تۆلستۆی وای گوت

ژیان یەك سەرچاوەی ڕۆحیی هەیە، ئەو سەرچاوەیە، هەر لە ئینساندا نییە، لە هەموو زیندەوەرێکدایە

(1)

ئەگەر دەخوازیت لەگەڵ ئەوی دیکەدا بە ئارامی بژیت، هەمیشە بیر لەوە بکەوە چی لەگەڵیدا کۆت دەکاتەوە، نەک چی لێیت جیا دەکاتەوە. بە زیندوویی دەمێنیتەوە، ئەگەر لە ناخی ئەوانی دیکەدا بژیت، ئەگەر بۆ خۆت بژیت، هەست دەکەیت لەنێو دوژمناندا دەژیت و قازانجی ئەوی دی بە زیانی خۆت تێدەگەیت. ئەگەر بۆ ئەوانی دیکە بژیت، هەست دەکەیت لەنێو هاوڕێیاندا دەژیت و قازانجی ئەوانی دیکە بە قازانجی خۆت دەزانیت.

ئەگەر هەموو کەس خۆی ئەو ئاژەڵە سەر ببڕێت کە گۆشتەی دەخوات، لای کەم نیوەی خەڵکی دونیا واز لە گۆشت خواردن دەهێنن. وەک چۆن ئێستا پێمان سەیرە ئینسان هەبووە گۆشتی ئینسانی خواردووە، ڕۆژی دادێت، نەوەکانمان پێیان سەیر دەبێت، ئینسان گۆشتی ئاژەڵی خواردووە. لە هیچ کتێبێکدا نەنووسراوە، کوشتنی ئاژەڵ و خواردنی گۆشتەکەی هەڵە نییە. کە (دە) ڕێنمایییەکە بە: مەکوژە! دەست پێ دەکات، هەر مەبەستی کوشتنی ئینسان نییە، مەبەستی هەموو زیندەوەرێکە. مەکوژە! بەرلەوەی لەسەر بەرد بنووسرێت، لەسەر پەڕەی دڵ نووسراوە. مرۆڤ ئەگەر بەزەیی و سۆزی بەرانبەر هەموو زیندەوەرێک نەبێت، نابێت بە کەسێکی چاک.

ئینسان لەبەر ئەوە لە ئاژەڵ باڵاتر نییە، چونکە دەتوانێت ئازاری بدات، بۆیە لە ئاژەڵ باڵاترە، چونکە بەزەیی پێیدا دێتەوە. ئینسان بۆیە سۆزی بۆ ئاژەڵ هەیە، چونکە هەردووکیان گیانلەبەرن. هەر چییەک زیندوو بێت، لە ئازار و لە مردن دەترسێت، حیکمەتێکی بوودایی هەیە دەڵێت: هەر چی زیندەوەرە، حەزی لەوەیە کە تۆ حەزت لێیەتی. لەگەڵ هەموو زیندەوەرێکدا وا هەڵسوکەوت بکە، وەک پێت خۆشە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا بکرێت. ژیان یەك سەرچاوەی ڕۆحیی هەیە، ئەو سەرچاوەیە، هەر لە ئینساندا نییە، لە هەموو زیندەوەرێکدایە.

جوانترین گوتەی مەسیح ئەوەیە کە گوتوویەتی: مرۆڤەکان هەموویان بران، بە چاوپۆشین و لە جلوبەرگ و ڕەنگوڕوویان، گرنگ ئەوەیە هەموویان سەر بە هەمان ڕۆحی نەمرن. ئەوە هەمان ڕۆحە لە هەموو ئینسانێکدایە، بۆیە پێویستە ڕێز لە شکۆی هەموو ئینسانێک بگرین. خەڵک وەک جەستە لە یەک جودان، بەڵام هەمان ڕۆح کۆیان دەکاتەوە. ئەگەر هەر دوای داخوازییەکانی جەستەت بکەویت، ژیانت وەک دۆزەخی لێ دێت، ئەوە بکە ڕۆحت لێت دەخوازێت، شوێن سۆز و بەزەیی و خۆشویستنی ئەوانی دی بکەوە، ئیدی پێویستت بە بەهەشت نابێت، ناخت دەبێت بە بەهەشت. ئەوی لەگەڵ خوادا یەک بێت، خوا هەرگیز ئازاری نادات.

