. هیچ بەڵگەیەک شک دەبەیت کە بیسەلمێنێت خوا هەیە؟ جا من بۆ ئەوەی خۆری گەشت پیشان بدەم، پێویستم بە تیشکی مۆم دەبێت؟ ڕەنگە تۆ بیرت لە خوا نەکردبیتەوە، ئەگەرنا مەحاڵ بوو دەرک بە هەبوونی نەکەیت. وەک چۆن تا لە شتەکە نزیک نەبینەوە، هیچ لە بارەیەوە نازانین، خوایش ناناسین تا لێی نزیک نەبینەوە. بە ڕەوتاری چاک لە خوا نزیک دەبینەوە، تا ئیشی چاکتر بکەین، زیاتر خوا دەناسین، تا خوا زیاتر بناسین، خەڵکمان خۆشتر دەوێت.

(خوا بە هاتوهاوار نادۆزینەوە، بە بێدەنگی دەیدۆزینەوە.) ئەگەر هەست بە هەبوونی خوا ناکەیت، خەڵکت خۆش بوێت و بێ خەم بە! دەشێت لە ناخی خۆتدا هەست بە بوونی خوا بکەیت، بەڵام وەک مەحاڵ وایە بە تەواوی لێی تێبگەیت، پێویستیش ناکات. پاسکاڵ ڕاستی کردووە کە گوتوویەتی: (بە عەقڵ نە لە خوا تێدەگەین، نە لە ڕۆح. دەرک بە هەموو ئەو شتانە دەکەین کە لە خۆمان جیان، کەچی دەرک بە ڕۆح ناکەین کە لە خۆمان جیا نییە.) خوا بە مووسای گوت: پێویستت بەوە نییە، ناوی من بزانیت، هێندەت بەسە بزانیت، هیچ شتێک بەبێ ویستی من نابزوێت. کە بە خوا بڵێین: ئەو، بەوە لە بەهای کەم دەکەینەوە، مەحاڵە بتوانین باسی خوا بکەین، ئاخر خوا لە وشەدا چڕ ناکرێتەوە. ڕۆسۆ دەڵێت: (ئەگەر خوا خۆیشی پیشان بدات، لادین بیانووی دیکە بۆ نکۆڵیکردن لە هەبوونی دەبینێتەوە.) ئەوانەی دەڵێن خوا نییە ڕاست دەکەن، ئاخر خوا بۆ ئەوانە نییە کە ڕووی لێ وەردەگێڕن، بۆ ئەوانە هەیە کە ڕووی تێ دەکەن و لێی نزیک دەبنەوە.

(خوا خۆشەویستییە، ئەوی بڵێت: خوام خۆش دەوێت و برای خۆی خۆش نەوێت، درۆزنە، ئاخر ئەگەر برای خۆی کە ڕۆژانە دەیبینێت، خۆش نەوێت، چۆن خوای خۆش دەوێت کە نەیدیوە و نابینێت. با یەکتریمان خۆش بوێت، ئاخر خۆشەویستی لای خواوە هاتووە و تەنیا ئەوی ئەوانی دیکەی خۆش بوێت، خوا دەناسێت، ئاخر خوا لە خۆشەویستی بەولاوە هیچی تر نییە. خۆشویستنی خەڵک، لە سەرەتاوە دژوار دیارە، بەڵام هەموو شتێک لە سەرەتاوە هەتا فێری دەبین، هەر قورسە. خۆشویستنی ئەوانی دیکە هێندەیش سەخت نییە، هەر ئەوەی دەوێت، کۆسپەکانی بەردەم ڕەوتی چەمی خۆشەویستی تەخت بکەین.)(*)

دەڵێن: پێویستە لە خوا بترسین! ئەوە ڕاست نییە، پێویستە خوامان خۆش بوێت، نەک لێی بترسین، ئاخر مەحاڵە یەکێکمان خۆش بوێت کە لێی دەترسین، ئاخر مەحاڵە لە خوا بترسین کە خۆشەویستییە. پێویستمان بەوە نییە لە خوا بترسین، پێویستمان بەوەیە لە ناخی خۆماندا دەرکی پێ بکەین، هەر کە دەرکمان بە هەبوونی خوا لە ناخی خۆماندا کرد، ئیدی لە هیچ ناترسین. دەڵێن: لە ڕۆژی پەسڵاندا، هەموومان داداگایی دەکرێین و خوا زۆربەمان سزا دەدات، ئەوە ڕاست نییە، خوایەک کە خۆشەویستییە کەس سزا نادات. یەک ئیمانی ڕاست و دروست هەیە کە دەڵێت: خودا خۆشەویستییە، خۆشەویستییش بێجگە لە خۆشەویستی هیچی دیکەی لێ چاوەڕێ ناکرێت.

خۆشەویستی، ئینسان لەگەڵ خوا و لەگەڵ هەموو مەخلووقەکاندا یەک دەخات.
بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە هەموویان تۆیان خۆش بوێت، پێویستت بەوە نییە، یەکە یەکە بچیت بۆ لایان و ڕازییان بکەیت، پێویستت بەوەیە لە خوا کە خۆشەویستییە، نزیک ببیتەوە.
ئەوی دەڵێت: خوام خۆش دەوێت و خەڵکی خۆش ناوێت، خەڵک فریو دەدات، ئەوی دەڵێت: خەڵکم خۆش دەوێت و خوای خۆش ناوێت، خۆی فریو دەدات.
وەک چۆن جەستە پێویستی بە خۆراکە و بەبێ خۆراک پەرێشان دەبێت، ڕۆحیش پێویستی بە خۆشەویستییە و بەبێ خۆشەویستی پەرێشان دەبێت.
ئەگەر بە چاوی ڕۆح سەیری دونیا بکەیت، هەموو شتێک جوان دەبینیت.


*
(١) لیف تولستوی، طریق الحیاة، رسائل في الروح والموت والحیاة، ترجمة: یوسف نبیل، افاق للنشر والتوزیع ٢٠١٨ القاهرة.
(*) پەیامی یەکەمی یۆحەننا.