من لە رەقە بووم - 27

گوێم له‌ وتاره‌كانى شێخ خالد ئەلڕاشد و گۆرانیبێژی ڕاپ لوتفی دوبل كانوش ده‌گرت

تیرۆریزم و یاریی توپی پێ
زستانى ساڵى 2008، ئاوا كه‌ ئێمه‌یان به‌م شێوه‌یه‌ و به‌ هۆكارێكى نادیار، واته‌ یاریكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌نجانه‌ى كه‌ ڕیشیان هه‌بوو، به‌ره‌و ئیداره‌ی پۆلیس و سه‌نته‌ری شار ده‌برد، هۆكارێكى ترم له‌سه‌ر ڕاستیى ئه‌و قسانه‌ى له‌باره‌ى شه‌ڕكردنی حكوومه‌تى تونس له‌گه‌ڵ ئیمانداران! ده‌یكرد، بیستبوو. ئه‌م ڕووداوه‌ بووه‌ هۆكارێك بۆ به‌رده‌وامیدان به‌و رێڕه‌وه‌ى، كه‌ له‌دواییدا گرتمه‌ به‌ر.


خه‌سڵه‌تى ساڵانى 2007 تا 2010 ده‌توانین له‌ گرتنه‌به‌ری شه‌پۆلی ئه‌منیی دژى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڕه‌وته‌ سه‌له‌فییه‌كان له‌ تونس ئاماژه‌ پێ بكه‌ین. له‌و ساڵانه‌دا بینه‌رى چالاكیى به‌ربڵاوى هه‌ندێك تۆڕ و چریكه‌ی چالاك بووم، كه‌ كه‌سه‌كانى بۆ شه‌ڕكردن له‌پاڵ تاقمه‌ چه‌كداره‌ سه‌له‌فییه‌كان بۆ عێراق ڕه‌وانه‌ ده‌كرد. به‌پێى ئاماری ڕێكخراوه‌كانى مافی مرۆڤ له‌و ساڵانه‌دا، 3000 گه‌نجى تونسی پشتبه‌ست به‌ هه‌ڵمه‌تى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریزم ده‌ستگیر كران. كه‌ گیرام یه‌كسه‌ر چوومه‌ ناو ناوه‌ندى پۆلیسه‌وه‌، منیان له‌گه‌ڵ هه‌رزه‌كارێكى تر، كه‌ ته‌مه‌نى یاساییمان ته‌واو نه‌كردبوو، له‌ ڕێڕه‌وه‌كه‌دا له‌ یه‌كترمانیان جیا كرده‌وه‌ و ئه‌وانى تریشیان به‌ره‌و ژووره‌كانى دیكه‌ برد. ئه‌وه‌نده‌ى نه‌برد ده‌نگى لێدان و هاوارم بیست. دیار بوو لێپرسینه‌وه‌ى تایبه‌تیان له‌وانی تر ده‌ست پێكردبوو. پاشان به‌پێى هه‌ڵسوكه‌وتى هێزه‌كان له‌گه‌ڵیاندا تێگه‌شتم، كه‌ زۆربه‌ى ئه‌م كه‌سانه‌ی پێشتریش له‌به‌ر پێشینه‌ى ئایینییان گومانلێكراو بوون و پێشتر گیرابوون.


زۆر خراپ ترسام. ناوه‌ڕاستى زستان بوو و منیش تەنیا شۆرتێكى وه‌رزشییم له‌ پێدا بوو، هه‌ستم به‌ سه‌رمایه‌كى سەخت ده‌كرد. هێشتا ده‌نگى هاتوهاوار له‌ ژووره‌كه‌ى ته‌نیشتم ده‌هات و جنێودانه‌كان به‌ وان و كفركردن له‌به‌رامبه‌ریاندا به‌رده‌وام بوو. له‌م نێوه‌نده‌دا جارجاره‌ هێزه‌كان له‌ ڕێڕه‌وی به‌رده‌مماندا تێده‌په‌ڕین و كێبڵ و داری لێدانیان پێ بوو. هێشتا له‌سه‌ر كورسییه‌ك له‌و ڕاڕه‌وه‌ دوورودرێژه‌دا دانیشتبووم و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ڕێگه‌یان نه‌ده‌دا په‌یوه‌ندى به‌ ماڵه‌وه‌ بكه‌م، تا به‌ وان بڵێم له‌ كوێم. دڵنیا بووم دایكم له‌به‌ر نەچوونەوە ماڵ و وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ى ته‌له‌فۆنه‌كه‌م، ئێستاكه‌ خه‌ریكه‌ شێت ئه‌بێت. زۆر داوام كرد، كه‌ با په‌یوه‌ندى به‌ دایكمه‌وه‌ بكه‌م و ئاسووده‌ی بكه‌م، كه‌ باشم.


لێپرسینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ من ده‌ستى پێكرد. هه‌ندێك پرسیاری هاوشێوه‌ى ئه‌وانی تریان له‌ منیش كرد، له‌ چ وه‌ختێكه‌وه‌ نوێژ ده‌که‌ى؟ گوێ له‌ وتارى مزگه‌وتى كام مامۆستا ده‌گریت؟ بۆ كام مزگه‌وت زۆرتر هاتوچۆ ده‌كه‌یت؟ پرسیاره‌كانیان له‌ من سه‌یر بوو! ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ له‌ مزگه‌وت نوێژ نه‌كه‌ین، ئه‌ى بۆچی دروست كراوه‌؟! ئه‌مه‌م كه‌ به‌ یه‌كێكیان گوت، ده‌ستى كرده‌ جنێو پێدانم.


دووباره‌ خه‌ریك بوو به‌و قه‌ناعه‌ته‌ ده‌گه‌یشتم، به‌شێكى دۆخى ئێمه‌ گرفت و كێشه‌ى تێدایه‌. ئەوەم بیر كه‌وته‌وه‌، كه‌ منداڵانى گه‌ڕه‌كه‌کەمان له‌سه‌ر ئاره‌قخواردنه‌وه‌ و ماده‌ كحوولییه‌كان ده‌گیران و لێیان دەدرا. له‌بیرمه‌ یه‌كێكمیان هەمیشە ده‌یگوت، له‌م وڵاته‌دا ئاره‌ق بخۆیتەوە ده‌چیته‌ به‌ندینخانه‌، نوێژیش بكه‌یت هه‌ر ده‌چیته‌ به‌ندینخانه‌! بیركردنه‌وه‌م له‌وەی كام به‌شی ژیانمان كێشه‌ى تێدایه‌، نه‌ده‌گه‌یشته‌ هیچ ئەنجامێک.


بۆ من، كه‌ تازه‌ هاتبوومه‌ نێو قۆناغی گه‌نجییه‌وه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌گه‌ر بڵێم شۆكهێنه‌ر بوو، لانیكه‌م جێى سەرسوڕمانێكى زۆر بوو. تێگه‌یشتم له‌ قازانجمدا نییه‌ باسی له‌به‌ركردنى قورئان و ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ى، كه‌ وه‌رمگرتوون و ئه‌و مزگه‌وتانه‌ى هاموشۆم كردوون،‌ بۆیان بگێڕمه‌وه‌. ئه‌وه‌ش تێگه‌یشتم، ئه‌گه‌ر له‌باره‌ى حه‌ز و خۆشه‌ویستیم بۆ جیهادكردن و سه‌یركردنى پڕۆگرامه‌كانى كه‌ناڵى (جه‌زیره‌) و به‌دواچوونى ڕه‌وته‌ فه‌له‌ستینییه‌كانیشیان بۆ بگێڕمه‌وه‌، ئه‌نجامێك جگه‌ له‌ گومانكردنى خراپه‌ له‌ منى به‌دواوه‌ نابێت و كێشه‌ و گومانه‌كانیش له‌سه‌رم زیاتر ده‌كات.


نزیكى کاتژمێر 10ى شه‌و بوو، كه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ من ته‌واو بوو. گوتیان تێل بۆ باوكت بكه‌ با بێت به‌ شوێنتدا و بتباته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌. وابزانم هه‌ر ئه‌وانه‌شیان له‌ هه‌رزه‌كاره‌كه‌ى تر، كه‌ له‌گه‌ڵمدا بوو، داوا كرد. به‌وانم گوت باوكم نه‌خۆشه‌ و ناتوانێت بجووڵێت و بێت به‌ شوێنمدا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ خۆیان منیان تا به‌رماڵ بردەوە. له‌گه‌ڵ بێتاقه‌تیى دایكم له‌و كاته‌دا، منیان دایه‌ ده‌ستى خێزانه‌كه‌م و داوایان له‌ باوكیشم كرد سبه‌ی سه‌رێك له‌ باره‌گاى پۆلیسی شار بدات.