ئینسان خۆی نەناسێت، بێ سوودە ئەگەر داوای لێ بکەیت، خوا بناسێت، ئاخر ئینسان بەرلەوەی خوا بناسێت، پێویستی بەوەیە خۆی بناسێت. نابین بە ئینسان، ئەگەر خوای ناخی خۆمان نەناسین. پێویست ناکات بپرسیت خوایە هەیە، ئاخر وەک ئەوە وایە بپرسیت: من هەم؟ تۆ هەم لە خوادا دەژیت و هەم بەهۆی خواوە دەژیت. کە دڵۆپێک باران دەڕژێتە نێو دڵی زەریاوە، دەبێت بە زەریا، هەر وایش ڕۆح لەگەڵ خوادا یەک دەگرێت.

لە ناخی هەموو ئینسانێکدا دووانەیەک دەژی، یەکێکیان (بینا)یە، ڕۆحییە، ئەوی دیکەیان جەستەیییە، (نابینا)یە. ئینسانی نابینای جەستەیی، دەخوات، دەخواتەوە، ئیش دەکات، پشوو دەدات، زاووزێ دەکات و ئەمانە لەکنی وەک ڕۆتینیان لێ دێت، بەڵام ئینسانی بینای ڕۆحی، ڕۆڵی ئەوەیە یان بە کردەوەکانی ئینسانە جەستەیییە نابیناکە قایل دەبێت، یان نا. ئینسانە چاوساغە ڕۆحییەکە، ویژدانە کە یان سنوور بۆ کارە بەدەکانی جەستە دادەنێت، یان نا. وەک چۆن مۆم بەبێ ئاگر داناگیرسێت، ئینسانیش بەبێ توانا ڕۆحییەکانی ناتوانێت بژی، ڕۆح لەنێو هەموو ئینسانێکدا دەژی، بەڵام هەموو ئینسانێک دەرک بە هەبوونی ناکات.

ئەگەر نەزانین چی لە ناخماندا هەیە، بێ سوودە بزانین چی لە دەرەوەی ناخمان هەیە، ئاخر ئینسان ئەگەر خۆی نەناسێت، ناتوانێت دەرک بە دونیا بکات، ئاخر ئەوی لە ماڵی خۆیدا نابینا بێت، ناتوانێت لە دەرەوەی ماڵی خۆی بینا بێت؟ کە تۆ دەرک بە هەبوونی ڕۆحت ناکەیت لەنێو خۆتدا، ئەوە بەو مانایە نایەت، ناخت ڕۆحی تێدا نییە، بەڵکوو بەو مانایە دێت، تۆ هێشتا فێر نەبوویت، چۆن ڕۆحی ناو خۆت بناسیت. با وەک جەستە لە یەکدییەوە نزیکیش بین، جەستەمان بە یەکدی نامۆیە، بەڵام ئەگەر وەک جەستە لە یەکدییەوە دووریش بین، ڕۆحمان بە یەکدی ئاشنایە. کە ئینسان دەڵێت: من، مەبەستی جەستەی نییە، مەبەستی ئەو شتەیە کە لە ناخیدا دەژی، مەبەستی ڕۆحە کە نە دەبینرێت و نە بە دەست دەگیرێت، بەڵام ژیان دەبەخشێت.

کە باران دەبارێت و دەڕژێتە نێو جۆگەلەیەکەوە، لە ئێمە وایە سەرچاوەی ئاوەکە، جۆگەلەکەیە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو لە ئاسمانەوە هاتووە، ئەو قسە جوانانەی واعیزیش دەیانکات، قسەی خۆی نین، قسەی خوان. ئایین لەبەر ئەوە حەقیقەت نییە، چونکە خەڵکانی چاک دەیزانن، بۆیە خەڵکانی چاک دەیزانن، چونکە حەقیقەتە.

کە ئەو خەڵکە ئێستایش وابەستەی هەمان ئەو پەیامەن، خوا لە دێرزەمانەوە ناردوویەتی و لەگەڵ ئەم سەردەمەدا ناگونجێت، کە ئەو خەڵکە پەیامی نوێ ڕەت دەکەنەوە و بە زیانبەخشی دەزانن، ئەوە لە بیر خۆیان دەبەنەوە، خوا وەک چۆن حەقیقەتی بۆ پێشینیان ئاشکرا کردووە، بۆ نەوەی نوێشی ئاشکرا دەکات. ئەگەر بە موو لەو باوەڕە لا نەدەیت کە لە کۆنەوە بۆت ماوەتەوە، وەک ئەوە وایە، بۆ ئەوەی لە جەنگەڵەکەدا بزر نەبیت، توند خۆت بە درەختێکەوە ببەستیتەوە! ئەوە باشە سوود لە ڕێنوێنییەکانی ڕێبەرانی دێرین وەربگرین، بەڵام پێویستە پێشەکی بیاندەین لە مەحەکی عەقڵ، هەر ڕێنوێنییەک لەگەڵ عەقڵدا گونجا، ڕەچاوی بکەین، ئەوەی بە فیلتەری عەقڵدا دەرباز نەبوو، ڕەتی بکەینەوە.