ئه‌و شه‌وه‌ دایكم نه‌یده‌زانى چی بووه‌ و به‌وردى ده‌یویست پێی بڵێم چیم كردووه‌. گوتم من خۆیشم نازانم له‌به‌رچی گیراوم. ئه‌مه‌شم گوت، كه‌ هۆكاری گرتنه‌كه‌م ئه‌وه‌ بووه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك گه‌نجى ڕیشداردا یارییم كردووه‌. دایكم بێده‌نگ بوو. نه‌یده‌توانى من سه‌رزه‌نشت بكات. له‌مباره‌شه‌وه‌ ده‌مى به‌ سه‌رزه‌نشتى كه‌سی تریش نه‌كرده‌وه‌. به‌یانییه‌كه‌ى باوكم منى له‌گه‌ڵ برد خۆی بۆ باره‌گاى پۆلیس. باوكم هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ زۆر خۆشیی له‌ پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى تونس نه‌ده‌هات، چونكه‌ هه‌ر جارێك كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ بۆ تونس ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ یان له‌ به‌نده‌رگاى (حلق الوادى) ئازاریان ده‌دا و پۆلیسی گومرك و و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان داواى به‌رتیلیان لێ ده‌كرد.


له‌ ئیداره‌ى پۆلیسدا، باوكم گوتى سه‌رى سووڕ ده‌مێنێت چۆن چۆنى هه‌رزه‌كارێكی له‌ ته‌مه‌نی منیان وه‌ك گومانلێكراو له‌نێو یاریگایه‌كى ناوخۆی شاردا ده‌ستگیر كردووه‌، كه‌ گوایه‌ هاوكاریی تاقمێكى تیرۆریستیى كردووه‌. بۆ باوكى من، كه‌ ساڵانێك له‌ وڵاتێكى وه‌كوو ئه‌ڵمانیادا ژیابوو، كه‌ له‌وێنده‌ردا مافی مرۆڤ و ئازادییه‌ گشتی و كه‌سییه‌كان ڕێزیان بۆ داده‌نرا. ئه‌م کێشەیە وه‌كوو سكانسی به‌شێك له‌ زنجیره‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنی، خه‌یاڵاوى ده‌هاته‌ به‌رچاو! نزیكى دوو سەعاتی تر ئازاد كرام. له‌و دوو سەعاته‌دا دیسانه‌وه‌ بۆ جارێكی تر لێپرسینه‌وه‌م له‌گه‌ڵدا كرا. لێكۆڵه‌ره‌ پۆلیسه‌كان ده‌یانویست بۆ سیناریۆیه‌ك، كه‌ خۆیان دروستیان كردبوو، هۆیه‌ك بدۆزنه‌وه‌. گومانیان وابوو، كه‌ ئه‌م كێبڕكێی تۆپی پێیه‌ بۆ ئۆپه‌ڕاسیۆنێكى تیرۆریستى بووه‌، كه‌ ده‌بێت له ‌داهاتوودا ئه‌نجام بدرێت! هەڵبەتە ئه‌مه‌ خه‌یاڵى لێپرسراوەکان بوو، كه‌ دروستیان كردبوو. بۆ لێپرسراوان، ئه‌وەى كه‌ شه‌وى پێشوو گێڕابوومه‌وه‌، دیسانه‌وه‌ باسم كرده‌وه‌ و گێڕامه‌وه‌. ئه‌مه‌ كه‌ هاوڕێكه‌م به‌ناوى ئوسامه‌ منى بانگهێشتى یارییه‌كه‌ كردووه‌ و منیش بۆ یاریكردن له‌گه‌ڵیاندا بۆ ئه‌وێنده‌ر ڕۆیشتووم. هەر ئه‌مه‌!