مەسیح مامۆستایەکی مەزن بوو، ئایینی ئەڤینی بڵاو کردەوە، بەڵام خوا هەر ئەو تاقە مامۆستا مەزنەی نەخوڵقاندووە. هەبوونی کۆمەڵێک مامۆستای مەزن، هیچ لە گەورەییی مەسیح کەم ناکاتەوە، بەڵکوو بەڵگەیەکە بۆ گەورەییی خوا. ئەگەر پێمان وابێت، خوا لەدوای مەسیح پەیام بە کەسی دیکەدا نانێرێت، بەوە پەیامهێنێکی نوێ دەکوژین، بۆ ئەوەی پەیامهێنێکی کۆن بکەین بە خواوەند. ئەگەر مەسیح گوتبای: کەس یەیامی خوا لە مووسا جوانتر ڕوون ناکاتەوە، مرۆڤایەتی مەسیحی لە کیس دەچوو.

من باوەڕم بەوە نییە کە ئێوە باوەڕتان پێیەتی، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە من بێباوەڕم، بێباوەڕ کەسێکە خۆی وا پیشان دەدات، هەمان باوەڕی ئێوەی هەیە، بەڵام ڕاستتان لەگەڵدا ناکات. ئێمە لەڕێی عەقڵەوە بە ئیمان ناگەین، بەڵام بۆ لە بێژنگدانی ئیمان، پێویستمان بە عەقڵ هەیە. جیاوازیی نێوان ئیمانی ڕاستەقینە و ساختە ئەوەیە، لە ئیمانی ساختەدا، ئیماندار بۆیە نوێژ دەکات، تا خوا پاداشتی بداتەوە، بەڵام ئیمانداری ڕاستەقینە، هەوڵی بۆ ئەوەیە خوا لە خۆی ڕازی بکات. ئەگەر لە پێناوی پاداشتدا خزمەتی خوا دەکەیت، ئەوە تۆ خزمەتی خۆت دەکەیت، نەک خوا. ئەگەر خاوەنی ڕۆحێکی پاکژ نەبیت، لە یاسای ڕاستەقیننەی ژیان تێناگەیت.

ئەوی بەڵێنی (بەهەشت)ت پێ بدات، ئەگەری ئەوەیش بەهێزە هەیە، ژیانت لێ بکات بە (دۆزەخ.) ڕێبەری ساختە، لەڕێی ترساندنەوە بە تۆڵە و لەڕێی هاندانەوە بە پاداشت، خەڵکی بۆ (ڕێگەی ڕاست) بانگ دەکات، بەڵام ڕێبەری ڕاستەقینە، ئینسان فێر دەکات کە سەرچاوەی ژیان و خۆشەویستی لە ڕۆحی مرۆڤایەتیدایە، بۆیە ڕێی ڕاست یەکگرتنی مرۆڤایەتییە. تێزی پاداشت لەبری خواپەرستی، لەگەڵ ئیمانی ڕاستەقینەدا ناکۆکە، ئەوەی لەبری هەر چاکەیەک، چاوەڕێی پاداشتێک بین، ئیمانداری نییە، بازرگانییە، ئیمانداری ڕاستەقینە چاوەڕێی پاداشت نییە، نە لە ئێستادا، نە لە داهاتوودا.

(کاتێک مەملەکەتی خوا دێتە گۆڕێ، کە ئیمان بە شتگەلی سەیر، بە سیحر، بە سرووت و بە پەرجوو بزر دەبێت و ئیمانی پشتبەستوو بە عەقڵ جێی دەگرێتەوە. ئەو وەختە دوور نییە، لە دۆخی کۆرپەلەدایە، هەموو کۆرپەلەیەکیش گەورە دەبێت و پێویستە هەوڵ بدەین زوو گەورە ببێت.)(*) ئیمان ئەوە نییە، بزانین کەی نوێژ دەکەین و کەی بەڕۆژوو دەبین، ئیمان ئەوەیە هەمووانمان خۆش بوێت و پێمان خۆشە ئەوانی دی چۆن بن لەگەڵماندا، ئێمەیش وا بین لەگەڵ واندا. ئەوی وای بۆ چێت، بە نوێژ و ڕۆژوو خوا فریو دەدات، ڕاستییەکەی خۆی فریو دەدات.

ئیمانی ڕاستەقینە پێویستی بە پەرستگە و بانگدان و کۆبوونەوەی خەڵکێکی زۆر نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئیمانی ڕاستەقینە لە تەنیایی و بێدەنگیدا، ڕێی دەکەوێتە هەواری دڵ. ئیمانی ڕاستەقینە تایبەت نییە بە خەڵکانێکی دیاریکراو، بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەگونجێت. بۆ ئەوەی بە ئیمانی ڕاستەقینە ئاشنا ببین، پێویستە پێشەکی دەستبەرداری ئەو ئیمانە ببین کە نابینایانە دوای کەوتووین و لە منداڵییەوە هەر چی فێر بووین، پێویستە لەبەر تیشکی عەقڵدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین. یاسای خوا ئەوەیە، گوێ بۆ دەنگی ڕۆحت ڕادێریت، نەک بۆ وشەگەلی سەیر و سەمەرە.

پێویست ناکات کەس یاسای خوامان بۆ ئاشکرا بکات، ئاخر یاسای خوا بۆ ئەوی بیەوێت بیزانێت، ئاشکرایە. نە جاران پەرجوو هەبووە، نە ئێستا هەیە و نە لە داهاتوویشدا دەبێت، ئەو چیرۆکانەی لەبارەی پەرجووەوە دەیانگێڕنەوە، هیچیان ڕاست نین، هەموویان ئەفسانە و بەندوباون. ئەوە ڕاست نییە کە دەڵێن، کتێب هەیە هەر چی تێدایە حەقیقەتە. هەموو کتێبەکان ئینسان بەرهەمی هێناون، لە هەموویاندا دەشێت هەم قازانج هەبێت و هەم زیان، هەم حەقیقەت هەبێت و هەم ساختە.

ئیمان ئەوەیە باش بزانیت، پێویستە چی بکەیت و چی نەکەیت. لەڕێی نوێژ و سرووت و نزاوە ناگەیت بە خوا، لەڕێی خۆشەویستییەوە پێی دەگەیت. هەر خۆشەویستی خێر دەداتەوە، ئاخر ئینسان و خوا یەک دەخات. ئیبراهیم کاردۆفسکی گوتەنێ: (ئیمانی ڕاستەقینە ئەوەیە، هەموو زیندەوەرێکت خۆش بوێت.) جێبەجێکردنی یاسای خوا، قورس نییە، ئاخر بێجگە لە خۆشویستنی ئەم و ئەو، هیچی دیکە نییە. (ئیمانی درۆینە، زۆر جۆری هەیە، بەڵام ئیمانی ڕاستەقینە هەر یەک جۆرە، ئەوەیە: ئینسان خۆی بناسێت و بزانێت لەپێناوی چیدا دەژی.)(**)

ڕۆح نە لە ڕابردوودا دەژی، نە لە داهاتوودا، لە حاڵی حازردا دەژی. چۆن بەگژ قسەی هیچوپووچدا دەچیتەوە؟ بەوەی شتێک نەڵێیت پێچەوانەی حەقیقەت بێت. وەک چۆن ئەوە ڕاست نییە، کەمینەیەکی (دەسەڵاتدار) زۆرینە بخەنە بن هەژموونی خۆیانەوە، ئەوەیش هەر ڕاست نییە، کەمینەیەکی (دیندار) زۆرینە فێری ئیمان بکەن. ئەوەی پێی دەڵێین ڕۆح و لە ناخیدا کرۆکی گەردوونی هەڵگرتووە و ژیان دەبەخشێت، لە غەیری خوا هیچی دیکە نییە. هەوڵی ڕۆحی ئینسان بۆ ئەوەیە، لەگەڵ ئەو سەرچاوەیەدا یەک بگرێتەوە کە لێی جیا بووەتەوە، تاقە ڕێگەیش بۆ ئەو یەکگرتنەوەیە، خۆشەویستییە، خۆشویستنی هەموو ڕۆحەکان و خۆشویستنی خوا.
*
(١) لیف تولستوی، طریق الحیاة، رسائل في الروح والموت والحیاة، ترجمة: یوسف نبیل، افاق للنشر والتوزیع ٢٠١٨ القاهرة.
(*) و (**) کانت.
(***) تۆلستۆی (١٨٢٨ - ١٩١٠) ڕۆماننووسی هەرە گەورەی ڕووس، فەیلەسووف، ڕیفۆرمیستی کۆمەڵایەتی، بانگخوازی ئاشتی و داهێنەری تیۆریی دژە زەبروزەنگ کە بریتیبوو لە بەرەنگاربوونەوەی ئاشتییانە. نووسەری (شەڕ و ئاشتی) و (ئانا کارنینا) کە دوو لووتکە هەرە بڵندەکەی ئەدەبی ڕیالیستن.