له ‌دواییدا تێگه‌یشتم، كه‌ گومانلێكراوانى تریان بۆ تونسی پایته‌خت بردووه‌، به‌ڵام منیان ئازاد كرد. كاتێك گه‌ڕامه‌وه‌، زۆر له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان تووڕه‌ بووم. زۆر پرسیارم له‌باره‌ى توند هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ دین و ئیمانداران له‌ تونسدا كه‌ڵكه‌ڵه‌ پێدا. له‌و كاتانه‌ى له‌ ئه‌ڵمانیا، كه‌ نه‌گه‌ڕابوومه‌وه‌، هه‌رگیز شتى وا ڕووی نه‌دابوو، كه‌ ئاوا به‌م شێوه‌یه‌ دوچاری ترس و سووکایەتی پێكردن ببمه‌وه‌. له‌و سه‌فه‌ره‌ دوورودرێژه‌ پڕ له‌ سووکایەتییە، كه‌ له‌ داهاتووشدا تێمپه‌ڕاند، ئه‌م ڕووداوه‌ تەنیا لە ویستگه‌یه‌كی ژیانم تا ڕاده‌یه‌ك به‌ئه‌ژمار ده‌هات.


به‌بێ زێده‌گۆیی، من تا ته‌مه‌نى حه‌ڤده‌ ساڵى له‌ژێر په‌ڕوباڵى خێزانمدا بووم و ژیانێكى ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ و هێمنانه‌م تێپه‌ڕاندبوو. به‌ شێوازێكیش له‌گه‌ڵ مندا هه‌ڵسوكه‌ت ده‌كرا كه‌ هه‌ستم بە بڕوابه‌خۆبوون و ڕێز و كه‌رامه‌تم ده‌كرد. دوای ئه‌م ڕووداوه‌ دڵنیا بوومه‌وه‌، دنیایه‌كی تری له‌ ماڵى ئێمه‌دا هه‌یه‌.


جارێكی تر دایكمم سه‌رزه‌نشت كرده‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى كه‌ ڕووی دابوو خستمه‌ گه‌ردنییه‌وە، چونكه‌ ئه‌و وای كردبوو ئێمه‌ له‌ تونسدا بمێنینه‌وه‌. پێم گوت: له‌بیرته‌ چه‌ندە داوام لێ كردیت‌ بۆ ئه‌ڵمانیا بگه‌ڕێینه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر قبووڵت نه‌كرد؟ بۆ دایكمم باس كرد، كه‌ لێكۆڵه‌رانى پۆلیس له‌باره‌ى نوێژه‌كانى به‌یانییان و ئه‌و مزگه‌وتانه‌ى هاتوچۆشیانم كردووه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ى گفتوگۆ و هاوڕێیه‌تیم له‌گه‌ڵیاندا بووه‌، لێپرسینه‌وه‌یان له‌گەڵدا كردووم. جارێكى تر پێم گوته‌وه‌، ئه‌مه‌ هه‌مان ئه‌و تونسه‌یه كه‌ ده‌ته‌وێت تیایدا بژین؟ دایكم ئه‌و ڕۆژه‌ زۆر گریا و نه‌شیده‌زانى چی بكات.


دوای چیرۆكى یاریگاكه‌، بڕیاڕم دا چیتر له‌م وڵاته‌دا نه‌مێنمه‌وه‌ و بۆ ئه‌ڵمانیا بگه‌ڕێمه‌وه‌. بۆ ئه‌و جێگایه‌ى كه‌ تیایدا له‌دایك بووم كۆچ بكه‌م، تا به‌ خۆشی و ئاشته‌وایی بژیم.


له‌ نێوه‌ندى خۆئاماده‌كردنم بۆ ئه‌ڵمانیا، تێگه‌یشتم، كه‌ مۆڵه‌تى پاسپۆرته‌كه‌م به‌سه‌ر چووه‌، ده‌بوایه‌ جارێكى تر بچمه‌وه‌ ئیداره‌ى پۆلیس، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ى پاسپۆرته‌كه‌م. پاسپۆرته‌ كۆنه‌كه‌م ڕاده‌ست كرد و چاوه‌ڕێ بووم پاسپۆرته‌ نوێیه‌كه‌م ده‌ربچێت. زۆرم چاوه‌ڕی كرد، به‌ڵام پاسپۆرته‌ نوێیه‌كه‌م ده‌رنه‌چوو. چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندیم به‌ ئیداره‌ى پۆلیسه‌وه‌ كرده‌وه‌، به‌ڵام وه‌ڵامیان ئه‌وە بوو، كه‌ پاسپۆرته‌كان هێشتاكه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌. تێگه‌شتم، كه‌ چیدى پاسپۆرته‌كه‌م ناده‌نه‌وه‌. ڕووداوى شوومى یاریگاكه‌ وابزانم وازى لێ نه‌ده‌هێنام و هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وان به‌س بوو، كه‌ پاسپۆرته‌كه‌م پێ نه‌ده‌نه‌وه‌.


به‌ هه‌رحاڵ، له‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگێكدا، دوای چیرۆكى یاریگا، له‌ ڕوانگه‌ى ڕۆحییه‌وه‌ ڕووخابووم، هه‌ستم كرد له‌ ته‌نگه‌به‌رییه‌كدا گیرم خواردووه‌. به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا ده‌چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ و سه‌روشكڵم ده‌گۆڕی، تا لە هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بگه‌یه‌نم، کە من ئاوا نیم وەک ئەوەی ئه‌وان بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه‌. دایكم ئه‌مه‌ى ده‌زانى، ئه‌م جۆره‌ گۆڕانى هه‌ڵسوكه‌وت و شێوازه‌م له‌به‌ر وه‌رگرتنى پاسپۆرته‌كه‌مه‌. هه‌ڵبه‌ت هاوتاى ئه‌و كارانه‌، به‌رده‌وامیم به‌ له‌به‌ركردنى قورئانیش ده‌دا، كه‌ وه‌ك دیوێكى شاراوه‌ى ژیانى من بوو. دنیایه‌ك، كه‌ جگه‌ له‌ هه‌ندێك كه‌س، ئه‌ویان پێنه‌ده‌زانى.


هه‌روه‌ها گوێم له‌ وتاره‌كانى شێخ خالد ئەلڕاشد ده‌گرت. هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گۆرانى و مۆسیقای ڕاپه‌ڕه‌كان، به‌تایبه‌ت گۆرانییه‌ ڕه‌خنه‌ ئامێزه‌كانیانم گوێ لێ ده‌گرت. گوێم به‌تایبه‌ت له‌ گۆرانیبێژی ڕاپ لوتفی دوبل كانو ده‌گرت، كه‌ له‌ ڕیزى سترانبێژه‌ په‌سه‌ندراوه‌كانى من بوو. حەزم له‌و ڕوحییه‌ ڕه‌خنه‌ئامێزانه‌ی دەکرد، کە له‌ سترانه‌ ڕاپه‌كاندا هه‌بوو. پێوه‌رى ئه‌خلاقی و دینى كه‌ کاریگەریی له‌سه‌ر گۆرانییه‌كانى هه‌ندێك له‌ ڕاپه‌ره‌كان دانابوو، جوان و سه‌رنجڕاكێش ده‌هاته‌ به‌رچاوم.


زۆربه‌ى گۆرانییه‌ ڕاپه‌كان دژایه‌تیكردن و بێتاقه‌تیى له‌ حوكمى سیاسیی ئه‌و كاته‌ی تیادا به‌دی ده‌كرا. ڕاپ زۆر جار به‌ هه‌ندێك ده‌سته‌واژه‌ى ناشیرین، حیكمه‌تێكى باپیره‌ گه‌وره‌یه‌كى بۆم ده‌رده‌خست. گوێم له‌ گۆرانییه‌كانى مەروان ئەلدوێری دەگرت، كه‌ به‌ ئامینۆ ناسرابوو. هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ى چه‌ند ساڵێكى دواتر له‌ هۆڵی یاریی شاری ڕه‌قه‌ بینیمه‌وه‌. ئه‌و ڕۆژه‌ى، كه‌ ئه‌وم ناسی و بوومه‌ هاوڕێى، پێیم گوت، كه‌ سه‌رده‌مانێك حه‌زم له‌ ڕاپ بووه‌ و هه‌ندێك له‌ گۆرانییه‌كانیشیم له‌به‌ره‌!


ساڵانى دوایی، چیرۆكى یاریگا بۆ من ساڵانى ونبوونى جه‌مسه‌ر پیشانده‌ر بوو. له‌و ساڵانه‌دا به‌رده‌وامیم به‌ له‌به‌ركردنى قورئان دا و هه‌وڵم دا پاسپۆرته‌كه‌م وه‌ربگرمه‌وه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانم بێ سوود بوون. ته‌نیا شتێك له‌و كاتانه‌دا ده‌مویست ئه‌وه‌ بوو، كه‌ له‌ تونس ده‌ربچم و بۆ ئه‌ڵمانیا بگه‌ڕێمه‌وه‌. خواستێك، كه‌ تا ڕاده‌یه‌كى زۆر وەک مەحاڵ ده‌هاته‌ به‌رچاو.